مامه‌ند كه‌ركوكی شاعیرێكی له بیر كرا‌و
ده‌مێك بوو له خه‌می ئه‌وه‌دا بووم ، له لایه‌كه‌وه دوو قسه له‌سه‌ر شاعیری له بیر كراوی نه‌ته‌وه‌یی مامه‌ند كه‌ركوكی بكه‌م ، پاش هه‌ندێ سۆراخ و گه‌ڕان ئێستا ، لانی كه‌م به‌شی ئه‌وه‌م كۆكردوه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بوار بدات له ئاینده‌ی نزیكدا به‌شی كتێبێكی 200 لاپه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر بنوسین، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش به بڕوای من له ئاستی ئه‌و شاعیره له بیر كراوه‌دا نیه، من لێره‌و له‌وێ یه‌ك دوو جار به‌نووسینی كورت ئاوڕم له‌مامه‌ند كه‌ركوكی داوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش كه زانیاری وردم ده‌ست كه‌وێت په‌نام بردوه‌ته به‌ر زۆر شوێن، ئه‌وه نزیكه‌ی دوو ساڵه به شێوه‌یه‌كی چڕتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته په‌یدۆزی ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌ریه‌ك له مامۆستا ئه‌مین شوان نوسه‌رو وه‌رگێڕێكی ناسراوی كه‌ركوكه، هه‌روه‌ها مامۆستا ره‌فیق ساڵح به جۆرێ له جۆره‌كان هاوكاریان كردوم، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی داوام له خاتو كوردستان موكریانی كردوه ، ئه‌گه‌ر بكرێ كۆی شیعره‌كانی مامه‌ند كه‌ركوكیم بۆ بنێرێ كه له زاری كرمانجیدا بڵاو كراوه‌ته‌وه، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوه، ده‌مێكیشه به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌م هه‌یه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دیدارێ له‌گه‌ڵ مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا بكه‌م به‌و پێیه‌ی یه‌ك دوو بابه‌تی له‌سه‌ر نووسیوه كاتی خۆی.
كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی شاعیر:
مامه‌ند كه‌ركوكی ، یان وه‌ك خۆی له په‌راوێزی ئه‌و شیعرانه‌دا كه بۆ زاری كرمانجی ناردووه، نووسیویه‌تی كه‌ركوكی مامه‌ند، ناوی ته‌واوی محه‌مه‌د ره‌مزی كوڕی عه‌بدولڕه‌حیمی جاوفرۆشی كه‌ركوكیه، به ره‌مزی ره‌حیم جاوفرۆشیش ناوی رۆیشتوه له كه‌ركوك، بنه‌ماڵه‌كه‌یان به ڕیشه به‌رزنجین، باوكی مامه‌ند جا‌و فرۆش و محه‌مه‌د نه‌جمی برای عه‌رزوحاڵ نووس بووه، مامه‌ند كه‌ركوكی ساڵی 1894 له شاری كه‌ركوك له دایك بووه‌وهه‌ر له‌وێش ده‌ستی داوه‌ته خوێندن، تا بووه به مامۆستا‌و له سلێمانی ” نمونه‌ی عیرفان” هه‌ڵه بجه ” موعه‌لیم ئه‌وه‌ڵ” ، كۆیه، ماوه‌ت، شه‌قڵاوه، قوشقڵو، قه‌ره‌ته‌په، چوارتا ، ته‌وێڵه، مامۆستایه‌تی كردوه ، مامۆسستا ره‌فیق ساڵح له‌و كورته نووسینه‌دا كه‌له‌باره‌ی ژیانی مامه‌ند كه‌ركوكیه‌وه نووسیویه‌تی
ده‌ڵێت جگه له مامۆستای، موعاوین موحاسیبی ناوچه‌ی ئه‌شغاڵی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركوك و موعاوین ئیستهلاكی ئاڵتون كۆپری ” پردێ” و كفری و سلێمانی بووه‌و هه‌روه‌ها له باقوبه‌و ئه‌وقافی كه‌ركوك كاری فه‌رمانبه‌ری كردووه‌وله ساڵی 1956 خانه‌نشین كراوه، هه‌روه‌ها چه‌ندین جاریش له فه‌رمانبه‌ری ده‌ركراوه.
