Skip to Content

Sunday, June 16th, 2024
بێمتمانەیی، لەنێوان نەوەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆدا ..

بێمتمانەیی، لەنێوان نەوەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆدا ..

Closed
by October 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

بێمتمانەیی، هەندێجار جگە لەگرێیەكی دەرونی،”بەتایبەتیش لەوڵاتانێكی لەمەڕ خۆمان و، لەفەزای حزبی و، سیاسیدا “، جگە لەخوێندنەوەو، تێفكرینێكی زۆر سەرچڵیانەو، نابابەتی، هەڵگری چجۆرە بنەمایەكی واقعبینانەو، زانستیانە نیە، یانی ئەوەندەی وەك جۆرە دڕعێك بۆ پارێزگاریكردن لەپایەو پێگە حزبی و، ئیدارییەكان، بەكار دەبرێت، هەرگیز ئەوەندە دەرچەی چجۆرە لەمەحەكدانێك نییە.

 بێمتمانەیی، وەك واتا، هەڵگری دەرئەنجامێكە تەواو نیگەتیڤ، بەڵام بەر لەوەی بسەپێندرێت، دەبێت بخوێندرێتەوەو، دەردەشە بكرێت، بەبێ‌ وەها هەڵسەنگاندنێك، كاردانەوەكانی دەبنە مایەی نەمانی گفتوگۆی ئازادو، عەقڵانی، بەمانایەكی دیكە، ‏دەبنە مایەی نەمانی بازاڕی ئازادی خود بەخاوەندارێتیكردنی خود لەخۆدا، ئەمەش گەورەترین كاریگەریی وێرانكەری دەبێت لەسەر مرۆڤ، تەنانەت لەسەر ئەوانەیش پێیان دەوترێت سەركردە، چونكە ئەمە لەوانەوەیە قسەی ‏زل و بێمانا دەبێتە شای هەموو شتێك، هەروەك فڕێدانی ئەو دەستەواژانەی زۆربەیان درۆن و بەئامانجی خودسەپاندن و خودمەزنكردن لەمانەوە دەردەچن.

 خودێكی پاسڤ و، نغرۆی ناو ڕابردوویەكی موجەڕەد، جا لەهەر پلەو پایەو پێگەیەكدابێ‌، هەر ئەو خودەی بەتەنها لەبنباڵییەوە كۆتاییەكان دەبینێت، لەبنەمادە خودێكی ئەوپەڕی وەهمییە لەزیهنداو، دواینجار نایەوێ‌ دەنگیدی ببیستێت، نایەوێ‌ ڕەنگیدی ببینێت، نایەوێ‌ ببێت بەڕابردو، بگرە دەیەوێ‌ بڵێت ئەوەی هەیە بە” من ” دەستیپێكردوەو، هەر دەبێ‌ لە” من “ـیشدا كۆتایی بێت، هەیمەنەپێكردن و، ڕەوایەتیپێدانی وەها هزراندنێكیش لەم سەردەمەدا، بەلای ئەمانەوە خۆی لەبەشینەوەی بێمتمانەیی و، دڕدۆنگیدا دەبینێتەوە، دیارە بەنیەت و نیازی بەرزكردنەوەی پێگەی خۆی و، بەڕەعییەت هێشتنەوەی ئەوانیدی، واتە پێداگرتن لەسەر هزری خود پەسەندی خۆی و، خاوەكردنەوە یان كاڵكردنەوەی هزری خۆبەخاوەندارێتیكردنی ئەوانی دی .

لەبەر ئەوە، ئەگەر هەبێ‌ هێشتا هەر لەو باوەڕەدابێ‌، لەخاچدانی مرۆڤ، نیشانەی پاكبوونەوەیە لەگوناهـ و، هێمای قوربانیدانە لەلێهاتوویدا، واتە ئەوەی بییەوێ‌ پاكببێتەوە لەگوناهـ و، تواناكانی لەمەحەك بدرێ‌، دەبێ‌ لەخاچبدرێ‌، هەڵەیەو، بوونەوەرێكیشە تەواو ڕەجعیگەراو، كۆنزێرڤاتیڤ، نەوەی ئەم سەردەمە، نەوەی زەمەنێكی زۆر جیاواز لەدەورانی ڕابردووەو، پاكبوونەوەی خۆی لەڕەچە شكاندن و، لەمرۆڤبووندا، دەبینێت، قوربانیدان و، لێهاتووییەكەی لەبەشداریپێكردن و، لەتاقیكردنەوەی توانستەكانیدا، دەسەلمێندرێت.

