Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
دەنگی هاوڕێكانم دێت

دەنگی هاوڕێكانم دێت

Closed
by October 25, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

مرۆڤ

سێبەرەكەی جوانترە

لەخۆی. 

 

كە بێزاربووم، یان دڵتەنگ، كتوپڕ بێ ئەوەی بەكەس بڵێم، بێ ئەوەی خواحافیزی بكەم، جانتاكەم ئەكەمە شانم و ئەڕۆم. جاری واهەیە رۆیشتووم ڕۆیشتووم تا ئەوسەری گریان. جانتاكەی من دووشتی تیدایە، كتێب و دەستنووسەكانی تەنیایم، دڵیشم گریان و تۆ. جاری وا هەبووە دڵی خۆمم بینیووە ئەوەندە تەنگ بووە لەو دیوویەوە هەمووشتێكم لێدیاربووە جگە لە ژیان.  جاری واش هەبووە بەجۆرێك خۆم بینویەتەوە هەستم كردووە لەم سەر زەمینە رێم نابێتەوە. مرۆڤ برێكجار گیردەخوات بەدەست خۆیەوە. هەتا شتێكی گەورە لەدەست نەدەیت، نازانیت شتە بچوكەكان چەند جوانن . هەتا خۆت نەبینیت لەسوچێكی ئەم دونیایەدا بە بێدەنگی و دڵێكی پڕەوە سەیری ئاسمان دەكەیت، نازانیت هاتنە سەرزەوی چەند دەردێكی سەختە. لەوانەیە زۆربەمان موسافیربین. هەندێكمان لەم دڵتەنگیەوە ئەچین بۆ ئەو دڵتەنگی، هەندێكی تریشمان لەم تەنیایەوە بۆ ئەو تەنیایی. بەڵام هەموومان لەم دۆزەخەوە بۆ دۆزەخێكی تر دەڕۆین. ژیانكردن لە هەرشوێنێك بێت دۆزخە. لەناو ئەم هەموو دەردانەدا، كەسانێك هەن وەك سێوێك سەیرت ئەكەن، قاژت ئەكەن، تۆێكڵەكەت لێدەكەنەوە، تۆوی دڵت دەردەهێنن، ئەمما ناتخۆن. من ئەزانم  كەسانێك هەن شەنێكیان بەدەستەوەیە، وەك شەنیەرێك دەت تەكێنن، بۆ ئەوەی دانە دانە گوێزەكانی تەمەنت بكەونە خوارەوە و بشكێن. من لەو شەنیەرانە دەترسم مرۆڤ دەتەكێنن. 

 

هێڵێك 

بەدەوری ژیانتا بكێشە،

لەناوەراستی هێڵەكەدا دانیشە،

لەخۆت بپرسە

تۆ پوچیت؟ یان ژیان؟.

 

بەختی من

یەك تۆز ژیان و 

مشتێك دەردە.

 

 من

بۆ كەسێك زۆر شتم لەدەستدا،

ئەویش لەبەر خۆی، 

منی لەدەستدا.

ژیان دوای لە دەستدانی شتەكان،

ئاسانترە. 

 

 

من بەم رێگایەدا دەرۆم

هیچ شوێنێكم لێ دیارنیە،

جگە لە بەرزاییەك. 

ئەوەی دەیەوێت بەشوێنما بێت.

با خەون ببینێت…

خەون.

 

