داغستانی من.. كاتی گوتنی هه‌موو شتێكه
زۆرن ئه‌و نووسینانه‌ی كه بابه‌تێك ده‌وروژێنن و ئه‌م جۆره ڕستانه به دوای بابه‌ته‌كه‌دا دێنن. “ئێره شوێنی باسكردنی ئه‌و بابه‌ته نییه”. “ئه‌گه‌ر باسی ئه‌م بابه‌ته بكه‌م نووسینه‌كه‌م زۆر درێژ ده‌بێته‌وه”, “له ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته”.. و ڕسته‌ی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه, یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (داغستانی من)ی ڕه‌سوولی هه‌مزه‌تۆف ئه‌وه‌یه كه شوێنی هه‌موو شتێكه و كاتی باسكردنی هه‌موو بابه‌تێكه (له په‌یوه‌ست به‌و بابه‌تانه‌ی كه كتێبه‌كه تیشكیان ده‌خاته‌سه‌ر), به‌و مانایه‌ی ئه‌و هه‌ر بابه‌تێك بوروژێنێ, خوێنه‌ر له مه‌راقدا ناهێلێته‌وه و تێری ده‌كات, سه‌ری بابهتهكان ناكاته‌وه و به‌جێیان بێڵێ, به‌ڵكو ته‌واویان ده‌كات, ئه‌و نموونانه‌ی پێویستن به ته‌واوی ده‌یانخاته‌ڕوو, كاتێ باسی كه‌سێك ده‌كات و ده‌ڵێ وه‌كو فڵان كه‌سی لێ به‌سه‌رهات, ته‌نیا باسی یه‌ك له‌م دووانه ناكات, به‌ڵكو نموونه‌ی هه‌ردوو كه‌سه‌كه ده‌گێڕێته‌وه و شته‌كان به شاراوه‌یی ناهێڵێته‌وه, به‌مه‌ش خوێنه‌ر شاره‌زای به‌شێكی زۆری ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه ده‌بێ كه له داغستان ڕوویانداوه, شاره‌زای ئه‌و داب و نه‌ریت و كولتووره ده‌بێت كه داغستانییهكان هه‌یانه, شاره‌زای سروشت و ئاو و هه‌وا و خاك و وڵاتكهیان ده‌بێت.
زۆرجار باسوخواسی ڕه‌سوولی هه‌مزه‌تۆف و كتێبه‌كه‌ی (داغستانی من)م بیستبوو (كه خوێنه‌رانی كورد زیاتر به‌م كتێبه به هه‌مزه‌تۆف ئاشنان), به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی كتێبه‌كه‌م نه‌خوێنده‌وه, نه‌مده‌زانی كه به حه‌ق ئه‌م كتێبه شایسته‌ی خوێندنه‌وه و شایسته‌ی ئه‌و ناوبانگه‌یه, به‌ڕاستیش وایه كه (ڕه‌سوولی هه‌مزه‌تۆف) ناوبانگی خۆی له وڵاته بچووكه‌كه‌ی (داغستان) زیاتره و له گه‌لێ شوێن و وڵات و لای زۆرێك له نووسه‌رانی دنیا, به هۆی ئه‌م كتێبه‌وه خه‌ڵك ده‌زانێ وڵاتێك هه‌یه به‌ناوی (داغستان).
(داغستان) ئه‌و وڵاته‌یه كه زیاتر له (30) نه‌ته‌وه و زمانی جیاوازی تێدایه, له كاتێكدا تا ئێستاش ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتۆته (3) ملیۆن كه‌س, (ئه‌و كاته‌ی حهمهزاتۆڤ كتێبه‌كه‌ی نووسیوه, ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌م وڵاته یه‌ك ملیۆن و نیو بووه).
ڕه‌سوولی هه‌مزه‌تۆف (1923-2003) له گوندی (تسادا)ی ناوچه‌ی (خونزاخ) له وڵاتی داغستان له دایكبووه, كوڕی شاعیری گه‌وره‌ی داغستانی (هه‌مزه‌تۆف تساداسا)یه و خۆشی جگه له كتێبی به‌ناوبانگی (داغستانی من), چه‌ندین دیوانی شیعریی هه‌یه.
