یادێكی شكۆمه‌ندانه یان (مێژوویێك كه خۆی ده‌دوێ)
ئه‌م نووسینه‌م كاتی خۆی له شێوه‌ی نامه‌یێك بۆ دوو هاوڕێی كۆمۆنیستی ئه‌وسای خۆم، كه له هه‌مان كاتدا خزمی خۆم و هاوسه‌ری یه‌كدی بوون، كه ئه‌وسا به مه‌به‌ستی چوونه وڵاتێكی ئه‌وروپا – وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی له ڕێگه‌ی (UN) ـه‌وه – له وڵاتی توركیا بوون، نارد. ئه‌م مێژووه‌ی من باسی ده‌كه‌م ساڵی (1994) ـه. ڕێك له‌و ساڵه‌شدا بوو، كه شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستی پێكرد. ئه‌م نامه‌یه باسی ڕووداوێكی ئه‌م شه‌ڕه ده‌كا، كه ئه‌وسا بۆ ئه‌م هاوڕێیانه‌م نارد. وا لێره‌ش ده‌قاوده‌ق – جگه له هه‌ندێك ده‌ستكاریی وشه‌سازیی و خاڵبه‌ندیی زۆر كه‌م نه‌بێ – وه‌ك خۆی بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه (هه‌روه‌ها جگه له‌و به‌شه تایبه‌تیانه‌ی نامه‌كه، كه لێره به پێویستی نازانم بڵاویان بكه‌مه‌وه).
ده‌نگوباسی هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستان:
له ئه‌نجامی كار و چالاكی و كۆششی هاوڕێیانی حزب و فیدراسیۆن و ڕێكخراوی ئافره‌تان و تیپی شانۆی (مژده) ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاریی، له باخچه‌ی گڵكه‌ند، چه‌شنی ساڵان، ئاهه‌نگی (1) ی ئایار ساز كرا؛ به‌ڵام ئه‌مساڵ جه‌ماوه‌ر زیاتر بوو. بڕیار بوو سه‌عات (2.5) ده‌ست پێ بكات، به‌ڵام سه‌عات (3.5) ده‌ستی پێكرد. هه‌ڵبه‌ت، چونكه هێشتا زوو بوو، خه‌ڵك كه‌م هاتبوون. من بۆ خۆم له ڕۆژانی خۆ ئاماده‌كردنی پێش مه‌راسیم پێم نه‌ده‌كرا ئاماده بم؛ بێجگه له سه‌ردانی جار و بار نه‌بێت، به‌ڵام له ڕۆژی مه‌راسیم (چاو‌دێر) بووم. له ئاهه‌نگه‌كه، ئه‌و كار و چالاكییانه‌ی سه‌رنجڕاكێش بوون: كاك (گۆران) ی فیدراسیۆن و بێكاران، به بڕوای من له هه‌موو بۆنه و مه‌راسیمه‌كانی ڕابردوو پتر، باشترین و ڕاستگۆترین گوتاری به شێوه‌ی قسه پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ر كرد. چه‌ند گوتاری دیكه و شانۆنامه‌یه‌كی ته‌قلیدیی (ناڵه حه‌سه‌ن) پێشكه‌ش كرا. له كۆتاییشدا شانۆگه‌رییه‌كی كورتیله‌ی پێكه‌نیناویی كاریكاتێریی، كه بابه‌ته‌كه‌ی ڕه‌خنه‌ی دیارده‌ی (په‌نجا) به (په‌نجا) بوو، پێشكه‌ش كرا. هه‌ر له نووسینی (ناڵه حه‌سه‌ن) بوو. (هه‌ڵمه‌ت تاهیر) ی ئه‌كته‌ریش له هه‌ردوو شانۆگه‌رییه‌كه ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌بوو. ئه‌م نمایشه دوو یاریكه‌ر بوون، یه‌كێكیان فانیله‌ی زه‌رد و ئه‌وی دیش كه‌سكی له‌به‌ردا بوو. ناوبژیوانه‌كانیش فانیله‌ی سووریا‌ن له‌به‌ردا بوو. هه‌ردوو یاریزانه‌كه له كۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه چوونه سه‌ر شوێنێكی بڵند، ده‌ست له ملان ڕاوه‌ستا بوون، كه به توندیی پاڵیان پێوه ده‌نرێ…بۆیه به‌شێك له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی، كه (ی. ن. ك) و پ.د. ك) بوون (دیار بوو یه‌كیه‌تییه‌كان له پارتییه‌كان زیاتر بوون)، تووڕه بوون و به‌رته‌كیان له‌لا دروست بوو. ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ی، كه بڕیار بوو له كۆتایی مه‌راسیمه‌كه بكرێ، له‌به‌ر نیمچه خۆپیشاندان و هات و هاوار و هوتافی (مامه، مامه) ی ئه‌م به‌شه خه‌ڵكه، كه زۆربه‌یان منداڵ و هه‌رزه‌كار بوون، نه‌كرا. ده‌شێ، كه (به‌یان و سۆران) گه‌ڕانه‌وه لاتان، باشترتان بۆ باس بكه‌ن.
