Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر ….5

دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر ….5

Closed
by October 25, 2013 گشتی

 

 

 

به‌شی پێنجه‌م:

 

دیارده‌یه‌کی باوی سه‌قامگیری کۆمه‌ڵگای کوردیی بریتییه له بڕیاردان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان. نه‌ک به‌ ته‌نها تاک، به‌ڵکوو کۆ بڕیاری خۆی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوێک ده‌دات، ئه‌گه‌ر هاتوو گوێیان له ئارگۆمێنتێکی تر بوو، ئه‌وا به هه‌ند وه‌ریناگرن، لێبه‌ڵێ کاتێک ڕووداوه‌که به‌پێچه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای ئارگۆمێنته نامۆکه و به هه‌ق و ڕاست چ وه‌ریده‌گرن و چ بڕیاریشی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

هه‌رچ شتێک له‌سه‌ر شکستی یه‌کێتیی نیشتیمانیی بگووترێت، هه‌رچ شتێک له‌سه‌ر پلێنیۆم و کۆنگره‌ی ئاینده بگووترێت ئامانج تێیدا هه‌وڵدانه بۆ تێگه‌یشتن له ئێستا و له ئاینده‌ی یه‌کێتیی. خوێندنه‌وه و ئه‌نالیزه‌کردنی ده‌سته‌ڵات هه‌میشه کارێکی گرنگ و پێویسته له‌پێناوی ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کدا. ئه‌وه‌ی تاک و کۆی کورد پێویسته ئێستا و ئالێره‌دا فێری بێت، بریتییه له تێکۆشان بۆ ژیان له ئاسووده‌یی و ئازادییدا به‌بێ ڕشتنی خوێن.

کورد له باشووردا ململانێ و ڕکابه‌رێتیی خۆی ده‌کات نه‌ک دوژمنانی، هه‌ربۆیه هه‌رگیز نابێت ڕێگا به خۆی بدات به چاوی دوژمن ته‌ماشای یه‌کتر بکه‌ن. هه‌مووش پێکه‌وه وه‌ک هێزی کورد ته‌ماشای به‌غدا، تاران، دیمه‌شک و ئه‌نکه‌ره بکه‌ن. ئه‌مه‌ش ناو ده‌نێم ئه‌رکی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی تاکی کورد.

نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین به‌عسی نه‌ناسیوه، تاوانه فێری سیاسه‌تیان به کولتووری به‌عس بکه‌ن، نه‌وه‌یه‌کی تر له چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا ده‌که‌ونه به‌رچاو، که نه‌ک به‌عسیان نه‌ناسیوه، به‌ڵکوو جه‌نگی یه‌کێتیی و پارتیشیان نه‌دیوه، جه‌نگی نێوان پارته کوردییه‌کانیان نه‌دیوه، ئه‌م نه‌وه‌یه خاوه‌نی جیهانێکی فیرتوێله و له ڕیالیتێتی کۆمه‌ڵگای کوردییدا نه‌ک هه‌ست به نامۆبوون ده‌که‌ن، به‌ڵکوو ویستیان نییه ئه‌و ژیانه بژیین که ده‌ژیین.

نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین تووڕه‌یه له هه‌بوونی ماددیی و هه‌لومه‌رج بۆ ژیان و نه‌بوونی توانای ژیان. واته کورد له باشووردا خاوه‌نی داراییه‌کی به‌هێزه، که‌چیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیان به‌وشێوه باشه ناڕوات به ڕێگاوه، که خه‌ڵکیی شیاویانه. ئه‌م باروودۆخه گه‌نجی کوردی کردووه به هێزێکی ئانارشیی، به‌ڵام که‌میینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگایان پێکهێناوه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چلۆن که‌میینه‌یه‌کی ئاوها به‌بێ هه‌بوونی ئاوتۆریتێت توانای به‌خۆوه به‌ستنی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگای هه‌یه؟ وه‌ڵام، چونکه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانیدا هه‌رچیی هێزی ئه‌م که‌میینه ئانارشییه بوو بردی بۆ خۆی. لێره‌دا ئانارشیسمووس وه‌ک کۆنسێپتێکی ئازادیی نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین، کرا به ئاسترومێنتی ویسته ویستراوه‌کانی گۆڕان. ئیدی لێره‌وه گه‌نج خه‌ونێکی نامۆ به خۆی دێنێته دی، نه‌ک خه‌ونی خۆی. ئه‌وه‌ی ئه‌م ئانارشیستانه نه‌یانبوو بریتیی بوو له ئاوتۆریتێت و له ڕێگای هێزی گۆڕانه‌وه پێیگه‌یشتن. ئه‌وه‌ی ئه‌مان درکی پێناکه‌ن بریتییه له‌وه‌‌ی، که ئه‌وان چیدی ئانارشیی نین، به‌ڵکوو تایه‌ی زل و زه‌به‌لاحی ماشێنی سیستێمێکن.

