كوردو، پاكێجەكەی ئەردۆغان
پەیەدە، پاكێجەكەی ئەردۆغانی ڕەتكردەوەو، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر زاری وتە بێژە فەرمییەكەی خۆیەوە پشتیوانی لێكرد، دەی كەوابێ بۆ دەبێت پەیەدە ڕەتیكردبێتەوە؟، یان ئەی كاتێ پەیەدە ڕەتیدەكاتەوە، بۆ دەبێ حكومەتی هەرێم پێشوازی و، پشتیوانی لێبكات؟..
لەڕاستیدا، پوختەترین وڵام بەلای”پەیەدە”وە، لەبەر ئەوەیە چجۆرە ماددەیەكی تایبەت و هەستیاری پەیوەست بەپرسەكانی چارەسەری كێشەی كورد بەدیاریكراوی، لەپاكێجەكەدا، بوونی نییەو، ئاماژەی پێنەكراوە، بەنمونە:
چاكسازی لەیاساكانی هەڵبژاردن و، بەشداریكردنی بواری سیاسەت، لەتوركیا، یان لەهەر وڵاتێكدا، نەبەتەنها بریتییە لەبڵاوكردنەوەی پڕۆپاگەندەی حزبی بەزمانی غەیرە تورك و، غەیرە زمانی زۆرینە، نەڕێگە پێدانی مۆدێلێك لەحزبایەتی هەڵگری چجۆرە چارەسەرێكی بابەتیانەیە، تا كورد لەناو وەها سیستمێكدا بتوانێ تەمای لەسەر هەڵبچنێت.
تەعدیلكردنی یاسایەك تا رێگە بەحزب بدا سودمەند بێت لەخەزێنەی دەوڵەت و، گەڕاندنەوەی ناوی گوندو، شوێن و، شارە تەتریككراوەكان، ئەویش وەك ئەوەی هاتووە، ئەگەر داخوازی لەسەر هەبێ و، هەڵگرتنی یاسغ لەسەر بەكار بردنی تەنها چەند پیتێك/ لەوانە( Q, X, W) وەك ئەلفبای كوردی لاتین و، هەروەها ڕێگەپێدانی پەروەردە بەزمانی “غەیری تورك و، غەیرە زمانی زۆرینە، ئەویش دیارە تەنها لەخوێندنگە “تایبەتـ”ـەكاندا، هەرگیز ناچنە خانەی چارەسەركردنێكی دیاریكراوی سیاسیانەی كێشەی كورد، یا هەر میللەتێكی تری بندەست لەچوارچێوەی وڵاتێكدا.
لەبەر ئەوە، ئەوەی ئاكەپە، بەدرێژایی ئەم 11 ساڵەی لەحكومڕانێتیدا، بەرامبەر بەكورد كردوویەتی و، هەتا ئێستاو، دڵنیام لەداهاتووشدا ئەگەر بۆی بڕواتە سەر هەر دەیكات، جگە لەڕەتكردنەوەو، بێحورمەتیكردنێكی ڕاستەوخۆو، زۆرینەی جاریش ناڕاستەوخۆییانە بەهەست و نەستەكانی مرۆڤ و كولتووری كورد وەك نەتەوەیەكی بندەست، تشتێكی دی نەبووەو، هەمان ئەو پاكێجەیش دوبارە وێناكردنەوەی هەمان ئەو سیناریۆو، سوكایەتیكردنەیە بەرامبەر بەكورد، بەڵام لەژێر ناوێكی جیاوازدا.
ئەمە بەتەنها هەر تێفكرین و، خوێندنەوەی منێك نییە، هەموو ئەوانەی رۆژێك لەرۆژان، ڕوداوەكانی ئەم بەشە بندەستەی توركیا، سەرنجی ڕاكێشاون، گەر بیانەوێ لێرەوە بەئاسانی دەتوانن لەوە تێبگەن و، بزانن ئەردۆغان ئیدی نەك هەر بەتەمای چاكسازی نەبووەو، نییەو، نابێ، بەڵكە ئەوەی لەنیازو، نیەتی ئەوندا هەیە، بەتەنها هەر هەیمەنەپێكردنەوەو، زیندوكردنەوەی كولتووری عوسمانیەوەو، بەس، بەڵام بێگومان لەفۆڕمێكی تردا ” ئیخوانی “.
پوختەی باس:
ئەردۆغان و، پارتەكەی ، تەنانەت خودی دەوڵەتیش ” تورك “، نەلەڕابردوداو، نەلەئێستاو، نەلەداهاتووشدا، بەنیاز نەبوون و، بەنیاز نابن و، نیەتیشیان نیە، هیچ شتێك وەك ئەوەی شایستە بەهەبوونی خۆیەتی بۆ كورد بكەن، ئەوان هەتا ئێستا چۆن بەناوهێنانی ناوی كوردو، ناوی كوردستان، دوچاری هەڵچوون و، هستریا دەبن، لەداهاتووشدا هەر وا دەبن.
لەبەر ئەوە ئەوەی لێرەدا، ئەگەر هەڵەی گەورەی پەیەدەو، كوردەكانی باكوور ئەوەبێ هەتا ئێستا نەیانتوانی بێت خۆیان لەزمانی نەتەوەی تورك دووربخەنەوەو، هەتا ئێستایش هەر بەتوركی قسە بكەن، ئەوە دور لەڕەخناژۆكارییەكی دوژمنكارانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبیانووی هاو سنوری و، بازرگانی هاوبەش و، بەناو بەرژەوەندییە هاوبەشەكانەوە، ساڵەهایە ئەم هەرێمەی كردۆتە ئامرازی دەسەڵاتداری راستەخۆی و، ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی توركیا، ئەگەر وانییە ئەی بۆ ڕۆژێ لەڕۆژان نەبیندرا، حكومەتی هەرێم هاوسۆزو، هاو پشتیوانی كوردانی باكور، بداتە سەر هاوسۆزی و، پشتیوانییەكانی بۆ دەوڵەتی تورك.
دیارە ئەمەم بۆ ئەوە نییە، بووترێ حكومەتی هەرێم بەشێوازێكی سیستماتیك دژایەتی مافی كوردەكانی باكور دەكات، بەڵام بمانەوێ یان نەمانەوێ، پشتیوانیكردنی توركیا بەم جۆرە، هەم كوردانی باكوور، لەبەرچاوی كوردانی باشوور دەخاو، هەم پرسەكانی چارەسەریش لەنیەتی كورداندا وەك نەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارو، مەترسییەوە.