***
ڕۆژانی (2 و 3) ی ئایار شه‌ڕ له (قه‌ڵادزه) ده‌ستی پێكرد؛ كه به بیانووی زه‌وی و زار یه‌كیه‌تی هێرشی كردبووه سه‌ر باره‌گاكانی پارتی.(1) سه‌ره‌تا وامانزانی شه‌ڕه‌كه ده‌ڤه‌ریی و بچووكه، بۆیه بایه‌خمان پێ نه‌دا، گوتمان زوو ته‌واو ده‌بێ. هه‌ر له‌و ڕێكه‌وته‌دا بوو، واته به یه‌ك دوو ڕۆژ پاش (1) ی ئایار، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی سه‌رده‌م له قه‌ڵا ڕایگه‌یاند، كه هه‌فته‌یه‌كی ڕۆشنبیریی ساز ده‌كات، له شه‌ش ڕۆژه كۆڕ پێك هاتبوو. (جه‌مال كۆشش) یه‌كێك له هه‌ڵسووڕاوه‌كان بوو. ئه‌و بابه‌ته كۆڕانه‌ی، كه له بیرم ماون ئه‌مانه بوون:
1- هه‌ڵسووڕاوانی چینی كرێكار له كێشه‌كانیان ده‌دوێن… (كۆمه‌ڵێك كادیر و هه‌ڵسووڕاوانی پارت و ڕێكخراوه‌كان).
2- ڕه‌وته ئه‌ده‌بیه‌كان له كوردستاندا… (جه‌مال كۆشش).
3- الپقافه و السلطه… مفید الجزائری.
4- یادی كارل ماركس و كه‌له‌پوور و فیكری زیندووی ماركسیزم… كۆمه‌ڵێك له هه‌ڵسووڕاوان {بژار (ئازاد)، هادی مه‌حمود (ح. ش. ك)، یوسف (ح. ك. ك. ع)، ئه‌ندامێكی (ڕ.تێكۆشان)}.
5- كۆڕێكی شیعریی… من، ناڵه، ڕزگار عومه‌ر، محه‌مه‌د (لێره ئه‌م ناوه زۆر جوان دیار نییه، ته‌نها محه‌مه‌ده‌كه به شێوه‌یه‌كی هه‌ندێك خراپ دیاره. به داخه‌وه ئێستا له بیریشم نه‌ماوه و نازانم ئه‌م محه‌مه‌د ناوه كیێه؟ ناوی باوكیشی نه‌نووسراوه. ئنجا یان هه‌ر ئه‌و كاته نه‌منووسیوه، یانیش له كاتی ڕوونووسكردنی نامه‌كه‌دا، به‌رله‌وه‌ی ده‌ستنووسه‌كه بنێرم، ده‌رنه‌چووه).
6- …… له بیرم نه‌ماوه.
***
له ڕۆژی دووه‌می هه‌فته‌كه، واته له كۆڕی جه‌مال كۆشش، پێمان ڕاگه‌یه‌ندرا، كه شه‌ڕه‌كه ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه و زۆر شوێنی دیكه‌ی گرتۆته‌وه، بۆیه خه‌ڵكه‌كه گه‌لێ شپرزه و نیگه‌ران بوون؛ به‌ڵام بۆ ڕۆژی دواتر، چونكه هێشتا شه‌ڕه‌كه نه‌گه‌یشتبووه نزیك هه‌ولێر، به ڕوواڵه‌ت وا دیار بوو، كه دۆخه‌كه هێمن و ئارامه. له ڕۆژی چواره‌می هه‌فته‌كه، كه یادی ماركس و… بوو، هه‌واڵمان پێگه‌یشت، كه شه‌ڕه‌كه زۆر به‌رفراوان بووه و چی بكه‌ین باشه؟ هاوڕێیه‌كی (ح. ك. ك. ع) له دیانه‌وه هاتبوو، له كۆتایی كۆڕه‌كه هه‌ستایه‌وه گوتی: ((ئێمه له دیانه ڕێپێوانێكی دوو هه‌زار كه‌سیمان ساز كردووه. چووبووینه نێوان هه‌ردوو حزبه‌وه. سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌یان پێمان مۆركردن، كه نابێ لێره شه‌ڕ ڕوو بدا. به‌ڵێ شه‌ڕ ڕووی نه‌دا. ده‌شێ ئێوه‌ش بانگداشی جه‌ماوه‌ر بكه‌ن بۆ ڕێپێوان)). (دیاره شه‌ڕ ڕوونه‌دانه‌كه كاته‌كی بوو – به‌ختیار). وتووێژ و مشت‌ومڕ به گه‌رمی ده‌ستی پێكرد، كه چ بكرێ باشه؟ هه‌ندێك گوتیان: ((با هه‌ر ئێستا دابه‌زین بیكه‌ین)). هه‌ندێكیش گوتیان: ((ناكرێ، ئه‌م جه‌ماوه‌ره كۆ نابێته‌وه)). زۆر قسه كرا. به‌هه‌مه‌حاڵ نابێ بێ ده‌نگ و ده‌سته‌پاچه دانیشین! بۆیه بڕیارمان دا بۆ به‌یانی ڕێكه‌وتی هه‌ینی (6) ی مانگ، كه له بنكه‌ی بێكاران كۆ ببینه‌وه. ئه‌و هاوڕێیانه‌ی، كه له یادمن و ئاماده بوون (شاپوور، ڕه‌حمان، جه‌مال كۆشش، گۆران، سیروان، ناڵه، نووسه‌ری نامه، ڕه‌زوان، فازیل، د.پشتیوان، ئاكۆ، سۆران، بارزان، سه‌ردار، چه‌ندانی تر، كه هه‌ندێكیان ناویان نازانم).
