داخباران … نەوزاد بەندى
-1-
هاوڕێیەکى دێرینم دى ،
باوەشى پیا کردم و
بە گریانەوە وتى :
ئازیزم !
دینار چ خەسارەتێکى لێ داین..
-2-
ویستم یەخەى پاڵتۆکەم ،
نەهێڵێ باران بچێتە پشت ملم ..
( باران عاجز بوو ..
ئەو ڕۆشتنەى ڕۆى ،
نەگەڕایەوە .. )
-3-
لە وێستگەى خەوێکا ..
لە کەلاوەى داڕوخاوى شەوێکا ..
چوومە (سەرە)وە ، بۆ بینینى ئەو ..
نەمبینیەوە ..
( وتیان مناڵیى لەگەڵ نوقوڵى ترش و شیرینا ڕۆى ..
لەگەڵ بۆنى مێخەکا ..
ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە
ئەو ، ئەوەندە گەورەیە ،
نە لە خەوا ..
نە لە کەلاوەکانى شەوا ،
جێگاى نابیتەوە .. )
-4-
دەفتەرێکم خستە ناو جانتایەکەوە ..
قەڵەمێکم بە گیرفانى کراسەکەما هەڵواسى..
لەسەر تەختەیەکى دار دانیشتم ..
( ئەو نەهات و ئەو نەهات و ئەو نەهات ..)
-5-
ئەو مردنە جەماعیە چییە ، شەو ڕوو دەدا ؟
( ئێشکگرەکان خۆیان بە مەغدوور ئەزانن ،
کە لەو مردنە جەماعیەدا ،
بەشدارى ناکەن )
-6-
نازانم بۆچى کە ئەمبینیت ،
ئەژنۆم وشک ئەبوو ؟
هەناسەم سوار ئەبوو ؟
ڕەنگم ئەبوو بە ڕەنگى توت فەڕەنگى ؟
( کە ڕۆیشتى ،
وشکبوونى ئەژنۆ و
سوار بوونى هەناسە و
توت فەڕەنگیبوونى ڕوخساریشمت ،
پێچایەوە و
خستتە ناو جانتاکەت .. )
ئەژنۆم تینووى وشک بوونە ..
هەناسەم تینوى سوار بوونە ..
ڕەنگم تینووى توت فەڕەنگیبوونە ..
( کەى دێیتەوە و
وشکبونى ئەژنۆم ئەدەیتەوە ؟
سواربوونى هەناسەم ئەدەیتەوە ؟
توت فەڕەنگیبوونى ڕوخسارم ئەدەیتەوە ؟
کەى ؟ )
-5-
تەنیاترم لە فلاش میمۆرى ..
پڕ ئەبم لە وێنە و دەنگ و ڕەنگ و وشە ..
بە هیچ کۆمپیوتەرێکیش ناکرێمەوە..
-6-
ببم بە حوکمەت ،
کڵاشینکۆفەکان ئەتوێنمەوە ،
گەورەترین کورسى – کورسى لە جیهاندا دروست ئەکەم ..
ناوى ئەنێم : چاوى یار !
-7-
کێ هەیە گریانى پیاو ببینێت و
موچڕکە نەیلەرزێنێ ؟
کێ هەیە سەردانى بەفر بکا و
تۆپەڵێک ،
سەرى پەنجەکانى نەتەزێنێ ؟
کێ هەیە بێتە دنیا و
بستە خاکێک ،
سەرتاپاى نەڕزێنێ ؟
nawzadbandy@yahoo.com