Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
بینین لە شانۆگەری شەوی نیشتمانیدا

بینین لە شانۆگەری شەوی نیشتمانیدا

Closed

 

 

 

 

 شانۆگەری شەوی نیشتمانی لە نوسین و دەرهێنانی هونەرمەند شوان کەریم و نواندنی هەریەك لە هونەرمەندان ئاشنا ڕەووف، تەها محەمەد، پێشڕەو حسێن و سەردار مەحمود.لە ٢٧تا ٣٠/١/٢٠١٣ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم تەنها دەربارەی پرۆسەی بینین و بەریەککەوتنی بینەرو نمایشەکە قسە بکەم.  

لە ئاستی بیینیندا ئەم نمایشە لەسەرەتاوە تا چەند خولەکی کۆتایی، بینەرەکانی  بە دوو ڕووبەری کارکردن داگیرکردووە: تەختەی شانۆ و سکرینێك کە بەبەرزاییەوە لەناوەڕاستی قووڵایی شانۆدا هەڵواسراوە.  دیمەنەکانی ناو سکرینەکە کۆمەڵێك گرتەی سینەمایین کە شانبەشانی دیمەنەکانی سەر شانۆ چیرۆکەکە بۆ بینەران دەگوێزنەوە. 

بەر لەوەی باس لە کاریگەریە لابەلاکانی ئەم دوو ڕووبەرە بکەین لەسەر بینەر، بە پێویستی دەزانم بەراوردێك لەنێوان ئەم تەکنیکی بەکارهێنانەدا بکەم لەگەڵ دوو ئەزموونی پێشووتری دەرهێنەر “شوان کەریم” دا کە ئەوانیش “ئازارەکانی ئەودیوی پەنجەرەیەك” و “کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی”، کە لەهەریەك لەو نمایشانەشدا سکرینی بەکار هێناوە بەڵام بە ئاراستەی جیاوازتر. بۆ نموونە لە شانۆگەری “کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی” دا بینەر بە دوو ڕووبەری جیاوازتر داگیرکراوە، لە سکرینەکەدا بەرەو ڕووی کۆمەڵێک دیمەنی  سینەمایی دەبینەوە کە بەشێك لە چیرۆکەکانی نمایشەکە دەگوازنەوە، بەڵام جێگای نمایشەکە کە ماڵێکی چۆڵکراوو کۆنە لە ستۆدیۆیەك دەچێت کە ئامادەکاری بەرهەمهێنانی فیلمێکی تیادا ئەنجام بدرێت.  واتە هەردوو ڕوبەرەکە  ئامادەمان دەکەن کە لە ئینڤایەرمەنتێکی سینەماییدا شانۆیەکی زیندوومان نیشان بدەن. وەك ئەوە وایە تۆ بەرامبەر وێنەگرتنی فیلمێك دانیشتبیت، یان لە ڕێگەی وێنەگرتنێکی ڕاستەوخۆوە نمایشێك بۆ تۆ بگوازرێتەوە، (تەنها ئەوکاتە نەبێت کە هەردوو ئەکتەر”سەوسەن عومەر”و “دیلمان سەڵاح” بەرامبەر بینەران دەوەستن و کۆمەڵێك ڕستەی ڕاستەوخۆ ئاراستە دەکەن).  بەڵام لە نمایشی ” ئازارەکانی ئەودیوی پەنجەرەیەک”دا هەردوو  ڕوبەرەکە(سکرین و سەرشانۆ) دەمانبەستنەوە بە جێگای نمایشەوە و تەنانەت سکرینەکەش هیچ ئاماژەو ئیحایەکی تێدا نیە کە بیرمان لە سینەما یان بینینی فیلمێك پێبکاتەوە، بە پێچەوانەوە، دیمەنەکان و ڕێکخستن و هەموو وردەکاریەکانی ناو سکرینەکە دەمان بەستنەوە بە ئێستای سەر شانۆکەوە. ئەوەی لێرەدا بەگرنگی دەزانم لەسەری بوەستین سەبارەت بەوجۆرە کارکردنە، خۆ ئامادەکردنی بینەرە بۆ تەماشاکردنی هەریەك لەو بوارانەو چۆنیەتی هەنگاونانی بەرەو شوێنی نمایشەکان. کەسێك کە دەیەوێت بۆ بینینی فیلمێك بڕوات بەهەمان ئامادەیی دەروونی وموود” مزاج”ەوە بەرەو نمایشێکی شانۆیی ناڕوات، وەك چۆن بۆ کۆنسێرتێك و پێشانگایەکی شێوەکاریش جیاوازە. تۆ کاتێك بەرەو سینەما دەڕۆیت بۆ بینینی فیلمێك، هەرچەندە کاتیشت بۆ تەرخانکردبێت، بەڵام هێشتا زۆر گرنگ نییە ئەگەر ئەمڕۆش نەچیت، چونکە دڵنیایت لەداهاتوودا هەر دەتوانیت بیبینیت، ئەگەر لە سینەماش نەبێت ئەوا بێگومان بە دی ڤی دی دەتوانیت بیبینیت. بەڵام کە بەرەو نمایشێکی شانۆ دەچیت، هەموو هەستەکانت هۆشیاریت دەدەنێ کە ئەگەر لەو چەند ڕۆژەی نمایشەکەدا نەیبینیت، ئیتر زۆر زەحمەتە ئەو دەرفەتەت بۆ هەڵکەوێت لە ئایندەدا بیبینیت. هەروەها کە بەرەو هۆڵی شانۆکە دەڕۆیت، دڵنیایت کە ڕاستەوخۆ ڕوبوڕووی ئەکتەرێك یان زیاتر دەبیتەوە کە بەرامبەرت کاری نواندن ئەنجامدەدەن و ڕەنگە ئەگەر بتەوێت بتوانیت ڕاستەوخۆ دوای نمایشەکە گفتوگۆشیان لەگەڵ بکەیت. بەڵام لە بینینی فیلمێکدا بینەر دەزانێت کە بەرەنجامی کارێك دەبینێت کە لەڕابردوودا ئامادەکراوە( باس لەو ئەزمونە تایبەتیە ناکەم کە لەڕێگای کامێرای ڕاستەوخۆوە لەشێوەی شانۆدا وێنەگرتنەکە دەگوازرێتەوە بۆ بینەر). ئەم دوو حاڵەتە هەستیارە لەڕووی دەروونیەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جۆری بینینی ئاکت و چیرۆك و جووڵەکان. لانیکەمی ئەم جیاوازیە ئەوەیە کە بینەری فیلمێك گومانی لەوە نیە کە جگە لەوشتانەی دەربارەی فیلمەکە نوسراوەو گوتراوە، جگە لەوەی کە لەکاتی وێنەگرتندا لەڕابردوودا تۆمارکراوە، هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕوونادات، وەك ئەوەی لە نمایشێکی شانۆییدا بەبەردەوامی ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە. ڕەنگە ئەکتەرێك دیالۆگی بیر بچێت، یان پاشوپێشی بخات و کاریگەری بۆسەر ئەکتەری بەرامبەر هەبێت، یان ئەکتەرێك بکەوێت و جێگایەکی بشکێت و چەندین ئەگەری چاوەڕواننەکراویتر. ئەم ئەگەرانە لەو بەریەککەوتنە ڕاستەوخۆیەدا ئەگەر بەهۆی کاریگەری نمایشەکەوە لەبیریش بچنەوە، بەڵام لەهەر چرکەیەکی وەستان و گومانکردنێکی بینەردا ئەو ڕاچڵەکینە ڕوودەدات و لەقووڵایی نەستی بینەریشدا ئەوە ئەگەرێکی ئامادەیە.               