عاده‌تیی گفتوگۆ ده‌ستی پێكرد. زۆر بۆچوونیش پێشنیار كرا. بۆچوونه‌كان دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مانه بوون: (ڕه‌حمان) و لایه‌نگرانی ده‌یانگوت: ((باوه‌ڕ ده‌كه‌ین جه‌ماوه‌رێكی زۆر كۆ ببێته‌وه. ئه‌وسا ده‌چینه به‌رده‌م باره‌گا و باڵاخانه‌كان، كه چه‌كداره‌كانی له‌سه‌ره، ده‌ڵێین:- دابه‌زن!)). (تكایه من قسه‌كانی هاوڕێیان به شێوازی خۆم ده‌یاننووسمه‌وه؛ تا بكرێ پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كان ده‌پارێزم، چونكه به ڕاستیی نه ده‌قاوده‌ق قسه‌كانم له بیر ماون، ناشتوانم وه‌كو كاسێتی ڕیكاردۆ بیانگێڕمه‌وه. ئه‌مه بۆ ئه‌مانه‌تی مێژوو دبێژم، نه‌كا سبه‌ی ڕۆژ هاوڕێیه‌ك گله‌ییم لێ بكا. باشتره پێشتر پاكانه‌ی ڕه‌وا بێنمه‌وه). (گۆران) ته‌وه‌ری دووه‌می بۆچوونه‌كانی دژ بوو. ده‌توانم بڵێم هه‌ر خۆشی به ته‌نیا بوو. ئه‌و باوه‌ڕی وا بوو ده‌یگوت: ((ئه‌و جه‌ماوه‌ره كۆ نابێته‌وه. ئه‌وه جه‌ماوه‌ری تۆ نییه. پێی ده‌ڵێی وه‌ره ڕێپێوان، ده‌ڵێ شتی چاكه و پێی خۆشه بكرێ، به‌ڵام نایێ. ئه‌مه شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی دوو زلهێزی سه‌رتاسه‌ری كوردستانه، هه‌رگیز جه‌ماوه‌ر ناتوانێ ڕایبگرێ. هیچ شه‌ڕێكی ناوخۆ جه‌ماوه‌ر نه‌یتوانیوه ڕایبگرێ. ئه‌وه ئه‌فغانستان، بۆسنه و هه‌رسك و …)). زۆر به جۆش قسه‌ی ده‌كرد. لێره‌دا (ڕه‌حمان) تووڕه بوو و وه‌ڵامی دایه‌وه؛ وا بزانم گوتی: ((ئه‌وه شێواندنی حه‌ره‌كه‌ی تاریخه)). من به‌ش به حاڵی خۆم له‌لایه‌نی مێژووییه‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌لێ له بۆچوونه‌كانی (گۆران) دا بووم؛ به‌ڵام باوه‌ڕم وا نه‌بوو، كه نابێ هیچ بكرێ. پێشبینیشم نه‌ده‌كرد، كه بتوانین جه‌ماوه‌رێكی فره هه‌ڵبخرێنین. به‌هه‌مه‌حاڵ قسه زۆر زیاتر كرا، كه به داخه‌وه هه‌موویم له یاد نه‌ماون، مه‌گه‌ر بچمه‌وه لای خاوه‌نه‌كانیان. بێگومان ته‌نها له نامه‌یه‌كدا ئه‌وه‌شم لێ داخواز ناكرێ. ده‌بێ بۆ ڕاستیی بڵێم: (ج. كۆشش) و (شاپوور) و (سه‌ردار) و (سیروان) و… كه‌سانی سه‌ره‌كی قسه و باسه‌كان بوون. زۆربه‌مان له‌سه‌ر شته جه‌وهه‌رییه‌كان كۆك بووین، زیاتر ناته‌باییه‌كان له‌سه‌ر شێوازی كاره‌كانمان بوو. به‌هه‌رحاڵ ڕاڕه‌وی كاره‌كه به‌م ته‌رزه ڕۆیشت: دوو ده‌سته پێكهات. یه‌كه‌میان (ڕه‌حمان) و (د.پشتیوان) و دووانی تر، ئۆتۆمبێلێك بگرن و به كه‌ره‌سته‌ی پێویست و هه‌ڵكردنی ئاڵای سپی به دروشمی (نا بۆ شه‌ڕ، به‌ڵێ بۆ ئاشتی!)