Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
گفتووگۆ له‌گه‌ڵ کاروان کاکه‌سوور له‌باره‌ی ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ کاروان کاکه‌سوور له‌باره‌ی ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)

Closed

 

 

 

 

کاروان کاکه‌سوور: ئەدەب بۆ من مانای دروستکردنی پێوەندی نییە لەگەڵ خوێنەردا، بەڵکو پێش هەموو شتێک مانای دروستکردنی پێوەندییە لەنێوان منی ئێستا و منی داهاتوودا.

 

 

1. بەوە ڕاهاتوویت خوێنەر بخەیتە بەردەم دنیایەکی تەواو جیاوازەوە. له‌ کازینۆی منداڵانیشدا ئەو دنیایە هەم جیاواز و هەم ئاڵۆزە، به‌و پێیه‌ی ڕووداو و سه‌ربرده‌ی کاره‌کته‌ره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی چر تێک ئاڵاون. هه‌ندێک که‌س ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و تێکئاڵانه‌ وای کردووه‌ سه‌ربرده‌ی به‌شێکی کاره‌کته‌ره‌کان دیار نه‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئایا پێتان وا نییه‌ ئه‌و دابڕانه‌ له‌ هێڵی گشتیی ڕۆمانی کوردیدا ماوه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت تاکو شوێنی خۆی ده‌گرێت؟

 

