کەمێک بیر کردنەوە … نەوزاد بەندى
-1-
لەبەردەم دوکانى چەرەس فرۆشتن ،
بوو بە شەڕ ..
ئەم ئەیوت : سەرەى منە
ئەو ئەیوت : سەرەى منە ..
(هەموویشیان چەرەسیان بۆ یەکتر ئەکڕى..
بۆ جەژنى قوربان ! ..
هههههههههه )
-2-
کەستان بیرتان کردۆتەوە ،
لە دابینکردنى ،
باخچەیەک
مەشتەلێ
ئینجانەیەک ،
بۆ گوڵە کەمئەندامەکان ؟؟
ئەوانەى کوللە دوو پەڕەى خواردوون ..
یان ڕەشەبا ژاکاندوونى ،،
یان پاییز ئیزنى داون ..
یان هەرخۆیان بە زگماک ،
کەمئەندامن ..
-3-
کەستان بیرتان کردۆتەوە
کتێبخانەیەک
کوشکێک
دیوانێک ،
بۆ ئەو شیعرانە ئاوەڵا کەن ،
کە خاوەنەکانیان مردووە و
هەتیو کەوتون ؟
هیچ ڕۆژنامەیەک شەوێ نایانگرێتە خۆى ..
لەسەر شەقام ئەخەون
-4-
کۆمەڵێ لاو ،
لەسەر سنوور ..
هەتا هێزیان تێدا بوو ،
ڕایاندەکرد لە دەست نیشتمان ..
( ئەبوو بە قوتابخانە ترسناکەکانى مناڵیمدا بمزانیایە ،
کە تۆ دواجار ئەبیتە زیندان ،
ئەى نیشتمان ! )
-5-
بێزار بووم
لە بێژەرى قات و بۆینباخ لە مل و
هەواڵى مردن و
کوشتن و
کاولکردن ..
بەسە ! ..
با ڕۆژێک بە بێ کورتەى هەواڵ بژین ..
(چایخانەیەک نییە ،
بێدەنگیى تیا بفرۆشن ؟؟ )
-6-
کێشەکە لەوەدایە ،
کۆمەڵێک کەس هەن ،
بۆینباخ لە مل ئەکەن و
تاقەتى هیچ ئیشێکیان نییە ..
ئیش لە خەڵکیش تێک ئەدەن ،
بە هەڵگیرسانى جەنگ
تەقاندنەوەى تى ئێن تی..
-7-
بۆم دەرکەوت
کە هێشتا هیچم بۆ دەرنەکەوتووە ..
-8-
پێشنیار ئەکەم ،
خزمەتگوزاریى گۆڕى کاتیى پەیدا بێ ..
( زۆرن ئەو کەسانەى
حەز ئەکەن بە شێوەیەکى کاتیى بمرن ..
بۆ ماوەى چەند ڕۆژێ
چەند هەفتەیەک ..
یان چەند مانگێ .. )
-9-
وڵاتیش هەتیو ئەکەوێ ..
بڕوانە بۆ وڵاتە هەتیوەکان ..
باڵەخانەکانى هەموو کاول بوون ..
جلەکانى پینە- پینەیە ..
لە شەقامەکانیدا ،
لە جیاتى میوە ،
نارنجۆک ئەتەقن ..
بوون بە هەزار تیرەى دژ بە یەک ،
هەموویشیان لەسەر حەقن !
-10-
هێشتا قەڵەم لێم بێزار نەبووە
مرەکەب دەنگى لێ وەرنەگرتووم ..
لاپەڕە نەیقیڕاندووە بەسەرما ..
بۆیە هێشتا ئەنوسم ..
-11-
دایک و باوک ،
مناڵەکانیان بەخێو ئەکەن ،
بۆ ئەوەى بەجێیان بێڵن ..
(ئەم دنیایە ،
پڕ-پڕ لە بەجێهێشتن ! )
-12-
نوسینەوەى بیرەوەریى ،
جۆرێکە لە دیکتاتۆریى ..
( کارێک ئەکەیت ،
ئەو خەڵکە واز لە بیرەوریى خۆیان بێنن و
سەرقاڵى بیرەوەریى تۆ بن )
-13-
حەزم لە هیچ خواردنێک نییە ..
حەزم لە هیچ جێگایەک نییە ..
حەزم لە بینینى هیچ کەسێک نییە ..
( ئەمە چییە ؟
ناوى چییە ئەم نەخۆشییە ؟؟ )
دکتۆر وتى : ناوى نییە ..
-13-
سوپاس بۆ تۆ خودایە !
بە مریشک خەڵقت نەکردم ..
لە قەفەزێکى سارد و سڕى فرۆشگایەک ،
چاوەڕوانیى کڕیارێک بم ،
بمکڕێ و
سەرم بڕێ و
پاکم کاو
هەڵمکڕوزێنێ و
بمکوڵێنێ و
بمخاتە سەر برنج ..
جا بڵێ :
بۆنساردەکەى تەحەمول ناکرێ ..!