Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئایین و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

ئایین و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

Closed
by October 6, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

من له‌وه‌ تێده‌گه‌م نه‌یاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ زۆر كاتدا ویستویانه‌ چه‌كی ئایین دژ به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌كار بێنن، ویستویانه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بڵێن بزووتنه‌وه‌ی گۆران بێ دینه‌ ، رابه‌ره‌كه‌ی پاشخانێكی ماركسی هه‌یه‌ و دژی دینه‌، له‌وه‌ش تێ ئه‌گه‌م ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ مافی خۆیه‌تی ئه‌م چه‌كه‌ له‌ ده‌ستی نه‌یاره‌كانی ده‌ربهێنێت و نیشانی بدات كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژه‌ ئایین نییه‌، به‌لام به‌راستی ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ سه‌وابته‌كانی ئیسلام به‌ سه‌وابیتی خۆی بزانێـت و جورئه‌تی ئه‌وه‌ نه‌كات هیچ پرۆژه‌ یاسایه‌كی مه‌ده‌نی و هاوچه‌رخ بۆ كۆمه‌ڵگا پێشنیار بكات یان لانیكه‌م دژی نه‌وه‌ستێت

رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن)  دا به‌ راشكاوی ده‌ڵێت((ئه‌مه‌وێت له‌م مینبه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی روون بكه‌مه‌وه‌ هه‌ر شتێك نه‌گونجێت له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی دینی ئیسلاما ئێمه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشانناده‌ین و ره‌تی ئه‌كه‌ینه‌وه‌،))دواتریش عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ سیمینارێكی پاڵتاكدا و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری  بوونی پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ جیایی دین له‌ ده‌وڵه‌ت به‌ ده‌ق ئه‌ڵێت(( ئێمه‌ وه‌كو گۆڕان مه‌بده‌ئێكمان هه‌یه‌  نابێت له‌ كوردستاندا هیچ یاسایه‌ك ده‌ربچێت دژی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام بێت، ئه‌مه‌ بڕیاری گۆڕانه‌ هه‌م بۆ ده‌ستووره‌كه‌ وایه‌، وه‌كو خۆشم دژی هه‌ر یاسایه‌كم دژی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام بێت))دواتریش عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ شێوه‌ی بانگخوازێكی  ئاییی ئه‌دوێ و به‌مشێوه‌یه‌ نه‌سیحه‌تی هه‌موان ئه‌كات ((ئایینی ئیسلام دژی هیچ بنه‌مایه‌كی مافی مرۆڤ نییه‌،  به‌ڵكو ئیسلام رێككردنه‌وه‌ی ئاكاری كۆمه‌ڵگایه‌))  ئه‌م دوو په‌یامه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رێزان نه‌وشیروان مسته‌فا و عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح كه‌ به‌ ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ قسه‌ ئه‌كات و له‌ مه‌بده‌ئی بزووتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌دوێت ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌لاله‌تی  تایبه‌تی هه‌یه‌:

 

یه‌كه‌م: ئه‌م قسه‌یه‌ بێ ئومێدكردنی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خه‌ون به‌ مۆدێلێكی حوكمڕانی دیموكرات و لیبراڵه‌وه‌ ئه‌بینن له‌ كوردستاندا، خه‌ون به‌ ده‌وڵه‌تی بێلایه‌ن و كۆمه‌ڵگای كراوه‌وه‌ ئه‌بینن،  به‌خشینی شوناسێكی ئایینیه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و تێزه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ئه‌كات كه‌بزووتنه‌وه‌ی گۆران خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نداری ئایینیه‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ بێ لایه‌ن بێت به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو ئایین و تایفه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك( ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی بێت)، ئه‌مه‌ش كاتێك به‌ روونی ده‌ر ئه‌كه‌وێت كه‌ به‌شداربووی سیمیناره‌كه‌ی پاڵتاك له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان دین و ده‌سه‌ڵات  پرسیار له‌ عه‌لی ئه‌كات و ئه‌ویش راشكاوانه‌ ئه‌ڵێت ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ستین ، دژی هه‌ر یاسایه‌ك ئه‌وه‌ستین كه‌ ناته‌با بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیدا،  به‌م پێیه‌  جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت یان باشتر وایه‌ بڵێن ده‌وڵه‌تی بێ لایه‌ن به‌رانبه‌ر به‌ ئایین و تایفه‌ و گروپ( عه‌لمانیه‌ت) پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی ئیسلامه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تی ئه‌كاته‌وه‌،  بێگومان به‌دیلی ئه‌مه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نداری ئایینییه‌، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ خۆی به‌ به‌رگریكار ئه‌زانێت له‌ ئایین و شه‌ریعه‌تێكی دیاریكراو، ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌كات به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئایینی، هیچ كاتێك یه‌كگرتووی ئیسلامی داوای شتێكی زیاتر له‌وه‌ی نه‌كردوه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای كردوه‌ و  به‌ قه‌ولی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح كردوێتی به‌ مه‌بده‌ئی خۆی.

