Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سوێند خواردن!  …. جەلال قادر

سوێند خواردن! …. جەلال قادر

Closed
by October 19, 2013 چیرۆک

 

 

 

دەلێن ئەگەر شەریکی باشبوایە خوا شەرکێکی بۆ خۆی دادەنا. جاران ئەم پەندەم نەدەزانی، بۆیە لە کارێکدا شەریکێکم هەبوو.  ئەم شەریکەم لەخوا ترس و نوێژکەربوو. کەچی پاش ئەوەی پارە و داخیلەم لەبەردەستی بەجێهێشت. ڕۆژبەڕۆژ داخیلەکەم کورتی دەهێنا و پارە دیارناما.

ڕۆژێکیان تەڵەیەکم بۆ دانا و کلکی کەوتە تەلەکەوە. کەچی سوێندی دەخوارد و دەیگوت من دزیم نەکردوە. منیش پێموت : سوێند مەخۆ، داوای لێبوردن بکە و پارەکە بگەڕێنەوە شوێن خۆی با دۆستایەتیمان تێکنەچێت.

– قورئان بێنە دەستدەکەمە بانی کە من ‌بێتاوانم.

– زۆر باشە وادەچم لە مزگەوتێ قورئانێک پەیدا دەکەم و دەیهێنم.

شەریکەکەم جێهێشت ، پەست و بێزار تووڕەبووبوم و مووی لەشم ڕەپ واستابوون، وەک شێتێک شەقم لە وردە بەردو قووتی سەر جادەکان دەدا. لە کۆلانەکان تووشی دەیان ڕێبواربووم کەس نە سلاوی لێدەکردم و نە ئاوڕیشی لێدەدامەوە. چەند کووچە و کۆلانێکم بڕی تا گەیشتمە بەردەرگەی مزگەوتێک. خۆم پیاکرد.

مەلایەک بەخێرهاتنی کردم و وتی : برا دەلێیت ڕێگات ونکردوە؟

وتم : مەگەر ئێرە مالی خوانییە…هاتوم بۆ کارێکی خێر.

– فەرموو.

– لەگەل ناسیاوێکم بووم بەشەریک، ماوەیەکە هەستدەکەم دزیم لێدەکات. ئەمڕۆ لەدزیکردن گرتم کەچی سوێند دەخوات دەلێت شتی وانییە. لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە دەستبنێت بە قورئاندا و سوێند بخوات. ئینجا وازی لێبێنم.

– کوڕی خۆم سوێند خواردن بە قورئان زۆر دژوارە.

– بۆ مامۆستا؟

– لەبەرئەوەی ئەم قورئانە ئەوەندە پیرۆزە دوورنییە چاوی شەریکەکەت کوێرکات.

– خوا نەکات مامۆستا..شەریکەکەم نوێژکەرە لە خوا دەترسێ باوەڕناکەم دەستبنێتە سەر قورئان، لی من دەمەوێت بیترسێنم.

– کەواتە ئەگەر بۆ ترسە، من لەگەلتا دێم و کاری خێر ئەبێت ، ئینشاللە دەبنەوە برای جاران. منیش لەوبەینە شیرینیەکم پێدەبڕێت.

– بەسەرچاو مامۆستا بە بوون و نەبوون من شیرینت دەدەمێ.

مامۆستا قورئانەکەی لە پەڕۆکێکی سەوز ئالاندو پێکەوە بەناو کۆلانەکاندا ڕێگامان بڕی. ئەو خەلکەی ڕووبەڕوومان بهاتایە  قورئانەکەی بەدەستی مامۆستا ببینیایە وەک ڕێزلێنان سلاویان دەکرد و نزایان بۆ خوادەبرد.

لە مامۆستام پرسی : تووبلێی ئەم شەریکەم سوێند بەم قورئانە بخوات؟

– دوورنییە، کوڕەکەم. ئەگەر کەسێک دزی بکات و لەخوا نەترسێ، بێگومان لە قورئانش ناترسێ!.

– ئەگەر بەدرۆ سوێند بخوات، کوێر دەبێت؟

– مەرج نییە کوێربێت. بەلام خوا تۆلەی لێدەکاتەوە. دوور نییە ئفلیجی بکات یان جەرگی بسووتێنێ!.

– نا مامۆستا من نامەوێت هیچی لێبەسەربێت.