له ساڵی 1963 كۆچی دوای كردوه‌و له خاتوو شوكریه عیزه‌دینی هاوسه‌ری سێ كوڕ‌و پێنج كچی بووه به‌م ناوانه” سه‌لاحه‌دین – عه‌مید رووكن، نه‌وزاد 1943عه‌قید روكن، هه‌ڵۆ 1945، كچه‌كان خاتو زین ، گوزیده، سه‌وزه، شه‌رمین، نه‌سرین” .
مامه‌ند كه‌ركوكی ده‌رچوی دار ئه‌لموعه‌لمینی عوسمانیه ،له ساڵی 1925 تا سه‌ره‌تای ساڵی 1928 له كۆیه مامۆستا بووه‌و مامۆستایه‌كی زۆر كورد په‌روه‌ر بووه، عه‌ونی شاعیر ده‌ڵێت شیعره‌كانی كارێكی زۆریان كردوه‌ته سه‌ر هه‌ستی شاعیریم،شیعریشیم كردوه‌ته پێنج خشته‌كی ، بڕوانه دیوانی عه‌ونی شاعیر كۆكردنه‌وه و چاپكردنی فه‌رهاد عه‌ونی.
به پێی قسه‌ی كاك ره‌فیق ساڵح له بواری كوردایه‌تیدا چالاكی فراوانی هه‌بووه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا كه فه‌رمانبه‌ری دائیره‌ی ئیستیهلاك بووه له هه‌ولێر لێپرسراوی لقی هه‌ولێری خۆیبوون بووه، دواتریش ئه‌ندامی حزبی هیوا بووه، هه‌ندێ له شیعره‌كانی له زاری كرمانجی و هاواردا بڵاو كردوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم و بیستبێتم هه‌رزوو وازی له شیعر هێناوه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ری ، به‌تایبه‌ت ساڵانی دوایی ته‌مه‌نی ، هه‌رچه‌نده ئه‌وه پێویستی به گه‌ڕان و كنه‌ی زیاتره.
شیعره‌كانی مامه‌ند كه‌ركوكی :
مامه‌ند كه‌ركوكی له‌و سه‌رده‌مه‌دا واته له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا به شێوازێكی تازه شیعری نووسیوه، تازه هه‌مله رووی به‌كار هێنانی وشه كاریه‌وه ،هه‌م له‌رووی ناوه‌ڕۆك و وێنه‌وه، من باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر مامه‌ند كه‌ركوكی تایبه‌ت خۆی بۆ شیعرته‌رخانكردبا بێگومان ئێستا یه‌كێك ده‌بوو له كۆڵه‌كه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی شیعری كوردی له سه‌رده‌می نوێكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌ت بۆ قۆناغی شیعری ریالیزمی كوردی، شیعره‌كانی ساده‌و قوڵن ، ساده به‌و مانایه‌ی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كوردی نووسراون ، قوڵ به‌و مانایه‌ی له پشتی هه‌ر دێڕێكه‌وه خوێندنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی دیكه هه‌ڵده‌گرێت . ئه‌وه‌تا له ژماره یه‌كی زاری كرمانجی لاپه‌ڕه دوو بۆ له دایك بوونی زاری كرمانجی ده‌نووسێت :
ئه‌ی چرای ڕووناكی كوردان ئه‌ی هیوای قه‌وم و وڵات
سه‌د ده‌خیل سوتاین له جه‌هلا زوو پیشانده رێی نه‌جات
پێده‌چێت ئه‌و پێشتر ئاگاداری ده‌رچونی زاری كرمانجی بووبێت ، یان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری زاری كرمانجیه‌وه‌داوای لێكرابێت شیعرێكی تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه بنوسێت ، دیاره شیعره‌كه‌ش له ژێر سه‌ر ناوی ” مژده” دایه‌و سه‌ره‌تای شیعره‌كه ده‌ڵێت ” مژده بێ ئه‌ی قه‌وم كه‌وا ئه‌ستێره‌ی كورد هه‌ڵات” مه‌به‌ستی ده‌رچونی زاری كرمانجیه، شاعیر بۆ ئه‌و زه‌مان و دۆخه بوونی گۆڤار‌و رۆژنامه‌ی به پێویست زانیوه‌و به چرای روناكی كوردان و هیوای نه‌ته‌وه‌ووڵات ناوی بردوه، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه حاجی قادری كۆیه‌ش به‌و شێوه‌یه روانیویه‌تیه رۆژنامه‌و گۆڤار.