 

 دووه‌م: گوته‌كانی نه‌وشیران مسته‌فا و عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ راستیدا بێ ئومێدكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خه‌ون به‌ یاسای مه‌ده‌نی و شارستانییه‌وه‌ ئه‌بینن بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندی تاكه‌كان و دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا،  بێ ئومێد كردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان به‌ خه‌باتكردن بۆ مۆدێرنیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی و رێكخستنێكی مه‌ده‌نیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان  تاكه‌كان و خێزان و دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سیستمه‌كان به‌سه‌ر بردوه‌ ،  با گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین سبه‌ینَێ ده‌ستووری هه‌رێم ئه‌گه‌رێته‌وه‌ په‌رله‌مان ، به‌ پێی وته‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و دواتریش عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح بێت ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ریگه‌نادان شوناسی حوكمرانی هه‌رێم شوناسێكی عه‌لمانی بێت، رێگه‌ نادات یاساكانی مه‌ده‌نی بن به‌ڵكو ئه‌بێت سه‌رچاوه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بێت، ئه‌بێت هه‌موو دیدگایه‌ك بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگا له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تدا بێت ، ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا به‌دیهَێنانی ئه‌و خه‌ونه‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ فه‌نده‌مینتالیستیه‌كانی كوردستان نه‌یانتوانیوه‌ به‌دی بهێنن

سێیه‌م: ئه‌و په‌یامه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا لێدانێكی تونده‌ له‌ خه‌ون و ئومێد دوو ده‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ كوردستان بۆ گۆڕینی یاساكانی باری كه‌سێتی و بیناكردنی كۆمه‌ڵێك یاسای مه‌ده‌نی بۆ رێكسختنی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌گشتی، چونكه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژنان نین بنچینه‌یان له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌یه‌ و ژنان داوای گۆڕینی ئه‌كه‌ن، ئه‌و وته‌یه‌ی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ گۆڕان ئه‌خاته‌ به‌ره‌ی دژایه‌تی راسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنانه‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی یاساكان و پره‌نسیپه‌كانی شه‌ریعه‌تدا مه‌حاڵه‌ باس له‌ یه‌كسانبوون و یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بكه‌ین به‌رانبه‌ر به‌ ژنان.

چواره‌م : ئه‌و په‌یامه‌ رووبه‌ری ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سی و گشتییه‌كان به‌ ته‌واوی كه‌م ئه‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ دێنێته‌ پێشه‌وه‌ له‌رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ یاساوه‌ ئه‌م ئازادییانه‌ به‌ ته‌واوی سنووردار بكات، بۆ نموونه‌ وا گریمان سبه‌ێنی فراكسیۆنه‌ ئیسلامییه‌كان پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی مه‌ی فرۆشی پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن، بێگومان فراكسیۆنی گۆران نابێت ره‌تی بكاته‌وه‌ چونكه‌ مه‌ی فرۆشی گۆنجاو نییه‌ له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، یان پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كوڕ و كچ له‌ زانكۆكاندا ، بێگومان بزووتنه‌وه‌ی گۆران ره‌تی ناكاته‌وه‌  تێكلاوی كوڕ و كچ پێچه‌وانه‌ی ئایدیا و ئاكاری ئیسلامییه‌ … ئه‌مه‌ و زۆر نموونه‌ی تر

 ره‌نگه‌ هه‌ندێك پێمان بڵێن ناكرێت دیدی بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی گرنگی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆران له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا یان له‌ سیمینارێكی پاڵتاكدا بخرێته‌ روو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ باوه‌رم وایه‌ له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا  به‌شێكی گرنگی دیدی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌خرێته‌ روو، به‌ڵام با ئه‌و بۆچونه‌ش به‌ راست  وه‌ر بگرین ،  ئه‌وا پێویسته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆران به‌ جددی بێته‌ ده‌نگ و دیدی خۆی بۆ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ روون بكاته‌وه‌، ده‌بێت پێمان بڵێت ده‌وڵه‌تی بێ لایه‌نی قبوڵه‌ یان باوه‌ڕی به‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتێك خه‌رێكی به‌رگری بێت له‌ شه‌ریعه‌ت و ئایینێك؟ ئایا بزووتنه‌وه‌ی گۆران لایه‌نگری یاسای مه‌ده‌نییه‌ بۆ رێكستنی ئازادییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یان خوازیاری جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ته‌؟ دیدی بزووتنه‌وه‌ی گۆران چییه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ژنان و خه‌ونی یه‌كسانیخوازی ژنان؟ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسیاری تر

ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئایینگه‌را بێت، ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ پشتیوانی بكرێت و ده‌نگی پێ بدرێت، ئه‌و ده‌نگانه‌شی ئه‌م ئه‌مجاره‌ هێناویه‌تی هی ئه‌وه‌ نییه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئایینگه‌رایه‌ یان كاندیده‌كانی دییندارن به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك ئومێدى به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و دابه‌شكردنی دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ی سامانی نیشتیمانی و دروستكردنی حوكمڕانییه‌كی دیموكرات و خۆشگوزه‌ران،ئه‌و ده‌نگانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناویه‌تی به‌رهه‌می ئه‌وه‌ نییه‌ گۆڕان كۆمه‌ڵێك كاندیدی ئایینداری داناوه‌ به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌م مۆدێله‌ خراپه‌ی حوكمڕانی پارتی و یه‌كێتی بێزار بوون و خوازیاری جۆرێكی باشترن له‌ حوكمڕانی ، بریا عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ بكردایه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ به‌رگری له‌ شه‌ریعه‌ت ئه‌چنه‌ په‌رله‌مان، ئه‌وان دژی یاسای مه‌ده‌نی و دژی  ده‌سه‌لاتی عه‌لمانین و پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نگیرن بۆ ئایین  ، ئه‌وكات ده‌نگده‌ر به‌رچاوی رۆشنتر ئه‌بوو له‌ ده‌نگداندا .

ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆران راشكاوانه‌ باوه‌ری به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێلایه‌ن به‌رانبه‌ر به‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ و خێڵ ( ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی) نه‌بێت ئه‌وا پێویسته‌ به‌ جددی هه‌ڵویستی  له‌به‌رانبه‌ر وه‌ربگیرێت به‌تایبه‌ت پێش هه‌موو كه‌س پێویسته‌ رۆشنبیران و ئازادیخوازه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆِران بێده‌نگ و ره‌خنه‌ی لێبگرن، بزووتنه‌وه‌ی گۆران ته‌نانه‌ت ناتوانێت وه‌ك پارتی داد و گه‌شه‌پێدان كه‌ پارتێكی پاشخان ئیسلامییه‌ راشكاو و به‌ جورئه‌ت بێت، دادو گه‌شه‌پێدات راشكاوانه‌ ئه‌لێت له‌گه‌ڵ حوكمڕانییه‌كی عه‌لمانییدایه‌ و حوكمڕانی عه‌لمانیش پێچه‌وانه‌ نییه‌ به‌ بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام به‌ڵكو زه‌مینه‌ بۆ ئیسلام و هه‌موو ئایینه‌كانی تریش ده‌ره‌خسێنێت به‌ ئازادانه‌ موماره‌سه‌ی بیر و كاری خۆیان بكه‌ن و هه‌موان هه‌لی ژیانی یه‌كسانیان له‌به‌رده‌ستدا ئه‌بێت، ئه‌و تێزه‌ی داد و گه‌شه‌پێدانی توركی بۆ عه‌لمانییه‌ت و ئایین و جۆری حوكمرانی نیشانه‌ی پێشكه‌وتوویی و پێگه‌شتووی هۆشیاری سیاسی و ئایینییه‌ لای داد و گه‌شه‌پێدان و سه‌ركرده‌كانی، به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح كه‌ عه‌لمانییه‌ت به‌ دژایه‌تیكردنی بنچینه‌كانی ئیسلام له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دات نیشانه‌ی پاشكه‌وتوویی و پێنه‌گه‌شتوویی هۆشیاری سیاسی و ئایینییه‌ لای عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح و ئه‌و هاورێیانه‌ی گۆڕان وه‌ك ئه‌و بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌. 

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ دید و دنیابینی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بێت ئه‌وا پێویسته‌ هه‌موو ژنه‌ یه‌كسانیخوازه‌كانی نێو گۆڕان به‌ ده‌نگ بێن و رازی نه‌بن به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ هیچ په‌یام و ئومێدێكی بۆ ئه‌وان وه‌ك ژن پێ نییه‌،  خه‌باتی دوو ده‌یه‌ی ئه‌وان بۆ گۆڕینی یاساكانی باری كه‌سێتی له‌بار ئه‌بات، بگره‌ خه‌ونی رێكخستنی مه‌ده‌نیانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و فراوانكردنی ئازادییه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌بار ئه‌بات.

ئومێد قه‌ره‌داخی
Previous
Next