Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
باوکی (دانا) چی ووت ؟ … هیدایەت مەلا عەلی

باوکی (دانا) چی ووت ؟ … هیدایەت مەلا عەلی

Closed
by October 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

شەوی ١٤/١٠/٢٠١٢ بۆ خوێندنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان سەردانی هەندێک لە ماڵپەڕ و بڵاوکراوەکانم کرد، هەواڵێک تاساندمی و تاکو سەرئێسقان ئازاریدام، ئەم هەواڵە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی و گەیاندنی زانیاریەک نەبوو بۆ خوێنەر، ئەم هەواڵە قرچە لە ناخ و خورپە لە دڵ هەڵدەستێنێت، نیوەڕۆی ١٣/١٠/٢٠١٢ (دانا جەمال) خوێندکاری قۆناغی (١٢)ی زانستی لە خوێندنگای (ئالان) لە هەڵەبجەی تازە یەکێک لە دیوارەکانی خوێندنگاکە  دەڕوخێت بەسەریداو گیانلەدەست دەدات.

کارەساتی گیانلەدەستدانی (دانا) کۆمەڵگای کوردستانی خستە بەردەم حەقیقەتێکی تاڵ، ئەو حەقیقەتەی کە نرخ و بەهای ئینسان دیاری دەکات، حەقیقەتێک کە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، دیواری کولانەی ئاژەڵەکانیان و ئاسایش و تەندروستی تاوس و کۆترەکانیان، لە ژیان و ئاسایشی ئینسانەکان بۆ گرنگ تر.

 مەرگی (دانا) ئەو پەیامەی پێ ڕاگەیاندین کە ئینسان لە کوردستان کاڵایەکی کەم بایەخەو خاوەنی جێگاوڕێگای شیاوی خۆی نیە، مەرگی (دانا) و جەستەی جێماوی لە ژێر بلۆکی ڕزیوی دیوارێکی چەندین ساڵەی خوێندنگایەک و قەتارەی تەنکەری نەوتی قاچاغ، بە ئاشکرا پێمان دەڵێت کە دەسەڵات چەندە ئینسانەکان و پاراستنی ئاسایشی ژیان و چارەنوسی تاکەکانی بۆ گرنگە، ئیتر لە دوای مەرگی (دانا) ئەو ڕاستیە بەرجەستەبوویەوە کە ژیان و ئارامی و ئاسایشی تاکەکان لەبەردەم دۆزەخی گەندەڵی و بێدەربەستی دەسەڵات و حکومەتدا قەراری گرتووە.

کاتێک هەواڵی مەرگی (دانا)م خوێندەوە، کاتێک زانیم ئەو کارەساتە لە خوێندنگایەک ڕوویداوە کە من چەندین ساڵ مامۆستا بووم تێیدا، کاتێک ڕوخسار و سیمای (دایک و باوكێکی) جەرگ سوتاوم هاتە بەرچاو، وەک سروشتێکی بەردەوامی خۆم خولیای پەیوەندی کردن بە (باوکی دانا)وە بۆ سەرەخۆشی و دڵنەوایان هەموو هۆش و ویژدانمی داگیر کرد، لە ڕێگای فەیسبوکە پەیوەندیم کرد بە برای بەڕێزم مامۆستا (مەهدی غەفور) لە هەڵەبجەی تازە بۆ ئەوەی ژمارە تەلەفونی باوکی (دانا)م بۆ پەیدا بکات.

