
سیناریۆی کێ فێریکردی ؟
1… ڕۆژه … کۆڵانێکه … ده‌روه‌یه .
کاواری ته‌مه‌ن 16 ساڵ، له به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌یه‌کی له‌ڤه فرۆشدا خه‌ریکی خواردنی له‌ڤه‌ی قاورمه‌یه ،له‌مکاته‌دا بڕیاری هاوڕێی که‌ته‌مه‌نی (15) ساڵه دێت به‌سه‌ریاو وێری ده‌کات .
کاوار /
ئه‌ی به‌خێر بێیت بڕیار گیان وه‌ره
له‌ڤه‌یه‌کی شاز بخۆ .. ده‌ی حه‌زت
له له‌ڤه‌ی قاورمه یان له‌ڤه‌ی جگه‌ر
یان مریشکه ؟
بڕیار /
سووپاست ده‌که‌م کاوار گیان .ئێستا
تێر‌و پڕم . دواتر له‌قوتابخانه شتێک
ده‌خۆم … به‌س نازانم تۆدایم له‌ده‌ره‌وه‌و
له‌سه‌ر ئه‌م عه‌ره‌بانانه نان ده‌خۆیت ته‌نها
یه‌کجار تۆم نه‌بینیوه له‌حانووتی قوتابخانه
نان بخۆیت یان تۆ ئه‌وه‌نده له‌قوتابخانه
نیت .
کاوار /
تۆ راست ده‌که‌ی بڕیار گیان نه ئه‌وه‌نده
له‌قوتابخانه و نه‌ئه‌وه‌نده‌ش حه‌زم له‌حانوته.
بڕیار /
باشه بۆ ؟
کاوار /
ده‌زانی بۆ ؟ چونکه فێریان کردم .
2…رۆژه … قوتابخانه‌یه … ناوه‌وه‌یه .
ئه‌م دیمه‌نه فلاشباکه …..
قوتابخانه‌که‌ی کاواره ،پێش (10) ساڵ . کۆمه‌ڵێك منداڵی بچووك له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاین و کاواریش له‌ناویاندایه . مامۆستا عه‌زیزی ته‌مه‌ن (40)ساڵ خه‌ریکی سه‌حکردنی وه‌زیفه‌ی قوتابیانه تا ئه‌و کاته‌ی ده‌گاته لای کاوار . کاوار بێ یه‌ك و دوو و به‌بێ دوودڵی بسکیتێکی زه‌رد له‌جانتاکه‌ی ده‌رده‌هێنێ و یه‌کسه‌ر ده‌ست ده‌کات به‌خواردنی بۆئه‌وه‌ی مامۆستا عه‌زیز بیبینێ، مامۆستاش که ئه‌م دیمه‌نه ده‌بینێ چاوی ده‌چێته پشتی سه‌ری و تووشی هێستریا ده‌بێت ،هه‌ر بۆیه کاوار داده‌گرێته‌وه به‌زله‌و شه‌ق و دار لێیده‌دات و پاشان تڤ بارانی ده‌کات وبه‌جنێو ده‌یکاته ده‌ره‌وه‌ی پۆل.
3… رۆژه … کۆڵانه … ده‌ره‌وه‌یه .
گه‌ڕانه‌وه بۆ دیمه‌نی یه‌که‌م …..
به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌ی له‌ڤه‌که‌یه‌و به‌ده‌م گفتوگۆکردنه‌وه به‌ڕێ ده‌که‌ون، بڕیار چیرۆکه‌که‌ی کاوار سه‌رنجی راده‌کێشێت ده‌ستده‌کات به پرسیار لێکردنی .
بڕیار /
باشه تۆ بۆ له‌به‌رده‌م مامۆستا ده‌ستکرد
به‌پسکیت خواردن؟..دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه
په‌یوه‌ندی چییه به قوتابخانه‌وه که تۆ
له وێ هیچ نه‌خۆیت ؟
کاوار/
ئاخر هه‌ر مامۆستا عه‌زیز بوو هه‌موو
رۆژ ده‌یگووت شته‌کانی حانووت بکڕن
پاکه ،ته‌ندروسته ،جوانه ، خاوێنه،چاکه
….. نابێ شتی ده‌ره‌وه بخۆن پیسه.
بۆیه منیش چووم بسکیتی زه‌ردم
له‌حانووتی قووتابخانه کڕی و به‌قسه‌ی
مامۆستا‌م کرد و له‌به‌رچاوی ئه‌ودا
گازم له‌پسکیته‌که گرت بۆ ئه‌وه‌ی به
به‌قووتابییه‌کان بڵێ چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ن
هه‌مووتان چاوله کاوار بکه‌ن و
وه‌ك کاوار شتی حانووت بکڕن ..
به‌ڵام مامۆستا لێیدام و تڤ بارانی
کردم و له‌به‌رچاو قووتابییه‌کانی هاورێم
جنێوی پێدام‌و لێیپاڕامه‌وه گوێی لێنه‌گرتم.
ئیتر له‌وڕۆژه‌وه فێری وانه‌یه‌کی تر بووم.
کۆتایی
rbahir@hotmail.com
نووسینی
رزگار باهیر