Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
لاڕێكراوە یان لەڕێلایداوە

لاڕێكراوە یان لەڕێلایداوە

Closed
by October 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

دەنگەكانی” ی.ن.ك ” لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 21/9 دا، لەئاستە شایستەییەكەی خۆیدا هاتنە خوارێ‌، بەڵام ئەمە كۆتایی نییەو، خۆشەویستییە قوڵەكەی خەڵكی كوردستانی لەجێدا ماوە.

  رەوایە گەر هەبێ‌ و، بپرسێت ” ئەی ئەمجارە بۆ بەگوێیان نەكردو، دەنگیان پێینەدا؟، دیارە دەرئەنجام، وەك هەمیشە ڕەنگدانەوەی لەهۆكارێك زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، وەڵامەكەی زۆر ئاڵۆز نییە:

 زۆر بەسادەیی، چونكە بەدرێژایی زیاتر لەدە ساڵە” ی.ن.ك “سیاسەتكردنی تیادا، ترازێندراوەتە دەرەوەی بنەما واقیعبینییە حزبی و، فیكری و، ستراتیژییەكانی خۆی، زۆر دەمێكە بەناوی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و، نەتەوەییەكانەوە،” ی.ن.ك “شەتەك و، لەدەق ئەدرێ‌ و، دەكرێتە قوربانی، لەكاتێكدا، خودی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و، نەتەوەییەكان، بەهێز بوونی ” ی.ن.ك “ـیان، پێویستە، نەك هەڵوەراندن و، پوكاندنەوەی، ئیدی بەم نەفەسە سیاسیە، ئەستەمەو، زۆریش سەختە بتواندرێ‌ ئەو گرێدراوییە سۆزەكییە جەماوەریە چالاكە، هەم ئۆرگانیزە بكاو، هەم وەك ئەوەی پێویستیشە لەوەها هەڵبژاردنێكدا، ئاڕاستەی بكات.

 ئەگەر نا، جەماوەری “ی.ن.ك” وەك هەمیشە دڵسۆزی قەناعەتی خۆیانن و، دەنگنەدانیشیان وەك پشتكردنە ئەو هێزە نابینن بەهێندەی ئەوەی سزایانداوە، هەڵوەستەكردنی ئەوان، هەروا سادە نییەو، قیادییەكانی “ی.ن.ك” دەبێ‌ بەدیقەتەوە خوێندنەوەی بۆبكەن، چونكە ئەمە لانیكەم نیشانەی هەبوونی پرسیارو، هەستكردنیانە بەنزیكبوونەوەی مەترسییەكانی سەر ” ی.ن.ك “، دەبێ‌ دڵنیابن لەوەی لەزیهنیەتی ئەو جەماوەرەدا، “ی.ن.ك” لاڕێكراوەو، بەلاڕێدا دەبردرێت.

 ئەو حزب و بزاوتە سیاسییەی بەبنەما هەڵگری ناسنامەیەكی فەلسەفی و، ئایدیۆلۆژییەتێكی داریكراوە، هەر كاتێك سیاسەتكردنی تیادا، ترازێندرایە دەرەوەی ڕێنامە فەلسەفی و، سیاسیەكەیەوە، كاردانەوەی پێكهاتە ئۆرگانیكی و، جەماوەرەكەی، بەدڵنیاییەوە كاردانەوەی هەمان ئەو پێكهاتە ئۆرگانیكی و، جەماوەرییە حزبی و، بزاوتە شمولییانە نابێت، لەمیانی پاسیڤدا ئەگەر هەڵبژاردنی بێدەنگی بكرێتە باشترین ئەلتەرناتیڤ، ئەوا لەوەی تریاندا، دەنگەكانیانی پێنادەنەوە.

بەڵام ئایا، هەر بەڕاست سیاسەتكردنی “ی.ن.ك” ترازێندراوەتە دەرەوەی ڕێنامەو، كارنامە حزبییەكەی خۆیەوە، تا شایستە بەوەها وڵام و، كاردانەوەیەكی جەماوەرەكەی بێت؟، وڵامەكەی بەبێ‌ بێگومان نەك هەر ترازێندراوە، تەنانەت بڕیار بەدەستەكانی “ی.ن.ك” نەك هەر ئێستا، زەمەنێكە لەدۆخێكدان، ئەوپەڕی دژوێژو، ناكۆك”پارادۆكسیكاڵ “بەسیاسەت و، ئامانجەكانی حزب، ئەمەیش دەرئەنجامێكە، ئەوپەڕی بەڵگە نەویست.

