چیرۆک بۆ منداڵان … ئۆخەی نیشتمان
شایەکی بیابان نشین ، هەر لە منداڵییەوە ، زۆر حەزی لە دەنگی باڵندە بوو .. لە باخچە گەورەکەی کۆشکە قەشەنگەکەیدا ، لە نێو تەلبەند و قەفەزی جوان و نایابدا ، چەندین جۆرە باڵندەی رەنگین و دەنگخۆشی هەبوون .. رۆژانە خۆشترین دان و گیا و سەوزە و میوەی دەدانێ .. خۆشەویسترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە ، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو .. کە لە نێو تەلبەندێکدا ، دیکۆرێکی زۆر جوانی لە شێوەی کوێستان ئاسایی بۆ رازاندبۆوە .. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە کانی و لە گۆڵزارێکی رەنگین و لە تاشەبەردی جوان .. شا هێندە هۆگری باڵندە ببوو .. رۆژانە هێندە گوێی لە دەنگیان گرتبوو .. تا رادەیەیەکی کەم ، لە زمانی باڵندەکانیشی دەزانێ .
شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا .. دەچووە دیاری و ، گوێی لێ دەگرت .. بەڵام شا زۆر سەری لەوە سووڕمابوو .. کە کەوەکەی هەموو جارێک لە کۆتایی خوێندنەکەیدا ، دەیگوت : ” خۆزگــــەم بە نیشـــــتمان … ! ”
شا لەبەر خۆیەوە گوتی : ” جا کەوەکە لە چیت کەمە ..؟ خۆشترین دان و سەوزە و میوەت دەرخوارد دەدەم .. جوانترین دیکۆرم و دیمەنم بۆ رازاندوویتەوە .. قاپی ئاو و دانەکەت لە زیو دروست کراون .. شوێن خەوێکی گەرم و نەرمم بۆ داناوێ .. پێم ناڵێی بۆ هەموو جارێک خۆزگەت بە نیشتمانەکەتە و ، هەناسەی قووڵی بۆ هەڵدەکێشیت ..؟ تۆ بڵێی نیشتمانەکەت لەم دیکۆرە و دیمەنە و .. لەم ناز و نیعمەتە خۆشتر بێت .. ؟!
شا شەوێکیان خەوی بینی .. لە خەوەکەیدا بەیانی بوو .. گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی دەگرت .. وەکو جاران گوێی لێبوو کە ، گوتی : ” خۆزگــەم بە نیشـــتمان ”
شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و بەرەڵای کرد .. کەوەکە بەرەو باکـوور هەڵفڕی .. شا لە خوا پاڕایەوە .. کە بیکات بە باڵندەیەک .. داواکەی هاتە دی .. بوو بە باڵندەیەک و هەڵفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت .. دوای فڕینی ماوەیەکی زۆر .. بەیانییەک گەیيشتنە دۆڵێکی کوێستانی کوردسـتان .. پڕ بو لە دارستانی چڕ و ، لە گۆڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و گەش و بۆنخۆش .. لە کانی و ، لە تاڤگە و ، لە شاخی بەفرین و بەرز .. کە شا هەرگیز شوێن و ، دیمەنی سروشتیی وا جوان و قەشەنگ و رەنگین و دڵگیری نەبینیبوو .. کەوەکە لەسەر کانییەکی ئاو خوڕ و رووندا نیشتەوە .. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە .. تێر چینەی کرد .. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت .. بە دەنگێکی بەرز و زوڵاڵ ، دەستی بە قاسپە قاسپ کرد .. لە کۆتاییدا سێ جاریش لەسەر یەکتری ، گوتی : ” ئۆخـەی نیشـتمان .. ئۆخـەی نیشـتمان .. ئۆخـەی نیشـتمان .. کە بەتۆ شادبوومەوە .. ” رەوێکی کەو هاتن و ، لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە .. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کرد .. لە کۆتاییشدا ، گوتی : ” ئۆخـــەی .. کە بە کەسوکـــارم شادبوومەوە .. ” کەوەکە لەگەڵ کەوەکانی تردا .. دایان لە شەقەی باڵ و بەرە و لوتکە شاخێکی بەرز هەڵفڕین .
شا لەپڕدا بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی خەبەری بووە و .. گوتی ” ئۆخی کە ئەمە خەو بوو بینیم .. ” شا چوو یەکسەر دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ، ئازادی کرد .. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵفڕی .. ئینجا شا هەموو باڵندەکانی تریشی ئازاد کردن .. چی قەفەز و تەلبەندیشی هەبوو ، هەمووی شکاندن .. هەر ئەو رۆژەش فەرمانێکی دەرکرد .. کە راوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێویی لە وڵاتەکەیدا قەدەغـەکرد .. ئەوەشی راگەیان کە قەفەز و داو و دارلاستیک و تەڵە لای هەرکەسێک بگیرێت سزای دەدات.
منـداڵە جوانکیلەکانی کوردســتان .. مەبەستم لەم چیرۆکەمدا .. سۆز و خۆشەویستییە بۆ کوردسـتانی شیرینمانە .. کە نيشـتمانی پیـرۆزمانە .. کە جوانترین بەهەشتی سەر زەمینە .. بەبێ کوردسـتان ژیانـمان تـاڵە و .. مانـەوەمان مەحـاڵە .
نەرویـج : ٢٥/ ١٠/ ٢٠١٣
نووسینی : رەزاشوان