
قسه‌یه‌كی حه‌ق له باره‌ی ئیسلامییه‌كانه‌وه
راستییه‌ك هه‌یه پێویسته هه‌مووان بیزانین له باره‌ی ئیسلامییه‌كانه‌وه كه ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی حیزبه به ناو عه‌لمانی و چه‌پ و ناسیۆنالیسته‌كانه‌وه پابه‌ندن به باوه‌ڕی خۆیان كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له ئایینه‌وه وه‌رده‌گرن و ئایین ده‌خه‌نه خزمه‌ت سیاسه‌تی خۆیان، چه‌پ و ناسیۆنالیست و شیوعی و عه‌لمانییه‌كان چ له‌سه‌ر ئاستی حیزب و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك له بۆنه‌و مه‌راسیمه ئایینییه‌كاندا موجامه‌له‌ی مه‌لا و دامه‌زراوه دیینییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی موماره‌سه‌ی فیكری خۆیان بكه‌ن و شوناسی راسته‌قینه‌یان ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه نایانه‌وێت جه‌ماوه‌ری ئایینی زویر بكه‌ن و ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له سیاسه‌تكردنه شه‌رمن و فاشیله‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و جۆرێك له تاكی دووفاق له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندام و لایه‌نگران و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌رهه‌م دێنن.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئیسلامییه‌كان له یه‌ك بۆنه‌دا كه شوناسی عه‌لمانی یاخود رۆژئاواییانه‌ی پێوه دیاربێت به‌شداری ناكه‌ن و بگره دژیشی ده‌وه‌ستنه‌وه به‌و بیانووه‌ی له‌گه‌ڵ دیینی ئیسلام نایه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وان به جه‌ماوه‌ری خۆیان گوتووه دیین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی باوه‌ڕ و ئیشكردنیانه‌و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن له پێناو دییندا. هه‌رچه‌ند سیاسه‌تكردنیان بۆ مه‌رامی ده‌سه‌ڵاته نه‌ك دیین، به‌ڵام ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی میدیاییدا پابه‌ندن به‌و خاڵه‌ی بۆته شوناسییان كه ئه‌ویش دیین و كولتووری ئیسلامییه‌و به ئاشكرا له میدیاكانیانه‌وه چه‌ند باره‌ی ده‌كه‌نه‌وه ئیشی سه‌ره‌كیان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌و باكیشیان به‌وه نه‌بووه ده‌كه‌ونه به‌رده‌م ره‌خنه‌ی نه‌یاره عه‌لمانی و ناسیۆنالیست و چه‌په‌كانه‌وه. هه‌ڵنه‌ستانه‌وه له به‌رده‌م مارشی ئه‌ی ره‌قیب و دژایه‌تی سه‌ری ساڵی زایینی و هێرشكردنه سه‌ر رۆشنبیران به ناوی داكۆكی له دیین و كولتوری ئیسلامی و ته‌رخانكردنی ته‌واوی به‌رنامه رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌كانیان بۆ كولتووری ئایینی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و گروپانه به جیاواز له حیزبه غه‌یره ئیسلامییه‌كان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن.
خاڵی لاوازی حیزبه غه‌یره ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه پابه‌ندنین به په‌یڕه‌و و پرۆگرامی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆیانه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه سیاسی و دیموكراسیانه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، واته ئه‌گه‌ر شیوعییه‌كان بزانن به هۆی بانگدانی مه‌لایه‌كه‌وه له كه‌ناڵه‌كه‌یاندا 1000 ده‌نگی زیاتر ده‌هێنن بۆی هه‌یه مه‌لایه‌ك بهێننه سه‌ر شاشه و بیكه‌نه مزگه‌وت، پارتی له ماوه‌ی رابردوودا له رێگه‌ی مه‌لا به‌شیره‌وه كه‌وته به‌ره‌یه‌كه‌وه كه به كۆنه‌په‌رست ئه‌و حیزبه‌یان له قه‌ڵه‌مدا، چونكه مه‌لا به‌شیر خه‌ریكی ده‌ركردنی یاسایه‌ك بوو دژی ئازادی قسه‌كردن بوو، ده‌بوایه پارتی له‌و پرسه بێده‌نگ نه‌بێت، مه‌رج نییه ئه‌وه سیاسه‌تی پارتی بووبێت، به‌ڵام بێده‌نگی له پرسێكی وادا خستییه به‌رده‌م پرسیاره‌وه، یه‌كێتی و شۆسیالیست به‌ده‌رنین له موجامه‌له‌ی شوناسه ئایینییه‌كان و به‌رده‌وام له كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه كاره‌كته‌ری مه‌لا باس له خورافیات ده‌كات و له شاشه‌ی كه‌ی ئێن ئێنیشه‌وه كه ئۆرگانی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه كاره‌كته‌ری مه‌لای كۆنه‌په‌رست دژ به لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار فه‌توای جیهادی ده‌ركرد و رۆشنبیره‌كانی ناو گۆڕانیش له دوای مه‌لایه‌كه‌وه بانگیاندا، ئه‌مه له كاتێكدایه كه زۆرێك له‌وانه‌ی چوونه‌ته ناو گۆڕانه‌وه خه‌ونی چه‌پ بوون و عه‌لمانی بوونی شوناسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وای كردووه به لێشاو بچنه ناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستاكه له ناو گۆڕان ده‌گوزه‌رێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هێزه‌س موجامه‌له‌ی دامه‌زراوه ئایینیه‌كان و كاره‌كته‌ری مه‌لای كۆنه‌په‌رست ده‌كات بۆ زیادكردنی ده‌نگه‌كانی.