ئه‌م كتێبه‌ی ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆف (داغستانی من), كه بووه هۆی په‌یداكردنی ناوبانگی زۆر هه‌م بۆ خۆی و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌ی, بریتییه له به‌شێك له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی و باسی وڵاته‌كه‌ی خۆی و باسی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی وڵاته‌كه‌ی, به‌ڵام به زمانێك كتێبه‌كه‌ی نووسیوه كه نازانی چۆنی وه‌سف بكه‌ی, مامۆستا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده له پێشه‌كی ده‌قه كوردییه‌كه‌یدا جوانی نووسیوه: “ئه‌من تێماوم و نازانم ئه‌م كاره‌ی ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆڤ به چی دابنێم, به شیعر, به ڕۆمان, به مێژوو, به حیكمه‌ت, به فه‌لسه‌فه, به حه‌ماسه, یان به هه‌موویان, وا بزانم بڵێین داغستانی من (داغستانی من)ه و هیچی دیكه…ب1.ل7”. به‌ڕاستیش وایه و خوێنه‌ر تێدا ده‌مێنێ و ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێز و ئه‌فسووناوی كتێبه‌كه‌یه.
له‌م كتێبه‌دا, ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆف له ژێر چه‌ند ناونیشانێكدا, كۆمه‌ڵێ بابه‌تی وروژاندووه, له‌وانه‌ش: “زمان, بابه‌ت, جۆر, شێواز, به‌هره, كار, ماڵ, مرۆڤ, گه‌ل, قسه, گۆرانی, كتێب”. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م ناونیشانانه بده‌ین, هه‌موویان ناونیشانی بابه‌تی تیۆریین و پێویستیان به لێكدانه‌وه‌ی زانستیی و گه‌ڕان و سووڕانی ئه‌كادیمی هه‌یه, به‌ڵام هه‌مزه‌تۆف به شێوازێكی بابه‌تی و تیۆری وشك و زمانێكی زانستی ئه‌بستراكت قسه‌یان له‌سه‌ر ناكات, به جۆرێك لێیان نادوێ كه ته‌نها پسپۆرانی بواره‌كان و خوێنه‌ری جیدی و ئه‌هلی نووسین لێی تێبگه‌ن, به‌ڵكو باسی هه‌ر یه‌كێك له‌م بابه‌تانه به شێوازێك ده‌كات, كه خوێنه‌ری ئاسایی تێ‌یان بگات و به جوانی بۆی ڕوون بێته‌وه كه مه‌به‌ستی چییه, نموونه‌كان له ژیانی خۆی و له ژیانی خه‌ڵكی گونده‌كانی وڵاته‌كه‌ی و باوك و دایك و هاوڕێ و كه‌سه به‌ناوبانگه‌كان و نه‌وه‌كانی پێش خۆی هه‌ڵده‌هێنجێ و بابهتهكان به نموونه‌ی ساده‌ی ژیانی ڕۆژانه و ئاسایی خه‌ڵك ڕوون ده‌كاته‌وه, هه‌مزه‌تۆف ئه‌م كاره‌ی به بێ ئاگایی و به نه‌شاره‌زایی له ڕووی زانست و تیۆره‌وه نه‌كردووه, به‌ڵكو به مه‌به‌ست و بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر وای كردووه, ئه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌من به پێی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه نانووسم كه كتێبیان له‌سه‌ر ده‌نووسرێ, ئه‌من به ویست و فه‌رمانی دڵی خۆم ده‌نووسم, به‌ڵام دڵ هیچ یاسا و ڕێسایه‌كی نییه, یان باشتر بڵێم دڵ یاسا و ڕێسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه, كه له‌گه‌ڵ هیچ یاسا و ڕێسایه‌كی دیكه یه‌ك ناگرێته‌وه…ب1.ل172”.
