پەڕاوێزخانە … نەوزاد بەندی
-1-
کە پێڵاوێ ئەکڕم ،
هەر لە فرۆشگاکەدا لە پێی ئەکەم ..
کێ ئەڵێ پێنج دەقیقەی ماوە تەمەن ؟
با بە پێڵاوێکی تازەوە بمرم ..
-2-
کۆمەڵێک کەس ،
بە دوای ئەسپێکا ڕایانئەکرد ..
بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ،
کە خۆیان کەر نین ..
-3-
پارەیەکی زۆریان کردە ناو
کۆمەڵێ گیرفانی دڕاوەوە ..
بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ،
یەک فلس نەچۆتە گیرفانی کەسەوە ..
( ئیتر شەقام دز دەرچوو .. )
-4-
لە ژێر باراندا ،
کۆمەڵێک شەلاتی ، ئەیانخواردەوە ..
نەیانئەزانی باران بێ و وشکەساڵًیی ،
هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ ،
تازە ئەوان شەلاتین .. شەلاتی ..
-5-
زیندەوەرەکان یەکتری ئەخۆن ..
( من لەم موعادەلەیە تێناگەم .. )
-6-
بەردەوام جەژنەکان ،
لەسەر حیسابی خوێن و
کەرامەت و
شەهامەتی ئەوانی تر .. ئەڕازێنەوە ..
ئەو قازە گەورە سوور کراوەیەی
لەشەوی سەری ساڵدا ، لە دەوری کۆ ئەبنەوە ..
ئەو شلە پڕ گۆشتەی بەیانی جەژن ، لە دەوری کۆ ئەبینەوە ..
( ناکرێ بە بێ تاوان
بە بێ ئازار
بە بێ خوێن ..
جەژنێک بەڕێکەین ؟؟ )
-7-
ئێستایش بۆنساردی خوێن ،
شەقام و مەیدانەکانی بەر نەداوە ..
-8-
پەرلەمانتار ئەو موچە زۆرەی بۆ چییە ؟
پارەی زۆر مرۆڤ ئەکات بە بازرگان ..
دووری ئەخاتەوە :
لە لێکدانەوە
لە بیر کردنەوە
لە نیشتمان ..
–9-
وڵات ،
کە سنوورەکانی بوون بە شورا ،
ئیدی ئەبێ بە زیندان ..
وەرزیری دارایی کە وەڵامی پێ نەما ،
ئیدی لە وەزارەت و مرۆفایەتی دەرئەچێ و
ئیدی ئەبێ بە گیرفان ..
-10-
بڕوانە !
یەک بستت نەماوەتەوە بۆ بەختەوەریی ..
ناچار هەمومانت کرد بە کۆیلەی بیرەوەریی ،
ئەی
نیشتمان ..
-11-
ستیانەکانت ،
کرانە ناو تەنکەر ..
نەمزانی مەمکەکانت ئەوەندە گەورەن ،
سەدان هەزار تەنکەری پڕ کرد ..
ئەی نیشتمان .