له لاپه‌ڕه 18ی ژماره 10 زاری كرمانجی شیعرێكی به ناونیشانی “ده‌ردی ده‌رون ” نووسیوه شیعره‌كه شیعرێكی نیشتمانی به‌رزه‌و به شێوازێكی زۆرناسك نووسراوه:
برا كوردانی خۆشه‌ویست تكام وایه چاك گوێ بگرین
له‌سه‌ر هه‌موومانه پێویست بۆ كوردایه‌تیمان بمرین
ئه‌گه‌ر هات و كیژێكی جوان یا پیره مێردێكی فه‌قیر
ده‌رۆزه‌ی كرد بۆ له‌تێ نان یا مناڵێ یا ژنێ پیر
ده‌ریان نه‌كه‌ین ده‌ریان نه‌كه‌ین گه‌ر هه‌مانبێ نه‌ختێ ویجدان
وایان لێهات له‌سه‌ر وه‌ته‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
تا دوای شیعره‌كه، ئه‌م شیعره له بار‌و دۆخی سه‌رگه‌ردانی كوردانی باكوردا نوسراوه، هه‌ر مامه‌ند كه‌ركوكی شیعری دیكوشی بۆ ئه‌و مه‌ینه‌تیه نووسیوه، شیعره‌كه به شێوه‌یه‌كی ساده‌و تا توانراوه به وشه‌ی كوردی په‌تی نوسراوه وشه‌كانی” خۆشه‌ویست ، پێویست ، ده‌رۆزه، سه‌ربه‌خۆیی،دراو ، ده‌ره‌تان” و تادوای وشه‌گه‌لی تا راده‌یه‌ك نوێن بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌وه‌ی ده‌شبینرێ مامه‌ند كه‌ركوكی له شیعره‌كانیدا به‌رده‌وام په‌یامێكی هه‌بووه و له رێگه‌ی شیعره‌وه گه‌یاندویه‌تی بۆیه زۆر جار سه‌روا به‌لای ئه‌وه‌وه گرنگ نه‌بوه،ئه‌وه‌تا له‌و شیعره‌دا ده‌ڵێت :
به بێگانان هه‌زار هه‌زار ئه‌ده‌ین له‌تێ نانیش به‌وان
بده‌ین بده‌ین قوڕمان به‌سه‌ر هه‌ر ئه‌مانن رۆژی ته‌نگان
مامه‌ند كه‌ركوكی وه‌ك شاعیرێكی نه‌ته‌وه‌یی شیعری نووسیوه‌و له شیعره‌كانیدا به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه كه كورد پێكه‌وه بن و پێكه‌وه وڵات و نیشتمانه‌كه‌یان به‌ره‌و پێش به‌رن ، هه‌روه ك داوای ئه‌وه‌ی لێكردون له ته‌نگانه‌و ناخۆشیدا فریای یه‌كتر بكه‌ون و هه‌رچی له ده‌ستیان دێت بۆ یه‌كتری بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به هاوكاری تیكه نان یان قومه ئاوێكیش بێت.
