خەمی نان و کەشکۆڵی ئازادی
” ژیان بەبێ ڕەخنە، جەستەی بێگیانە،
ڕەخنەش بەبێ لۆجیك، وڕێنەی نەزانە”
خوێنەرانی هێژا، ئەم كەشكۆڵەی بەردەستتان، كۆمەڵێك بابەت دەگرێتە خۆی، كە لە شێوەی (هۆنراوە و هەڵبەست و پەخشان و تەنز و چیرۆك و شانۆیی)دا داڕێژراون یا ڕاستر بڵێم لەدایكبوون، چونكە كەمترین ڕۆڵی ئاگاهانەم لە شێوەپێدانیاندا گێڕاوە، ئەمەش بۆ سرووشبوونیان ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ سەرهەڵدانی ساتەكی ئەو هەستانە دەگەڕێتەوە، كە بەرهەمی بەریەككەوتنی خەیاڵی خۆزگەكانی من و وێنە كەتوارییەكانی ژیانی ڕۆژانەن و منیان ناچار بە نووسینەوەیان كردووە.
ڕاستییەكەی من نازانم تا چەندێك ئەم بابەتانە (هۆنراوە و هەڵبەست و پەخشان یا تەنز و چیرۆك و شانۆیی)ن، ئامانجیشم لە بڵاوكردنەوەیان چ پێشتر بە شێوەی تاك و تەرا و چ لە ئێستادا وەك كەشكۆڵێك تەنیا پاراستنیانە لە فەوتان، تاوەكو وەك كەشكۆڵە بەراییەكانیان بەسەرنەیێت، كە لە كیمیابارانەكەی هەڵەبجە و ئاوارەییدا فەوتان یا ڕاستر بێڵم لەلای هاوەڵانی نادەربەست فەوتان یا لە ماڵی خۆماندا دزران [مەبەستم لە دزین، ئەوەیە، كاتێك پاش كیمیابارانەكە لە نەخۆشانەیەكی تاران دەرچووم و گەڕامەوە بۆ هەڵەبجە، دیتم كە دزێكی شارەزا پەرتووكانی منی لە هەوشەی ماڵەكەماندا پڕش و بڵاوكردووەتەوە و ئەوەی ویستوویەتی، بردوویەتی، كە دوو شت بوون؛ یەكەم ئەرشیڤی نووسینەكانم، دووەم، كۆمەڵێك نامەی دڵداری خۆم و كیژە ھاوسێكەمان (شەپۆل). دزی شارەزا، نەك هەر ئەو شتانەی لێدزیبووم، بەڵكو پەرتووكانیشمی دڕاندبوون و خستبوونییە بەرباران].
خوێنەرانی هێژا، وەك لەتەك بڵاوكردنەوەی سەرلەنوێی هەندێك لەم نووسینانەدا ئاماژەمپێداوە، ئەم نووسینانە لە ڕووی ڕێنووس و داڕشتنەوە، هەندێك چاكسازیم تێداكردوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەك دەستكاری ناوەڕۆك و ڕوانگەی جارانی خۆم نەركردووە، خوێنەری هێژا دەتوانێت بەراوردی ئەم نۆژەنكراوانە و دەقی بڵاوكراوەیان لە ژمارەكانی گۆڤاری (پاژێی هونەریی ژیلەمۆ) و گۆڤاری (ڕۆشنبیریی دالیان)دا بكات.
بەڕێزانم، دیاری شوان هاڵەكۆكە و ئەوەی ناپەسەندی دەبینێت یا سەرنجی لەسەری هەیە، ئەوا لە ئاستی ڕەخنەی هونەرییدا وەك گوندییەك لە ئاست میواندا دەستبەسنگەوە دەوەستم و پڕ بەدڵ خۆشهاتنی لێدەكەم، كە دەڵێم ڕەخنەی هونەریی، مەبەستم ئەوەیە، كە كاتم بۆ خوێنندنەوەی ئەو بۆچوونانە نییە، كە گەڕانەوەی نووسەران بۆ سەر نەزمە كۆنەكەی سەروەری چینایەتی و بە كۆتایی مێژوو هەژماردنی ئەو نەزمە بە گۆڕان دەزانن، چونكە من گۆڕان لە پشتكردنە ناهەمواری و ناتەبایی و نایەكسانی و نادادوەریی و سەروەرییدا دەبینم، بەواتایەكی دیكە، من گۆڕان لەوەدا دەبینم كە مرۆڤ یا تاكی كۆمەڵگە چەند توانیویەتی واز لە وابەستەیی سیستەمە ڕامیارییەكان، یاسا دەستكردەكان، ڕێكخستنە قوچكەییەكان، پەیوەندییە بازرگانییەكان، بەڕێوەبەرایەتییە سەروو خەڵكییەكان، كەڵەكایی پارتە ڕامیارییەكان و مشەخۆرە ڕامیارپیەكان، بھێنێت و بگەڕێتەوە باوەشی سروشت و سروشتیبوونی خۆی و ھوشیارانە ھەنگاوی بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگە لەسەر نەزمی سروشتی و بەپشتبەستن بە یاسا سروشتییەكان و ڕێكخستنی ئاسۆیی لەسەر بنەمای پەیوەندییە ئازادە كۆمەڵایەتییەكان، كە بنەمایان دابینكردنی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بێت بۆ تاك و تاك پێوەربێت نەك نەتەوە و ئایین و نەژاد و ڕەگەز و كولتوور و خێڵ و دەستەبژێربوون.
