Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
لێ‌ گۆڕان، ده‌ردی له‌ هه‌موو ده‌ردان گرانتر!

لێ‌ گۆڕان، ده‌ردی له‌ هه‌موو ده‌ردان گرانتر!

Closed
by October 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

مه‌ڕنه‌بوون، ئه‌وه‌ی فێركردین كه‌ به‌ فیكه‌ی خه‌ڵكی نه‌جوڵێین و به‌ هه‌موو ئاوازێك نه‌كه‌وینه‌ سه‌ما, ئه‌مه‌ به‌رنامه‌و هێڵی گشتی ژیانێكه‌ كه‌ كه‌م خه‌ڵك هه‌ڵوه‌دایه‌تی. مرۆ هه‌تا رۆژێك پتر بژیه‌ت, ده‌ردی نه‌قۆڵا ده‌بینێ‌، ده‌ردی وا كه‌ هیچ پێناسه‌یه‌ك ناگرێته‌ خۆو سه‌ری منداڵ سپی ده‌كا، به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌ دۆوو دۆشاوی عه‌قڵ زوو زوو تێكه‌ڵ ده‌كرێ‌ و به‌ چ بارانیش جیاناكرێته‌وه‌.

چه‌ند بێ‌ نمه‌ك مرۆڤ! چه‌ند بێ‌ وه‌فا مرۆڤ! كه‌ له‌ شتێ‌ نشوست دێنێ‌ و یه‌خه‌ی میری مه‌زن (خودا) ده‌گرێ‌ و به‌ قه‌ده‌ری ئه‌وی داده‌نێ‌ و خۆی لێ‌ ده‌باته‌ ده‌ر!. تا سه‌ر ئێسقان بێ‌ كه‌ڵكه‌ مرۆڤ، كه‌ هێزی كه‌می خۆی به‌كاردێنێ‌‌و كارێكی بچوكی له‌به‌رده‌م سه‌رده‌گرێ‌ و ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆی خۆی‌و هه‌موو چه‌مكێك ده‌خاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌و بۆ خۆی خۆی ده‌كاته‌ میری میران. په‌ككو له‌و خه‌سڵه‌ته‌ بۆگه‌نه‌!!!

زانستی كرۆك و باتینییه‌ت بۆیه‌ هه‌موو كه‌س ناتوانێ‌ بیكاته‌ میوانی خۆی، چونكه‌ باتینییه‌ت ناهیڵێ‌ مرۆڤ به‌ رووكاره‌كانه‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێ‌, ئه‌م رووكارانه‌یش هه‌موو چه‌مكه‌كانی ژیان ده‌گرێته‌وه‌، له‌ بچوكترین شته‌وه‌ تا گه‌وره‌ترین, ئیدی به‌ هیچ كڵۆجێك فه‌رهه‌نگی مه‌ڕبوون تخونی ناكه‌وێت و به‌ باق‌و بریقی دونیا بڕواناكات و ده‌زانێ‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌مامكدراوانه‌ی ناو ئه‌و چه‌مكه‌ باوانه‌ی جیهانی سه‌رده‌م شه‌یتانێكن و هه‌زاران كه‌سیان كردۆته‌ قوربانی خۆیان.

له‌ هزری عاقڵانه‌دا، بوون به‌ گورگ و مه‌ڕبوون وه‌ك یه‌كن . ئه‌گه‌ر گورگ سته‌می گه‌وره‌ بێت و خۆی له‌ پێستی مه‌ڕ نیشان بدات، ئه‌وا مه‌ڕبوونیش هه‌مان لێ‌ گۆڕانه‌ كه‌ خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م و ددانی تیژیان و گۆشتی خۆی هه‌رزان ده‌كات. ئیدی خودا بواری به‌ هه‌موان داوه‌ كه‌ خۆیان بجوڵێن و بژیه‌ن, خۆیان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و خۆیان به‌رپرسیارییه‌تی قوربانییه‌كانیان بده‌ن, به‌ جۆرێك رۆحانییه‌ت بڕوای به‌وه‌یه‌ مرۆڤ خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات نه‌ك ناچار بكرێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ مرۆ بۆ خۆی میری مه‌زنی كاروكرده‌وه‌كانیه‌تی نه‌وه‌ك وابه‌سته‌ی بڕوایه‌ك بێت، كه‌ خۆی راده‌ستی قه‌ده‌رێك بكات و پێی وا بێت لێی گۆڕاوه‌و ئاوێ‌ بێنه‌و ده‌ستان بشۆ.

ده‌ردی له‌هه‌موو ده‌ردان گرانتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ گۆڕابێ‌ به‌ ئاراسته‌ی خراپ و نه‌شیسه‌لمێنێ‌ و پێی وابێ‌ ئه‌وه‌ قه‌ده‌ره‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ دا نییه‌, بكه‌وێ‌ و پَی وابێ‌ قیت بۆته‌وه‌, مردبێ‌ و پێی وابێ‌ زیندووه‌، نه‌فام بێ‌ و پێی وابێ‌ زانایه‌، نه‌گۆڕابێ‌ و پێی وابێ‌ گۆڕاوه‌, نه‌فڕی بێ‌ و پێی وابێ‌ بشفڕی هه‌ر بزنه‌…هتد، هه‌موو ئه‌مانه‌ بكاته‌ مه‌شخه‌ڵێك و له‌ ژیانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بكات, هه‌موو عاله‌م لێی بپاڕێته‌وه‌و دكتۆری دونیای بێته‌ سه‌ر, ئه‌ویش به‌ باق و بریقی دونیا هه‌ڵخه‌ڵه‌تێ‌‌و به‌ چ ده‌ردان چاره‌سه‌ر نه‌بێ‌‌و گوێ‌ به‌ كه‌س نه‌داو شاعیریش به‌ ئه‌سپایی پێی ده‌ڵێ‌:

به‌ زه‌ردو سووری دونیا زه‌رده‌واڵه‌ت لێ‌ نه‌گۆڕابێ‌

به‌ هه‌نگی تێ‌ بگه‌ی، هه‌ر نێشه‌، نۆشێكی نییه‌ زه‌نبور

                           (مه‌حوی)

تێبینی/ له‌ ژماره‌ 15ی ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه‌

هێمن عومه‌ر خۆشناو
Previous
Next