Skip to Content

Sunday, April 28th, 2024
دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …7

دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …7

Closed
by October 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

به‌شی حه‌وته‌م:

 

ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی پارته‌ کوردییه‌کان به گشتیی و یه‌کێتیی به‌تایبه‌تیی هیچ نین بێجگه له ئۆبیه‌کتی پارت. لێره‌وه ده‌مه‌وێت به ئه‌ندامانی یه‌کێتیی بڵێم، که ده‌شێت زۆرینه‌تان به ژماره پێناسبکرێن یان به ژماره مۆربکرێن، بۆ نموونه کاتێک پێتان ده‌ڵێن، براکه‌م تۆ ڕه‌قه‌میت. چ بێڕێزییه‌که به ئه‌ندام و پێشمه‌رگه ده‌کرێت، کاتێک به ڕه‌قه‌م ناویان ده‌برێت و ناوبراویش به‌وپه‌ڕی شانازیی و شکۆوه ئه‌م ڕه‌قه‌مه له نێوچه‌وانی خۆی ده‌دات. ئێوه که‌ستان فڵان و فیسار نین، به‌ڵکوو ژماره‌ن، ئێوه که‌ستان خاوه‌نی “خود” نین به‌ڵکوو ژماره‌ن. ده‌شێت ئه‌ندامێک ڕۆژێک له مێژوویه‌کدا له لوتکه‌دا بووبێت، به‌ڵام هێشتا هیچ نه‌بووه بێجگه له ئۆبیه‌کتێکی پارت، هیچ نه‌بووه بێجگه له ژماره‌یه‌ک.

هه‌موو ژماره‌یه‌کیش کاتێک پێویست نه‌بوو ئه‌وا به‌کارناهێنرێت، ئه‌و دێته‌وه مه‌یدان کاتێک بمانه‌وێت له ژماره‌یه‌کی تری ده‌ربکه‌ین، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی تردا پلوسی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ژمار‌ه‌یه‌کی تردا دابه‌شیبکه‌ین، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی تردا زه‌ڕبی بکه‌ین، ئامانجیش تێیدا ڕێسوڵتاته و هیچی تر. هه‌ربۆیه فڵان وه‌ک ژماره ڕۆژێک دێت به‌کاردێت، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه هێشتا نه‌هاتووه.

ئه‌ندامانی یه‌کێتیی به‌وپه‌ڕی شانازیی و شکۆوه ده‌ڵێن، هێز له یه‌کێتییدایه ئه‌و ئه‌ندامه‌ی واز له‌ یه‌کێتیی ده‌هێنێت ئیدی ڕۆده‌چێت و هێزی نامێنێت، چونکه هێز و نرخی ئه‌و به یه‌کێتییه‌وه‌یه، ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییدا نه هێزی هه‌یه نه نرخ. کاره‌ساته کاتێک ئه‌ندامی یه‌کێتیی هه‌ست به فاشستبوونی خۆی له وته‌یدا ناکات و شانازییش به‌وه‌وه ده‌کات که ده‌یڵێت. له‌م وته‌یه‌دا ئه‌ندام وه‌ک تاک نرخی خۆی له‌ده‌ستداوه، ئه‌وه‌ی خاوه‌نی نرخه یه‌کێتییه و هه‌موو ئه‌ندامه‌کانیش له خزمه‌تی یه‌کێتیی و سه‌رۆکدان. لێره‌دا هه‌موو جۆره ڕه‌خنه‌یه‌ک له یه‌کێتیی و سه‌رۆکه‌که‌ی ده‌بێته سووکایه‌تییکردن به یه‌کێتیی و سه‌رۆکه‌که‌ی. سووکایه‌تییکردنیش به یه‌کێتیی جێگای په‌سه‌ندکرن نییه، سووکایه‌تیی به سه‌رۆک جێگای په‌سه‌ندکردن نییه، هه‌ربۆیه که‌سی سووکایه‌تییکه‌ر ڕاپێچی به‌رده‌م لێپرسینه‌وه ده‌کرێت، ئیدی لێپرسینه‌وه‌که چییه لێره‌دا جێگای باس نییه.