له‌وه‌ش به ئاگایه كه ئه‌گه‌ر سروشتی ساكارانه و پسپۆریی و شاره‌زایی تێكه‌ڵ به یه‌ك بكات, بۆ خوێنه‌ر زیاتر سوود به‌خش ده‌بێ, “ئه‌گه‌ر توانیبام له كتێب و شیعره‌كانمدا ئه‌و دوو ڕه‌وته: سروشتی ساكارانه و دڵپاكی گه‌له‌كه‌م له‌گه‌ڵ شاره‌زایی و پسپۆری هونه‌رمه‌ندێك ئاوێته‌ی یه‌كتری بكه‌م, سه‌ركه‌وتنێكی زۆر گه‌وره‌م تۆمار ده‌كرد…ب1.ل248”. لێره‌دا له‌و (نه‌توانین)هی ئه‌و باسی ده‌كات, مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه كه خودی خۆی, له ڕووی ئاستی مه‌عریفییه‌وه لاوازه و توانای تێگه‌یشتنی له زانست و مه‌عریفه نییه, به‌ڵكو ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌و, له‌و دیده‌وه‌یه, كه داغستانی ئه‌وكات, له زانست و پێشكه‌وتنی نوێ دووربووه و نه‌توانراوه داغستان به زانستی نوێ په‌یوه‌ست برێ, ئه‌م قسه‌یه‌ی هه‌مزه‌تۆف, هه‌م وه‌ك داخ و كهسهرێكه و هه‌م وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌كیش له گه‌له‌كه‌ی خۆی.
زمان له لای ڕه‌سوولی هه‌مزه‌تۆف گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و زمانی بچووك و زمانی گه‌وره بوونی نییه, به بۆچوونی ئه‌و, نابێ هیچ نووسه‌رێك شه‌رم له‌وه بكات به زمانه‌كه‌ی خۆی بنووسێ, هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و زمانه‌ش قسه ده‌كه‌ن كه‌م بن, به‌ڵام له هه‌مانكاتدا نووسه‌ر ئازاده له‌وه‌ی به هه‌ر زمانێك ده‌نووسێ, داغستان به‌و ژماره كه‌مه‌ی دانیشتووانییه‌وه كه خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو زمانه‌یه, نابێ نووسه‌ره‌كانی له‌وه بسڵه‌مێنه‌وه كه هه‌ریه‌كه‌ی به زمانه‌كه‌ی خۆی نه‌نووسێ, بۆیه مرۆڤ ده‌بێ ڕێزی زمانه‌كه‌ی خۆی له لابێ و گرنگی پێبدات, ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانیش هه‌بوو, ئه‌وه كارێكه كه ده‌روازه‌یه‌كی به‌رفراوانتر به‌ڕووی بابه‌ته‌كاندا ده‌كاته‌وه و خه‌ڵكێكی زۆرتر و نه‌ته‌وه‌ی دیكه ئاشنای ئه‌و كتێب و بابه‌ت و نووسینانه ده‌بن.
ئه‌و له‌م كتێبه‌دا فره‌زمانیی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی هێنده شیرین كردووه, كه مرۆڤ حه‌ز ده‌كات له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا چه‌ند نه‌ته‌وه و چه‌ند زمانی جیای هه‌بن, وای دانانێ ئه‌م فره‌ییه كێشه‌یه و لێكتێنه‌گه‌یشتن زیاتر ده‌كات, وای دانانێ كه ئه‌م فره‌ییه كولتووری گه‌له‌كه‌ی په‌رته‌وازه ده‌كات, به‌ڵكو به بۆچوونی ئه‌و, ئه‌م فره‌ییه ده‌وڵه‌مه‌ندییه و نه‌ته‌وه و زمانه جیاوازه‌كانی یه‌ك نه‌ته‌وه و نیشتمان به منداڵی یه‌ك دایك و باوك ده‌چوێنێ و پێویسته وه‌كو یه‌ك ڕێز له هه‌موویان بگیرێ.
هه‌مزه‌تۆف نیشتیمانه بچووكه‌كه‌ی خۆی زۆر خۆش ده‌وێت و هه‌میشه له خه‌یاڵیدایه, زۆر وڵات گه‌ڕاوه و گه‌لێ شوێنی دنیای بینیووه, به‌ڵام له هه‌ر وڵاتێك به بۆنه‌ی كه‌سێك, دۆخێكی تایبه‌ت, دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش و… وڵاته‌كه‌ی خۆی بیرده‌كه‌وێته‌وه و سۆزی بۆی ده‌جوڵێت, پێشی وایه نووسینی كتێب له‌باره‌ی نیشتمانه‌وه, ئه‌ركێكی گران و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه, “نووسینی كتێبێكیش له‌باره‌ی نیشتمانه‌وه, به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له به‌رپرسیارێتیی هه‌موو ئیشێكی دیكه گه‌وره‌تره…ب1.ل393”.