کاروان: ڕاستییەکەی ئەو کاتەی بە دوای دنیای نوێ و جیاوازدا دەگەڕێم، زۆر تەنیام و ئەوەی لە خەیاڵم نییە، خوێنەرە، بگرە خۆیشم وەک نووسەر بوونم نییە، بەڵکو هێندە دەزانم بە هیچ شتێکی خۆم و ئەم دنیایە ڕازی نیم. هەست دەکەم سەرتاپێی ڕابردوو و ئێستام مردوون، جگە لە خەیاڵ، کە تاکە شتی زیندوومە دەتوانم دەستی پێوە بگرم و خۆمی پێ لەم ئێستایەم ڕزگار بکەم، بەڵام سەیر ئەوەیە لای من هیچ شتێک هێندەی خەیاڵ ترسناک نییە، کە ئەو ترسە بەردەوام بۆ دنیای سەیروسەمەرەی پەلکێش کردووم. من چونکە بە دوای شتی دیاریکراودا ناگەڕێم، ئەوا وێنەیەکی ئامادەم لە بەرچاو نییە، بەڵکو لە یەک کاتدا خۆم لە بەردەمی کۆمەڵێک وێنەی جیاواز و لەیەکنەچوودا دەبینمەوە. هەر ناشزانم ئەو شتانەی لەم گەڕانەدا دەیاندۆزمەوە چین، بۆچی باشن و دەبێت چۆنیان بە کار بهێنم. ئەدەبیش ڕێک لێرە لە دایک دەبێت، کە توانای هەیە شتی ناڕێک و جیاواز لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و ڕێگا نەدات هیچ ئامانجێک، هیچ مەبەست و هیچ پلانێک بوونی هەبێت. ئەدەب بۆ من مانای دروستکردنی پێوەندی نییە لەگەڵ خوێنەردا، بەڵکو پێش هەموو شتێک مانای دروستکردنی پێوەندییە لەنێوان منی ئێستا و منی داهاتوودا. بە مانایەکی تر من لە ڕێی ئەدەبەوە، ڕاستتر لە ڕێی ئەدەبی گێڕانەوەوە دەتوانم ئەم ئێستایە جێ بهێڵم و بە داهاتوو بگەم، کە داهاتوو لای من تەمەنی زۆر کورتە و خێرا دەبێتە ڕابردوو، ئەوە ئەگەر نەڵێم هەر پێی ناگەم، بۆیە ئەو پرۆسێسە، پرۆسێسی جێهێشتنی ئێستا، بەردەوامە و کۆتاییی نایەت. بەرهەمی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت داهێنەرانە بێت، کە نەک هەر شەڕ بە ئاستی تێگەیشتنی کۆ بفرۆشێت، بەڵکو ئاستی تێگەیشتنی خودی نووسەریش تێبپەڕێنێت. شوێنی خوێنەر لای من لە داهاتووە، نەوەک لە ڕابردوو. واتە کاتێ بەر خوێنەر دەکەوم، کە لەناو تەنیاییی خۆمدا ئایدیاکانم گەیاندووە و هیچ ڕێگایەک نەماوە بۆ پەشیمانبوونەوە. من پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایە خوێنەر لە کاتی نووسیندا ئامادەیە و ڕۆڵی لە ئاڕاستەکردنی زمان و دەربڕینی نووسەردا هەیە، دەڵێم من ئەگەر خوێنەرێکم لەگەڵدا بێت، ئەوا خوێنەرێکی گریمانییە و دواجار ئەویش هەر خۆمم. ئەوە نووسەرە خوێنەر دەخوڵقێنێت، نەوەک بە پێچەوانەوە. ئەو تێکستانەی خاوەنی پرسیاری نوێ و جیاوازن، خوێنەری نوێ بەرهەم دەهێنن. بەردەوام گوتوومە کاتێ دەنووسم جگە لە خۆم کەسێکی دیکەم لە بەرچاو نییە. من پێویستم بەوەیە ئەو وێنانەی ناوەوەی خۆم فڕێ بدەمە دەرێ، چونکە وا دەزانم ژیانم لە دوای فڕێدانی ئەوانەوە دەست پێ دەکات، کە خۆشبەختانە ئەوە هەرگیز ڕوو نادات، بۆیە پرۆسێسەکە بەردەوامە. من خۆم نیم بڕیار دەدەم ئەوەی دەینووسم پێویستە ئاسان بێت و هەموو لێی تێبگەن، یان زەحمەت بێت و کەس لێی تێنەگات، بەڵکو ئەو وێنانەی ناوەوەمن بڕیار دەدەن، کە لە ئەنجامی تێڕوانینی منەوە بۆ خۆم و بۆ دەوروبەرمەوە دروست بوون. ئەو وێنانە هەم لە یەکتر دەچن و هەم جیاوازن، بۆیە دەشێ وێنەیەکی منداڵی و یەکێکی گەورەیی بە هۆی بوونی ڕەگەزی هاوبەشەوە پێکەوە دەربکەون، بۆیە هەندێک خوێنەر ناتوانن ئەو لینکە بدۆزنەوە و لێیان تێک دەچێت. ئەو خوێنەرەی بیەوێت بە شێوەی ڕیزبەندی بە دوای ڕووداوەکانی ناو بەرهەمی مندا بڕوات، وەک ئەوەی لە چیرۆک و ڕۆمانی تردا پێی ڕاهاتووە، ئەوا تێیدا سەرکەوتوو نابێت. من هیچ کارەکتەرێک، هیچ ڕووداوێک، هیچ زەمەن و هیچ شوێنێکم نییە تەواو بێت، بەڵکو هەموو شتەکان لە دنیای مندا پارچەپارچەن و دەبێت لێرە و لەوێ بە دوایاندا بگەڕێیت، کە مەرج نییە بیاندۆزیتەوە. بەڵێ، سەربردەی بەشێک لە کارەکتەرەکان ونە و سنووری ڕووداوەکان دیار نین، چونکە پرۆسێسی گێڕانەوە لای من بریتییە لە دەستکاریکردنی واقیع، نەوەک گوێزانەوەی. وەک لە پرسیارەکەی ئێوەدا هاتووە بەوە ڕاهاتووم خوێنەر بخەمە بەردەم دنیایەکی تەواو جیاوازەوە، بەڵام دەبێت بزانن ئەو دنیایە پێش ئەوەی بۆ خۆێنەر جیاواز بێت، بۆ خۆیشم جیاوازە. دەکرێت بڵێم حەز و ئارەزووی من بەر لەوەی بۆ نووسین بێت، بۆ دۆزینەوەی دنیای جیاوازە، بەڵام لە نووسین زیاتر شک نابەم ئەو دنیایەی پێ لە ئاستی نەبینراوەوە پێ بهێنمە ئاستی بینراوەوە. ئێستا دەتوانم بڵێم حەز و ئارەزووی گەرمم بۆ نووسین هەیە، مادام تاکە ڕێگایە بۆ پێشاندانی دنیای جیاواز. تێکستە هەرە گەورە و قووڵەکانیش بەرهەمی ئەو حەز و ئارەزووە گەرمەن. حەز و ئارەزووی نووسین وا دەکەن نووسەر بۆ خۆی بنووسێت، نەوەک بۆ ئەوانی تر. ئەوە تۆیت تینووی ئەوەی نهێنییەکانت بدۆزیتەوە و بۆ خۆتیان دەرببڕیت. خەسڵەتی ئەدەبی ڕووکەش ئەوەیە نووسەرەکەی تینووی دەربڕین نییە، بەڵکو مەبەستیەتی بە ئەوانی تر بڵێت بوونی هەیە. هەستی تینوویەتی تەنیا بۆ نووسین پاڵت پێوە نانێت، بەڵکو بە پلەی یەکەم بۆ خوێندنەوە پەلکێشت دەکات، چونکە ئەو دووانە لە یەکتر جیاواز نین. بۆ من نووسین سرووشتێکی فریودەرانەی هەیە، بەوەی ئەو دنیایەی ئێستا بە شێوەی جیاواز و نوێ پێشانم دەدات، زۆری پێ ناچێت وەک شتی ئاسایی دەیخاتەوە بەرچاوم، بۆیە دەبێت دنیایەکی تر بخوڵقێنم. (کازینۆی منداڵان)یش هەر بەم شێوەیە لە دایک بوو، بۆیە ئەم ڕۆمانەیشم وەک ئەوانەی ترم خۆی لە بەرانبەر دوو جۆر خوێنەری زۆر پێچەوانەی یەکتردا بینیوەتەوە، یەکەمیان ئەو خوێنەرە ئاساییەی دەیەوێت هەموو شتێک بە ڕوونی ببینێت. ئەو خوێنەرە هەندێک نموونەی زۆر سادەی ڕۆمانی خستووەتە بەرچاوی، کە هەر تێکستێک وەک ئەوانە نەبێت، بە لاوەی دەنێت. واتە ستریۆتایپێکی لە خەیاڵیدا هەڵگرتووە و بەردەوام کارە ئەدەبییەکانی پێ دەخوێنێتەوە. بە کورتی ئەو خوێنەرە دەیەوێت تێبگات، کە تێگەیشتن واتە دانانی چوارچێوە بۆ ئایدیاکان. ئەو خوێنەرە دەیەوێت لە ڕێی تێگەیشتنەوە سەرجەم تێکستەکە بۆ یەک دوو بڕگەی سادە کورت بکاتەوە، بەو مەبەستەی بڕیاری چاکەوخراپەی لە سەر بدات، چونکە ئامانجی سەرەکیی ئەو دەرکردنی بڕیارە. بەم شێوەیە تێکستی ئەدەبی بۆ ناو ئەو واقیعە دەگەڕێنێتەوە، کە جێی هێشتووە، تاکو بەو پێوەرە سواوانەی واقیع هەڵیبسەنگێنێت، لە کاتێکدا ئەدەب  بۆیە واقیع جێ دەهێڵێت، تاکو واقیع و لۆژیکی خۆی دابمەزرێنێت. دووەمیان، ئەو خوێنەرەی بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە تێبگات، بەڵکو مەبەستیەتی لە ڕێی خوێندنەوەوە خودی ئەو تێگەیشتنەی هەیەتی تێک بشکێنێت و لێکدانەوەی جیاواز لەوەی نووسەر مەبەستی بووە، بکات. من بەردەوام گوتوومە من خاوەنی خوێنەری زۆر نیم و لەسەر ئاستی میللیدا نەناسراوم، بەڵام لە خۆم ڕادەبینم بڵێم خوێنەری بەرهەمەکانم ئەوانەن بە قووڵی دەخوێننەوە و بە پرسیاری نوێ ڕووبەڕووم دەبنەوە. ئێستا بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوتم من لە کاتی نووسیندا تەنیا خوێنەرێکی گریمانیم لە بەرچاوە. ئەوەی ئاستی خوێنەرە گریمانییەکەی من بەرز دەکاتەوە، ئەو خوێنەرەیە، کە بە پرسیاری نوێ ڕووبەڕووم دەبێتەوە. من لە هەر بەرهەمێکی نوێمدا دەمەوێت ئاستی تێگەیشتنی ئەو خوێنەرە گریمانییە، ئەو خوێنەرە ڕەخنەگر و خاوەنپرسیارە تێبپەڕێنم، کە ئەمە وام لێ دەکات کەمتر، بەڵام قووڵتر بنووسم. بە هەرحاڵ (کازینۆی منداڵان) بۆ من ئامانجی خۆی پێکا، کە توانی لەو هەموو کارەکتەر و ڕووداوەی ناو خەیاڵمم ڕزگار بکات. ئەگەرچی هیچ کاتێ پلانم نەبووە وا بنووسم خوێنەر لێم تێنەگات، بەڵام بە ڕاستی بەوە دڵخۆشم، کاتێ خوێنەر لێرە و لەوێ ناڕەزاییی لە بەرانبەر شێوازی گێڕانەوە و زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکانم دەردەبڕن.

