هەرجارێك گۆرانی عەشقم ووتبێت تۆ سوپاست كردوم!.
من هیچی ترم نیە
جگە لەوەی تۆم خۆشدەوێت.
رۆژێك كە ئیدی كارت بەمن نامێنی
چیتر نامەكانی من ناكەیتەوە و
هەموو شتێكم لەدەست دەچێ.
دەمەوێت خۆشم بوێیت
تا لەبەردەم هەموو جیهاندا، داوای لێیوردن بكەم.
بۆ ئەو هەموو تاوانەی دەرهەق بەژن دەكرێت.
بەرگری لە ژنیەتیت دەكەم.
هەرچۆن جەنگەڵ بەرگری لە درەختەكانی دەكات.
چۆن مۆزەخانەی لۆڤەر لە مۆنالیزا
هۆڵەندا لە ڤان كوخ
فلۆرەنسا لە مایكل ئەنجیلۆ
سالزبۆرگ لە مۆزارت و
پاریس لەچاوەكانی ئیزابێل.
دەمەوێت خۆشم بوێیت
تا شارەكان لە پیسی رزگاركەم و
تۆش
لەبەردەم چەمۆڵە تیژەكان.
ژن وەك كراسێكە
جەستەی ئێمە لە بۆگەن بوون دەپارێزێ و
نووسینەكانیشمان لە كۆن بوون.
هەركاتێك لە ژن دوور بكەوینەوە
هەتیوو دەبین.
من كێم بە بێ تۆ؟.
چاوێك كە برژانگەكانی هەڵدەوەرن.
دەستێك كە پەنجەكانی دەگەزێت.
مناڵێك كە چمكی كراسەكەی دایكی دەجوێت.
هەر پیاوێك
لەژێر تەرایی ژندا خۆی نەشوات
وەك منداڵێكی ئیفلیج موپتەلا دەبێت.
ئەگەر پیاوێك
ژنێك خۆشەویستی نەبێت…
دەبێت پەنا بۆ كەسی سێهەم ببات
كە هیچ پەیوەندیەكی بە بوونەوە نامێنێت.
بەبێ ژن
مردنی پیاو
هەواڵێكی گرنگ نیە.
پەیوەست نەدەبووم بەم دونیایەوە
ئەگەر ژنێك لەنێوانمان نەبوایە
تا لایەكی نەرم و گەشاوەی ئەم دونیایە
بەوێنەی باخچەیەكی گوڵ دەرنەخات.
چۆن دەمتوانی شاری پرشۆرشی موحیبەت بەرپاكەم؟
كە دەستەكانم پربن لە تیر
بۆ كوشتنی عەشق؟!.
دەمەوێت خۆشم بوێیت
وەك گەران بۆ ئیمان لە گوڵی یاسەمینا.
وەك گەران بۆ ئارامی لەگوڵی وەنەوشەدا.
بە ئاوازی بولبول و
درەوشانەوەی مانگ و
سەوزای دەشتەكان، بەرگریت لێبكەم.
لە بەردەم مندا
پرچەكانت شانە مەكە،
با وەك شەو ڕووت نەبمەوە.
خۆشم دەوێیت
خاڵی كۆتایی لەسەر ئەم دێرە دانانێم.
دەمەوێت خۆشم بوێیت
لەم سەرزەمینە
بە زمانێكی گیڵانەوە.
بە قاپوتێكی شینەوە لەكەنار دەریا
بە دیدارت بگەم.
چوون زەوی بەبێ تۆ درۆیەكی گەورەیە.
سێوێكی گەنیووە.
لەسەر شەقامەكانی شەو
شوێنێك بۆ گەشتووگەزاری من نەماوە
چوون، چاوەكانی تۆ هەموو قوڵای شەویان بۆ خۆیان برد.
ئەزانی چۆن خۆشم دەوێیت.
دەمەوێت پیتی بیست و نۆهەمی
ئەلفبابیت..
پێم نەوتوویت خۆشم دەوێیت
تەنها یەكجارنەبێت
ئەویش لەژێر روناكیدا، خۆت نازتكرد.
ئەگەر سەیری دەفتەرەكانم بكەیت
پڕن لە شیعری تۆ.
ئەو عەترەی لەخۆتی دەدەیت.
مۆسیقایەكی سیحراویە.
واژۆی كەسێكە كۆپی ناكرێت.
تۆم خۆش ناوێت لەبەر خاتری خۆت.
تۆم خۆشدەوێیت تا روخساری ژیان جوان كەم.
خۆشم ناوێیت تا نەوەكانم زۆرتربن
وەلێ، خۆشمدەوێیت
تا نەوەی وشەكانم بێ شمار بن.
هەرجارێك گۆرانی عەشقم ووتبێت. تۆ سوپاست كردوم!.
” نزار قەبانی “
“و : نەبەز گۆران “