گرنگه بزانرێت، که کێ ده‌نگ ده‌دات به فڵان پارت؟ مه‌به‌ستی من لێره‌دا زیاتر ته‌مه‌نه. کێ پارتی پیره‌کانه و کێ پارتی گه‌نج؟ کێ پارتی هه‌ردووکیانه؟ یه‌کێتیی نیشتیمانیی پێویست بوو وه پێویسته بزانێت، که چه‌ند له نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین هه‌واداری ئه‌ون؟ سه‌رده‌م سه‌رده‌می زیادکردنی ژیانه له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکییدا، نه‌ک داستانی قوره‌به‌رازه و دابان. خوێندنگای باشیان بۆ منداڵه‌کانیان ده‌وێت، دڵنیایی کۆمه‌ڵایه‌تیی و کاریان ده‌وێت، دایه‌نگا و باخچه‌ی منداڵانی پسپۆر و پێداگۆی لێهاتوویان ده‌وێت.

پارته‌کان نه‌ک دوژمنایه‌تیی یه‌کتر ده‌که‌ن، به‌ڵکوو هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌یان بۆ ئاینده‌ ده‌ده‌ن، واته ته‌واوی ئه‌ندامانی خۆیان به‌وشێوه‌یه په‌روه‌رده ده‌که‌ن، که خۆیان په‌روه‌رده کراون. هه‌ر به‌رپرسێکی یه‌کێتیی به نموونه ده‌هێنیته‌وه، ده‌بینیت خاوه‌نی بڕیاری خۆیه‌تی له‌سه‌ر ڕووداوێک، ئیدی لێره‌دا بڕیاری ئه‌و بریتییه له باشه‌ی ڕووداوه‌که یان خراپه‌ی ڕووداوه‌که. بۆ نموونه ئه‌مه شتێکی باشه، که به‌و شێوه‌یه ڕوویدا، ئه‌مه خراپه، که به‌وشێوه‌یه ڕوویدا …هتد. ئیتر هه‌بوونی فوکنسیۆن نه‌ک ده‌بێته بوونیه‌تێکی نامۆ، به‌ڵکوو ده‌بێت به نه‌بوون. 

به‌شێکی زۆری ئه‌ندامانی یه‌کێتیی خاوه‌نی چاوێکن ته‌نها ئه‌وه‌ی پێده‌بینن، که خۆیان ده‌یانه‌وێت بیبینن. ئه‌مانه فێرنه‌بوون، که شته‌کان له لوتکه‌ی ڕاستیی ڕه‌وانی بوونی خۆیدا ببینن، به‌ڵکوو هه‌میشه بڕیار ده‌ده‌ن. هه‌تا تاکی یه‌کێتییش فێری ئارامیی و له‌سه‌رخۆبوون نه‌بێت، هه‌تا فێرنه‌بێت دوای ڕاستیی ڕاسته‌قینه بکه‌وێت، فێرنه‌بێت، که هیچ شتێک له خۆڕا ڕوونادات، به‌ڵکوو هۆکار و زینی خۆی هه‌یه، ناتوانێت تێبگات له‌وه‌ی، که بۆچیی ئه‌وه ڕووده‌دات، که ڕووده‌دات؟ بۆچیی بووین به‌وه‌ی، که ئه‌وه‌ین؟

ده‌گێڕنه‌وه ده‌ڵێن: جارێک پیاوێکی پیری ئیندیانا له گووندێکی بچکۆلانه ده‌ژیا. ئه‌م پیاوه زۆر هه‌ژار بوو، که‌چیی هه‌موو پاشایان ئێره‌ییان پێده‌برد، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌سپێکی سپیی جوانی که‌م وێنه‌ بوو. پاره‌یه‌کی خه‌یاڵییان ده‌دایه هه‌تا لێیبکڕن، به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌فرۆشت. به‌یانییه‌ک ته‌ماشا ده‌که‌ن ئه‌سپه‌که‌ی له خانه‌که‌دا نه‌ماوه. ته‌واوی گوونده‌که کۆده‌بنه‌وه و به پیاوه‌که ده‌ڵێن، تۆ پیاوێکی پیری بێ ئه‌قڵیت، چونکه ده‌مانزانی ڕۆژێک دادێت، که ئه‌سپه‌که‌ت لێده‌دزن. باشتر بوو بتفرۆشتایه نه‌ک ئه‌م بێبه‌ختییه‌ت بهاتایه‌ته ڕێگا.