 

2. تێکه‌ڵکردنی دۆخی سایکۆلۆجیی کاره‌کته‌ره‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ستی بوون به‌ ئاژه‌ڵ له‌ به‌شێکی زۆری کاره‌کانتدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. له‌ ئه‌ده‌بی جیهاندا نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ لای کافکا، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و به‌دگۆڕانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چڕه‌ نه‌بوویینه‌وه‌. ئایا خاڵی هاوبه‌شی ئه‌و تێکه‌ڵکردنانه‌ چین؟ چی وا ده‌کات کاره‌کته‌رێک هه‌ست بکات بووه‌ته‌ مانگا و له‌گه‌ڵ مرۆڤیش هاوسه‌رگیریی کردووه‌؟

 

کاروان: ئەدەبی گێڕانەوە توانای هەیە هەموو نهێنییە شاراوەکانی ناوەوەی کارەکتەر تێکەڵی دنیای دەرەوەی بکات، بەوەی پشت بە دەنگی جیاواز و دیدگای جیاواز دەبەستێت. هەموو نزیکبوونەوەیەک لە ناخی کارەکتەر نزیکبوونەوەیە لە دنیای فەنتاسیا و میتۆلۆجیا و دوورکەوتنەوەیە لەو پێوەر و یاسایانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ناسراون. لەگەڵ دەرکەوتنی شێوازی (شەپۆلی هۆش)دا دنیای ناوەوە نەک هەر بایەخی گەورەی پەیدا کرد، بەڵکو ئەو تێڕوانینانەیشی گۆڕی، کە بۆ دنیای دەرەوە لە ئارادا بوون. ئەو شێوازە توانی کارەکتەر لەژێر دەستەڵاتی لۆژیک و پێوەرەکانی دەرەوە ڕزگار بکات و ئازادییەکی گەورەی پێ ببەخشێت. بە هۆی ڕەگەزی وەک خەون، وڕێنە و هەلوسینەیشن، کە ئەو شێوازە پشتیان پێ دەبەستێت، هەستە پەنهان و ئارەزووە شاراوەکانی کارەکتەر هاتنە ناو زمانەوە و گەیشتنە ئاستی گوتراوەوە. بۆ نموونە یەکێ لە خەسڵەتەکانی خەون گۆڕانی ماهییەت و فۆرمی شتەکانە. دەشێ گوڵێک بۆ مێروولە بگۆڕێت، مێروولەکە بۆ ئەسپ و ئەسپەکە بۆ ژن و ژنەکە بۆ باڵندەیەک بگۆڕێت. ئەوانە لە بواری ئەدەبدا بە فێڵ و سکیڵ ناسراون، کە (پۆل ڕیکۆر) بە زمانی ناڕاستەوخۆیان دەزانێت و نووسەر بە مەبەستی جوانکاری بە کاریان دەهێنێت. وەک گوتمان ڕۆمان هاوکاتی دەرکەوتنی تەکنەلۆژیا و گەشەکردنی ئامێرەکانە، کە ئەمە وای کردووە دنیای ئەدەبی گێڕانەوە ئاڵۆز بێت. تەنیا دەرکەوتنی کامێرای فۆتۆگرافیک گۆڕانێکی گەورەی بەسەر ئەو دنیایەدا هێنا. شێواز و مانای وێنەکانی تەواو گۆڕی. با لەم شوێنە سەربردەیەکی خۆش، ڕاستتر نوکتەیەکتان بۆ بگێڕمەوە. پیاوێکی گەڕەکمان هەیە زۆر هەڵەشەیە. لەسەر هەموو شتێک لە ژن و منداڵەکانی تووڕە دەبێت و جوێنیان پێ دەدات. باوکی هاوڕێیەکی خۆمە. نیوەڕۆیەکی هەشتاکان ژنەکەی بە نیازە شفتە بکات. لە ناکاو دەڵێت پیاوەکە هەموو کەرەستەکانم کڕیوە، بەڵام تەنیا کەرەوزم لە بیر چووە. ئیتر ئەو هەزار جوێنی پێ دەدات و بە پەلە دەچێت کەرەوز بکڕێت. کاتێ دێتەوە لە کۆڵان بانگی دەکات، کە ئەو لە نهۆمی سەرەوەیە و لەو پەنجەرەیە سەر دەردەهێنێت. دوای ئەوەی تۆپەڵێک جوێنی زۆر ناشیرینی دیکەی پێ دەدات، ئینجا پێی دەڵێت وەرە بە ملی شکاوت ئەم کەرەوزە ببە. کوڕەکەی پێم دەڵێت خۆزگە ئێستا کامێرام پێ دەبوو و وێنەم دەگرتن. من پێی دەڵێم وێنەکە دیمەنێکی تەواو پێچەوانەی واقیع پێشان دەدات. پیاوێکمان هەیە چەپکێ گوڵی پێیە و لە ژنەکەی دەڕوانێت، کە لە پەنجەرە سەری دەرهێناوە. پێی دەڵێت گیانەکەم ئەم چەپکەگوڵەم بۆ هێناویت، بەڵام نازانم چۆن بیدەمە دەستت. ئەگەر من بۆ لات سەر بکەوم، ئەوا دەبێت بگەمە پایەی تۆ، کە مەحاڵە ڕێگا بە خۆم بدەم کاری وا ناشایستە بکەم. خۆ ئەگەر تۆیش بۆ لام داببەزیت، ئەوا بۆ من شەرمەزارییەکەی گەورەیە. تۆ بزانە عیشق چ مەتەڵێکە، گیانەکەم! سەرنج بدەن نەک هەر ڕووی دەرەوەی وێنەکە پێچەوانە بووەتەوە، کە دەسکێ کەرەوز بۆ چەپکێ گوڵ گۆڕاوە، بەڵکو ئەو گۆڕانە گەیشتووەتە ناوەوەیش. ئەوەتا لە زمانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. جوێن و سووکایەتییەکە نەماون و نیگای پڕ لە خۆشەویستی و گوتەی ناسک و شیرین شوێنیان گرتوونەتەوە. ڕۆمان لە مێژووی ژیانی خۆیدا بەردەوام شێوازی جیاواز و کەناڵی دەربڕینی جیاوازی ئەزموون کردووە. یەکێ لەوانە شێوازی فرەدەنگییە، کە خوێندنەوەکانی (باختین) بۆ (دۆیستۆیڤسکی) و ئەوانی تر زیاتر گرنگیی ئەو شێوازەی دەرخست. فرەدەنگی واتە فرەلۆژیکی. واتە هەر کارەکتەرێک لۆژیکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی لای کارەکتەرێک ئاساییە لای یەکێکی تر سەیروسەمەرەیە. ئەوەی ئەم بە پیرۆزی دەزانێت، ئەو بە نەفرەتی دەکات. ئەو وێنەیەی ڕۆمانی فرەدەنگی بەرهەمی دەهێنێت، جیاوازە لەو وێنەیەی لە ڕۆمانی ستاندارددا دەیبینین. لەوەی دواییاندا وێنە یەک مەبەستی دیاریکراو و یەک فۆرمی چەسپاوی هەیە، بەڵام وێنە لە ڕۆمانی فرەدەنگیدا کۆمەڵێک مەبەست و چەند فۆرمی جیاوازی هەن، مادام دەکەوێتە بەردەم تێڕوانینی جیاوازەوە. دەشێ بوونەوەرێک لە یەک کاتدا ڕووەک، ئاژەڵ و مرۆڤ بێت. ئەوە پێوەستە بەوەی کێ لێی دەڕوانێت، چۆن لێی دەڕوانێت و بە چ مەبەستێک لێی دەڕوانێت. ئەوەی ئەو فەزایە دەخوڵقێنێت و وا دەکات هەر ڕەگەزێکی ڕۆمان لە کارەکتەرەوە بۆ ڕووداو، لە کاتەوە بۆ شوێن، لە مەنەلۆجەوە بۆ دایەڵۆگ و ئەوانی تر فرەڕەنگ و فرەدەنگ بن، زمانە، بەوەی زمان توانای هەیە ببێتە هێزێکی دینامیکی و مانای جیاواز بەرهەم بهێنێت، بۆیە هەر خوێندنەوەیەک بۆ ئەو شێوازە ئەگەر بایەخی گەورە بە زمان نەدات، ناتوانێت شتی کاریگەر بە دەستەوە بدات. شێوازی فرەدەنگی پێش هەموو شتێک یاسای هۆکار تێک دەشکێنێت و ڕێگا بە ڕەخنەگری دیمۆتیک (میللی) نادات بەشێک لە تێکستەکە وەربگرێت و بڵێت ئەمە بۆچی ئاوایە و ئەمەت لەبەرچی وا لێ کردووە، چونکە ئەو بەشە لە کۆمەڵێک لاوە پێوەندیی بە بەشەکانی ترەوە هەیە، بەوەی ئەو شێوازە پشت بە ئەسوسەیشن دەبەستێت، واتە کۆتوبەندی کاتوشوێن تێک دەشکێنێت و بە شێوەی ڕوواری ((Arbitrary)) ڕووداوەکان پێوەندی لەنێوان خۆیاندا دروست دەکەن، کە دەشێ ڕووداوێکی ئێستا پێوەندیی بە ڕووداوێکی ڕابردووەوە هەبێت و ئەوەی ڕابردوویش پێوەندیی بە یەکێکی داهاتووەوە هەبێت، بۆیە هەردوو تەکنیکی فلاشباک و فلاشفۆوەرد، واتە گەڕانەوە بۆ داوەوە و بازدان بۆ داهاتوو ڕۆڵی گەورە لەو پێوەندییانەدا دەبینن. وەک گوتم ئەمە ئەو بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت، لە جیاتی ئەوەی بە دوای هۆکاری ئەو پێوەندییانەدا بگەڕێت، دەبێت لێکدانەوەیان بۆ بکات. بۆ نموونە ناکرێت خوێنەر سەرزەنشتی من بکات چۆن ئاژەڵ منداڵی دەبێت، چونکە ئەو ئاژەڵە لە ڕووێک لە ڕووەکانی تریدا مرۆڤە. تێکستی ئەدەبی هەوڵی ئەوە دەدات وێنەی جیاواز لەو وێنە باوانەی ئێمە پێیان ڕاهاتووین، بە دەستەوە بدات. ئێمە بەوە ڕاهاتووین مرۆڤ لەم فۆرمەی ئێستایدا ببینین، بەڵام ئەدەب دەیەوێت فۆرمی دیکەی ئەو مرۆڤەمان پێشان بدات. ئەدەب بۆیە دەچێتە ناو دنیای ناوەوە، تاکو زمان بەو وێنانە ببەخشێت، کە زمانی ئاسایی توانای نییە دەریانببڕێت. واتە ئەدەب ئەو زمانە بایۆلۆجییە تێدەپەڕێنێت و بە زمانی مێتافیزیکی دەدوێت. سنووری زمانی بایۆلۆجی دیاریکراوە، بەڵام زمانی مێتافیزیکی کراوەیە. ئەگەر یەکێک لە دنیای فاکچوەڵدا بڵێت (من کوڕی مانگام)، جیاوازە لەوەی (پەریهان) لەم ڕۆمانەدا دەڵێت (من کچی مەیسوونی مانگام)، چونکە (پەریهان) نەک هەر خۆی سیمایەکی میتۆلۆجییانەی هەیە، بەڵکو لەناو فەزایەکی میتۆلۆجییانەیشدا بیر دەکاتەوە و هەڵدەسووڕێت. شێوازی فرەدەنگی پایەی نارەتەرەکان، واتە ئەوانەی لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بەسەرهاتەکان دەگێڕنەوە، فرەوانتر کرد و ئازادیی بێسنووری پێ دان، کە بتوانن هەم لەناو زەمەن و هەم لەناو شوێندا هەڵبسووڕێن، هەم فاکتواڵ بن و هەم خەیاڵ. هەر بەم شێوەیە ئاستەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو تێکەڵی یەکتر دەبن، بۆیە لام ڕوونە تێگەیشتن لەو ڕۆمانانەی بەو شێوازە دەنووسرێن، لای ئەو کەلتوورانە قورسە، کە زیاتر زارەکین و بایەخی نووسینیان نەزانیوە، چونکە کەلتووری زارەکی بەوە ڕاهاتووە گێڕانەوە تەنیا لە شێوەی ئاسۆیی تێبگات، واتە ئەو شێوازەی بەسەرهات لە شێوەی زنجیرە دەگێڕێتەوە، لە کاتێکدا شێوازی ستوونی و بازنەیی بەرهەمی نووسینن و ئەوەمان بە سەردا دەسەپێنن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەیان پشت لەو کەلتوورە زارەکییەی خۆمان بکەین. تێکەڵبوونی دنیای ئاژەڵ و مرۆڤ لای من ئەنجامی تێکەڵبوونی ژانرە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەرە، کە ئەوانە هەر یەکەی زمان و شێوازی خۆی هەیە و بەشی جیاواز جیاوازی نەستی کارەکتەر دردەخات. ئەدەبی گێڕانەوە بۆ من شوێنی هەموو شتێکی تێدا دەبێتەوە. من سەرەتا بە شیعر دەستم پێ کرد، بەڵام شیعر نەیتوانی وەک چیرۆک و ڕۆمان بچێتە ناو قووڵاییمەوە. دەستم لە نووسینی شیعر هەڵنەگرت، بەڵکو لەپاڵ ڕەگەزەکانی دیکەی وەک شانۆ، هونەری شێوەکاری و موزیک کردمە ڕەگەزێکی کاریگەر لە ئەدەبی گێڕانەوەدا. بۆ من ئەدەبی گێڕانەوە لە شیعر چاکتر دەتوانێت نووسین بۆ گەیاندنی ئاستەکانی خۆی بە کار بهێنێت، بەوەی شیعر زیاتر پێوەستە بەو کەلتوورانەی لە ڕێی ڤێرباڵەوە پەیامی خۆیان دەگەیەنن. واتە شیعر دەخوێنرێتەوە و گوێی لێ دەگیرێت، بەڵام ئەدەبی گێڕانەوە لەناو نووسیندا خۆی دادەمەزرێنێت، بۆیە زەمینەیەکی لەبارە بۆ دەرکەوتنی تاک. ئەو تاکە دەتوانێت بە جیا قسەی خۆی بکات. دوور لە بواری تیۆری، من هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەوەم هەبووە ئاژەڵ لە شێوەی مرۆڤ بهێنمە بەرچاوم. لە وەڵامی پرسیاری (چۆن بوویت بە ئەدەبی گێڕانەوە)دا باسی ئەوەم کردووە چۆن هێشتا لە قوتابخانە دەستم بە خوێندن نەکردبوو، کە ڕۆژانە لەگەڵ (ڕێبوار عەلی بابە)ی هاوڕێم بە قوڕ ئاژەڵم دروست دەکرد و لە بەر هەتاو هەڵمدەخستن، تاکو وشک ببنەوە. ئینجا گەوڕیشمان هەر بە قوڕ بۆ دەکردن، نەبادا سەرمایان ببێت. مەڕ، بزن، مانگا و سەگ بوون. شەوان تا خەوم لێ دەکەوت، بیرم لێ دەکردنەوە. ئاخۆ تۆ بڵێی سەرمایان نەبێت.؟! ئایا ژیانیان لە مەترسیدا نییە.؟! ئەرێ گیانەوەری دڕندە لەو دەشت و کێوانە نایەن و پەلاماریان نادەن.؟!  لە لایەک دەترسام و لە لایەک چێژم لەوە دەبینی، کە سەگەکان چۆن بەرگرییان لە مەڕ، بزن و مانگاکان دەکرد. چۆن لەگەڵ ئەو دڕندانە دەجەنگان. بیرم دەچووەوە ئەوانە لە قوڕ دروست کراون و گیانیان لە بەر نییە، بەڵکو وا لە دڵم دەچەسپی ئاژەڵی ڕاستەقینەن. ئەگەرچی هەموو شتێک لەژێر دەستەڵاتی خەیاڵی مندا بوو و دەکرا نەهێڵم یەک مەڕ قاچی بریندار ببێت، دڵۆپێ خوێن لە لووتی بزنێکەوە بڕژێت، بگرە هەر نەهێڵم تاقە دڕندەیەک لەو دڕندانە لەو دەشت و کێوانە بێت و بگاتە ئەوێ، بەڵام هەمیشە چێژم لە ڕووداوی ئاوا ترسناک دەبینی، بۆیە هیچ جارێک نەبوو لە ئەنجامی ئەو شەڕانەوە سەگێک نەخنکێت، سێ چوارێک بریندار نەبن، حەوت هەشت سەر مەڕ و بزن نەخورێن، هەناوی مانگایەک دەرنەهێنرێت و پەراسووەکانی وەک قەفەز نەکەونە بەرچاو، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دڕندەکان دەبەزین و لاشەیان لەوێ جێ دەما. بەیانییان هەر بە ڕاستی چاوم بۆ شوێنەواری شەڕەکە دەگێڕا و دەموسیت خوێنی ئاژەڵەکان لەسەر ئەو زەوییە ببینم.

