سیستەمی پارلەمانی؛ دێمۆکراسی یا ئێلیتۆکراسی/ پۆلیتۆکراسی * ؟
ئەو سیستەمەی کە بە دێمۆکراسی ناوبانگی دەرکردووە، لە ڕاسیتیدا ئەتککەری دێمۆکراسییە، چونکە هەر لە کۆنەوە دێمۆکراسی بە واتای بەڕێوەبەرایەتی گەلیی دێت و دێمۆکراسی شێوەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە ئازادەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پاشایان بووە، ئەوەش تەنیا بە بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵك مەیسەر بووە، بە واتایەکی دیکە دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، کە گشت تاکەکانی کۆمەڵگە لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبردن و بڕیاردان و بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بە شێوەی جۆراوجۆر بەشدار و کارا بوون.
ئەگەر سیستەمی پارلەمانی، دێمۆکراسیی بێت، ئەوا یا دێمۆکراسی درۆ و واژەیەکی هەڵەیە یا ئەوەتا ئەوەی کە هەیە، شتێکی دیکەیە ” ئیلیتۆکراسی elitocrasy / پۆلیتۆکراسی politocrasy”یە !
فەرمانڕانیی گەل لە سیستەمی پارلەمانییدا هەمان درۆی پیرۆزی فەرمانڕانیی خوا لەسەر زەوییە، کە پیاوانی ئایینی بۆ فریودانی خەڵك ئەو ناوەیان لە دەسەڵاتی خۆیان ناوە. ئەگەر بەڕێوەبردن گەلییە و گەل واتە گشت تاکەکانی کۆمەڵگە و هەمووان توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان هەیە، ئیدی چ پێویستی بە نوێنەرایەتی کەسانێك لە سەرووی خۆیانەوە هەیە ؟
بەڵام ئەگەر هەمووان توانانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نییە و پێویستیان بە کۆمەڵە سوانەیەکی رامیاریی هەیە، ئیدی چ پێویست دەکات دەسەڵات و فەرمانڕانیی و سەروەریی ڕامیاران و دەستەبژێران، دێوجامەی گەلی بەسەردا بدرێت و بۆ بیشارنەوە؛ بۆ ناڵێن فەرمانڕانیی دەستەبژێر [ئێلیتۆکراسی] یا فەرمانڕانیی ڕامیاران [پۆلیتۆکراسی]، کە لە ڕاستیشدا هەر ئەوەیە؟
ئەگەر سیستەمی پارلەمانی، دێمۆکراسیی بێت یا ئەوەتا گەل گەمژەیە و پێویستی بە شوانە هەیە، یا ئەوەتا گەل ژێردەستەیە و سەروەری بەسەردا سەپێنراوە ؟!
کاتێك کە سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە دەرەوەی بڕیاردان و کارایی گشت تاکەکانی کۆمەڵگەوە بێت، ئیدی هەر دوو میکانیزمەکەی سیستەمی پارلەمانیش [دەنگدان و بريارى زؤرينه] بۆ خۆی هەڵەنین و ڕێکەوتی نین، بەڵکو پێداویستی سیستەمی نوێنەرایەتین و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی درێژە بە مانەوەی بدات، پێویستی بە جەماوەری دەبەنگکراو هەیە !
سەرەنجام بەوە دەگەین، کە دەتوانین لەجیاتی واژی “دێمۆکراسی پارلەمانی” و ئیلیتۆکراسی elitocrasy؛ ئیلیتۆکرەیزی elitocrazy فەرمانڕانی دەبەنگان، بەکاربەرین، چونکە لە هیچ سیستەمێکی سەروەری ئەم جیهانەدا چ کۆنە پارلەمانی چ تازە پارلەمانییدا، ئازادی و یەکسانی و دادپەوەریی کۆمەڵایەتی بنەما نیین و تاکی دەنگدەر و هەڵبژێری خراپ لە خراپتر هیچ ڕۆلێکی لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیدا نییە و وەك هەر سیستەمێکی دیکەی پاشایی، تاکپارتیی و دیکتاتۆریی و میلیتێریی و فەرمانڕانی ئایینی theocracy، کەمینەیەك سەروەر و مشەخۆرە بەسەر کۆیلەتی و ڕەنجی زۆرینەوە !
*******************
* ئەم واژەیە [ئیلیتۆکراسی elitocrasy] داتاشراوی منە، واتە فەرمانڕانیی [حوکمڕانی]ی دەستەبژێر.
پۆلیتۆکراسی politocrasy واتە فەرمانڕانیی [حوکمرانی]ی ڕامیاران
تێئۆکراسی theocracy فەرمانڕانیی ئایینی
****************
www.hezheen.tk
هەژێن
١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