چه‌نده وڵاته‌كه‌ی خۆی له لا جوان و خۆشه‌ویسته, به‌ڵام به هۆی وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه ڕقی له دنیای ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی و كه‌سانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی نییه, كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست و ڕه‌گه‌زپه‌رست نییه, “داغستانه بچكۆڵانه‌كه‌ی من و جیهانه گه‌وره‌كه‌م, ژیان و گۆرانی و سروود و كتێب و بابه‌تی منن…ب1.ل123”. واتا چه‌نده وڵاته‌كه‌ی خۆی خۆش ده‌وێ, هێنده‌ش جیهانی خۆش ده‌وێ و حه‌زده‌كات هه‌میشه هاوئاهه‌نگی له نێوان هه‌ردووكیاندا هه‌بێ.
حه‌زده‌كات هه‌میشه داغستان تێكه‌ڵ به دنیا بكات و به شێوه‌یه‌كی گۆشه‌گیر نه‌مێنێته‌وه, “ده‌با هه‌موو چیاكانی ئاڤارستان و هه‌موو شیعره‌كانی شكسپیر, له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه‌ی من خزمایه‌تی و په‌یوه‌ندی پته‌وییان هه‌بێ…ب1.ل253”.
كتێب له لای هه‌مزه‌تۆف ئه‌وه‌نده گرنگه, كه كاتێ گه‌له‌كه‌ی ده‌ستیان دایه چه‌ك و شمشێر و خه‌نجه‌ر و به‌ره‌و مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ به‌ڕێكه‌وتن, ئه‌گه‌ر له جیاتی ئه‌وه كتێبیان هه‌ڵبژاردبا, وڵات تووشی ئه‌و نه‌هامه‌تی و وێرانییه نه‌ده‌بوو كه تووشی بوو, به‌ڵكو پێشكه‌وتنی زۆری به خۆیه‌وه ده‌دیت و ته‌نانه‌ت ڕه‌وتی مێژووش ده‌گۆڕا, “ئه‌گه‌ر داغستانییهكان به‌رهه‌مه‌كانی پۆشكین و لۆرمۆنتۆڤییان خوێندبایه‌وه, ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت مێژووش به ڕێره‌وێكی دیكه‌دا ڕۆیشتبا..ب2.ل267”.
كاتێ له نیشاپوور ده‌چێته سه‌ر گۆڕی عومه‌ری خه‌ییام, له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: “دۆستی ئازیزم خه‌ییام! ئه‌گه‌ر له جیاتی شا, ئه‌تۆ هاتبایه داغستانی ئێمه, گه‌لانی داغستان به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه پێشوازییان لێ ده‌كردی..ب2.ل267”. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر له جیاتی ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌یلی داگیركارییان هه‌یه, ئه‌و كه‌سانه بچنه وڵاتانه‌وه كه ڕووناكبیر و ڕۆشنفكرن, له جیاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به شیر و تیر, پێشوازی گه‌رمییان لێ ده‌كرێ و بایه‌خی زۆریان پێ ده‌درێ, ده‌توانن سوود به كۆمه‌ڵگاكان بگه‌یه‌نن و دڵیشیان ڕازی بكه‌ن.
هه‌مزه‌تۆف ئه‌وه وه‌ك په‌یامێك ده‌خاته‌ڕوو كه هه‌موو ئه‌و هۆكارانه له وڵاته‌كه‌ی هه‌بوون كه بۆ كتێب پێویست بوون, به‌ڵام به‌هۆی دواكه‌وتوویی وڵاته‌كه و دانیشتووانه‌كه‌ی و كه‌مته‌رخه‌می سه‌رده‌سته‌كانیان و هه‌بوونی داگیركاریی زۆر بۆ وڵاته‌كه‌ی, ته‌نها خودی كتێبه‌كه بوونی نه‌بووه, كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دا بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنه‌كان, “هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان هه‌بوون كه بۆ نووسینی كتێب پێویست بوون, ئه‌وینی پڕ له گوڕوتین, پاڵه‌وانانی ئازا, ڕووداو و كاره‌سات, سرووشتی بێ ئامان, به‌ڵام خودی كتێبه‌كه‌مان نه‌بوو..ب2.ل268”.