 

3. کاره‌کته‌ره‌کان هه‌ست به‌ بچووکیی شار ده‌که‌ن، یان ئەگەر بە شێوەیەکی دروستتر ئەو کۆنسێپتە دابڕێژینەوە، ئاوای لێ دێت: تۆ وەک ڕۆماننووس هەست دەکەیت شارەکانی خۆمان هێشتا ئێڵەمێنتەکانی شاریان تێدا نییە، بۆیە پەنا بۆ شارە گەورەکانی وەک بەغدا، قاهیرە، ئەسکەندەرییە و شارە ئەورووپییەکانی وەک کۆپنهاگن و ئەوانی تر دەبەیت، یان بە شێوەیەک وێنەی شار و کارەکتەری شارنشین دەکێشیت وەک بڵێی باس لە داهاتوویان بکەیت، نەوەک لە ئێستایان. ڕاستییەکەیشی شاری ئێمە چ شاری واقیعمان و چ ئەو شارەی خەیاڵمان بەرهەمی هێناوە، سیمای لادێییانەی بە سەردا زاڵە. پێت وایه‌ ئه‌و دابڕانه‌ له‌نێوان واقیعی ئێستای ئێمه‌ و فه‌زای ڕۆمانی کازینۆی منداڵان له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌؟

 