– ئەی چیتدەوێ؟

– بترسێ و داوای گەردن ئازاییم لێبکات و پارەکەم بۆ بگەڕینێتەوە.

لەپاش نیو کاتژمێر ڕێکردن گەیشتینە ماڵی شەریکەکەم.

ئاوی ساردمان خواردەوە. مامۆستا یەک دو قسەی خێریکرد و لە شەریکەکەم پاڕایەوە کە واز لەسوێند خواردن بهێنێت و کێشەکە وەک برا چارەسەرکەن و بەردێک بنێنە سەری.

کەچی شەریکەکەم بە تووڕەییە دەیوت: مامۆستا، من ئامادەم سوێندبخۆم چونکە فێڵم نەکردووە بەلکو ئەمە بوختانە لە خۆڕا پەلپم پێدەگرێ.

منیش وتم : براکەم، ئێستا بەڕاستی ئامادەی سوێند بخۆی؟

– بەلێ!.

مامۆستا وتی : دەکەواتە بڕۆ دەستنوێژ هەلگرە.

شەریکەکەم لە ژوورەکە چووەدەرەوە.

منیش ڕووم لە مامۆستا کرد و وتم : مامۆستا، ئەوە شەریکەکەم ئامادەیە سوێند بخوات، ئایا تۆ دڵنیای ئەگەر سوێند بخوات شتێکی لێبەسەردێ؟.

– بەلێ، کوڕی خۆم.

– دەکەواتە، من پەشیمانم و نامەوێت سوێند بخوات و دەیدەمە دەست خوا و ویژدانی خۆی!.

– ئافەرین کوڕم. زۆرباشدەکەی.

شەریکەکەم گەڕایەوە. هەندێک بسماللەی خوێند و دەمی تەتەلەیدەکرد.

مامۆستا پێیوت : پێویستناکات سوێند بخۆیت. ئەوە شەریکەکەت گەردنی ئازادکردی و هەر برای جارانی.

– نا. ماۆستا، بۆچی گەردنم ئازاددەکات خۆ هیچم لێنەدزیوە.

– نا مەبەستمان ئەوە نییە، بەلام شەریکەکەت دڵنەرمبووە و فکریگۆڕیوە. تۆش ناو خوابێنە دەستکەنە مڵ یەک و شان بە شانی یەک وەک دو برا کاری خۆتان بکەنەوە.

لەپاش چای خواردنەوە ، من و مامۆستا بە پێ تا مزگەوت ڕۆیشتین.لە ڕێگا زۆرهەولمدا مامۆستا شیرینیەکەی لێوەرنەگرتم و دەیووت : تۆ کارێکی جوانت ئەنجامداوە با ئەم کارەم بەخێر بنووسرێ.

کە گەیشتینە بەردەم مزگەوتەکە مامۆستا پێیوتم : فەرموو کوڕم وەرە ژوورەوە کاتی نوێژکردنە!.

– مامۆستا من نوێژکەر نیم!.

مامۆستا هەلوێستەیەکی کردو قورئانەکەی یەکدووجار ماچکردو وتی : کوڕم بەوەدەچێت تۆ کەسێکی خوێندەواربیت، حەزدەکەم ئەم قورئانە بەدیاری بدەم بە تۆ بەلکو خوا ئیمانێکت باتێ.

قورئانەکەم لە ماۆستا وەرگرت و بەناو کۆلانەکان بەرەوماڵ شۆڕبوومەوە. ڕاستی لە ڕیگا قورئانەکەم کردبووە بنباخەلم. دوای ئەوەی تووشی چەند ڕێبوارێک بووم سلاویان لێکردم و لێیانپرسیم : برا گیان. ئەوە قوریانی پیرۆزە لەژێر دەستت ناوە؟

– بەلێ.

– دەکەواتە جوانتر هەلیگرە، بیخەرە بان هەردوو لەپی دەستت ئینجا ڕێگە بکە.

 قورئانەکەم خستە باندەستم، تا گەیشتمە ماڵ دەیان ڕێبوار سلاویان ئاراستەکردم و دەنووشتانەوە. منیش قورئانەکەم بەرزتر هەلدەبڕی تا ترسی خوایان لە دڵدا ببزوێ و ژیانی خۆیان و خێزان و هاوسێکانیان بەخۆشی بگوزەرێنن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.