کاتێك ئەم دووئاستە جیاوازەی بینین لەیەك نمایشدا کۆدەکرێنەوە، ڕێگایەکمان بۆ خۆشدەکەن بۆ تێکشکاندنی ئەو زەمەنە وەهمیەی کە سەرچاوەی دروستکردنی بەوەهمکردنە(ئیلوشن) لەهەریەك لەو دوو ڕوبەرە جیاوازەی نمایشەکەدا. شکاندنی ئەو پەردەیەی کە سەرچاوەی دروستکردنی بەوەهمکردنە “لە ڕێگای تێکەڵکردنی هەردوو ڕوبەرەکەی نمایشەوە” ڕێگایەکە بۆ دروستکردنی نامۆیی “بە بەکارهێنانە برێختیەکەی” و لەوێشەوە پچڕاندنی هەردوو زەمەنە وەهمیەکەی ڕوبەری نمایشەکان بۆ گەیشتنەوە  بە “ئێستا، لێرە”. ئەم تەکنیکی  تێکشکاندنی بەوەهمکراوو زەمەنە وەهمیانە لە هەندێك ئەزموونیتریشدا بە شێوازی جیاواز ئیشی تێداکراوەو شایانی لەسەروەستان و نوسین و لێکۆڵینەوەی زیاترە.                                                                                

لە نمایشی” شەوی نیشتمانیدا”کە وەك لەسەرەتادا باسمکرد لە ئاستی بیینیندا بینەر لەسەرەتاوە تا چەند خولەکی کۆتایی بە دوو ڕوبەری کارکردن داگیرکراوە، تەختەی شانۆ و سکرینێك کە بەبەرزی  لەناوەڕاستی قووڵایی شانۆدا هەڵواسراوە. دیمەنەکانی ناو سکرینەکە کۆمەڵێك گرتەی سینەمایین کە شانبەشانی دیمەنەکانی سەر شانۆ چیرۆکەکە بۆ بینەران دەگوێزنەوە. بەڵام کە دەگەینە چەند خولەکی کۆتایی نمایشەکە، ئەکتەرەکان تەختەی شانۆش جێدێڵن و ڕاستەوخۆتر دێنە بەرامبەر بینەرەکانیان، کە ئەمەش هەنگاونانە بەرەو ئاستی سێیەم لە تێکشکاندنی ئەو زەمەنەی بەوەهمکردن کە بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ لە دوو ئاستەکەی پێشووتریدا لە نەستی بینەردا بیناکراوە. ئەم شێوازە دەتوانرێت تەنها لەڕێگەی نوندنی ئەکتەرەکانیشەوە لەسەر شانۆ ئەنجام بدرێت وەك لە هەندێ نمایشدا پێشتر بینیومانە. 