ماونه‌ته‌وه بێ ده‌ره‌تان ئاواره‌ووبێ ڕوو قه‌درن
حه‌یف و مه‌خابن وا فه‌وتان له بێنانی و سه‌رما ده‌مرن
ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت ، به بێگانه ئاماده‌ین هه‌موو شتێ بده‌ین ، با به‌وانیش له‌تێ نان بده‌ین. ئه‌وه‌تا له شیعرێكی دیكه‌شدا كه بۆ كورده‌كانی باكوری نوسیووه، ده‌ڵێت:
رۆژێ ته‌سادوفی بوو توشی فه‌قیرێ هاتم
له گه‌ڵیا كوڕ‌و كیژێ نااویان بوو” كورد و فاتم”
هه‌رسێك ره‌نگ زه‌ردو عاجز گه‌لێ لاواز و بێ تاب
جلیان پرزۆڵ پرزۆڵ بوو ، به‌ڵام هه‌روه‌كو مه‌هتاب
زۆر جوان و ناسك بوون له چاره‌یان دیار بوو
عیفه‌ت ناموس حیشیه‌ت گه‌وره‌ی ئاشكار بوو
گووتی برا كورده‌كه‌م ئێره وڵاتی كورده
حه‌یفێ وه‌هام بیستبوو كه‌كورد به ده‌ست و برده
كوردان ئازا‌و چاو تێرن
به كرده‌وه وه‌ك شێرن
به غیره‌ت و دلێرن
بۆ خۆیه‌تی زۆر نێرن
گوتم خوشكم ئه‌نگۆ كێن بۆچی ئاوا لاوازن
جلتان پرزۆڵ پرزۆڵه وا مه‌لول و بێ نازن
فرمێسكی چاوی رژاند به حه‌سره‌تێكی پڕ سۆز
قابیل نه‌بوو بۆی نه‌بێ له‌و حه‌له جگه‌ر كوز كوز
ماڵ و سه‌روه‌ت ، گوند خانوو خشڵم هه‌موو هه‌ر فه‌وتان
بریا هه‌ردوك ئه‌مانه‌ش بووبان به فیدای كوردان
ئه‌وجا ئه‌بووم به ختیار
له نێوی یارو ئه‌غیار
به عیزه‌ت و پڕ ویقار
ئه‌م كرد گه‌لێ ئیفتیخار
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و شیعره جوانانه‌ی كه باسی رووداوێكی كاره‌سات باری كورده‌كانی باكورمان بۆ ده‌كات و له هه‌مان كاتا ، باسی هه‌ڵوێستی ئه‌و ژنه قاره‌مانه‌شمان بۆ ده‌كات ، كاتێ هه‌موو شتێكی له ده‌ست چووه‌و سه‌رگه‌ردان و ئاواره‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كوڕ‌و كچه‌كه‌شی ده‌كاته قوربانی نیشتمان.
شیعرێكی دیكه له شیعره جوانه‌كانی مامه‌ند كه‌ركوكی شیعری بۆ خاوه‌نی هاواره كه عه‌ونی شاعیر كردویه‌تی به پێنجخشته‌كیه‌كی زۆر نایاب، ئه‌مه‌ش ده‌قی شیعره‌كه‌یه كه بۆ میرجه‌لاده‌ت به‌درخانی ناردووه:
بۆ خاوه‌نی هاوار
ئه‌میری موحته‌ره‌م ئه‌ی فه‌خری میلله‌ت میر جه‌لاده‌ت به‌گ
نه‌وه‌ی شێری جزیره و قاره‌مانی موڵكی بۆتانی
به‌راستی خانه‌دانتان لاییقی ته‌عزیم و ته‌بجیله
له‌سه‌ر كورد لازمه دایم بكا عه‌رزی په‌نا خوانی
له‌ناو قه‌لبی هه‌موو لاوێكی كورد ئه‌م شیعره نووسراوه
كه شایسته‌ی سوپاس و شوكره فامیلیلی به‌درخانی
له‌ناو ته‌ئریخی میلله‌ت قاره‌مانی جه‌دی ئه‌علاتان
ئه‌وه‌ند مه‌شهوور و مه‌علوومه نییه حاجه‌ت به ئیعلانی
هه‌ر ئێوه‌ن گه‌ه به‌شێر و گه‌ه به خامه بۆ نه‌جاتی كورد
سه‌ر و ماڵتان فیداكه‌ن هه‌ر له بۆتان تاكو بابانی
له خه‌وابی دڵ به‌د ناویی له ژێر زوڵمی ئه‌جانبدا
نه‌مابوو زه‌ڕه ویژدان و شعوورێكی وه‌ته‌ن دانی
له ئاغا تاكو نۆكه‌رمان له تاجیر تاكو ڕه‌نجبه‌رمان
هه‌موو مه‌ستی خه‌رابات بوون به باده‌ی جه‌هل و نادانی