، بچنه گه‌ڕه‌كه‌كانی باداوا و ته‌یراوا و مزگه‌وتی سپی و… بانگه‌وازی جه‌ماوه‌ر بكه‌ن، كه سه‌عات چواری ئێواره بچنه بازاڕ، ڕێپێوانێكی هێمنانه دژ به شه‌ڕ ئه‌نجام ده‌درێ. ده‌سته‌ی دووه‌میش (شاپوور) و (كۆشش) و دووانی تر، بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی مه‌نتكاوا و (92) و…هه‌مان كار به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. سه‌عات نزیك دوازده – دوازده و شتێك، ئه‌وان به ڕێ كه‌وتن. هه‌ندێك هاوڕێ ده‌بوو له بنكه بمێننه‌وه، تا ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه؛ چونكه ده‌بوایه هه‌ڵوه‌ستی جه‌ماوه‌ر بزانرێ. ئه‌وسا دیتنی ڕاڕه‌و و ئامانجی كاره‌كه‌ش ڕۆشنتر ده‌بوو. ئه‌ز و (ناڵه) بانگه‌وازێكی ڕێپێوانه‌كه‌مان پێ ڕا‌سپێردرا، كه بیبه‌ین بۆ ڕادیۆی ڕزگاری (له‌گه‌ڵ ده‌سته‌كان جاری یه‌كه‌م منیش دیاری كرام. هیچ به‌رهه‌ڵستیم نه‌بوو، ئاماده‌ش بووم؛ به‌ڵام ڕاستیی پێم خۆش بوو كارێكی دیكه بكه‌م؛ له ئاكامدا هه‌رواش بوو). ده‌بوایه سه‌عات سێ هه‌موومان بگه‌ڕێینه‌وه بنكه، تا هاوڕێیانی ده‌سته، هه‌ڵوه‌ستی خه‌ڵك پیشان بده‌ن و سه‌عات چوار ڕێپێوانه‌كه ساز بده‌ین. سه‌عات دوو له جاده‌ی سورچییان چاوه‌ڕێی (ناڵه) م ده‌كرد، كه بگه‌ڕێینه‌وه بنكه؛ جاده‌كه تاك و ته‌را خه‌ڵكی لێ بوو. ڕاوه‌ستابووم، له دووره‌وه گوێم له بانگداشی هاوڕێیان بوو. خه‌ڵك ورده – ورده له ماڵه‌كانیان ده‌رده‌چوون؛ تا نزیك بوونه‌وه، گوێم لێ بوو جارێك (ڕه‌حمان)، جارێكیش (د.پشتیوان) زۆر به زوڵاڵی ده‌یانگوت: ((جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی شاری هه‌ولێر، داواتان لێ ده‌كه‌ین، كه ئه‌مڕۆ سه‌عات چوار بێنه بازاڕ، ڕێپێوانێكی هێمنانه دژ به شه‌ڕ ساز ده‌كه‌ین. ئه‌م شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره له به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌دا نییه، دژ به خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه. داواتان لێ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ماڵه‌كانتان ئاڵای سپی به‌رز بكه‌نه‌وه!)). (له بیرم كرد بڵێم، كاره‌كان له ژێر سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌ی دژ به شه‌ڕ به‌ڕێوه ده‌چوو). سه‌عات چوار له بنكه‌وه به‌ڕێ كه‌وتین. ئۆتۆمبێلێك (به‌رازیلی) به لافیته‌ی سپی و (موكه‌بیره) له پێشه‌وه، به چه‌ند لافیته‌یه‌كه‌وه كه‌وتینه دوای. ده‌ڕۆیشتین، خه‌ڵك له جاده‌ی (شێخه‌ڵڵا) به خۆشحاڵیی و نائومێدیی و خۆزگه‌وه تێ‌یان ده‌ڕوانین. ورده – ورده، تاك – تاك و دوو – دوو ده‌هاتنه ناو ڕێپێوانه‌كه. دروشممان سه‌ره‌تا به ده‌نگی كه‌م به‌رز ده‌بۆوه، تا ده‌ڕۆیشتین ده‌نگ به‌هێزتر ده‌بوو: ((نا بۆ شه‌ڕ، به‌ڵێ بۆ ئاشتی!))؛ ((نامانه‌وێ شه‌ڕ و كوشتار، با ته‌ئمین بكرێ ژیان!))… گه‌یشتینه شه‌قامی باتا به‌ره‌و پارێزگا، ڕێپێوانه‌كه گه‌لێ شكۆنه‌ند بوو بوو. جه‌ماوه‌ر كۆتری سپییان هه‌ڵدا. له‌سه‌ر سه‌رمان جوان – جوان له شه‌ققه‌ی باڵیان ده‌دا. هه‌میشه بێ وچان دروشم به‌رده‌وام بوو. هه‌تا ده‌هات ڕێپێوانه‌كه گه‌لێ گه‌وره‌تر ده‌بوو، به‌ڵام ڕێك نه‌بوو، به داخه‌وه په‌رش و بڵاو بوو، ئه‌گه‌رچی ئێمه چاودێریش بووین. گه‌یشتینه نزیك گۆڕه‌پانی پارێزگا، له پشته‌وه خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ڵاتن، وایانزانی ته‌قه ده‌كرێ، توومه‌ز لیژنه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه، كه (مه‌لا به‌ختیار) و كه‌سانی تر بوون له پارێزگا هه‌ڵاتن (دیاره به خۆیان بێزار بوون، نه‌شیانده‌ویست بێزاریی خه‌ڵكیان به‌سه‌ردا بڕژێ)؛ چونكه منیش چاودێری پشته‌وه بووم، نه‌مده‌زانی یه‌كسه‌ر له پێشه‌وه چی هه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌ڕاكردنه‌كه چه‌ند هه‌نگاوێك پاشه‌كشه‌م كرد. ئه‌مجا هه‌نگاومان نا به‌ره‌و پێشتر. هه‌وڵمان دا جه‌ماوه‌ر ڕه‌وانه‌ی سه‌ر پێپلكه‌كان بكه‌ین: بێ سوود بوو، كه‌مێك چوو، زۆربه‌ی نه‌چوو. ئێمه كه‌م بووین و كۆنتڕۆڵ نه‌ده‌كرا. (ڕه‌حمان) چووه سه‌ر ماشێنه‌كه، به جۆش و تاوگیر قسه‌ی ده‌كرد. ناو – ناوه خه‌ڵك تێكڕا چه‌پڵه‌یان ده‌كوتا. ئه‌و هێرشی ده‌كرده سه‌ر هه‌ردوو حیزبه‌كه، كه ئه‌وان شه‌ڕكه‌ر و شه‌ڕخوازن؛ گوتی: ((هه‌موو ڕۆژ ڕێپێوان ده‌كه‌ین، هه‌تا شه‌ڕ ڕاده‌گرن!)). جه‌ماوه‌ر تێكڕا لایه‌نگیر بوون و هاواریان ده‌كرد: ((ئاشتی! ئاشتی! ئاشتی!)). گه‌ڕاینه‌وه به‌رده‌م (مشوار)، خه‌ڵك دانیشتن و كۆبوونه‌وه. به‌رز – به‌رز لافیته‌ی سپی ئاشتیخوازانه و لافیته‌ی سووری حیزب ده‌جووڵانه‌وه. (شاپوور) چووه سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه قسه‌ی كرد. خه‌ڵك چه‌پڵه‌ڕێزانیان بوو. ئه‌و تووڕه بوو هاواری كرد: ((بۆ چه‌پڵه بۆ من لێده‌ده‌ن؟ ئاگادار بن، هه‌موو ڕۆژ ڕێپێوان به‌ڕێ ده‌خه‌ین، ده‌بێ شه‌ڕ ڕابوه‌ستێ!)).(2) هاوڕێیانی دیكه‌ش بۆ جه‌ماوه‌ر قسه‌یان كرد. له‌و لاوه پارتی كاری سه‌ربه‌خۆیی به لافیته‌یه‌كی گه‌وره و چه‌ند كه‌سێكه‌وه هاتن. ڕێكخراوی تێكۆشانیش تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵمان. ئه‌و ڕۆژه ئێمه بڕیارمان دا ته‌واو بووین، تا به‌یانی له نۆژه‌ن هه‌مان چالاكی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه؛ به‌ڵام دیاربوو جه‌ماوه‌ر شتی زیاتری ده‌ویست. وه‌ڵامی یه‌كجاره‌كی ده‌ویست. حه‌زی ده‌كرد دڵنیا بێ له نه‌مانی شه‌ڕ و ئاشتی سه‌قامگیر بێ؛ بۆیه هه‌ر بۆ خۆیان به لێشاو، كه زانیبوویان (مه‌لا به‌ختیار) و… گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ پارێزگا، به لێشاو ڕژابوونه ئه‌وێ. (مه‌لا به‌ختیار) یش قسه‌ی بۆ كردبوون. هه‌ڵوه‌ستی ئاشتیخوازانه‌ی خۆیانی پیشان دابوو؛ به‌ڵام هه‌ندێك پێیان گوتبوو: ((درۆیه، درۆیه، به‌ڵێنتان درۆیه))؛ ئه‌وه به پێی قسه‌ی براده‌رانی حیزب (ح. ك. ك. ع)، كه بڕێكیان له‌وێ ئاماده بوو بوون. جه‌ماوه‌ر به لێشاو هه‌ڵكشابوون به‌ره‌و به‌رده‌م (م. س) ی (ی. ن. ك)، پێیان مۆر كردبوون، كه شه‌ڕ ناكه‌ن. ئه‌نجا بۆ به‌رده‌م لقی دووی (پ. د. ك)؛ هه‌ندێك نه‌فام و هه‌رزه و ئاژاوه‌چی – كه ده‌شێ یه‌كیه‌تی بوو بوون – گوتبوویان: ((چۆڵكه‌ن! لقی چۆڵكه‌ن!))