نەوتراو نەمێنت ، لەبەرئەوەی كە دژی ناوبانگ و پەخشانكردنی وێنە و پاڵەوانسازیی چێكردنم بۆ خۆ، بۆ ئەو ئازیزانەی كە لە نزیكەوە نامناسن، تەنیا دەتوانم بڵێم؛ من كەسێكی گوندی، ڕۆڵەی بەوەفای دایكە سروشت و پارێزەری ژینگە و دۆستی ئاژەڵانم، لە ڕووی ھزرییەوە ساڵی ١٩٨٣ بە پەیوەندی (كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان)ەوە وەك سۆشیالیستخوازێك كەوتوومەتە چالاكی و پاش سێ ساڵ كەوتوومەتە ژێر كارایی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) و شان بە شانی گۆڕانەكانی نێو ئەو ڕێكخراوە، منیش لە گۆڕاندابووم و ساڵی ١٩٩١ پاش ڕاپەڕین بە ڕێكخراوی (ڕەوتی كۆمونیست)ەوە پەیوەستبووم و بە چەند مانگ پێش بە پارتبوونی ئەو ڕێكخراوە وازملێیھێناوە و تا ئەمڕۆكە كەسێكی سەربەخۆم و واوەتر لەوەش دژایەتی ھەموو ڕێكخراوێكی ڕامیاریی، ھەموو جۆرە دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتییەكی ڕامیاریی و دژی ھەموو یاسا و نەزم و پێكھاتەیەكی ڕامیاریی و دژی ناوبانگ و پیشە و بەرتەریی ڕامیارییم.
بەدڵنیاییەوە، ئەگەر لە ئێستادا ھەندێك لەم بابەتانەم بنووسینایە، یا نەمدەنووسین یا بە شێوەیەكی دیكە دامدەڕشتن. بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە لێرەدا بڵاویاننەكەمەوە و بە ھی خۆمیان نەزانم، بەپێچەوانەوە ھەر یەكە لەو بابەتانە، گەواھی ڕەوتی گۆڕانی ھزر و گەشەی توانا و پێگەیینی سەلیقەی من نیشاندەدەن و وەك منداڵانی دایك و بابێك ئاوان، كە ھیچ كات دایك و بابی ھوشیار و بڕوابەخۆبوو، ناتوانن بڵێن، ئەم منداڵانەمان لەو منداڵانەمان زیاتر خۆشدەوێن، لەبەرئەوەی ئەمان جوانتر یا زیرەكتر یا ئازاتر و خرپنترن و ئەوانی دیكە زیندەبەچاڵدەكەین، لەبەرئەوەی كە وەك ئەمانەی دیكە نین!
بۆ كەسێك، كە نووسین بە چەكی خەبات و بیركردنەوە بە پەیژەی سەرەكوتن بەرەو لوتكەی ھوشیاریی بزانێت، لەوەش دڵنیاییە، كە نووسەربوونیش وەك ھەر بوونێكی دیكە، لە چۆنیەتی گەشە و قۆناخەكانی گەورەبوونی خودی مرۆڤ دەچێت، كە ھیچ كەس پێش لەدایكبوون ناگری و ھیچ كەس پێش سنگەخشكێ، دارەدارە ناكات و ھیچ كەس پێش پیری، دەركی بایەخ و خۆشی ڕۆژانی لاوێتی و بەگوڕوتینی ناكات و نازانێت، ئەگەر ھەڵچوون و داچوونەكانی سەردەمی منداڵی و ھەرزەكاریی و لاوێتی نەبوونایە، نەیدەتوانی ببێتە پیرێكی دانا، ھەر ئاواش نووسەر بەبێ نووسینی نووسینە لاوازەكانی و كەڵەكەبوونی ئەزموون، نابێتە نووسەرێك، كە بەخۆی ڕۆژگارێك چێژ لە خوێندنەوەی نووسینەكانی خۆی بەرێت و بە ڕەخنەی خوێنەرانی دڵخۆشبێت.
ھەژێن
١١ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٣