پیره‌مێرده‌که ده‌ڵێ:

ئه‌وه‌نده زیاده‌ڕۆیی مه‌که‌ن و بڵێن ئه‌سپه‌که له خانه‌که‌یدا نیه و به‌س. ئێمه ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌زانین، که ئه‌سپه‌که له خانه‌که‌دا نه‌ماوه و هه‌رچییه‌کی تر بڵێین ده‌شێت ناڕاست بێت. ناتوانم بڵێم، که دیارنه‌مانی ئه‌سپه‌که بێبه‌ختییه یان باشه، چونکه نازانم له‌دوای نه‌مانی ئه‌سپه‌که چیی ڕووده‌دات.

خه‌ڵکیی پێده‌که‌نن به پیره‌مێرده‌که. هه‌موو ئه‌یانزانی، که ئه‌م پیره‌مێرده هه‌ندێک شێته. له‌دوای پانزده ڕۆژ ئه‌سپه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه خانه‌که‌ی خۆی، ئه‌سپه‌که نه‌دزرابوو، به‌ڵکوو خۆی ڕۆیشتبوو بۆ ئه‌و کێوانه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو شتێک نییه، به‌ڵکوو ئه‌سپه‌که پانزده ئه‌سپی تری کێویی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو. دیسانه‌وه خه‌ڵکی ئاوایی کۆده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن:

پیره‌مێرد تۆ ڕاستتکرد، به‌ڕاستیی دیارنه‌مانی ئه‌سپه‌که باشه و خێر بوو.

پیره‌مێرده‌که ده‌ڵێ:

دیسانه‌وه زیاده‌ڕۆیی ده‌که‌ن. هه‌رئاوها ئاسان بڵێن، که ئه‌سپه‌که گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئێوه تاکه یه‌ک وشه‌تان خوێندۆته‌وه و چلۆن ده‌توانن قسه له‌سه‌ر ته‌واوی کتێبێک بکه‌ن؟

پیره‌مێرده‌که تاکه کوڕێکی هه‌بوو، ئه‌ویش ده‌ستیکرد به مه‌شقپێکردنی پانزده ئه‌سپه‌ کێوییه‌که. ڕۆژێک له‌ ئه‌سپێکیانه‌وه ده‌که‌وێته خواره‌وه و هه‌ردوو قاچی ده‌شکێت. خه‌ڵکیی کۆده‌بنه‌وه و دیسانه‌وه ده‌ڵێن:

پیره‌مێرد تۆ ڕاستتکرد، ئه‌وه به‌دبه‌ختیی بوو. تاکه کوڕه‌که‌ت ئێستا که‌مئه‌ندام بووه و ئێستا له جاران هه‌ژارتریت.

پیره‌مێرده‌که له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:

ئێوه داگیرکراوی بڕیاردانن، ئه‌وه‌نده زۆر مه‌ڕۆن. ته‌نها بڵێن، که کوڕه‌که‌م قاچه‌کانی شکاوه. که‌س نازانێت ئاخۆ ئه‌مه بێبه‌ختییه یان باشه‌یه‌که.

پاش ماوه‌یه‌ک جه‌نگ ئێخه‌ی نیشتیمانه‌که‌یان ده‌گرێت، هه‌رچی کوڕه گه‌نجی ناوچه‌که‌یه ڕاده‌کێشرێن بۆ به‌ره‌کانی جه‌نگ، ته‌نها کوڕی پیره‌مێرده‌که نه‌بێت، که به‌هۆی شکانی قاچه‌کانییه‌وه ناتوانێت بچێت بۆ جه‌نگ. ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بردنه‌وه‌ی جه‌نگ باڵی خۆی به‌سه‌ر خاکدا ڕاده‌کشێنێت. خه‌ڵکیی ده‌یانزانیی، که به‌شێکی زۆر کوڕه‌کانیان ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه و ده‌کووژرێن. خه‌ڵکه‌که دێنه‌وه لای پیره‌‌مێرده‌که و ده‌ڵێن:‌

پیره‌مێرد تۆ ڕاستتکرد، ئه‌و به‌دبه‌ختییه باشه‌ی پێوه‌بوو. کوڕه‌که‌ت قاچ شکاوه، به‌ڵام هیچ نه‌بێت زیندووه و لای خۆت ماوه‌ته‌وه.

پیره‌مێرده‌که ده‌ڵێ:

ئێوه وازناهێنن له بڕیاردان.

هیچ که‌س نازانێت چیی دێت. بڵێن، که کوڕه‌کانتان ڕاکێشراون بۆ شه‌ڕ و کوڕه‌که‌ی من ڕانه‌کێشراوه. هه‌وڵبده‌ن شته‌کان له لوتکه‌ی بوونی خۆیدا ته‌ماشابکه‌ن و ببینن، پاشان خۆتان وازده‌هێنن، که بڕیار له‌سه‌ر شته‌کان بده‌ن.

 

 

 

24.10.2013

Previous
Next