، بۆیه ده‌ستڕێژی ته‌قه كرا… سێ چوار كه‌س بریندار بوون. یه‌كێك له‌وانه (بارزان) ی حیزب بوو، كه خۆشبه‌ختانه زۆر به سووكی بریندار بوو بوو. ئێمه كه گه‌ڕاینه‌وه بنكه، ئه‌گه‌رچی هیلاك و شه‌كه‌ت بووین، به‌ڵام گه‌لێ به‌خته‌وه‌ر بووین. ده‌ستمان كرد به چه‌پڵه‌ڕێزان و گۆرانی گوتن، چونكه ئه‌و ڕۆژه‌مان پێ سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن بوو. زێده‌ڕۆیی نییه، ئه‌گه‌ر بڵێم له مێژووی بزووتنه‌وه‌كه‌مان، یه‌كه‌م جاره توانیمان ژماره‌یه‌كی زۆری جه‌ماوه‌ر به چوار ده‌ورمان هه‌ڵبخڕێنین (به باوه‌ڕی ئه‌ز، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی گرنگی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كانه، له‌مڕۆی قۆناغی مێژوویی).
***
بۆ به‌یانی، واته (7) ی مانگ، دیسان له بنكه ئاماده بووین. نوێنه‌ری پارت و ڕێكخراوه‌كان هاتن و كۆبوونه‌وه. دیاره لێره كۆمیته‌كه‌ی دژ به شه‌ڕ بووه هاوبه‌ش. گۆڕه‌پانی كۆتری ئاشتی بووه شوێنی كۆبوونه‌وه. من لافیته‌یه‌كم به ناوی (كارمه‌ندانی ته‌ندروستی) ئاماده كرد، كه لێی نووسرابوو ((نامانه‌وێ شه‌ڕ و كوشتار، با دابین بكرێ دا‌و و ده‌رمان بۆ خه‌ڵكی شار)). (شاپوور) چوو بوو (مۆتۆربۆ) بێنێ. ئێمه له باره‌گای پارتی كار (كاوه و دلێر و من و یوسف) چاوه‌ڕێمان ده‌كرد. ئه‌وان به (مۆتۆربۆ) و لاندكرۆزه‌رێكی سێ چوار چه‌كداری پارتی كار – گۆیا بۆ پاسه‌وانی ڕێپێوانه‌كه – چوونه شوێنی مه‌به‌ست. ئه‌ز گه‌ڕامه‌وه بنكه، كه پێیان بڵێم خێراتر بن. سه‌عات نزیك (4.5) له بنكه‌ڕا به‌ڕێ كه‌وتین. چه‌شنی ڕۆژی پێشتر چه‌ند لافیته‌یه‌ك و هه‌ر خۆمان ده‌ڕۆیشتین و دروشم به‌رز ده‌بۆوه. ئه‌مجاره خه‌ڵك كه‌متر به گه‌ڵمان ده‌كه‌وتن – پارتی كار گوتیان: ((دوێنێ {نازانم به شه‌و یاخود به ڕۆژ} ده جار ته‌له‌فۆنیان بۆ كردووین))؛ دیاره مه‌به‌ستیان بووه، كه ڕێپێوانه‌كه نه‌كرێ – گه‌یشتینه گۆڕه‌پان.(3) هاوڕێیانی گوتاربێژ، له به‌له‌كۆنه‌ی باڵاخانه‌ی سه‌ر ده‌رمانخانه‌ی (ڕه‌نج)، كه ڕووی له بازاڕی (سیروان) ـه ته‌یار بوون (شاپوور، ڕه‌حمان، قادر {ڕ. تێكۆشان}، كاوه…). من ده‌مویست ئه‌و لافیته‌یه‌ی، كه به ده‌ستمه‌وه بوو، چونكه بێ دار بوو، به دیوار، یان به شوێنێكی هه‌ڵبواسم. ته‌نها پێنج خوله‌ك نه‌بوو بوو (شاپوور) ده‌ستی به قسه كردبوو، كه ڕێژنه‌ی ته‌قه ده‌ستی پێكرد (بێگومان به خۆتان ده‌زانن له‌م باره‌دا چ ڕوو ده‌دا! مرۆڤ بۆ بچووكترین په‌نا ده‌گه‌ڕێ). به‌ڵێ، گۆڕه‌پان چۆڵ بوو: ته‌نها خوێنی په‌رش و لافیته‌ی كه‌وتووی ژێر پێی هه‌نگاوی خێرا و