نرخی تاک و کۆ له‌ناو یه‌کێتییدا نرخی نامێنێت، به‌ڵکوو نرخی هه‌موویان ده‌خرێته سه‌ر نرخی یه‌کێتیی و سه‌رۆک، هه‌ربۆیه کاتێک ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی، بێنرخ یه‌کێتیی به‌جێده‌هێڵن و بۆ یه‌کێتییش هیچ نرخێکیان نییه هه‌تاوه‌کوو یه‌کێتیی خه‌میان لێبخوات. پرسیاری من لێره‌دا له هه‌موو ئه‌ندامێکی یه‌کێتیی ئه‌وه‌یه ئاخۆ جیاوازیی نێوان ئایینی ئیسلام و یه‌کێتیی نیشتیمانیی چییه؟

 

که‌سایه‌تیی و تێکچوونه‌کانی:

هه‌ندێک پیاوی یه‌کێتیی پیاوی بچووکن. پیاوی بچووکیش خاوه‌نی ترسه، هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ شاردنه‌وه‌ی ترسه‌که‌ی سه‌رنه‌که‌وتووه. له‌کاتی سه‌رنه‌که‌وتنیدا ئه‌م مرۆڤه ترسه‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێنێته سه‌ر تووڕه‌بوونێکی گه‌وره. ئه‌م تووڕه‌بوونه بۆ ئه‌و ئازایه‌تییه و نرخێکی گه‌وره‌ی پێده‌به‌خشێت. تووڕه‌بوونێکی ئاوها هه‌ناسه‌ درێژه، ئه‌م مرۆڤه کاتێک ده‌ست له تووڕه‌بوون هه‌ڵده‌گرێت، که وزه‌ی نامێنێت، واته تووڕه‌بوونه‌که هێشتا هه‌ر بوونی هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که ئه‌م وزه‌ی پێنه‌ماوه. ئه‌مجۆره پیاوانه هه‌ست به ته‌نهاییه‌کی ترسناک ده‌که‌ن، ده‌ترسن سه‌رنه‌که‌ون له ژیانی ڕۆژانه‌ی سیاسیی و تایبه‌تیاندا، ده‌ترسن بدۆڕێن، هه‌ربۆیه هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وان بۆ سه‌رکه‌وتنه. ئه‌م پیاوه بچووکانه هێستریین. ئه‌م پیاوه بچووکانه سڵاو ناکه‌ن، به‌ڵکوو چاوه‌ڕێده‌که‌ن، که سڵاویان لێبکرێت. له‌م ڕێگایه‌وه هه‌ستی نرخێکی باڵا به خۆیان ده‌به‌خشن و بێنرخییه‌کیش به که‌سی به‌رانبه‌ر.

پیاوی بچووک به‌ده‌رله‌و‌ه‌ی ده‌بێته مایه‌ی نانه‌وه‌ی زیانێکی گه‌وره له کۆمه‌ڵدا، ئه‌وه‌نده‌ش زیانی گه‌وره به خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، چونکه تاکه قوربانیی ڕاسته‌قینه له‌م هاوکێشه‌ ده‌روونیه‌دا ته‌نها خۆیه‌تی. هه‌روه‌کوو چلۆن ژنی هێستریی ده‌گه‌ڕێت بۆ پیاوێک، که نادڵنیایه له خۆی بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بکات و خۆی له چه‌قی هه‌موو شته‌کاندا ڕابوه‌ستێت، ئاوهاش پیاوی بچووکی یه‌کێتیی ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی، که نادڵنیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆنترۆڵیان بکات و خۆی له چه‌قی سه‌رنجی هه‌موو شته‌کاندا ڕابوه‌ستێت.

پیاوێکی بچووکی هێستریی به نه‌رم و نیانییه‌که‌یدا ده‌ناسرێته‌وه، به ڕووخۆشییه‌که‌یدا ده‌ناسرێته‌وه به ڕووخساره فێمێنینییه‌که‌یدا ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌مانه دیپلۆماته‌کانی پارتن، هه‌واڵگره‌کانی پارتن، له‌پێناوی وه‌ستان له چه‌قدا ئاماده‌ی کردنی هه‌موو شتێکن، ژنه‌کانی ئه‌م پیاوه هێسترییه بچووکانه ژنانگه‌لێکی کۆکێکتیین، “coquet”.  چلۆن ئه‌م ژنانه پێشتر بوونه‌‌ته جێگای سه‌رنجی پیاوه‌کانیان، ئاوهاش پیاوه‌کانیان به‌کاریان ده‌هێنن بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی پیاوانی تری خاوه‌ن پۆست.

