دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …3
به‌شی سێهه‌م
ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ پێویسته له‌سه‌ر یه‌کێتییه‌کانی ناو یه‌کێتیی بکرێت، بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی یه‌کتریی و کارکردن له ڕۆحی یه‌کێتییدا. ڕۆحی یه‌کێتیی بریتییه له “خود”ی یه‌کێتیی، خودی یه‌کێتییش بریتییه له ڕێگای ژیانی یه‌کێتیی. ئه‌وه‌ی ڕێگای ژیانی یه‌کێتیی بناسێت، ئاشتیی و ئازادیی و ئاوه‌دانیی ده‌ناسێت. به‌خته‌وه‌ریی تاک و کۆ ده‌ناسێت، دادپه‌روه‌ریی ده‌ناسێت. ئه‌و ده‌زانێت که ژیانێکی سێکولار تێکۆشانی ئه‌وانه بۆ کۆمه‌ڵ. ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ له گۆڕاندا وه‌ک به‌شێکی نامۆ به یه‌کێتییه‌کان ده‌بینرێت، بریتییه له تێکۆشانی گۆڕان بۆ چه‌سپاندنی ئایینی ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌کانی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا. ئالێره‌دا ئه‌و ڕۆحه‌ی یه‌کێتیی، که له گۆڕاند بوونی هه‌یه، هه‌ست به نامۆبوونێک ده‌کات، به‌شێوه‌ی ئه‌و نامۆبوونه‌ی که له‌ناو یه‌کێتییدا به‌هۆی کاره‌کانی ده‌سته ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی ناو یه‌کێتییه‌وه هه‌ستیپێده‌کرد. ڕۆحی یه‌کێتیی له‌دوای ڕاپه‌ڕیینیش هه‌ستی به نامۆبوونێکی گه‌وره کرد، به‌ڵام هیچ یه‌کێتییه‌ک هه‌ستی به ڕۆحی یه‌کێتیی نه‌کرد و بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد. سه‌ره‌تاکانی ئه‌م نامۆبوونه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆنگره‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین و په‌یامه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، که ئه‌و له ژیانیدا مارکسیی نه‌بووه، له‌كاتێکدا ساڵانێکی دوور و درێژ، ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه نه‌وشیروانیان به ڕابه‌ری ڕۆحیی کۆمه‌ڵه ده‌زانی وه‌ک مارکسیستێک.
باو‌ه‌ڕم نییه، که هه‌موو گۆڕانێک له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵه‌ی گۆڕاندا بێت بۆ سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام، به‌ڵکوو خه‌ڵکانێکیان هه‌ست به هه‌مان نامۆبوونی ڕۆحی یه‌کێتیی ده‌که‌ن له گۆڕاندا. لێره‌دا یه‌کێتییه‌کانی ناو یه‌کێتیی و یه‌کێتییه‌کانی ناو گۆڕان ده‌توانن پێکه‌وه کاربکه‌ن، ده‌توانن له‌یه‌کتریی نزیکببنه‌وه و تێکۆشانیان تێکۆشان بێت بۆ ڕزگارکردنی ڕۆحی یه‌کێتیی. ڕۆحی یه‌کێتیی ته‌نها له‌ناو یه‌کێتییه‌کی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌توانێت هیوا و خواست و پشت و په‌نای کۆمه‌ڵگا بێت.
هیچ تاکێک ناتوانێت به‌رگریی له ئیدیۆلۆگییه‌ک بکات، ئه‌گه‌ر بێت‌و باوه‌ڕی ته‌واوی به ئیدیۆلۆگییه‌که نه‌بێت. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی گۆڕان و سه‌رۆکی گۆڕان، که پشتگیریی له سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا ده‌که‌ن، باوه‌ڕێکی به‌هێزیان به سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام هه‌یه بۆیه داوای چه‌سپاندنی ده‌که‌ن. لێره‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ فۆیه‌رباخ، “مرۆڤ ئه‌وه‌یه، که ده‌یخوات. Man ist was man isst”. نه‌ک به‌ته‌نها له ڕوویه‌کی فیزیکییه‌وه، به‌ڵکوو له ڕوویه‌کی ده‌روونییشه‌وه مرۆڤ ئه‌وه‌یه، که ده‌یخوات. هه‌ربۆیه ده‌توانم بپرسم، پێمبڵێ چیی ده‌خۆیت، ئه‌وسا پێتده‌ڵێم، که تۆ چیت. مرۆڤ سه‌رقاڵه به بیرکردنه‌وه له خودا، ئایین، دیموکراتیی، سۆسیالیست، سۆسیال دیموکرات، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر …هتد. مرۆڤ هه‌موو ئه‌م بیرانه ده‌هێنێته خۆیه‌وه، له‌وه‌ش زیاتر له‌سه‌ریان ده‌خوێنێته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌یکه‌ن به‌وه‌ی، که ئێستا و ئالێره‌دا هه‌یه.