شپرزه ده‌بینرا. لاندكرۆزه‌ره سووره‌كه‌ی پارتی كاریش، تاك و ته‌نیا له ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پان ده‌بینرا. خه‌ڵك به كۆمه‌ڵ خۆیان له كۆڵانه‌كان په‌ستا بوو، ته‌واو شپرزه بوون… بریندارێكم بینی به تاو بردیان، سه‌رشانی بریندار بوو بوو، خوێنی پێدا هاتبووه خوار. هه‌ر ئه‌و كات زانرا، كه دوو كوژراو و چه‌ند بریندارێك هه‌یه. یه‌كیان خۆم چوومه سه‌ری: گه‌نجێكی ڕه‌شتاڵه بوو، خوێن له ده‌م و چاویدا وشك بووبۆوه (دواتر ئه‌م كوڕه‌م ناسیه‌وه. شه‌ربه‌ت فرۆشێكی بازاڕی بن باڵاخانه‌ی {موخته‌به‌ر}ـه‌كه‌مان بوو، كه ناوی {خالید} بوو. زۆر به داخه‌وه).(4) پاشان ویستم بچمه‌وه بنكه، ئه‌گه‌ر كه‌س له‌وێ بوو، تا هه‌واڵی زیاتر بزانم. له ڕێگا تووشی براده‌رێكی پارتی كار بووم، ڕه‌خنه‌ی گرت و گاڵته‌ی به چه‌كداره‌كانی خۆیان كرد، كه چۆن هه‌ڵاتوون! پاشتر تووشی (ئاڵا) و (مریه‌م) ی ئافره‌تان بووم. چووینه بنكه كه‌س نه‌گه‌ڕابۆوه ئه‌وێ. من و (ئاڵا) بڕیارمان دا بچینه نه‌خۆشخانه. یه‌ك – یه‌ك چووینه سه‌ر برینداره‌كان. له پیره‌مێردێكمان پرسی، كه سینگی هه‌موو خوێن بوو: (خاڵه تازه بریندار بووی؟). گوتی: (( ئه‌رێ وه‌ڵڵا، له موزاهه‌ره‌كه‌ی زه‌حمه‌تكێشان و شیوعییه‌كان)). زۆر دڵمان پێی سووتا، كه كه‌سی لا نه‌بوو، به تایبه‌تی (ئاڵا) زۆر په‌رێشان بوو، به‌ڵام هیچ چارمان نه‌بوو. پاشان چووینه سه‌ر دوو گه‌نجه كوژراوه‌كه‌ش. ئای چه‌ند له خه‌وێكی خۆش و قووڵدا بوون! پاك و پۆشته بوون، ته‌نها ده‌م و چاویان تۆزاویی و خوێناویی بوو. به‌هه‌رحاڵ، دوو كوژراو و شه‌ش برینداریش هه‌بوو.
***
له ڕیزی پێشه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، واته سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی، كه ده‌چێته (شێخی چۆڵی)، پاشان (سه‌ردار) گێڕایه‌وه بۆم: {لاندكرۆزه‌رێكی سپی پڕ چه‌كدار هاتن، له‌به‌ر ده‌ممان ڕاوه‌ستان، پارتی بوون. گوتم: (كاكه چ ده‌كه‌ن لێره؟ بۆ ڕاوه‌ستاون؟). گوتیان: ((نه‌خۆشمان هه‌یه)).پاشان ڕۆیشتن، له شه‌قامه‌كه‌ی (شێخی چۆڵی) دابه‌زین و په‌رت بوون}. (قادر) ی (ڕ. تێكۆشان) یش له پاش ته‌قه‌كان گوتی: ((ده‌یانناسم، پارتی بوون)).(5) ڕۆژی پاشتر، لافیته‌ی نه‌فره‌تكردنمان له بكوژان له بازاڕ هه‌ڵواسی. له‌و ڕۆژه‌وه ڕێپێوان كۆتایی پێ هات. له جیاتی ئه‌وه، نزیكه‌ی زۆربه‌ی ڕۆژه‌كان له یانه‌ی ئه‌ندازیاران، نوێنه‌ری زۆربه‌ی ڕێكخراو و پارته‌كان داده‌نیشن، گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی ئێستا ده‌كه‌ن. له‌م ڕۆژانه‌ش هاوڕێیانمان له ته‌له‌فزیۆنی پارێزگاران، له به‌رنامه‌ی (سه‌كۆی سه‌ربه‌ست) چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا ساز ده‌كرێ و قسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.