غووری قه‌ومی و حوبی وه‌ته‌ن وه‌ك كوفر و ئیلحاد بوو
شه‌ره‌ف ته‌نها عیباده‌ت بوو له حوبی خێڵی توورانی
هه‌تا به‌و نه‌عره‌ته‌ی شێرانه گێتی گشت له خه‌و هه‌ستان
چ كرمانج و چ زازا تا ده‌گاته لوڕ و گۆرانی
له سایه‌ی به‌زم و ڕه‌زمی ئێوه میلله‌ت زۆر ئومێده‌واره
نه‌جاتی بێ له په‌نجه‌ی دوژمنی بێ دین و ئیمانی
به شاكاری بلندتان رووحیان شادان و خه‌ندانه
سه‌لاحه‌ددین و حاجی قادر و شێخ ئه‌حمه‌دی خانی
ئه‌مینم ئاخیری ئه‌م عه‌زمه‌تان ڕۆژێ ئه‌خوڵقێنێ
چ ڕۆژێ؟ جه‌ژنه‌كی خۆشتر له سه‌د نه‌ورۆزی سوڵتانی
به ته‌ئریخ و به عیلم ته‌جروبه مه‌علووم و مه‌شهووره
كه حه‌ق ژێر ناكه‌وێ ناحه‌ق زه‌عیفه و سسته بونیانی
له قه‌لبی میلله‌تی كوردی مه‌وقعی ئێوه گه‌لێ به‌رزه
بڵندتر سه‌د هه‌زار ده‌فعه له نه‌وشیروان و ئه‌یوانی
به‌ری سه‌عیی وه‌فاكاری گه‌لێ شیرینه وه‌ك شه‌ككه‌ر
وه‌ته‌ن په‌روه‌ر عه‌زیز و گه‌وره‌یه زۆر به‌رزه عینوانی
نه‌تیجه زوڵم و خوێن ڕێژیش نیشانه‌ی مه‌حوی خوێن ڕێژه
دوا ڕۆژی سته‌مگه‌ر هه‌ر نه‌مانه و هه‌ر په‌رێشانی
كوشنده حه‌قی كوژرانه سه‌گی هار عومری چل ڕۆژه
نه‌صیبی زاڵمیش مه‌حوو و فه‌نایه و خانه‌وێرانی
له ئاخردا ئه‌بێ له‌ت له‌ت كرێ زووحاكی ئینسان خۆر
به‌ده‌ستی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر و ئه‌تباع و خوێشانی
ئه‌فه‌رمووێ حه‌زره‌تی زه‌رده‌شت له ئاوێستا كه وه‌ختی خۆی
كتێبی دین و دنیا بوو له لای ماگۆش و ئاترانی
نیهایه‌ت(ئه‌هریمه‌ن) هه‌ڵدێ له ترسی(هورمز)ی خێر خواه
به دۆزه‌خ شاد ئه‌بێ رووحی خه‌بیس و جومله دیوانی
له پاش مه‌دح و سه‌نا بۆ كۆمه‌ڵه‌ی عالی وه‌ها چاكه
بكه‌م بۆ عیززه‌ت و ئیقبالیان تۆزێ دووعا خوانی
خودایه كامه‌ران و سه‌رفراز و پایه‌داریان كه‌ی
نه‌وه‌ی شێرانی كوردان یه‌عنی خێزانی به‌درخانی
مامه‌ند كه‌ركوكی شاعیر له‌م شیعره‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت هیواو ئاواتێكی زۆری به میرانی به‌درخانیه‌و وه‌ك فریاد ره‌سێك سه‌یریان ده‌كات ، به‌م چامه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ، كه مامه‌ند كه‌ركوكی سیاسی و نیشتمان په‌روه‌رێكی راسته‌قینه بووه، ئه‌و له‌سه‌رتاسه‌ری شیعره‌كه‌دا به‌هه‌مان رێبازی خانی و حاجیدا ده‌ڕوات و له‌ناو شیعره‌كه‌شدا ناوی هه‌ردوكیان دێنێت.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه له یه‌ك چوونی شیعره‌كانی مامه‌ند كه‌ركوكی و ئه‌سیریه له‌رووی ناوه‌ڕۆك و كوردایه‌تیه‌وه، له‌وه‌ده‌چێت هه‌ردوكیشیان ئاشنایه‌تی هه‌بووبێت له نێوانیاندا ، ئه‌گه‌ر چی تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌م بۆ ساغ نه‌بوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان شیعریان بۆ زاری كرملنجی و شوێنی دیكه ناردوه.
