سیاسه‌ت و ژیان … هاوكار عبدالله
گومانی تێدانیه هه‌موو مرۆڤێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه چۆن بژیت له كۆمه‌ڵگه‌دا و چۆن هه‌ڵس و كه‌وت بكات له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی، ئایا وه‌ك مرۆڤێكی ساده ئه‌بێ یان به پێچه‌وانه‌وه، یان مرۆڤێكی سیاسه‌توان، یان دوور له سیاسه‌ت، یاخود مرۆڤێكی جیاواز له هه‌موو ئه‌م تایبه‌ت مه‌ندیانه.
به‌ڵام من پێم وایه ئه‌م مافه كه‌متر بۆ تاكی كورد ڕه‌خساوه، له‌وه‌ی وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌كانی تر بتوانێت به ئاسایی ژیانی گوزه‌ربكات، مرۆڤێك بێت دوور له سیاسه‌ت ژیانی بگوزه‌رێنی، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك بگه‌ڕێته‌وه كه په‌یوه‌ندیان به ڕابردووی كورد هه‌یه كه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه هه‌ر به سیاسه‌ت فێڵی لێكراوه و چه‌واشه كراوه، بۆیه‌ش ئێستا وا عه‌شقه سیاسه‌ته.
به‌داخه‌وه ئێستا له كوردستان سیاسه‌ت هه‌موو كونجێكی گرتووه‌ته‌وه، به جۆرێك كه‌س نییه بڵێ من دوورم له سیاسه‌ت، ئه‌وه‌یشی ده‌یڵێ سیاسه‌ت باش و دورست نییه ڕه‌نگه ئه‌مه گه‌وره‌ترین سیاسه‌توان بێت!
من ناڵێم با تاكی كورد سیاسه‌ت نه‌كات و خۆی په‌راوێز بخات، بۆ نا، به‌ڵام با هه‌موو ژیانیش وه‌ك ئێستا نه‌بێته سیاسه‌ت! به جۆرێك سیاسه‌ت له جیاتی كه‌سی كارامه‌مان بۆ دروست بكات، تواناكانی بكوژێت، له ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی به سیاسه‌ته‌وه سه‌رقاڵه به چاره‌گی ئه‌وه‌نده به پێگه‌یاندنی خودی خۆی سه‌رقاڵ نیه!
(ئه‌رستۆ) ده‌ڵێت: “مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه” به‌ڵام ئێمه هاتووین ته‌نیا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی خۆمان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین، دیاره ئێستا سیاسه‌ت هه‌ر له‌لای گه‌وره‌كان بوونی نیه، به‌ڵكو منداڵانیشی گرتووه‌ته‌وه، كام منداڵی ئه‌م وڵاته ناوی هه‌موو سه‌رۆك حیزب و به‌رپرسه‌كان نازانێت؟! بێ ئه‌وه‌ی له كاریگه‌ریه خراپه‌كان تێبگه‌ین بۆ سه‌ر منداڵ چونكه هه‌ر ئه‌م ساسهتهیه كه منداڵ له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی پێگهیاندنیا بۆ ئاینده نغرۆ ده‌بێت بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێك كه ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ش بێت.
سه‌یر له‌وه‌دایه له‌م وڵاته بۆ هه‌ركوێ ئه‌چیت هه‌ر سیاسه‌ته! له ماڵا هه‌ر باسی سیاسه‌ت، بازار هه‌ر باسی سیاسه‌ت ناو ئۆتۆمبێل و پاسه‌كان هه‌ر سیاسه‌ت، ته‌نانه‌ت له كاتی نانخواردنیش شیكردنه‌وه‌یه‌كی بچووك بۆ ڕووداوه سیاسیه‌كان ده‌كرێت. خۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێ ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆش داگیرسێنیت گوێ بۆ به‌رنامه‌یه‌ك یان هه‌واڵێك بگریت هه‌ر سیاسه‌ته. شه‌وان دوای پشوویه‌ك بڕۆره سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و له‌لای خۆی بووه‌ته موحه‌لیلی سیاسی، ئه‌م ئه‌ڵێ خه‌تای ئه‌و بوو، ئه‌م ئه‌ڵێ نه‌خێر خه‌تای ئه‌م بوو، یه‌كێ تر ئه‌ڵێ هیچتان نه‌تان پێكا نوری مالیكی ئه‌م جاره خه‌تابار ده‌رچوو، یه‌كێ تر ده‌ڵێ تخوا ئه‌مه قسه‌یه هه‌ولێر و به‌غدا چوار كاتژمێر مابهینیانه فه‌قیره فریای حاڵی به‌غدا ناكه‌وێ، ئینجا نۆبه‌ی هه‌ولێره، یه‌كێ تر ده‌ڵێ به‌خوا كاكه زۆر بێ ئیخبارن ئێوه، نازانم موعاره‌زه بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كات ئه‌ی نازانن ئه‌و براده‌ره فرچكی به ته‌زویر گرتووه؟! برادهرێكیش بێ ئه‌وه‌ی خۆی مشه‌وه‌ش بكات به هییواشی ئه‌مه به حیساب له حیزبه‌كه‌ی ناوده‌برێت به چالاكوانی سیاسی ده‌ڵێ، تخوا موعاره‌زه ئی ئه‌وه‌یه ده‌نگی پێ بده‌ی خۆ تا ئێستا یه‌ك فلوسی نه‌داوه‌ته خه‌ڵك! وهلحاصلی كه‌لام زۆر سه‌رتان نێشینم له ئێستادا ئێمه هه‌موومان كارمان بووه‌ته سیاسه‌ت، هه‌موو شتێكی ترمان وه‌لاوه ناوه. لێم دامه‌بڕێ حه‌زه‌كه‌م ئه‌مه‌ش باس بكه‌م، دایكم نه‌خوێنده‌واره به‌ڵام زۆرجار شیكردنه‌وه بۆ ڕووداوه سیاسیه‌كان ده‌كات، ئێ به‌خوا هه‌ندێ جار قسه‌كانی زۆر جێگای بایهخیشن، له كۆتایی ده‌ڵێم با هه‌موومان سیاسی بین، به‌ڵام با سیاسه‌ت نه‌بێته ژیان.
له ژماره 959ی ڕۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو بڵاوكراوه‌ته‌وه
Hawkar_ash@yahoo.com