***
خۆشه‌ویستانم، بۆیه ڕووداوه‌كانم به‌م دوور و درێژییه نووسی، تا وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ خۆشم بمێنێ.
به‌ختیار محه‌مه‌د
په‌راوێزه‌كان:
1- ئه‌وسا بۆچوونه‌كان وا بڵاوبوونه‌وه، كه به بیانووی ناكۆكیی له‌سه‌ر هه‌ندێك زه‌وی و زار له قه‌ڵادزه، یه‌كیه‌تی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر پارتی و له ئاكامی ئه‌مه‌ش شه‌ڕ هه‌ڵگیرساوه. دیاره ئه‌مه ئه‌گه‌ر واشبێ، به‌ڵام پاساوێك بووه بۆ نیازی شه‌ڕ، كه به‌هێزه‌كان ویستوویانه له ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه هه‌موو شتێكی وڵات بۆ خۆیان داگیر بكه‌ن و ڕكابه‌ره‌كانیشیان له‌ناو ببه‌ن.
2- سڵاو له گیانی پاكی (شاپوور) ی عاشق، كه ته‌نیا چه‌ند ساڵێكی كه‌م بوو، به خۆشه‌ویستیی ژنی هێنا بوو، كاتێك له ساڵی (1998) دا، خۆی و (قابیل) ی خزم و هاوڕێی، به ده‌ستی ئیسلامییه تیرۆریسته‌كان خوێنیان به ناحه‌ق ڕژێندرا.
3- هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ته‌له‌فۆنانه وه‌ك هه‌ڕه‌شه، له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كیه‌تییه‌وه كراون.
4- له نێوانی ساڵانی (1992-1994) من له تاقیگه‌یه‌كی بچووكی تایبه‌تی شیكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان، كه هی خۆم نه‌بوو، له شه‌قامی پزیشكان، له باڵاخانه‌یه‌كی سپی تازه‌ی سێ نهۆمییدا، ڕۆژانه دوو سه‌عاتێك كارم ده‌كرد. ئه‌م باڵاخانه‌یه، كه ئێستاش هه‌روه‌ك خۆی ماوه، ئه‌وسا ماڵێك و چه‌ند عیاده‌یكی پزیشكی و… تێدا بوو. ژێره‌وه‌شی چه‌ند دوكانێك بوو، كه یه‌كێك له دوكانه‌كان، دوكانێكی شه‌ربه‌تفرۆشی ئه‌م (خالید)ه بوو، له‌گه‌ڵ كوڕێكی دیكه‌ی شه‌ریكی، كه ئێستاش ئه‌م كوڕه هه‌ر ماوه و جار و بار هه‌ر له ده‌ور و به‌ری شه‌قامی پزیشكان ده‌یبینم. من به‌رله‌وه‌ی (خالید) شه‌هید بێ، به ڕێكه‌وت له‌ناو گردبوونه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م كۆتری ئاشتی بینیم (كه ئه‌مه بۆ من شتێكی له ناكاو بوو)، به‌ڵام ئه‌فسووس،چه‌ند ساتێكی كه‌م دوای ئه‌مه، چوومه سه‌ر لاشه بێ گیانه ڕوخسار خوێناوییه‌كه‌ی. پێوه‌ندی من له‌گه‌ڵ ئه‌م لاوه، كه هه‌ر له ته‌مه‌نی خۆمدا ده‌بوو، ته‌نها ئه‌وه بوو، كه ڕۆژانه ده‌چوومه سه‌ر كاره‌كه‌م، سڵاو و چاك و چۆنیمان لێكتر ده‌كرد ، به‌ڵام ئێستا شوێنێكی یه‌كجار كاریگه‌ریی له مێژووی ژیانی مندا به‌جێ هێشتووه و هه‌رگیز له بیری ناكه‌م.
5- من خۆم به فیعلی لاندكرۆزه‌رێكی سپیم بینی، كه له شه‌قامی باتاوه هات و به ناوماندا تێپه‌ڕی، به‌ڵام من هه‌روه‌ك ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی ڕێبوار تێیگه‌یشتم. نه‌شمزانی ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ی كێن؟ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ به‌ده‌ر له قسه و شایه‌دی ئه‌وسای ئه‌م براده‌رانه، من هیچ شتێك ده‌رباره‌ی ئه‌م لاندكرۆزه‌ره و ته‌قه‌كردنه‌كه نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌م له بیره، كه به ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م لاندكرۆزه‌ره‌م بینی و به ناوماندا تێپه‌ڕی، ڕێژنه‌ی ته‌قه ده‌ستی پێكرد و زۆر به ڕوونیش دیار بوو، كه ته‌قه‌كان له‌لای مزگه‌وتی (شێخی چۆڵی) و له شه‌قامی (شێخی چۆڵی) یه‌وه كراون.