یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا؟
یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ك هێزێكی بێچه‌ك و ئیسلاحخواز له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه و له سه‌رده‌مێكدا كه هێزه كوردیه‌كان سه‌رگه‌رمی شه‌ڕی ناوخۆ بوون دروست بوو، ئه‌م هێزه كه‌مترین هه‌ڵه‌ی سیاسی ئه‌نجامداوه له‌و ماوه كه‌مه‌دا. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه یه‌كگرتوو وه‌ك هێزێكی نوێ له كێڵگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردیدا بۆ نه‌یتوانی ده‌نگی پێویست بێنێت؟ به هه‌ر پێوه‌رێك وه‌ری بگرین به جیاواز له هێزه‌كانی تر له پێش دروستبوونی گۆڕانه‌وه ئومێدی زۆر هه‌بوو ئه‌م هێزه ببێته هێزێكی سه‌ره‌كی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی. به‌ڵام پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م هێزه بۆ سه‌رنه‌كه‌وت؟ بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی یه‌كگرتوو هه‌ڵوێسته بكه‌ین.
ئه‌م هێزه هێنده‌ی كاری له‌سه‌ر موسوڵمانبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كرد، كاری له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌ده‌كرد ببێته هێزێكی كاریگه‌ر بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه. به‌مانایه‌كی تر ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كگرتوو ئه‌م پارته‌ی بۆ دین و ئیسلاحی دینی ته‌رخان كردبوو، خه‌می ئه‌م هێزه زیاتر خه‌می به‌ئاینكردنه‌وه‌ی كایه‌كان بوو نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها بۆ سیاسه‌ت. پێچه‌وانه‌ی گۆڕان كه ئیشی به‌سه‌ر مه‌زهه‌ب و ئایدۆلۆژیاوه نه‌بوو له ماوه‌ی چوار ساڵدا سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی ده‌نگێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆخۆی ڕابكیێشێت. سه‌رقاڵبوونی یه‌كگرتوو به‌وه‌ی چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به دیدی خۆی موسوڵمان ده‌كاته‌وه وایكرد ئه‌م هێزه نه‌توانێت به‌ڕاستی ببێته هێزێكی كاریگه‌ر.
ئه‌م هێزه نه‌یتوانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بخوێنێته‌وه. به‌رده‌وام چاوێكی له‌سه‌ر گۆڕانكارییه ده‌ره‌كییه‌كان بوو. یه‌كگرتوو ئه‌وه‌نده‌ی چاوی له گۆڕانكارییه‌كانی مسر بوو ئه‌وه‌نده ئاگای له كۆڵانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌بوو. له سه‌روبه‌ندی ڕووداوه‌كانی مسر هه‌ركه‌س ته‌ماشای ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌م هێزه‌ی بكردایه وایده‌زانی كه‌ناڵی ئیخوانه‌كانی مسره. یه‌كگرتوو سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆحی كوردی. یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش دووچاری ئه‌م ده‌رده ببوو. یه‌كێتیش وه‌ك یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ده‌ره‌وه كاری ده‌كرد. میدیای یه‌كێتی و یه‌كگرتوو هه‌ریه‌كه‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌ره‌یه‌ك له مسر ڕاگه‌یاندنیان ئاراسته ده‌كرد. یه‌كگرتوو وه‌ك هێزێكی ئیخوانی به‌رده‌وام پشتی به‌وه ده‌به‌ست كه گۆڕانكارییه ده‌ره‌كییه‌كان كۆمه‌ك به فراوانبوونی بكه‌ن. یه‌كێتیش به هه‌مان شێوه ده‌یویست كار له‌سه‌ر لاوازی ئیسلامیه‌كان بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌سه‌ڵاتی هه‌یمه‌نه‌خوازی پارتی فه‌رامۆش كرد و شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانیش زیاتر شه‌خسی بوو. به‌ڵام بۆ گۆڕان و پارتی دۆخه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی تر بوو. پارتی وه‌ك ستایشی ده‌سه‌ڵاتی كوردی و گۆڕان وه‌ك ڕه‌خنه له‌م ده‌سه‌ڵاته هیچیان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دانه‌بڕان و هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتوو بوون له تێگه‌یشتن له كورد و تاكی كوردی.
یه‌كگرتوو نه‌یتوانی مه‌لاكان و سیاسییه‌كانی له‌یه‌ك جیا بكاته‌وه. یه‌كگرتوو ئه‌وه‌نده‌ی چاوی له‌سه‌ر پیاوانی ئاینی بوو ئه‌وه‌نده هه‌وڵی نه‌ده‌دا كۆمه‌ك به گه‌نجه خوێنه‌واره‌كانی هێزه‌كه‌ی بكات و بیانهێنێته پێشه‌وه. ده‌بوو یه‌كگرتوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پیاوانی ئایینی و پیاوانی دنیای سیاسی له‌یه‌ك جودا بكردایه‌ته‌وه. له زۆر خاڵدا یه‌كێتی و یه‌كگرتو له‌یه‌ك ده‌چن. وه‌ك چۆن یه‌كێتی نه‌یتوانی بازرگان و سیاسیه‌كانی نێو پارته‌كه له‌یه‌ك جیا بكاته‌وه ئاواش یه‌كگرتوو نه‌یتوانی مه‌لاكان و كه‌سه سیاسی و ته‌كنۆكراته‌كانی ناو ئه‌م هێزه له‌یه‌ك جودا بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی بۆ ساتێك ته‌ماشای میدیای یه‌كگرتووی بكردایه هه‌ستی به هه‌یمه‌نه‌ی مه‌لاكان ده‌كرد به‌سه‌ر میدیا و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كگرتوودا. ده‌نگی دلێری مه‌لاكان له یه‌كگرتوودا ده‌ستی هه‌بوو له كزبوونی ده‌نگی گه‌نجه‌كانیان. باشترین نمونه‌ش سه‌رۆكی لیستی گۆڕانه كه یه‌كگرتوو نه‌یتوانی ئه‌و چانسه‌ی له گۆڕاندا پێی درا له یه‌كگرتووشدا پێی بدرێت. بۆیه سه‌یر نیه زۆرێك له كاندیده گه‌نجه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كگرتوو بوون و په‌روه‌رده‌كراوی ده‌ستی ئه‌و هێزه بوون.
هه‌ر چۆنێك بێت یه‌كگرتوو بۆیه ده‌نگی كه‌می به‌ده‌ست هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی سیاسه‌ت، موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت بكات. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه وه‌ك یه‌كێتی تۆمه‌تی كه‌می ده‌نگه‌كانی نه‌خاته ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ر، ده‌بێت زۆر عاقڵانه خه‌ریكی جه‌سته‌ی خۆی بێت. یه‌كگرتوو پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك حزبه بچوكه‌كانی تر پیر بێت، ده‌بێت به‌ر له هه‌ر شت فریای جه‌سته‌ی خۆی بكه‌وێت.