Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هاورێکانم برینى نێو دڵى ئەیوبن

هاورێکانم برینى نێو دڵى ئەیوبن

Closed
by October 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

کە فریشتەکان هەور بە ئاسماندا بڵاودەکەنەوە 

بیریان دەچێت ئەو هەموو خەمە لەسەر دڵى کوڕەکان نەبارێنن 

کە دڵی دەشتى وەك شەو و ڕۆژ لێك دەترازێ 

هیچ بەنێ بۆى نادورێتەوە 

هیچ حەکیمێك بۆى تیمار ناکرێت 

دەشتى ئەم شارەى چۆڵ کرد 

کورەکان 

هاوڕێکانم 

سەریان هەڵگرد 

کامۆ 

عەشق لاڵى کرد 

ئەڤین سەرگەردانى کرد 

کامۆ بە لاڵى عیلمى کەلام دەخوێنێ 

کامۆ هەیوانەکەى پڕکردووە لە ئینجانەى مردوو 

کامۆ دەست بۆ گوڵ دەبات، دڕك خوێنى لێدێنێت 

کوڕەکان وەك شێت با شارانا پەرت بوون 

هاوڕێکانم هەریەك چووە مەملەکەتێك 

کەس سۆراخى کەس نازانێ 

هەڵگورد 

لە نێو قیتارێکى درێژدا بە فەزادا دەسورێتەوە 

چیتر لوتف ناکات ماچێك لەسەر ئیفلەوە بنێرێت 

کوڕەکانم لە کچەکان تۆران 

کوڕەکان سەد جار دڵیان شکا 

هەریەك بۆ مەملەکەتێك سەرى هەڵگرت 

چیتر عەشقى کوڕەکان لەم دنیا بچووکە جێگاى نابێتەوە 

کورەکان بوون بە حیکایەتى تاوانبارێك 

پێشینە و دواینەى خۆییان بە جەنگ گرێدەدەن 

تایفەییەکین لە قەومى لووت 

لچکى چارۆگێکى دڕاو ڕادەکێشین 

دەزووەکانى جەواهێرى نەنکم 

چتر برینەکانیان نادورێتەوە 

چیتر خەمەکانیان پینە ناکات 

ئەو شەوەى خودا بە چرایەکەوە بەدواى حوزنى کوڕەکان دەگەڕێیت 

حوزنى کوڕەکان لۆکسێکە لە چرا ڕووناکتر دەنوێنێ 

هەڵمێکى ڕەش لە لەشى کوڕەکان دەردێت 

چاو چاو نابینێت 

لەم کێوى پایزانە چەقیوین 

سورەت و حەدیسمان هەر سەفەرە 

چیتر مەسیح لە نێو کوڕەکاندا نادوێت

 دوێنێ جەنگاوەرێك پرسى 

ئێوە بۆچى باشن جگە لە رەحمەتى فیشەك 

ئاڕال یش بە شعر بۆ جەنگاوەر دەدوا 

کاکى برادەر 

لەوەیە ر ِاست بکەیت، بەڵام فیشەکێك بەشى ئەو هەموو خەمەى من ناکات 

هاوڕێیان باوەڕ بکەن 

فیشەکێك خوێن لەخەمى ئێمە ناهێنێت 

مەگەر خەنجەرێکى دوو سەر

 مەگەر تیرێکى ژەهراوى 

ئەمرۆش ئاسمانى من دەڵێت 

ماڵى بێ باوك وەك نێو زگى تیمساح وایە 

کچەکەم هورێنە دەکا

 کچەکەم بەدەم خەوەوە 

دەست بۆ ورچێ دەبا و دەڵێ 

ئاه، باوکە چەند نەرمە باوەشت 

بۆچى ناێیتەوە ماڵ 

بۆچى ماڵى ئێمە بێ باوکە 

بۆچى گەرم نابێتەوە ئەو چرپایەم 

بۆچى پێیەکانم سڕ نووساون بەم هەسارەیەوە؟ 

گەڵایەك بە سەڵاوەت بەرز دەکەمەوە بەرەو ئاسمان 

حەیفێ 

لە باڵام زیاتر بەرز نابێتەوە 

ئاخ چ زەمەنێکى غەدار داخمان دەکات 

یەکەم جار مردن بە چاوى خۆمان دەبینین 

ئینجا 

بە هەناسەبرکێوە دێینە ژیان 

ئێستا لە نێو لەپى داهاتوو خەون دەبینین 

داهاتووش لە ژێر پێى ڕابردوومان هەڵدەبەزێتەوە 

هاوڕێکانم بە حوزنەوە 

هەریەك لە سوچێکى ئەم هەسارە جگەرەیەك دادەگیرسێنێ 

دیار بەدیار قەلاوە دادەنیشێ و 

لە دوورى کوڕەکان حیوار لەگەڵ ئیبن میستەوفى دەکا 

دیار بە مستەوفى دەڵێت 

کە تووت دەستى بە نوسین کرد 

بیرى چوو نوسین خاڵى کۆتایى دەوێت 

بیرى چوو چیرۆکى نیشتمانى من نانووسرێتەوە 

من هاتم کەسێك بدۆزمەوە 

کەچى دەیانم لە دەستدا 

ئەى ئێوە چەند؟ 

کوڕەکان وەک مناڵ لە نێوما دەگرین 

چیتر شیرى حەلیمەتو سەعدییە ژیریانناکاتەوە 

کوڕەکان دەڵێن:

“ئەو ژیانەى لە دنیادا بۆى گەڕاین 

غلۆل بۆوە بە نێو فەزادا” 

مرۆڤبوون بۆ وامان لێدەکا؟ 

بورهان بە گاڵتەوە دەڵێت 

ئاخر کوڕینە 

ئێمە هاتین لەم هەسارەدا، خەمەکانمان بچێنین

 کێو دروست کەین پڕ بە باڵاى وێرانبوون 

کوڕەکان دەڵێن 

ئێمەى خەڵکى بیابانى ڕەش 

دەریامان نەبینى 

جگە لە جۆگەلەیەك لە خەم 

ئەسپێمان لەسەرى ژنە سحربازەکان دەردەهێنا 

تا ئاوى سپى بێت و 

گرێى بەختمان بکاتەوە 

جەنگاوەرەکانى ئێمە بە کڵاشێکى دڕاو گەڕانەوە 

لە جەنگ دۆڕاو 

هیچیان پێنەبڕا 

ئەو ڕەشەبایەى هات هیچى نەهێڵایەوە 

جگە لە پەیکەرەکانى زیرەک میرە 

ئەو پەیکەرانەى 

ئاوازێکن بۆ مردن 

ئێسقانێکن بۆ ژیان 

ئاهـ، خودایە 

کە بیرى هاورێکانم دەکەم 

دڵم وەک شەرابى سوور خوێنى لێدێت 

نامەیەك بۆ هاوڕێکان دەنێرم 

بە سورەتى ئەیوب دەست پێدەکەم 

بە سەدەقەیەك لەسەر برینەکانى خۆمان کۆتای پێدێنم 

بە جێگاى ماچ و باوەش 

بۆیان دەنوسم 

بیرتان نەچێت 

ئێمە برینەکانى نێو دڵى حەزرەتى ئەیوبین 

ئێمە کرمەکانى سەر برینى ئەیوبین 

ئەژین عبدالخالق 

-پایزێک بە دیار ئەلبومى هاورێکانمدا

 

ئەژین عەبدولخالق

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.