 ئه‌م پیاوانه هه‌رگیز ناتوانن ڕیالیتێت وه‌ک خۆی ببینن، به‌ڵکوو هه‌میشه باوه‌ڕ به‌وه ده‌که‌ن، که خۆیان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. بۆ نموونه بۆچیی فڵان به‌رپرسی یه‌کێتیی به هه‌ڵوه‌شێنه‌ری یه‌کێتیی ده‌ستنیشانده‌کرێت؟ وه‌ڵام،  یه‌که‌م، چونکه ئه‌م به‌رپرسه خاوه‌نی ئه‌نامنێسه‌یه‌که “Anamnese”، مێژوویه‌که، که تێیدا تێکچوونی که‌سایه‌تیی ده‌ستیپێکردووه. دووهه‌م چونکه له مێژوویه‌کدا سه‌رنه‌که‌وتنی له ڕاوه‌ستان له چه‌قدا و زیاتر هێرشکردنه‌سه‌ری تووشی تووڕه‌بوونێکی کردووه، که تێیدا هه‌ستی ڕق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌ریه‌تی. لێره‌وه ئه‌م پیاوه ڕقی له هه‌موو شته و هه‌میشه هه‌ستی سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه، باڵاتریین هه‌ستی ژیانی ڕۆژانه‌یه‌تی.

پیشه و که‌سایه‌تیی:

ئه‌گه‌ر قه‌سابێک پاش ماوه‌یه‌ک ببێت به نانه‌وا ئه‌و چیتر قه‌ساب نییه. پیشه پیشه‌یه و که‌سایه‌تییش که‌سایه‌تیی. بۆ نموونه قه‌سابێک وه‌ک پیشه قه‌سابه، به‌ڵام خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌که، که مۆڕاڵی چوارئه‌وه‌نده‌ی مۆڕاڵی پیاوێکی ئاینیی یان سیاسییه. نانه‌وایه‌ک وه‌ک پیشه نانه‌وایه، به‌ڵام موسیکژه‌نێکه، که تواناکانی له موسیکژه‌نێکی شانسداری هه‌ڵکه‌وتوو زیاتره. ئه‌م موسیکژه‌نه ناتوانێت به به‌هره‌که‌ی بژیی، هه‌ربۆیه ناچاره نانه‌وایی بکات هه‌تاوه‌کوو بتوانێت بژیی. ئه‌گه‌ر ئه‌م موسیکژه‌نه چیتر نانه‌وایی نه‌کات، ئه‌وا ئه‌و چیتر نانه‌وا نییه به‌ڵام موسیکژه‌نێکی باشه. قه‌سابه‌که ئه‌گه‌ر قه‌سابیی نه‌کات ئه‌وا ئه‌و چیتر قه‌ساب نییه، به‌ڵام خاوه‌نی مۆڕاڵێکی باڵایه، ئه‌گه‌ر سبه‌ی هه‌ر کارێکی تر بکات له خزمه‌تی خه‌ڵکییدایه نه‌ک به‌ته‌نها خۆی.

هه‌ندێک ئه‌‌ندامی یه‌کێتیی هه‌ن ته‌نها خاوه‌نی پۆستێکن، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئه‌م پۆسته‌یان نه‌ما ئه‌وا هیچ شتێکی تر نین، هه‌ربۆیه گرنگه بۆ ئه‌مان که هه‌میشه پۆسته‌که‌یان جێگای پاش ناویان بگرێته‌وه بۆ نموونه “فڵانی به‌رپرسی کۆمیته، مه‌ڵبه‌ند، ڕێکخراوی فیسار، کارگێڕ، به‌رێوه‌به‌ر … هتد.”. ستراکتوری ده‌روونیی بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر سێ ئینستانسی ده‌روونیی لێده‌دات، ئه‌م سێ ئینستانسه “حه‌ز، من، سه‌رووی من”، بناغه و پێکهێنه‌ری که‌سایه‌تیین. که‌ڕاکته‌ر به‌رهه‌می ئه‌‌مانه. هه‌ر تاکێکیش ئیندیڤیدووێل خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. سیاسییه‌ک ناتوانێت مۆڕالیست بێت، ئه‌گه‌ر بێتو خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی ته‌ندروست نه‌بێت. تاکێک ناتوانێت ببێت به جه‌للاد ئه‌گه‌ر بێتو خاوه‌نی سه‌رومنێکی ته‌ندروست و به‌هێز و مۆڕاڵ ‌بێت، به‌ڵکوو جه‌للادێک سه‌رومنێکی سادیستی ده‌وێت. که‌سایه‌تیی ته‌ندروست گرنگه بۆ چیی بوون و چلۆن بوونی تاکێک له هه‌ڵبژاردنی پیشه‌یه‌کدا. کێشه‌ی هه‌ندێک ئه‌ندامی یه‌کێتیی له‌وه‌دایه، که خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست نین، هه‌ربۆیه کاتێک چیدی خاوه‌نی پۆست نین تووشی گه‌وره‌تریین به‌تاڵیی و کێشه‌ی ژیانی ڕۆژانه ده‌بن. دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر گرنگیی به که‌سایه‌تیی ته‌ندروست ده‌دات نه‌ک پۆست.

 

30.10.2013

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.