شەوی ١٥/١٠/٢٠١٢ پەیوەندیم کرد بە باوکی (دانا)ی جوانەمەرگەوە، پێش ئەوەی تەلەفون بۆ باوکی (دانا) بکەم زۆر گفتوگۆم کرد لەگەڵ خۆم ، کە چۆن لەگەڵ باوکی (دانا) قسە بکەم ؟ چۆن بتوانم دڵخۆشی باوکێکی جەرگ سوتاو بدەمەوە ؟ چۆن بتوانم بە باوکێک بڵێم کە مەرگی (کوڕەکەت) تووشی ڕق و بێزاری و نائومێدیت نەکات؟ چۆن بڵێم لە جیاتی من سەرەخۆشی لە دایکی (دانا) بکات و هەوڵبدات لەم کۆستە گەورەیەدا ئاگاداری دایکی (دانا) بێت، زۆر سەرم هێناو زۆر بیرم کردەوە، سەرئەنجام ژەمارەی تەلەفونەکەی باوکی (دانا)م لێدا، زەنگ دەڕوات و دڵ و جەستەی منیش وەک لەرەی زەنگەکە دەلەرزێت و قوڕگم پڕە لە گریان.

هیدایەت: کاک (جەمال) ئەم کاتەت باش، من مامۆستا (هیدایەتی مەلا عەلی)م لە (دانیمارک)ەوە پەیوەندیت پێوە ئەکەم.

باوکی دانا: سەرچاوەکانم مامۆستا گیان زۆر سوپاست ئەکەم.

هیدایەت: کاک (جەمال) گیان من دوێنێ ئەو هەواڵەم بیست کە (دانا)ی کوڕتان لە کارەساتێکی دڵتەزێندا گیانی لەدەستداوە، ئەم هەواڵە منی زۆر ناڕەحەت کرد و ئازاریدام.

باوکی دانا: زۆر سوپاس مامۆستا گیان کە لەو دورەوە ئێمەت بیر کەوتۆتەوە.

هیدایەت: کاک جەمال گیان ئەزانم مەرگی جگەرگۆشە و ئازیزان چ ئازاربەخش و چ سوێیەکی هەیە، ئەزانم کاتێک کە مەرگی مناڵەکەت لە بێدەربەستی و کەمتەرخەمیەوە سەرچاوە ئەگرێت فرمێسکەکان گەرم ترو بەکوڵ ترن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت مەرگ قبوڵ بکەین.

باوکی دانا: بەڵێ وایە مامۆستا گیان.

هیدایەت: کاک جەمال گیان من سەرەخۆشیتان لێ ئەکەم و هیوادارم کۆتایی ناخۆشیتان بێت، هیوادارم کە تۆ بتوانی کۆڵەکەیەکی بەهێزی خێزانەکەتان بیت بۆئەوەی ئەم کارەساتە کاریگەری زیاتر و خراپتری بەسەرتانەوە نەبێت، من حەزم ئەکرد کە لە نزیکەوە لەگەڵتان بوومایە و هەرچی بە من بکرایە لە خزمەت ئیوەدا بوومایە، بەڵام لەم دوورە تەنها دەتوانم بەم پەیوەندیە هاوسۆزی بۆ ئیوە دەرببڕم، هیوادارم لێم قبوڵ بکەن.

باوکی دانا: مامۆستا گیان سەرەتا من زۆر سوپاسی ئەو وشە جوانانەی تۆ ئەکەم، پەیوەندیەکەت لە خەم و ئازاری کەم کردینەوە، من ئومێدێکی زۆر گەورەم بە (دانا) هەبوو ، ئەو هیوایەکی گەورەبوو لە دڵی من و دایکیا، کوڕەکەمان بەقاچی خۆی چوو بۆ خوێندنگا بەڵام لەوێ خۆی و قەڵەم و دەفتەر و کتێبەکانی بوون بە ژێر هەرەسی دیوارەوە، (دانا) هەموو هیوا و ئاواتەکانی لەژێر بلۆکەکاندا بەجێهێشت.

من پێمخۆش نیە (دانا) ئێستا لە ژێر خاکدا بێت و جەستەیەکی بێ گیان بێت، بەڵام ئەوەی دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە مەرگی کوڕەکەی ئێمە، بەم کارەساتە جەرگبڕە ژیانی سەدان ڕۆڵەی دایک و باوکی تر دەپارێزێت، بەهۆی مەرگی کوڕەکەی ئێمەوە ئیتر هەر خوێندکارێک لە جاران زیاتر خۆی لە سێبەری دیوارەکان ئەپارێزێت، مەرگی کوڕەکەی ئێمە بوویە داستانێک کە کۆمەڵگا بهەژێنێت و دەسەڵات بەئاگا بێنێت لە بەرانبەر دیوارەکان.