کاروان: سەرنجێکی وردە. بەشێکی زۆری کارەکتەری چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێزاری لە ئاست گەورەییی شار دەردەبڕن و بۆ لادێ دەگەڕێنەوە، ئینجا ئەو گەڕانەوەیە چ فیزیکی بێت، واتە هەر بە ڕاستی شار جێ بهێڵن و بۆ لادێ بگوێزنەوە، چ سیمبۆڵی بێت، واتە لە ڕێی خەیاڵەوە لادێ دابمەزرێننەوە. شار بۆ کارەکتەرەکانی من لەوەدا بەرجەستە نابێت ئاخۆ لەگەڵین یان دژین، بەڵکو فاکتێکە و ناکرێت ڕووبەڕووی نەبنەوە، کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە وا دەکات ئازار، چێژ، تێکشکان، خەم و نائومێدییەکانیان بچنە ناو پرۆسێسی گێڕانەوەوە. بە هەرحاڵ شار لای من تەنیا شوێنی جیۆگرافی نییە، کە فیچەرەکانی کەلتوور چ ماتریالی و چ مۆڕاڵی لە خۆی بگرێت، بەڵکو زەمەنیشە. واتە خاوەنی هەردوو ڕەهەندی سایکۆلۆجی و سێنسەرییە. لە بیرتان نەچێت ڕۆمان بەرهەمی ڕێنەیسانس، شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی شارە. بەڵێ، ڕۆمان بەرهەمی دنیای مۆدێرنیتەیە، کە شوێنی داستانی گرتەوە، بەوەی مرۆڤی شار پێویستی بە شێوازی دیکەی دەربڕین بوو، بە شێوەیەک لەگەڵ ئارەزووەکانی بگونجێت. یەکێ لە دەرکەوتەکانی شار فڕێدانی مرۆڤە بۆ پەراوێز، کە ئەمە لە لادێ ڕوو نادات، بەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕووبەری جیۆگرافیی بچووکدا لەسەر بینینی ڕاستەوخۆ دامەزراوە، کە تاکەکان یەکتر بە ڕوونی دەبینن. لە شار تێڕوانینی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و بۆ دەوروبەری بە شێوەیەکی ترە، بەوەی هەموو شتێک بۆ وێنە دەگۆڕێت و مرۆڤ لە یەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ زۆرترین وێنەی لەیەکچوو و جیاوازدا دەکات. بە مانایەکی تر مرۆڤی شارنشین لەناو دنیایەکدا دەژیێ، کە لەسەر وێنە دامەزراوە و ئەو وێنانەیش بەردەوام لە گۆڕاندان. ئەوەی مرۆڤی شارنشین لە یادەوەریی خۆیدا هەڵیدەگرێت وێنەیە، چ هیی گیاندار و چ هیی بێگیان، نەوەک خودی مرۆڤ خۆی، لە کاتێکدا یادەوەریی مرۆڤی لادێ بە ڕوونی مرۆڤ و شتەکانی پێشان دەدات، بۆیە ئەوەی دواییان بە زمانی سادە و تەکنیکی سەرەتایی تەعبیر لە دنیای خۆی دەکات، مادام چ مرۆڤ و چ شتەکانی بە ڕوونی دیارن، بەڵام مرۆڤی شاری بەردەوام پێویستی بە کەناڵی نوێ و شێوازی تری دەربڕین و گەیاندنە، تاکو ئەو وێنە ناڕۆشنانەی دەربخات، بۆیە زمانێکی ئاڵۆزی هەیە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پەیامەکانی دەگەیەنێت. لە ڕۆمانی تەقلیدیدا کارەکتەر هەمیشە دەزانێت بۆ کێ دەدوێت و چۆن دەدوێت، بەوەی ئاگایی بەسەر بیرکردنەوە و دەربڕینەکانیدا زاڵە، بەڵام لە ڕۆمانی هونەریدا، کە بە شارەوە پێوەستە، کارەکتەر نە بۆ کەسانی دیاریکراو دەدوێت و نە چاوەڕێی وەڵامیشە. سەیر نییە ئەگەر دەبینین مەنەلۆج لەناو ڕۆمانی هونەریدا چاو هەڵدەهێنێت و دەبێتە یەکێ لە تەکنیکە کاریگەرەکانی. ئەگەر سەرنجتان لە ڕۆمانی کوردی دابێت، دەبینن لە زۆربەیاندا کارەکتەر دەزانێت بۆ کێ دەدوێت و بەردەوام وەڵامی دەدرێتەوە، بۆیە خوێنەر سەری لێ تێک ناچێت. تیمەیەکی دیاریکراوی هەیە و هەموو شتەکانی بە دەوردا دەسووڕێنەوە، بەڵام لە ڕۆمانی هونەریدا هەمیشە کۆمەڵێک تیمە هەن و تێک چڕژاون. مرۆڤی شارنشین پێچەوانەی مرۆڤی لادێ ڕووبەڕووی ئەو دەستەڵاتانە دەبێتەوە، کە نادیارن، بۆیە نە سەرچاوەی ئازارەکانی دەدۆزێتەوە و نە دەشتوانێت ڕاستەوخۆ دەریانببڕێت، لە کاتێکدا مرۆڤی لادێ بە ئاسانی سەرچاوەی ئازارەکانی خۆی دەدۆزێتەوە و بە ڕوونی دەریاندەبڕێت. بەشێکی زۆری کارەکتەری ڕۆمانی کوردی، ڕاستە لە شارن، بەڵام زۆر بە ڕوونی ئازارەکانیان دەردەبڕن. بۆ نموونە ڕۆماننووسمان هەیە لە هەموو بەرهەمەکانیدا تەنیا یەک کارەکتەری هەیە، کە سەرتاپێی تێکستەکە بە یەک ڕیتم دەگێڕێتەوە. ئەو کارەکتەرە بەردەوام دەنووزێتەوە، جوێن دەدات، هۆکاری ئازارەکەیمان پێ دەڵێت و سەرچاوەکەی بە نەفرەت دەکات. بێگومان خوێنەریش لە دوورەوە دەیناسێتەوە و لێی تێدەگات، بەوەی کەسێکی ناسراوی ناو کۆمەڵگایە و هەموو نیشانەکانی ئەو کەلتوورەی پێوەیە. دەرکەوتنی پاڵەوان بە مانا ستانداردەکەی لە شاردا، بێگومان مەبەستمان لە شاری پیشەسازییە، کە لای ئێمە تەنیا لەناو فانتاسیادا بوونی هەیە، وەک مەحاڵی لێ دێت، مادام مرۆڤ لە شار بۆ وێنە دەگۆڕێت. لەو سەردەمەی لادێ سەنتەری گێڕانەوە بوو پاڵەوان بە ئاسانی چاوی هەڵدەهێنا و گەشەی دەکرد، بەوەی ئەوانی تر بە ڕوونی دەیانبینی و چاوەڕێی ئەوە بوون بزانن چارەنووسی بە کوێ دەگات. لە شاردا مرۆڤەکان هەموو لە پەراوێزدان. ئەوەی ڕۆڵی پاڵەوان دەبینێت دامودەستگاکانی وەک فێرکردن، ئایین، ڕاگەیاندن، وەرزش و ئەوانی ترن. ڕۆمان کەناڵی ئەو کارەکتەرە پەراوێزخراوانەیە. ئەوانە لەبەر ئەوەی دەستگاکان بەردەوام کۆنترۆڵیان دەکەن، بۆیە تووشی جۆرێک لە هایپەرگرافیا دەبن و تینووی دەربڕینن. کارەکتەرەکانی من زۆربەیان نەخۆشیی هایپەرگرافیایان هەیە، واتە ئارەزووی دەربڕین دەکەن، بۆیە زۆر جار پەنا بۆ وڕێنە دەبەن، کە ئەمە لە ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!!)دا زۆر بە ڕوونی دیارە، بەڵام لە (کازینۆی منداڵان)دا بە شێوەیەکی هەندێک جیاوازە. نووسین لەبارەی شار و وردەکارییەکانی شارەوە ئەوە بەسەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنێت جیاوازیی نێوان دەنگە جۆراوجۆرەکان دەربخات و سیماکانی ئەو دنیا جەنجاڵە پێشان بدات. بۆ ئەوەیش پێویستی بە کۆمەڵێک نارەتەری جیاواز دەبێت، تاکو هەر یەکەی بەپێی ئاستی تێگەیشتنی خۆی ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و وێنەی جیاوازی کارەکتەرەکان بکێشێت. وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا گوتم خوێنەری ئێمە بە ئاسانی ناتوانێت ئەو شێوازە قەبووڵ بکات، یان با بڵێم ئەو ستایلە لە ئاستی میللیدا ڕەواجی زۆر نابێت. دەبێت جیاوازی لەنێوان ئەو تێکستانەدا بکەین، کە کارەکتەرەکانیان لە شارن، بێ ئەوەی بچنە ناو وردەکارییەکانی شارەوە، لەگەڵ ئەوانەی کارەکتەرەکانیان لەگەڵ ئەو وردەکارییانەدا پێوەندیی بەتینیان هەیە و بەردەوام ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە. من لەگەڵ بۆچوونەکەی ئێوەدام، کە تاکو ئەم ساتەیش شاری ئێمە سیمای لادێییانەی پێوە دیارە، بەڵام دەبێت لەم ڕووەوە یەک دوو شت بڵێم. من ڕاستە هەندێک سیمبۆڵی مێژوویی، جیۆگرافی، کەلتووری، زمانەوانی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی شار لە بەرچاو دەگرم، بەڵام لە لایەک ئەو سیمبۆڵانە تێک دەشکێنم و لە لایەکی تر فەزای دیکەی تەواو جیاواز دەخوڵقێنم، کە دەکرێت بڵێم شارەکانی من شیعرین، نەوەک مێژوویی. ئەدەبیش کاتێک دەتوانێت کاریگەریی جێ بهێڵێت، کە توانای هەبێت پێش واقیع بکەوێت، نەوەک هاوکاتی بێت. لە (کازینۆی منداڵان)دا هەوڵ بۆ ئەوە دراوە هەر شارێک توانای ئەوەی پێ بدرێت جیاوازییەکانی خۆی دەربخات و کارەکتەری جیاوازیش بەرهەم بهێنێت، بۆ ئەوەی بەشداری لە گێڕانەوەی مێژووەکەیەدا بکات. بێگومان مێژووییەکی گریمانی، نەوەک فەرمی. هەروەها ویستی ئەوە هەیە فرەدەنگی تایبەت نەبێت بە کارەکتەر، بەڵکو ئەو فرەدەنگییە کەلتوورە جیاوازەکانیش بگرێتەوە. من کاتێ بە چاوی نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە لە شارەکانی ئەمڕۆی خۆمان دەڕوانم، هەست دەکەم لە نەوەدەکانەوە بەردەوام ئێڵەمێنتی بەشاربوونی خۆیان لە دەست داوە، بۆیە زۆرجار ویستوومە فۆکووس لەسەر ئەو سەردەمانە بکەم، کە ئارەزووی بەشاربوون لەو شارانەدا هەبوون. ئەمەم بە تایبەتی لە (کازینۆی منداڵان)دا کردووە.