ماوەیەكە زۆر ئاگام لە هاوڕێكانم نیە، دەمەو بەیانیەك خۆم پێچایەوە و  تا گوندەكەی خۆمان بەڕاكردن چووم. راهاتووم هەركاتێك رقم لە دونیابێت بەجێی بێلم. ئەزانم ئەوەندە گلەیم ئەكرێت دةموضاوم سور هةلَدةطةريَت. باشترە هاورێكانم گلەیم بكەن نەك ژیان. زمانم ڵاڵبێت ئەگەر بڵێم هاورێكانم خراپن. ئەوان نەبن لە تەنیایدا رەق ئەبمەوە. هاورێكانم بەجۆرێك ئاگایان لێمە هەستەكەم هێشتا مناڵم. حەزناكەن جلی كۆنە لەبەركەم، حەزناكەن لەسەر عەرەبانە لەفەبخۆم، حەزناكەن بەتەنیا بچمە دەرەوە، حەزناكەن جگەرەی هەرزان بكێشم. حەزناكەن زۆر بێدەنگ بم، حەزناكەن پێڵاوەكانم دڕابن. هاورێكانم زۆر سەیرن، ئەیانەوێت من بەو جۆرەبم كەناتوانم ببم، هەندێكیان دەست ئەكەن بەگیرفانما تابزانن بەشی چەند لەفەی تر پارەم پێیە. باعزێكیشیان ئەمگەڕێنن بەم دونیایەدا تا ئەو شتانەی نەمدیوون بیان بینم. هاورێكانم ئەوەندە باشن بیرم ئەچێت كەی بچمەوە بۆ ماڵی باوكم. بیرم ئەچێت بێ شوێنی، بێ ماڵی، بێ پارەیی، چۆن مرۆڤ پڕدەكات لەخەیاڵ، لەخەون. هەمیشە ووتومە: هەتا پێڵاوەكانت نەدڕێن هەست بە قورسایی خۆت ناكەیت لەسەر زەوی. ئەم قسەیە بەس هەژارەكان لێی تێدەگەن.  مرۆڤی ئەم سەردەمە كە گیرفانی خاڵی بوو دڵیشی پڕە. هەمووجار لەبەر خۆوە دەڵێم: ئەگەر تۆزێك ژیانم بدەنێ بەشی خەڵكیش ئەدەم.من نازانم ئەو خەڵكە بۆچی وا خۆیان پەرێشان دەكەن، خۆ ژیان ئەوەندە زۆرە بەشی هەموومان ئەكات. بە هاوڕێكانما دەزانم بۆچی هەندێك كات دونیا بێدەنگە. لەو بێدەنگیەدا بەپێكەنینەوە پیاندەڵێم: گوێم لە ترپەی دڵی كەستان نیە هاورێیان، ئەزانم دڵتان شكاوە. تكایە با دەنگتان بێت خەمگینترین دەنگی مرۆڤ دوای دڵشكانیەتی. 

 

ژیان 

وەك هەنارێك وایە،

هەتا شەقی نەكەیت

دانەكانی دڵی دەرناكەون.

 

 

هیچ وانیە

دونیا ئاخیر نابێت،

هەتا ئەو رۆِژەی من تۆ لەبیر ئەكەم!.

 

خۆ باش دەزانم

كەسێك هەیە

درەنگ دەڕوات زۆر درەنگ

ئەما كەرۆِیشت

بەدونیاش نایەتەوە.

 

 

لەشارەكاندا مرۆڤ زوو ووندەبێت،  شارەكان زۆر سەیرن. بەجۆرێك خاڵیت دەكەنەوە كە دەچیت بەرێگادا وةك تةنةكةيةكى بةتالَ دەنگت لێوە دێت. شارەكان بەجۆرێك دەتگوشن تادەگەیتەوە ماڵ تۆزێكت پێوە دەمێنێت. من لەشارەكاندا لەهەمووشت زیاتر رقم لە رێگاكانیەتی. رێگای شارەكان بۆ رۆیشتنە. هەموو رێگاكانی رۆیشتن لە ماڵی ئێمەوە دەست پێدەكەن و هیچ رێگایەكی گەرانەوەش نایەتەوە ماڵی ئێمە. ئەوەی دەیەوێت بەرەو وونبوون بروات با بچێتە سەر رێگای شارەكان. لەشارەكاندا تەنها دڵم بەو عەرەبانچیانە خۆشە كۆڵانەو كۆڵان دەگەرێن مرۆڤ لە خەو هەڵدەستێنن. من لەشارەكان ناترسم، لەمرۆڤ ئەترسم لە شارەكاندا خۆی وونبكات.  

 

 

 

من

لەو شارە دەترسم

خەڵكەكەی بەدزیەوە خۆشەویستی دەكەن و

بەئاشكرا رقیان لەیەكدیە!.

 

من

لەو خەڵكانە دەترسم

ماچی دوو لێو پەرێشانیان دەكات و

ئەم هەموو كوشتنەش رایان ناچڵەكێنت!.

 

من لەو شارە دەترسم

خەڵكەكەی هەتا چاویان دانەخەن،

خەون نابینن!.

 

 

                                                                                           ” نەبەز گۆران “

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.