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ڕێگای هه‌ندێک نووسه‌ری گۆڕانه‌وه وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی لیبڕاڵ ناسێنرا، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم، که گۆڕان هه‌موو شتێکه به‌س لیبڕاڵ نییه. له سیستێمێکی لیبڕاڵدا ئازادیی بیروڕا له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه، ئاوتۆریتێت بوونی نییه، به‌ڵکوو هه‌موو که‌س پێویسته خاوه‌نی بیری ئیندیڤیدوێلی خۆی بێت و خاوه‌نی ڕه‌خنه بێت. له سیستێمێکی لیبڕاڵدا هه‌لومه‌رجی گه‌وره و له‌بار بوونی هه‌یه بۆ ڕۆیشتن به‌ره‌و سێکولاربوون. ئه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵی بۆ ده‌دات جیاکردنه‌وه‌ی ئایین نییه له ده‌وڵه‌ت، به‌ڵکوو کارکردنه بۆ ئاوێته‌کردنی ئایین له ده‌وڵه‌تدا. ده‌توانم بڵێم، که گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌کی سۆسیال ئیسلامه به ڕۆحێکی یه‌کێتییانه‌وه، که لێره‌دا پرسیارێکی تری من ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ڕۆحی یه‌کێتیی له بزووتنه‌وه‌یه‌کی سۆسیال ئیسلامدا ئاسووده ده‌بێت؟
کاری یه‌کێتییه ڕاسته‌قینه‌کان پێویسته کارێکی ڕزگارکه‌رانه بێت، که ئه‌ویش ڕزگارکردنی رۆحی یه‌کێتییه چ له‌ناو یه‌کێتییدا و چ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا. ته‌واوی ئه‌و جۆره سه‌رکردانه‌ی یه‌کێتیی، که کاریان زه‌وتکردنی زه‌ویی و سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌که، زیان به‌ته‌نها له یه‌کێتیی و ڕۆحی یه‌کێتیی ناده‌ن، به‌ڵکوو زیان له ئێستا و له ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کیش ده‌ده‌ن. نه‌بوونی ئێتیک له‌ناو ئه‌مجۆره سه‌رکردانه‌دا وه‌ها ده‌کات ئاینده‌ی نه‌وه‌ی ئاینده‌ش له هه‌مان باروودۆخی خراپی ئێستادا بێت.
نه‌ک به‌ته‌نها شه‌هیده‌کان، به‌ڵکوو ته‌واوی یه‌کێتییه ڕاسته‌قینه دڵسۆزه‌کانیش به‌رنه‌فره‌تی ئه‌مجۆره سه‌رکردانه که‌وتوون و له که‌شتیی دێر فلیگنده هۆلێنده‌ردا له‌ژێر شه‌سته و ڕه‌هێڵه‌ی نه‌فره‌تی خوداکاندا تێده‌کۆشن بۆ گه‌یشتن به ده‌ربه‌ندێک و پێیناگه‌ن، بۆ گه‌یشتن به که‌نارێک و پێیناگه‌ن. ئالێره‌دا جیاوازیی تۆی یه‌کێتیی ڕاسته‌قینه و شه‌هیدێکی نییه. تۆش وه‌ک شه‌هیده‌که نیگه‌رانیت به‌رانبه‌ر به‌دکاریی ئه‌مجۆره سه‌رکردانه، نیگه‌رانیت به‌رانبه‌ر ئه‌مجۆره تێکۆشانه بۆ ده‌سته‌ڵات و سه‌رمایه. ئه‌وه‌ی شه‌هید و تۆ ویستووتانه و ده‌تانه‌وێت، بریتییه له ژیان له ئازادیی، یه‌کسانیی و به‌خته‌وه‌ریی گشتییدایه. ئه‌وه‌ی لیبڕالیزمی ویستووه شه‌هیده‌کان و ئێوه‌ن، نه‌ک گۆڕان و ئه‌مجۆره سه‌رکردانه‌ی ناو یه‌کێتیی. تێبکۆشه بۆ به‌خته‌وه‌ریی هه‌موو، ئه‌وا هه‌موو له‌گه‌ڵتدا ئه‌ندامی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادیی، یه‌کسانیی و به‌خته‌وه‌ریی ده‌بن.
له سه‌رمایه‌ی سه‌رکرده‌کانت بپرسه و به مافێکی ڕه‌وای خۆتی بزانه، چونکه ئه‌م یه‌کێتییه هی شه‌هیده‌کان و هی هه‌مووتانه نه‌ک ده‌سته ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی ناو یه‌کێتیی. له هه‌موو ئه‌ندامێکی هه‌لپه‌رست به گوومانبه و مه‌هێڵه بتکات به ئامڕازی بڕینه‌وه‌ی خۆت به خۆت. قسه‌که‌رێکی ڕیتۆریک به، نه‌ک شه‌رمن و خاترجه‌م. تێکۆشه‌رێکی ئیدیاڵیی به، نه‌ک مانیپولیره‌کراو بێخه‌م.