  ناكرێت حزبێك بانگەشە بۆ ‏هێنانە ئاراوەی كۆمەڵگەیەكی ‏بەنمونە سۆسیالیزمی بكات، بەڵام قیادییەكانی بەفۆڕمی حزب و بزاوتە سیاسییە شمولییەكان، بەنمونە: ” زیندوكردنەوەی عەشرەت، زاخاودانەوەی خێڵگەرایی، پێدانی سەیارە، بەشینەوەی دەمانچە، تەخشانكردنی پارەو، گەشەپێدانی مشەخۆری، یان دروستكردنی سەدەها پرسەخانە لەبری سێبەری هونەری لەشارو شارۆچەكەكاندا …هتد”، تەبلیغات بكاو، كۆمەڵگە بەموخاتیب بگرێت، ناكرێت قیادییەكانی وەها حزبێك، لەنێوان دروشمەكانی حزب و، شێوازی هەڵسوكەوتكردنی خۆیاندا، مەودایەكی وێكەنەهاتووی زۆر بەرین هەبێت.

بەم عیبارەتە، قیادییەكانی ” ی.ن.ك ” لەناویشیاندا بڕیار بەدەستەكانی، لەزۆر بواردا نەیانتوانیووە خۆیانی بۆ یەكلایی بكەنەوەو، هاوسەنگییەك لەنێوان ئامانج و میتۆدە سیاسییەكانی ” ی.ن.ك “ـدا، پێكبهێنن، هەموو شتێكیان گرێداوەتەوە بەڕێككەوتنانەی ستراتیژی و، لەساییدا، پاڵیان دایتەوەو، لەبری ” ی.ن.ك ” خەریك بەشتگەلێكی ترن، سیاسەتی یەكێتیان وەك ئەوەی شیاو بەپێگەی خۆیەتی، لەسەر نەخشەی ڕوداوەكان، تا هاتووە كاڵپێكردۆتەوە، كەچی هێشتا هەن هێندە سەرسامن بەخۆیان، پێیان وایە ئیدی هیچ سیاسییەك ئەوەندەی ئەوان قاڵ و قوڵ نییەو، هیچ سیاسیەك وەك ئەوان لەكورەی سیاسەتدا نەكوڵاون !..

 بەڵام بەعەقڵدا ناچێت، قیادییەك هەبێ‌، بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە، حزبەكەی لەچوارچێوەیەكی بێدەسكەوت و شكستخواردودا، بهێڵێتەوەو، هێشتانیش هەر پێداگریی لەسەر بكات، لەبەر ئەوە، ئەم جۆرە روانگەیە لەناو خۆیدا دوچاری پارادۆكسی قووڵ بووەو، ئەوەی وەك دروشم و ئامانج رایدەگەیەندرێت، دەركەوت جیاوازە لەگەڵ شێوەی كارو پراتیكدا، بەواتایەكی سادەتر هەڵسوكەوتیان بەشێووە بابەتییەكەی لەخزمەت دروشم و ئامانجە راگەیەنراوەكانی ” ی.ن.ك “ـدا، نەبوو.

بەڵكو سیاسەتی دروست دەبێ‌ لەپشتیوانیكردنی تەواوی مافی یەكە پێكهێنەرەكانی كۆمەڵگەو، هێنانە ئاراوەی یاسا خۆشگونجاوەكانەوە سەرچاوە بگرێ‌، یانی ئیشكردنی قیادییەكانی وەها حزبێك، دەبێ‌ لەهێنانەدی ئەنجامی ئامانجە حزبییەكاندا، چڕبكرێنەوە، نەك بكەونە دوای ساڕێژكردنی گرێییە دەروونییە خودییەكان و، خودخاڵیكردنەوە، بەجۆرێك داهاتوو تیایدا بكەنە دیلی دەستەكانی رابردوو، چاوی سیاسەت وەك هەمیشە ڕوو لەداهاتووە، مۆنۆپۆلكاری و، پێشێلكردنی مافی موڵكایەتی و، مافی دەستگرتن و دەستكردن بەپرۆژە جیاوازەكان، خولانەوە لەبازنەی میزاجگەرایی خودپەسندی و، خودزومكردن لەسەر كەوڵی حزب و، ڤیتۆكردن و، تەڕدكردنی كادرە پێشەنگەكان بەبێ‌ لەمەحەكدان، جومگە حزبی و، چالاكییە مرۆییەكانیش پێچەوانە بەخواستەكانی حزب، لاڕێدەكاو، ئەوەی هەیشە هەڵیان دەتەكێنێت دەیانپڕوكێنێت، خوێندنەوەی دۆخ و، بەئامانجگرتنی ژیانی خەڵك، خوێندنەوەو، بەئامانجگرتنی ژیانێكی واقیعبینانەیە، دەبێ‌ بەو پێوەرو میتۆدانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك بڕیار بەدەستەكانی حزب، لەبری پڕۆگرام و، پەیڕەوی ناوخۆی حزب، خۆیانی وەك باڵاترین دەسەڵات لەكۆنگرەیەكەوە بۆ كۆنگرەیەكی دی، تیادا بینن .