لە کۆتاییدا ئامانجی ئەم شێوازە کارکردنە ڕەنگە ئەوەبێت کە لەڕێگەی دروستکردنی بەدگومانی و  دوودڵی و نامۆییەوە و لەڕێگەی گەمە هونەریەکانەوە، نمایشەکەمان بتوانێت کاریگەریە زیهنیەکانی  خۆی لەسەر بینەرانی بەجێبهێڵێت.

 بەڵام ئەوەی ئەم کارە” شەوی نیشتمانی” جیادەکاتەوە ئەوەیە کە دەرهێنەر لە ڕێگەی گۆڕینی شوێن و ڕووبەری نمایشەوە دەیەوێت ئەو کارە ئەنجام بدات و ئەم جۆرە کارکردنە نەبۆتە هاندەری گەڕان لەدووی شێوازی نواندن و لێکۆڵینەوە لە ئامادەیی ئەکتەر لە مەبەستگەری ئەو شێوازە لە بەرجەستەکردندا. دەبینین نواندن لە هەرسێ ئاستەکەی پانتاییدا بەهەمان ڕیتم و تەکنیك بەڕێدەکرێت .جگە لەوەی کە زمانی نوسینیش لە هیچ یەك لەو ڕوبەرانەی نمایشدا هیچ جیاوازیەکی بەسەردا نایەت، هەمان تۆن و درێژکراوەی هەمان هەناسەی دیالۆگەکانی سەرەتایە تا کۆتایی.                                                    

 لەم نمایشەدا کارەکتەرەکان بەردەوام باسی بێزاریەکانی خۆیان دەکەن لە ئێستاو لەم شوێنەو لەو ژیانەی کە تیایدان، کەچی بە بەردەوامیش زیاد لەهەر شتێکیتر بە جێگاکانیانەوە بەستراونەتەوە. ئەم نمایشە کەمترین بەرزبوونەوەی لەئاستی زەمینی شانۆکە تیادا نیە، کە ڕەنگە خزمەتێکی بەرچاوی بە گوتاری نمایشەکە کردبێت. زۆربەی دیالۆگەکان لە سکرینەکەداو لەسەر شانۆش بە وەستان و دانیشتنەوە دەوترێن، ئەوەی کە دەجووڵێت جۆلانەو ماشێن و شتەکانن نەك خودی کارەکتەرەکان. لەم وەستان و دانیشتنانەدا بینەر هەست بە گرێدران و جێگیربوون و چنگگیرکردن لەو شوێنە دەکات کە وێڕای هەموو ناشرینیەکانی، مرۆڤ لە بەردەوامبوونیدا شەڕی بێماناییەکانی دەکات.                                                             

 دیالۆگەکان لەم نمایشەدا وا دێنە بەرگوێ کە تێکڕا لە زمانی یەك کارەکتەرەوە نوسرابن کە بووە بەچەند پارچەیەکەوەو هەریەك لەو پارچانەش بە جۆرێکی جیاواز بەڵام بەهەمان تایبەتمەندێتی زمانەکەیان تەعبیر لە تەنهایی خۆیان دەکەن لە جیهانێکدا کە بێڕەحمانە دەیانکاتە کۆیلەو تەریکیان دەخاتەوەو هەموو شتە تایبەتیەکانیان داگیر دەکات. بەڵام ئەمە وایکردووە کە ئەکتەرەکان نەتوانن توانا تایبەتەکانی خۆیان بتەقێننەوەو بتوانن سەربەخۆو وەك تاك شوێنپەنجەی خۆیان بەسەر نمایشەکەوە بەجێبهێڵن. بەشێکی ئەمەش ڕەنگە وەك پێشتر باسمانکرد بەهۆی ئەوەوە بێت کە دەقەکە بە یەك هەناسە نوسراوە و دیالۆگەکانیش  وەك ئەوەیە کە تێکڕا دیالۆگی یەك کارەکتەر بن. هەر ئەمەش ڕەنگە وایکردبێت کە لەم نمایشەدا ئەکتەرەکان تا ڕاددەیەکی زۆر و بەرچاو لەیەك بچن ( جووڵەو دانیشتن و گریان وهەڵچوون و تەنانەت بەکارهێنانی ڕوخساریشیان)، ئەمە ڕەنگە خزمەتی بە گوتاری نمایشەکە کردبێت، بەڵام قوربانیەکەی بریتییە لەتوانای ئەکتەرەکان لە خۆ بەرجەستەکردندا، بەشێکی تریشی ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ خودی ئەکتەر کە نەیتوانیوە لەو بەشداریکردنەیدا کاریگەری خۆی بەجێبهێڵێت. 

لە کۆتاییدا هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ستافی نمایشی ” شەوی نیشتمانی”

shawy niishtman
shano
shano
Previous
Next