من حەزم ئەکرد دیواری هەر خوێندنگایەک کە ئەگەری ڕوخانی هەیە لەسەر باخەڵ و پارەی خۆم چاک بکەم و کوڕەکەی من و مناڵی هیچ کەسێکی تر نەبێتە قوربانی و خۆراکی دەمی دیوار و بلۆک، بەڵام ئێستاش کە (دانا) بۆتە قوربانی من حەز ئەکەم خوێنی (دانا) بکەمە چیمەنتۆ و ئەو دیوارانەی پێ قایم بکەم کە خەریکە دەڕوخێت، بۆ ئەوەی چۆن جەرگی من و دایکی سوتا، جەرگی هیچ دایک و باوکێکی تر نەسوتێت.

کاتێک گوێم لەم قسانەی باوکی (دانا) بوو ئەوسا باشتر تێگەشتم کە ئەم دنیایە تاکو ئێستاش چەندە ئینسانی مەزن و ئینساندۆستی تێدایە، کاتێک ئەو هەموو بەرپرسیاریەتیەم لە قسەکانی باوکی (دانا)دا ئەبیست شکۆمەندیەکی ئینسانی گەورەم لە بونیاد و ناخی ئەم باوکەدا بەدی ئەکرد، زۆر جار ئەم جۆرە کارەسات و مەرگانە ئینسان توشی ڕەشبینی و نائومێدی دەکات، بەڵام باوکی (دانا) دڵخۆشە کە مەرگی کوڕەکەی ئەوان ژیانی کەسانی تر لە مەرگ و کارەسات ئەپارێزێ، باوکی (دانا) ئەڵێت خوێنی کوڕەکەم ئەکەمە چیمەنتۆ بۆ قایم کردنی دیوارەکان بۆ ئەوەی نەڕوخێن و مەرگ و جەرگ سوتان نەکاتە دیاری بۆ خێزانەکانی تر، باوکی (دانا) بەجۆرێک قسەی دەکرد هەستم ئەکرد دڵنەوای من ئەکات، هەستم ئەکرد ئەیەوێت لە ئازاری من کەم بکاتەوە، ئەگەر مەرگی (دانا) هەڵگری دوو نیشانە بێت، نیشانەیەکیان حەقیقەتی دەسەڵاتێک نمایش دەکات کە (باکی بە مەرگی ڕۆڵەکانی نیە)، نیشانەیەکی تری ئەم مەرگە دەرکەوتنی باوکێکە کە هەڵوێست و ئینساندۆستی پێویستە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، باوکێک مەرگی کوڕەکەی دەکاتە دەرگای ئومێد و ژیانەوە بەڕووی کۆمەڵگادا.

ئەوەی من لە باوکی (دانا) بیستم، بەڕاستی جێگای تەقدیر و شانازیەکی گەورەیە، باوکێک دوای ئەو کارەساتە جەرگبڕە، بەو شێوازە ئینسانیە، بەو دڵەفراوانەوە سەیری ژیان بکات، باوکێک لە مەرگی جگەرگۆشەکەی خۆیەوە پەیامی پاراستنی ژیان و ئارامی و ئاسایشی ڕۆڵەی خەڵکی تر ڕابگەیەنێت، بەڕاستی ئەم باوکە نمونەی ئینسانەت و میهرەبانیە، من زۆر جار لە دڵی خۆمدا دەڵێم ئەگەر نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بدرێتە دەست باوکی (دانا) و هاوشێوەکانی باوکی (دانا) دڵنیام شیاوترین و ئینسانی ترین دەستور دەنوسنەوە بۆ ئاسودەبوونی کۆمەڵگا، باوکی (دانا) نمونەی زۆر بێت.

 

 

هیدایەت مەلا عەلی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.