 سەرنجڕاكێشان و، جوڵاندنی نەوەی نوێ‌، هێنانە سەر هەست و جوڵاندنی یەكە پێكهێنەرە نوێیەكانی كۆمەڵگە، بەكوتانی تەنەكەی دڕاوو، بەهزری میزاجگەرایی و، بەتەسفییەی حسابات و، بەتۆڵەكردنەوەو، لەبری یەك ناوەندی بڕیار، بەفرەیی لەبڕیارو، ئاڕاستەكردندا، بەدینایەو، ناكرێت، حزب، لەوەها دۆخێكدا، لەبری ئەوەی خەڵك و، جەماوەر بخاتە ژێر كاریگەری خیتاب و، ئامانجەكانی خۆیەوە، چاوەڕوانی ئەوەبكە، خەڵك بڕەنجێنێت و، حزبەكەیش دابڕێ‌ لەجەماوەرەكەی، قیادییەك لەبری ئەوەی هەمیشە وەك پسپۆری سیاسەت، دەربكەوێ‌، خودیخۆیان لەناوخۆدا، بووبێتنە بەرداشەكانی تەكەتوڵات، پارادۆكسن و، بەرئەنجامی لاڕێبوونیانە لەستراتیژی حزب، بەرئەنجامی نەخوێندنەوەكی سروشتیانەیانە بۆ تەواوی بابەتەكان، نیشانەی جیددی نەبوونیانە لەئاست پرس و، بابەتە گشتیەكانی پەیوەست بەژیانی خەڵك و، حزبەكەیشیان. 

دواجار قسەی منێك لێرەدا، بەمانای ئەوە نییە، وەك هەندێ‌ لا، بەئامانجی تەواو شڵەژاندنی ” ی.ن.ك ” دەیانەوێ‌ هەر ئێستا مەنجەنیقێك لەتوڕەیی و، ڕق، بۆ قیادییەكانی ” ی.ن.ك ” و، ئەوانەی لەناو ئەم حزبەدا، پشكیان لەم شكستە دیموكراسییە بەردەكەوێ‌، دابخرێت، بەمانای ئەوەیش نییە بێبایەخانەو، نادیدگەراییانە لەخەبا ت و، قوربانیدانی هیچ كەسێك بڕوانم، بێزیش لەتۆخكردنی ڕەنگی ئەم و، كاڵكردنەوەی ئەوی تریان دەكەم، بەڵكە خواستەكانی منێك و، هەزارەها لەنەوەی نوێ‌ و، دڵسۆزەكانی ” ی.ن.ك “،  تەنها لەپێناو بەماناكردنەوەی ئەم هەموو بێماناییە دركپێكراوەدایە ڕۆژی ” ی.ن.ك ” بەم ڕۆژە تاڵە گەیاندووە، ئێمە نامانەوێ‌ ” ی.ن.ك ” ببێتە قوربانی هەڵەی سیاسییەكانی، ” ی.ن.ك ” شكۆی پڕاو پڕ لەحیكمەتەكانی ” مام ” و، خوێنی شەهیدە نەمرەكان و، خانەوادە سەربەرزەكانیانە، سایەی ڕەش و ڕوتی ئەم وڵاتەیە، درەوشانەوەی ئازادییەو، دەبێ‌ هەڵسێتەوە.

ئەرسەلان مەحمود
Previous
Next