Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
سه‌رنجێک له‌باره‌ی رۆمانی ( له‌به‌رزایی شوراكانه‌وه‌ ) له‌ نووسینی به‌یان سه‌لمان

سه‌رنجێک له‌باره‌ی رۆمانی ( له‌به‌رزایی شوراكانه‌وه‌ ) له‌ نووسینی به‌یان سه‌لمان

Closed
by October 25, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

زۆرن ئه‌و ڕۆمان وچیرۆكانه‌ی، كه‌ له‌سه‌ری نوسراوه‌ ده‌نگۆیه‌كی درووستكرد …. یان جاری واهه‌یه‌ گۆڕانێك له‌سیسته‌می سیاسی یان كۆمه‌لاَیه‌تیدا درووست ده‌كات، به‌داخه‌وه‌ زۆر جار، هه‌ندێك ڕۆمان و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك وه‌ك غه‌ریبێك دێن و بێڕه‌نگ له‌كتێبخانه‌كاندا فڕێئه‌درێن، پاشان بێ ناز ئه‌پێچرێنه‌وه‌و له‌یاد ئه‌چنه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ میلله‌تێكین تائیستا خوێنه‌ری جدی ئه‌ده‌ب نین، هێشتا باش و خراپ له‌یه‌ك جیا ناكه‌ینه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕۆمانی ( له‌به‌رزایی شوراكانه‌وه‌) كه‌ له‌نووسینی ژنه‌ نوسه‌ری كورد ( به‌یان سه‌لمان )ه‌ هی هه‌ر میلله‌تێكی تر بوایه‌، هه‌رایه‌كی ده‌نایه‌وه‌و پاشان وه‌ریانده‌گێڕایه‌ سه‌رزۆرێك له‌زمانه‌كان وچه‌ندان لێكۆڵینه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كرا، یه‌كێكیش له‌وه‌رگێڕه‌كانی لای خۆمان ده‌یكردنه‌وه‌ به‌كوردی و له‌ یه‌ك دوو گۆڤارو ڕۆژنامه‌دا بلاَو ئه‌كرانه‌وه‌.

نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌ست ئه‌خاته‌ ناو كایه‌یه‌كی كۆمه‌لاَیه‌تی له‌وێوه‌ ده‌ڕِواته‌وه‌ بۆ كایه‌سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵگاو، پاشان دیوێكی هه‌ندێك پیاو ده‌خاته‌ ڕوو، سه‌ره‌تا مامۆستا وه‌ردی له‌دووی بكوژی زه‌كیه‌دا وێڵه‌، زه‌كیه‌ی بێده‌سه‌لاَت و بێتاوان، زه‌كیه‌ كێ كوشتی به‌ نۆ چه‌قۆ ؟؟

زه‌كیه‌ ئه‌و كچه‌یه‌ به‌شێت ناسراوه‌، كه‌هه‌میشه‌ ببوه‌ جێگای تێركردنی ئاره‌زوی هه‌وه‌س بازه‌كانی ناو بازاڕ، هه‌میشه‌ به‌نه‌عناو له‌ته‌ بسكسیت و مه‌ساسه‌ فریویاندا، بۆیه‌ دواجاریش مه‌ساسه‌كه‌ به‌ده‌ستیوه‌ كه‌كوژرابوو، نوسه‌ر له‌سه‌رزمانی ( میم خونچه‌وه‌) ئه‌و ژنه‌ی كه‌تاكه‌ به‌خێوكه‌ری بوو ده‌بوو پاسه‌وانیشی بێت به‌رامبه‌ر به‌گورگه‌كان، مامانیشی بێت بۆئه‌و منالاَنه‌ی كه‌سالاَنه‌ له‌دایكده‌بوون له‌ زه‌كیه‌، ده‌ڵێت ( دایمه‌ كه‌نوقڵێكی ده‌مژی ده‌مزانی كه‌ پێش ئه‌وه‌ پیاوێك ده‌ستی پێگه‌شتووه‌ ) یان له‌شوێنێكی دیكه‌دا ئه‌ڵێت ( بۆیه‌ ڕۆژی منالبوونی بۆخۆی داستانێك بوو، هه‌رچی پیاو بوو له‌ده‌می ژنه‌كانیانه‌وه‌ چاوه‌ڕێبوون هه‌واڵی جه‌نگی نوێی زه‌كیه‌ له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی منالبوون ببیستن… هه‌ركه‌سه‌و له‌ناخییه‌وه‌ وێنه‌ی خۆی له‌زۆڵی داهاتوو دا ده‌بینیه‌وه‌ ) ئه‌مانه‌و چه‌ندان دیمه‌نی تراژیدی زه‌كیه‌ ده‌بینین …

لێره‌وه‌ نوسه‌ر خوێنه‌ر ده‌باته‌ نێو پرسیارێكه‌وه‌ كه‌ ئایا زه‌كیه‌ شێته‌ یان مرۆچه‌كانی تر یان ئێمه‌ ؟ هه‌ربۆیه‌ مامۆستا وه‌ردی تاكه‌ پیاوی پارێزگاریكه‌ری زه‌كیه‌، ده‌كاته‌ فرۆشیاری شێتی تاهه‌موان له‌وێوه‌ جوانی و ساده‌یی زه‌كیه‌ ببینه‌وه‌، بۆیه‌ قه‌لاَ وه‌ک جێیه‌کی خه‌یاڵی نه‌ک کۆنکرێتی ده‌بێته‌ شوێنی شێته‌كان تاكه‌ كه‌سێكیش ده‌توانێت له‌وێنه‌كانی سه‌ردیواره‌كان بگات كچێكی چكۆله‌یه‌ كه‌ناوی زه‌كیه‌یه‌ ئازادانه‌ به‌نێویاندا دێت وده‌چێت كه‌س ده‌ستدرێژی ناكاته‌ سه‌ر، له‌گفتوگۆیه‌كی نێوان مامۆستا وه‌ردی و خه‌یامدا ده‌ڵێت ( هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری شێتبوون وه‌به‌ر چاوبگره‌ و كه‌شێتیش بووی هه‌رگیز هاتنه‌وه‌ی ئه‌قڵ هه‌ڵتنه‌خه‌ڵه‌تێنی )

به‌ده‌ر له‌روی گێڕتنه‌وه‌و لاپه‌ره‌ له‌دووی لاپه‌ره‌ ده‌تبات، خاڵیش نییه‌ له‌فانتازیاو زمانی شیعری و وروژێنه‌ری پرسیاری فه‌لسه‌فی و هاوكێشه‌ی سیاسی، به‌و ئومێده‌ی ئێوه‌ خۆتان بیخوێنه‌وه‌و دیوه‌كانی تری ئه‌م ڕۆمانه‌ ببینن

 

 

كه‌تان خادیمی

 

 

Previous
Next