یه‌کێک له کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌وه‌یه، که تاک ئه‌وه ده‌بینێت، که خۆی ده‌یه‌وێت بیبینێت. تاک به‌وشێوه‌یه له قسه‌کردنێک تێده‌گات، که خۆی ده‌یه‌وێت تێبگات. تاک به‌وشێوه‌یه له نووسینێک تێده‌گات، که خۆی ده‌یه‌وێت تێبگات. ده‌شێت له سه‌ره‌تای دێر فلیگنده هۆلێنده‌ره‌وه، خوێنه‌ر به هه‌ڵه له من تێگه‌یشتبێت، یاخوود به‌و شێوه‌یه له من تێگه‌یشتبێت، که خۆی ده‌یه‌وێت، به‌ڵام دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر سه‌ره‌تایه‌کی هه‌یه و هێشتا کۆتایی نه‌هاتووه، که‌واته هێشتا زۆر زووه بۆئه‌وه‌ی، که خوێنه‌ر بتوانێت تێبگات، که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی من چییه. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه تیشکمخستۆته سه‌ر ئامانجی نووسیینی ئه‌م وتاره، به‌ڵام ده‌شێت قوڵنه‌بوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر له بیرکردنه‌وه‌دا، خوێنه‌ر وه‌ها لێبکات، که به‌وشێوه‌یه له تێکسته‌که تێبگات، که خۆی ده‌یه‌وێت یان بڕیاری له‌سه‌رداوه.
یه‌کێتییه ڕاسته‌قینه‌کان پێویسته مۆڕاڵانه مامه‌ڵه بکه‌ن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مامه‌ڵه‌ی ده‌سته ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی ناو یه‌کێتیی و گالیسکه‌کانیانن. ئێمه ده‌بێت شه‌رم له‌وه نه‌که‌ین، که خاوه‌نی ڕۆحێکی دڕین، ئه‌م ڕۆحه دڕه فاشیستیکردووین. پێویسته شه‌رم له‌وه نه‌که‌ین، که ئێمه کۆمه‌ڵێک گۆشتی بڕدراوی کوردیین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه مرۆڤین، که‌واته ده‌توانین کار له خۆماندا بکه‌ین بۆ باشتربوونمان. ئێمه ده‌بێت مۆڕاڵ بکه‌ین به کۆئێکسیستێنسی نه‌ته‌وه‌ییی خۆمان، هه‌روه‌کوو چلۆن پێویسته مۆڕاڵ له‌سه‌ر ئاستی جیهان بریتیی بێت له کۆئێکسیستێنسێکی نێونه‌ته‌وه‌ییی، ئه‌م کۆئێکسیستێنسه‌ش بریتییه له یه‌که‌یه‌کی دادپه‌روه‌ریی. به وته‌ی ئێمانوێل کانت “مرۆڤایه‌تیی پێویسته خوێی خۆشه‌ویستیی تێکه‌ڵ به دادپه‌روه‌ریی بکه‌ن”. یه‌کێتییه‌کان پێویسته خوێی خۆشه‌ویستیی تێکه‌ڵ به دادپه‌روه‌ریی بکه‌ن، چونکه ته‌نها به‌مشێوه کارکردنه ڕۆحی یه‌کێتیی ده‌بێته‌وه به موڵکی یه‌کێتیی و باوه‌ڕی کۆمه‌ڵ بۆ خۆی ده‌باته‌وه. له کۆتایی ساڵی 2009 دا له وتاری “گه‌شه‌ی کو‌لتوور یان ئه‌نتاگۆنیسمووس”دا قسه‌م له‌سه‌ر پێویستیی هه‌بوونی مۆڕاڵ له کۆمه‌ڵگای کوردییدا کردووه، لێره‌دا هه‌مان وته‌ی ئه‌وسام دووباره ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم:
گه‌ڕانه‌وه‌ی مۆڕاڵ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆسه‌ر سکه‌ی خۆی، یه‌کێکه له ئه‌رکه هه‌ره گه‌وره‌کانی تاکی کورد. چونکه ته‌نها له هه‌لومه‌رجێکی مۆڕاڵانه‌دا، تاکی کورد ئاماده‌گیی هاوکاریی هه‌یه و ده‌بێته خاوه‌نی دڵێکی گه‌وره بۆ سۆلیداریتێت. ئاشتیی نێوان پارته‌کانی ئێمه ناو‌کی فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵه له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. هۆشیارییه‌کی ڕه‌وان له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوهادا، ده‌بێته هۆکاری به‌رجه‌سته‌کردنی دادپه‌روه‌ریی له‌ناوماندا و پێچه‌وانه‌که‌شی له‌ناوبردنی دادپه‌روه‌رییه. تاکی کورد ده‌بێت درک به‌و ڕاستییه بکات، که ئاشتیی به‌شێک نییه له سروشتی مرۆڤ، به‌ڵکوو، پێویسته به‌رهه‌مبهێنرێت.
15.10.2013