كه‌ریم شاره‌زای نوسه‌ر له‌باره‌ی مامۆستایه‌تی مامه‌ند كه‌ركوكیه‌وه له كۆیه رۆسته‌م حه‌وێزیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، له ساڵانی “1937-1928″ له كۆیه مامۆستایان بووه شیعری خۆی بۆ له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌ش بۆ نووسیون، ده‌ڵێت ” شیعره‌كه‌ی نووسی و ووتی ئه‌مه شیعری خۆمه‌و پێی له‌به‌ر كردین، دوای نزیكه‌ی” 14 “ساڵ له مێژوه، رۆسته‌م حه‌وێزی به گوێره‌ی قسه‌ی خۆی مامۆستا ره‌مزی ره‌حیم له كه‌ركوك ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه ساڵی 1942 ه، ده‌ڵێت “داوای شیعری تازه‌م لێ‌كرد ، كه‌چی وه‌ك هه‌ستم كرد چ ئا ره‌زوی جارانی نه‌ما بوو بۆ شیعر‌و شیعر دانان” ئه‌مه‌ش مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردن و له‌سه‌ر وه‌ستان و به دوادا چوونه، ئه‌رێ چ خێر له نزیكی یه‌ك سه‌رده‌مدا هه‌ریه‌ك له ئه‌سیری و مامه‌ند كه‌ركوكی هیچیان وه‌ك پێویست ئاره‌زوی شیعر دانانیان نامێنێت، هه‌رچه‌ند له‌وه ناچێت كه‌سیان وازیان له سیاسه‌ت هێنابێت.به‌گوێره‌ی قسه‌ی مامۆستا عه‌بدولمه‌جید نوره‌دین جه‌لی زاده كه ئه‌ویش قوتابی مامه‌ند كه‌ركوكی بووه،له ساڵی 1935 خولێك بۆ 150 مامۆستا له به‌غدا له رۆسته‌میه كراوه‌ته‌وه، بۆ فێربوونی بنچینه‌ی نوێی وانه ووتنه‌وه، ئه‌و بۆ مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا ده‌ڵێت: ” له‌و خوله‌دا هه‌ریه‌ك له بێكه‌سی شاعیر‌و گۆرانی شاعیر‌و نه‌جمه‌دین مه‌لاو عه‌لی ئاگا‌و مامه‌ند كه‌ركوكی و زۆری دیكه‌مان له‌گه‌ڵ بوو، به‌م قسه‌یه بێت ، كه‌واته گۆران و بێكه‌سیشی له نزیكه‌وه ناسیوه، ئه‌مه‌ش دیسان ئێمه ناچاری ئه‌وه ده‌كات كه به دوای ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌دا بگه‌ڕێین و له‌وه‌ش بپرسین ئه‌وه بۆچی هیچ یه‌ك له‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه له یاداشت و بیره‌وه‌ری خۆیاندا باسی یه‌كتریان نه‌كردوه.به‌هه‌ر حاڵ ئێمه هێشتا له‌سه‌ره‌تای كاره‌كه‌داین و پێویسته شیعره‌كانی مامه‌ند كه‌ركوكی كۆبكه‌ینه‌وه‌و زیاتر به‌دوادا چوونیان بۆ بكه‌ین ، ئه‌و چه‌ند پارچه شیعره‌ی كه له زاری كرمانجی و شوێنگه‌لی دیكه بڵاو بوونه‌ته‌وه، ناكرێت به‌ته‌واوی كاره‌كانی ئه‌و ئه‌ژمار بكرێن، له كاتێكا به‌لای كه‌مه‌وه ئه‌و بۆماوه‌ی نزیكه‌ی بیست ساڵ شیعری