گۆرانی و شیعر له لای هه‌مزه‌تۆف بایه‌خ و گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه, داغستان مێژووێكی پڕ له شه‌ڕو شۆڕ و كوشتنی هه‌یه و گه‌لێ نه‌هامه‌تی ڕوویان له‌م وڵاته كردووه, هه‌مزه‌تۆف بۆچوونی وایه كه ئه‌گه‌ر له جیاتی خه‌نجه‌ر و شمشێره‌كان گۆرانی له‌و شه‌ڕانه‌دا بهكارهاتبان هه‌رگیز ئه‌م شه‌ڕانه به‌و گه‌وره‌ییه نه‌ده‌بوون و به‌وشێوه‌یه كاره‌ساتبار نه‌ده‌بوون, ده‌كرا له ڕێگای شیعر و گۆرانییه‌وه خێر و خۆشی و ئاشته‌وایی به وڵات‌دا بڵاوبكرێته‌وه و دوژمنه‌كان ئاشت بكرێنه‌وه, ده‌كرا له ڕێگای شیعر و گۆرانییه‌وه دیله‌كان ئازاد بكرێن, ئه‌گه‌رچی دوژمنه‌كان له یه‌كتریش تێنه‌گه‌ن و زمانی یه‌كتر نه‌زانن, به‌ڵام گۆرانی هه‌ست و سۆزه‌كان ده‌بزوێنێ و پێویست به زانینی زمان ناكات, “گۆرانی هه‌ر گۆرانییه, ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده وشه‌كانیشی نه‌گه‌ی, هه‌موو كه‌سێك گوێ له گۆرانی ده‌گرێ…ب2.ل240”.
وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه له لایه‌ك كاك (حه‌سه‌نی دانیشفه‌ڕ)ه‌وه كارێكی گه‌وره و به بایه‌خه, زۆرم چێژ له‌و كوردییه جوانه‌ی وه‌رگرت, به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵی لێم گران نه‌بێ, ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كه چێژم له شیعره وه‌رگێڕدراوه‌كان نه‌كرد, ده‌ڵێن “وه‌رگێڕان خیانه‌ته و وه‌رگێڕانی شیعریش دووجار خیانه‌ته”, من هیچ بڕوام به‌و قسه‌یه نییه, به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه وه‌رگێڕانی شیعر به لایه‌نی كه‌مه‌وه دووجار هێنده‌ی وه‌رگێڕانی ده‌قه‌كانی دیكه زه‌حمه‌تن, من له‌وه تێده‌گه‌م, به‌ڵام ده‌كرا كاك حه‌سه‌ن ئه‌م شیعرانه له جیاتی كه‌سێك و دوو كه‌س په‌نای بۆ چه‌ند كه‌سێك بردبا كه یارمه‌تی بده‌ن.
خاڵێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر به‌رگی هه‌ردوو كتێبه‌كه نووسراوه (ڕه‌سووڵ حه‌مزه‌تۆف) و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌شیان نووسراوه (ڕه‌سووڵ هه‌مزه‌تۆف), واتا جارێك (حه‌مزه) و جارێك (هه‌مزه) و كاك حه‌سه‌ن خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه, كورد ده‌ڵێ (هه‌مزه) و من ئه‌ویانم پێ جوانتره, بۆیه ده‌بوو ناوه‌كان له‌سه‌ر به‌رگ و له لاپه‌ڕه‌كان وه‌ك یه‌ك بنووسرێ, هه‌روه‌ها ناوی مامۆستا (عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده) كه له به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا پێشه‌كی نووسیوه, به عه‌ره‌بی نووسراوه (عبدالله حسن زاده), له نێو ئه‌و كوردییه جوانه‌ی كتێبه‌كه‌ی پێ وه‌رگێڕدراوه, ده‌بوو ئه‌م ناوه‌ش به كوردی نووسرابا.
به هه‌رحاڵ.. ئه‌م ورده كه‌موكوڕییانه, له‌مه كه‌م ناكاته‌وه كه من وه‌ك خوێنه‌رێك, به فه‌زڵی كاك حه‌سه‌نی دانیشفه‌ڕ, چێژی زۆرم له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه وه‌رگرت و جێی سوپاس و پێزانینه.
* داغستانی من, ن: ڕه‌سوول هه‌مزه‌تۆف, و: حه‌سه‌نی دانیشفه‌ڕ, كتێبی یه‌كه‌م و كتێبی دووه‌م, چاپی یه‌كه‌م (2013), چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات, هه‌ولێر.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com