 

4. ئیشکردن له‌سه‌ر چه‌ند پێکهاته‌یه‌کی جیاواز وه‌کو کورد، عه‌ره‌ب و جووله‌که‌ و ..هتد یه‌کێکه‌ له‌ فیوگه‌ره‌کانی ئه‌و ڕۆمانه‌ تا ئاستێک خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌بێت به‌و به‌رجه‌سته‌کردنه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان قسه‌ی خۆیان ده‌که‌ن. ئایا پێتان وا نییه‌ ئه‌وه‌ وا ده‌کات نه‌توانرێت فیوگه‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که‌ به‌ ئاسانی بد‌ۆزرێته‌وه‌؟

کاروان: ئەگەر زانیمان ڕۆمان بەرهەمی شارە و مێژووی دەرکەوتنی بۆ سەدەی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە، لە سەدەی هەژدەهەم گەورە بووە و لە سەدەی نۆزدەهەم و دواتر پێگەیشتووە، ئەوا هاوکات ئەوەیش دەزانین، کە هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی شتی دژ بە یەک (Contradiction) بووەتەوە، بەوەی دەرکەوتنی شار واتە دەرکەوتنی جیاوازی. بوونی چین و توێژی جیاواز لە شار مانای بوونی تێڕوانینی جیاوازە بۆ شتەکان. پێوەندییەکی بەتین لەنێوان هۆشیاری و گێڕانەوەدا هەیە، بەوەی پرۆسێسی گێڕانەوە کاتێ دەتوانێت بەردەوام بێت و بچێتە ناو ڕووبەری جیاوازەوە، کە هۆشیاری بیبزووێنێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتانەی پێیان ئاشنا نین کارەکتەر پێویستی بە بیرکردنەوەی جیاواز و تێڕوانینی دیکە هەیە. لەو ئەزموونەدا هۆشیاریی خود (Self-awareness) سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات، کە ئەمە جیاکردنەوەی هۆشیاریی کارەکتەرە لەو هۆشیارییە کۆیەی هەیە، چونکە تاکو ئەو کاتەی هۆشیاریی کارەکتەر هاوکاتی هۆشیاریی کۆیە و هەمان ئاستی هەیە، گێڕانەوە ناتوانێت ببزووێت. هۆشیاریی تاک لە ئەنجامی جیابوونەوە لەو هۆشیارییە کۆیە دروست دەبێت و ئەو ئاستە تێدەپەڕێنێت، مادام دەیەوێت بە شێوەی جیاواز لەو بابەتە بڕوانێت، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوەی من لە زۆربەی بەرهەمەکانمدا کاری بۆ دەکەم، ئەوەیە چۆن کۆمەڵێک تێڕوانینی تاک، کە لە یەکتر نەچن، بهێنمە گۆڕێ. لە ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا تێڕوانینی جیاواز بۆ مێژوو و بۆ دیاردەی کەلتوور (Cultural phenomenon) هەیە. ڕاستییەکەی بوونی کەلتووری جیاواز لە بەرهەمەکانی من، بە تایبەتی لەم ڕۆمانەدا ئەنجامی دەرکەوتنی کۆمەڵێک کارەکتەری جیاوازە، کە هەر یەکەی پێویستی بە کەناڵی سەربەخۆی گێڕانەوە هەیە. بەڵێ، وەک ئێوە دەڵێن دۆزینەوەی فیوگەری سەرەکیی ڕۆمانەکە زەحمەتە، چونکە ئەو شێوازە لەسەر کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاواز دامەزراوە، کە ڕێی خوێنەر نادات یەکێ لەو تێڕوانینانە بە هەند وەربگرێت و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخات. سرووشتی زمانی ئەو ڕۆمانانەی بە شێوەی پۆلیفۆنی دەنووسرێن وایە، کە ئاڕاستەکانیان لە ناوەوەن و بە ئاشکرا دەرناکەون، بەوەی دنیای حیکایەت و ئەو ڕیزبەندییەی لەسەری وەستاوە، تێک دەشکێت و ئیتر چ کارەکتەر و چ شتەکان بەپێی لۆژیکی خۆیان هەڵدەسووڕێن.

 

5. له‌ شێوه‌ی قسه‌کردن شتی زۆر له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وە گوتراوه‌، به‌ڵام وه‌کو نووسین که‌متر. جیاوازیی نێوان قسەکردن و نووسین لەبارەی کاری ئەدەبییەوە، بە تایبەتی لەبارەی ڕۆمانەوە چییە؟