نووسیوه ئه‌گه‌ر وادابنه‌ین له ساڵی 1920 بۆ 1940 شیعری نووسیبێت و ته‌واو، له‌وه ده‌چێت په‌یوه‌ندیه‌كی فراوانیشی هه‌بووبێت چ له‌ناو باشوری كوردستان چ له پارچه‌كانی دیكه، به‌بڕوای كه‌ریم شاره‌زا مامه‌ند كه‌ركوكی له سه‌ره‌تای بیسته‌كانه‌وه‌تا ناوه‌ندی سیه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌ك شاعیرێكی شۆڕشگێڕ‌و وه‌ك یه‌كه‌م نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ركه‌وتووه.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سه‌رچاوه‌كان:
1- بڕوانه ژماره‌كانی زاری كرمانجی كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و پێشه‌كی بۆ نووسینی “د . كوردستان موكریانی” ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی _ هه‌ولێر 2002.
2- كه‌ریم شاره‌زا مامه‌ند كه‌ركوكی ره‌مزی ره‌حیم جاوفرۆشه گۆڤاری به‌یان ژماره 23 ئازاری 1975 لاپه‌ڕه 28 بۆ 31 .
3- دیوانی عه‌ونی كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی بۆ چاپ فه‌رهاد عه‌ونی .
4- چه‌ند دێڕێك له ژیاننامه‌ی مامه‌ند كه‌ركوكی ، ره‌فیق ساڵح ده‌ستنووس.
5- به‌بڕوای مامۆستا ئه‌مین شوان مامه‌ند كه‌ركوكی شاعیر‌و رۆشنبیرێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد بووه، ته‌نانه‌ت ناونانی مناڵه‌كانیشی له‌و رۆژگاره‌دا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ ، سه‌لاحه‌دین یان نه‌ژاد، نه‌وزاد 1943، هه‌ڵۆ 1945، كچه‌كانی خاتوو زین، سه‌وزه ، نه‌سرین ،گوزیده ، شه‌رمین.
• له زاری كرمانجیدا گۆڤاره دانسقه‌و پڕ زانیاریه‌كه‌ی حوسێن حوزنی موكریانی ، له شیعری ده‌ردی ده‌رون دا :
ده‌ڵێت برا كوردانی خۆشه‌ویست تكام وایه چاك گوێ بگرن
له‌سه‌ر هه‌موومانه پێویست بۆ كوردایه‌تیمان بمرین
من له‌بری گوێ‌بگرن ، گوێ بگرینم نووسیوه، لام وایه كاتی خۆی مامه‌ند كه‌ركوكیش هه‌ر ئه‌وه‌ی نووسیبێت به پێی ئه‌وه‌ی له نیوه‌كه‌ی دوه‌مدا ده‌ڵێت له‌سه‌ر هه‌موومانه پێویست، ئه‌و خۆیشی ده‌خاته‌ناو هه‌مووكه‌وه، كه‌واته زۆر ئاساییه، له بری گوێ بگرن بڵێت گوێ بگرین، ئه‌مه بۆچونه‌و هیچی دی.
• قسه كردنی زیاتر له‌سه‌ر شیعره‌كان و پێنج خشته‌كیه‌كه‌ی عه‌ونی شاعیر هه‌ڵده‌گرین بۆ كاتی خۆی .
• گه‌وره‌ترین كێشه له‌م كاره‌دا كه دێته پێش ئه‌وه‌یه كه لاپه‌ڕه‌كانی زاری كرمانجی وه‌ك پێویست ناخوێنرێنه‌وه.