Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
ماڵە گەورەکە  …   پشكۆ ناكام

ماڵە گەورەکە … پشكۆ ناكام

Closed
by October 5, 2013 گشتی

 

 

 

لە کوردەواری لای خۆماندا، واباوە کە کراسێک بچوک ئەبێتەوە، ئەڵێن “چۆتە ئاو”، جا هەندێک جار کراسێک کە قوماشەکەی باش نەبێ لەگەڵ هەر شتنێکا بچوکتر ئەبێتەوە تا وای لێ یەت، کراسی باوکێک بۆ کوڕە بچکۆلەکەی بشێت، ئەمە رێک بەسەر (ی ن ک) هاتوە.

 

ئەگەرچی یەک دو جار پارتی یارمەتی یاوەو قۆپچەکانی بۆ داخستوە، بەڵام ئیتر لام وابێ (هاوپەیمانێتی)ش! رێ لە چونە ئاوی کراسەکەی یەێتی ناگرێ، گەر بێتو کراسەکەی یەکێتی بە بەرنامەکەی بشوبهێنین، دەرئەکەوێت کە ئەبێ ئەو کراسە (بەرنامە)یە بگۆڕێت (ئەیگۆڕینەکەی گۆڕان نا)، کراسێک لەبەربکات تەنگەنەفەسی نەکات و بە قەوارەی قۆناغ و پێویستییەکانی ئەمڕۆ بێت، نەک هەر لەسەر گێڕانەوەی رابردو بژین و هەنگاو بنرێت، یەکێتییەک لەکۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان پێی ئەوترا (یەکێتی نیشتیمانی، پشتیوانی گەلانی)، ئێستا وای لێهاتوە، ئەوەنە چۆتە ئاو تەنانەت نەبۆتە پشتیوانی جەماوەرەکەی خۆی، بۆیە ئەو جەماوەرەش پشتی تێکردوەو ئامادە نیە بە چاوی (جاران) سەیری بکات و باجی دورکەوتنەوەشیان لە یەکتر زیاتر بچوکبونەوەی یەکێتییە، سەیر لەوەشدایە بۆ یەک جاریش سەران و دەستڕۆیشتوەکانی ئەو حیزبە بۆ یەک جاریش داوای لێبوردن لە جەماوەرەکەی خۆیان ناکەن و پارەو دەسەڵات وا بەرچاوی گرتون کە عەیب و عاری هەمو کەس ئەبینن، هی خۆیان نەبێ!

 

هەر دوێنێ بو کە جوق و ئەعلامەکانی ئەو حیزبە ئەیان وت: ئەندام و هەوادارانی گۆڕان بە لێشاو، بە مەسیرە، بە سەد و دوسەد ئەگەڕێنەوە ماڵە گەورەکە! جا کە ماڵە خۆی گەورە بێ و ئەو هەمو گۆڕانەش بە داوای شەفاعەتەوە گەڕابنەوە، ناوی ئەبێ ئەو ماڵە چەن گەورەو ژوری هەبێ! بەڵام دەرکەوت ئاش لە خەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێك، چۆن یەکێتی وەک حیزب ئەمجارە زیاتر چوە ئاو، ماڵە گەورەکەش بە بارانی هەڵبژاردن، ئەویش چوە ئاو و بو بە یەک هۆدەو هەیوانە بچوکەکە!

 

هەر باشە سەرانی ئەو حیزبە (جەڵتەی هەڵبژاردن) نەیخستون بە ئەرزا، ئەگینا پارەی بودجە، پێشمەرگە، سەیارەی حکومەت و حیزب، بەخشیش، چەن کەناڵێکی T.V، دروشمی باق و بریق، چاو سەوز ببورن چاو سورکردنەوەو … هتد، فریایان نەکەوت و کراسەکە زیاتر بچوک بوە، بەشێوەیەک کە ئیتر ئەبێ کراسێکی (بەرنامە) تازە لەبەربکەن و بە باڵاو ناوقەدی قۆناغەکە بێ، دەنا هێندە بچوک ئەبێتەوە کە فڕێ بدرێت، چونکە نە براو نە کوڕی بچوک هەیە بۆی بشێت!

 

سەرانی ئەو حیزبە لەوە بەرپرسیارن کە خۆیان ئەو کراسە هەرزانەیان هەڵبژارد، ئەیانتوانی دانەیەکی باشتر، کەمێک گرانتر لەبەر خۆیان و جەماوەرەکەیان بکەن، بەڵام راستە وتراوە تا دەوڵەمەندتر بیت، رەزیل تر ئەبی…

 

ماڵە گەورەکە ئەیویست وا جەماوەرەکەی خۆی بخەڵەتێنێ کە مەسئولی (XL)ی وا هەبو ئەیوت، (ئێستا مام، بە تەلەفیزیۆن ئەتانبینێ)! جا نازانین ئاخۆ ئەم میحنەت و لێقەومانەی هەڵبژاردنیش لەهەمان تەلەفیزیۆنەوە نیشان ئەدرێت؟!

 

کار وا بڕوا ماڵ و کراسە وا بچوک ئەبنەوە ئەبن بە “حیزبە کورتە باڵاکە” چونکە: 

مەشخەڵانی شۆڕشی ئەمجارە

دادی نەدا هاوار و پول و پارە

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.