 زۆرینەی دەوڵەت و، حكومەت، حزب و، دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و، سیاسیە خۆرئاواییەكان، ساڵانە جگە لەزانكۆكانیان، بەدەیان و، سەدەها دامەزراوەی تایبەت تەرخان دەكەن، بۆ بەرهەمهێنانی گوتارو، خیتابی نوێ‌ لەناو نەوەی نوێدا، بەڵام لەوڵاتانێكی لەمەڕ خۆماندا، تەواوی ئەم ناونیشانە جیاوازانەی سەرەوە، لەبری وەها پەرەپێدانێك، متمانە بەنەوەی نوێ‌ ناكەن، ئەوەی بیشیەوێ‌ بەرگە بگرێت، تەریك دەكرێت، دەخرێتە پەراوێزەوە بەنیازی ئەوەی لەبێچارەیدا ببنە كۆیلەو، ببَتە بوونەوەرێكی بێدەنگ، لەڕاستیشدا، هەموو ئەمانە، لەبەر تەنەها هۆكارێكە، ئەویش” خەمی لەدەستدانی ئەوەی هەتا ئێستا وەك خود بۆ خودیخۆیان بەدەستیان هێناوە”.

ئەگەر ئەمە تومەتباركردنێكی بێمروەتانەیە، ئەی بردنە پێشەوەی نەوە خودییەكانی خۆیان لەپێگە حزبی و، كارگێڕییەكاندا، ئەی بەشداریپێكردنی منداڵەكانی خۆیان، لەچالاكییە نێودەوڵەتیەكاندا، ئەی ناردنە دەرەوەو، خوێندنی منداڵانی خۆیان، لەزانكۆ بەناوبانگەكانی دنیادا، ئەی دابینكردنی ئەم هەموو كۆشك و، تەلارو، ئۆتۆمبێلە نازدارە، ئەم هەموو باخە، ئەم پاسەوان و، دەسەڵات و، … هتد، چوختەی دەیاها ئەو بەڵگە نكۆڵیهەڵنەگرانەی وەها حەقیقەتێك نین؟..

ئەی ئەوەی چەند ساڵێكە، لەبنەمادا لەپێناو فراوانكردنی پشتێنەی پارێزگاریكردن لەمانەوەی خۆیان، دەستیان داوەتە بارگاویكردنی منداڵانی شەهیدیش، تەواو پێچەوانە بەڕێڕەوی وەها ماناوەیەكی بەماناوە نییە؟، دیارە منداڵانی شەهید، شایستەی ئەوەن ئاستیان بەرز بكرێتەوەو، پەرە بەتواناكانیا بدرێت، دەهێنن هەر جۆرە خزمەتگوزاری و، كارئاسانییەكیان پێشكەش بكرێت، بەڵام میراتگرەكانی رابردوو، هەموو نەوەكانی ئەم وڵاتەن.

لەبەر ئەوە، دەبێ‌ ئیدی‌ لەوە تێبگەن، ئەگەر نەوەكانی دوێنێ‌ بەتەنها هەر خەمی لەدەستدانی ئێستایان بێت، ئەوە ئەم نەوە نوێیەیش بەتەنها لەخەمی بەدەستهێنانی ئێستایدایە، خەمێكیش ئەم هەموو كۆڵهەڵگرە ڕەش و، ڕووت و، خاوەن خولیایانەی هەبێ‌، ئەمڕۆنا، سبەی، هەر دەگاتە جێگەو، خۆی لەخەم دەڕەخسێنێت، دەی بۆ لەبری قوڵكردنەوەی وەها ململانێیەك، خەمەكان نەكەینە یەك خەمی هاوبەش؟..

ئەرسەلان مەحمود
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.