کاروان: جیاوازیی نێوان قسەکردن و نووسین ئەوەیە، یەکەمیان تێکست بۆ ڕووداوێک، یان دیمەنێک، یاخود دایەڵۆگێکی نێوان دوو کارەکتەر کورت دەکاتەوە و لەوێوە بە چەند وشەیەکی سادە بڕیاری لە سەر دەدات. واتە لە جیاتی ئەوەی نادیارەکان بڵێت، بە دیارەکانەوە دەنووسێت و دەیانخاتەوە بەرچاو، بەڵام دووەمیان مەبەستیەتی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە و ڕاڤەیان بکات. بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەو بۆچوونەم سیمایەکی ڕەهایانە بە خۆیەوە نەگرێت، ئەوا پێویستە بڵێم مەبەستم ئەوە نییە ئێمە ناتوانین بە شێوەی ڤێرباڵ لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێین، بەڵام دەبێت لێرەدا دوو نیاز لە یەکتر جیا بکەینەوە: یەکەمیان، بە چەند ڕستەیەک لەبارەی هەموو ڕۆمانەکەوە دەدوێت و بڕیاریشی لە سەر دەدات، بەڵام دووەمیان، چەمکێک، یان دووان لە ڕۆمانێک وەردەگرێت و بۆچوونی خۆی لەبارەیانەوە دەردەبڕێت، نەوەک سەرتاپێی تێکستەکە و بە میتۆدی چاکەوخراپەیش کار ناکات. ئەوەی یەکەمیان لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە. ستریۆتایپێکە و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. ڕاستییەکەیشی ئەمە لە شیعرەوە بۆ ڕۆمان ماوەتەوە. بە حوکمی ئەوەی شیعر هیی سەردەمەکانی پێش مۆدێرنیتەیە و بە شێوەی ڤێرباڵ لە دەمی شاعیرەوە گەیشتووەتە گوێچکەی خەڵک، ئەوا هەر بە شێوەی ڤێرباڵیش قسەی لێوە کراوە. ڕۆمان و شیعر ڕاستە لە هەندێک ڕووەوە تێکەڵن، بەڵام لە زۆر ڕوویشەوە جیاوازن، بۆیە ئەگەر ئەو شێوازە جارێک زوڵمی لە شیعر کردبێت، ئەوا دوو جار لە ڕۆمانی کردووە. بە کورتی  شتێکی سەیر نییە ئەگەر ئەو ستایلە زۆر بە زەقی هەستی پێ بکرێت و ژمارەیەکی زۆر نووسەر پێوەی خەریک بن، مادام کەلتووری ئێمە تاکو ئەم ساتەیش کەلتوورێکی زارەکییە و بایەخی نووسینی نەناسیوە. ئەو نیازە هەر لە ئاستی قسەکردنەوە نامێنێتەوە، بەڵکو پەنا بۆ پیتی چاپیش دەبات، بێ ئەوەی ببێتە نووسین. دەبێت لێرەدا لەسەر ئەو ئیمبیگویتییە هەڵوێستە بکەم. چۆن پەنا بۆ پیتی چاپ دەبات و نابێتە نووسینیش؟ مەبەست لە نووسین چییە؟ مەبەست لە نووسین دەرخستنی جیاوازییە لەو شتانەی زمانی ڕۆژانە پێیان ڕاهاتووە. واتە پرۆسێسی نووسین کاتێک دەتوانێت ئەکتیڤ ببێت، کە توانای دامەزراندنی سیستەمێکی دیکەی جیاوازی گوتنی هەبێت، بەڵام کاتێ هەمان ئەو ئایدیا سادانە دەڵێینەوە، کە زمان لەسەر ئاستی بایۆلۆجیدا دەریاندەبڕێت، ئەوا ئێمە هێشتا ئاستی زارەکیمان جێ نەهێشتووە، با پیتی چاپیش بە کار بهێنین. تەنیا لە ڕێی نووسینەوە دەتوانین ئەم ئاستەی ئێستا تێبپەڕێنین، چونکە نووسین وا دەکات ئێمە شت دووبارە نەکەینەوە و ئەو ئاستە ببینین، کە پێی گەیشتووین، بۆ ئەوەی لەوێوە جیاوازیی دیکە بەرهەم بهێنین. بەشێکی زۆری ڕەخنەگری ئێمە بە هەندێک ڕستەی سواو ڕاهاتوون، کە بۆ هەموو شتێکیان بە کار دەهێنن، بۆیە تاکو ئەم ساتەیش ئێمە نەک هەر خاوەنی تیۆری سەربەخۆ نین لەبارەی ئەدەبی گێڕانەوەوە، بەڵکو نەمانتوانیوە سەرەتایەکیش بۆ ئەو تیۆرە دابمەزرێنین. ئەوەتا لە تەنیشتمانەوە عەرەبەکان توانیویانە لە ماوەی ئەو سی چل ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک بەرهەمی ڕەخنەیی لەبارەی تیۆری گێڕانەوەوە بە دەستەوە بدەن. ڕەخنەگری دیمۆتیک (میللی)ی ئێمە چەمکەکانی گێڕانەوەیش وەک هەموو چەمکە فکری، ئەدەبی و هونەرییەکانی دیکە سادە دەکاتەوە، بەو مەبەستەی سەری لێیان دەربچێت و بە ئاسانی حوکمی چاکەوخراپەیان بۆ دەربکات. گوتەی ئەوانە لە دەستی دووەم و سێیەم وەردەگرێت، کە لە بواری تیۆری گێڕانەوەدا نووسیویانە، تاکو خوێنەریان پێ فریو بدات. وا باسی ئەوانە دەکات وەک بڵێی بە دەم پیاسەوە ئەو گوتانەیان بۆ هاتبێت. ڕەخنەگری دیمۆتیک هەیە کۆمەڵێک شتی زۆر سادەی گوتووە، کەچی لەناکاو گوتەیەکی (جیرار جینێت)ی هێناوەتەوە. من لام ڕوونە ئەگەر ئەو ڕەخنەگرە (جیرار جینێت) و هەر یەک لە (میکایل باختین)، (لوسیان گۆڵدمان)، (تزڤیتان تۆدۆرۆڤ)، (پۆل ڕیکۆر)، (ڤلادیمێر پرووپ)، (ئێی. جەی. گریماس)، (تیری ئیگلیتۆن) و زۆری دیکە لە سەرچاوە ئۆریگیناڵەکان بخوێنێتەوە، دەزانێت تێگەیشتن لەوانە قورسە و کاتی زۆری دەوێت، هاوکات دەزانێت یەکێ ئەوانەی خوێندبێتەوە بەم زمانە سادەیە نانووسێت و بە پێوەری چاکەخراپە کار ناکات. ئەگەر زانیمان لەگەڵ دەرکەوتنی ژانری ئەدەبی گێڕانەوەدا چەند فەیلەسووف، زمانناس، ئەنترۆپۆلۆجیست، سایکۆلۆجیست لەو بوارەدا خەریکی لێکۆلێنەوەن، ئەوسا دەزانین ناکرێت بە شێوەی ڤێرباڵ و بە زمانی ڕۆژانە بڕیار لەسەر چاکی و خراپیی ئەو چەمکە بدەین. من دەزانم ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان) و بەرهەمەکانی دیکەیشم بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە سادەیە بوونەتەوە، بەڵام بە لاکەی دیکەیشدا ئەوە چیرۆک و ڕۆمانەکانی منن سەرنجی ڕەخنەگرە داهێنەرەکانیان ڕاکێشاوە، بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا. باوەڕم نییە ئەو بڕیارانەی ڕەخنەگرە دیمۆتیکەکانی ئێمە لەبارەی چاکیی ئەم ڕۆمان و خراپیی ئەو ڕۆمانیان داون، لە لایەن ڕەخنەگرە داهێنەرەکانەوە پێداچوونەوەیان بۆ نەکرێت و بە شێوەی تر نەخوێنرێنەوە.

 

6. لە دوای چاپکردنی ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)ەوە پڕۆژەی دیکەی ڕۆمانت هەیە؟

 

کاروان: ڕاستییەکەی من وا ڕاهاتووم چەند بەرهەمێک پێکەوە دەنووسم، بۆیە ئاسان نییە بزانم کامیان لە دوای کامیانەوەیە. دەشێت بڵێم هەموویان هاوکاتی یەکترن، بەوەی بەرهەمەکانم بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندییان بە یەکترەوە هەیە. دەتوانم بڵێم ڕۆمانەکانی (کازینۆی منداڵان)، (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان)، (مامزێر)، (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە) و کۆمەڵەچیرۆکەکانی (خەوننامەی دادە سۆزی)، (منارەی ئاوەدانی)، کە هەموویان لە دوای ساڵی 2000ەوە نووسراون، هاوکاتی یەکترن. لانی کەم دوو ڕۆمان و دوو کۆمەڵەچیرۆکی دیکەیشم هەن، کە هەر دەکەونە ناو ئەو بازنەیەوە. بۆیە دەڵێم بازنە، چونکە لە شێوەی بازنەن و سنووریان نییە. هیوادارم ئەمساڵ (ڕێگاکانی ژەهر) چاپ بکەم، کە کتێبێکە خوێنەر دەتوانێت هەم وەک چیرۆک و هەم وەک ڕۆمان بیخوێنێتەوە.

 

 

سازدانی: گۆڤاری نوێ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.