ئیتر … نەوزاد بەندى
-1-
ئیتر وەختى ئینتیزاریى بارانە ..
تا وەرزى کوللە ، چاوەڕوانین ..
شەقام ،
سەرە سۆدە و
دەبەى ئاو و
قنگە جگەرە و
کارتى بەڵانسى هەڵگرتووە ..
یەک دڵۆپ باران ،
تەوێڵى تەڕ نەکردووە ..
( ئەگەر شەقام بوومایە ،
سەرى خۆم هەڵئەگرت ..
لە کۆڵانێکى دانیمارک ،
لەگەڵ شانۆگەرییەکى شەکسپیر ،
مافى پەناهاندەییم وەرئەگرت ..
لەوێ هەموو ڕۆژێ باران و بەفر ئەیانشۆردم ..
لەوێ ،
خەڵک بە ڕێزەوە پێیان پیا ئەنام ..
تف و
قنگە جگەرە و
سەرەسۆدە و
کارتى بەڵانسى ئێسکپایەریان ،
تێ نەدەگرتم ..)
ئەگەر شەقام بوومایە ،
خۆم ئەکوشت ..
چونکە نە تەحەمولى کەرێتیەکانى ئێرەم ئەگرت و
نە تەحەمولى موعاناتەکانى غوربەت..
-2-
ئیتر
تۆیش جانتاکانت کۆ کەرەوە ..
لەوە زیاتر بە دیار پاییزەوە دامەنیشە ..
پەلکێشى بکە بۆ دادگا ..
لەوە زیاتر بە دیار شیعرەکانەوە دامەنیشە ،
لە هەتیوخانەیەک ناونوسیان کە ..
هەموى هەر کەلاوەیە ،
هیچت لێ نەبێ بە پەرستگا ..
جانتاکانت کۆ کەرەوە و
بڕۆرەوە بۆ مەنفا …….
-3-
بە منداڵیى ،
هەتا دەسکێشیان بۆ کڕیم ،
کانون دەستى زبر کردم ..
ئێستایش کە دەسکێش ئەبینم ،
دەستم شەقار – ش ەقار ئەبێ و
دڵۆپ – دڵۆپ خوێنى لێ ئەتکێ ..
-4-
ئەگەر لە یارییەکى لگاوا ،
مناڵیم بدۆڕاندایە ،
ئەوەندە ئەسەفى نەدەبوو ..
-5-
ئیتر ناڕۆمە دەرەوە ..
بزانم کێ زەرەر ئەکا ؟