Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
منداڵ و فیلم كارتۆن …. عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

منداڵ و فیلم كارتۆن …. عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

Closed

 

 

 

له‌سه‌ر شانۆكه‌ كۆمه‌ڵێك منداڵ دیارن كه‌ خه‌ریكی یاری كردنن ،دوو جۆرن ، جۆرێكیان منداڵی باخچه‌ن و جۆرێكیان قوتابین ، جلوبه‌رگی ڕه‌نگا و ڕه‌نگی ماڵه‌وه‌یان له‌به‌ردایه‌ .كه‌روێشكێكی بچكۆلانه‌یان له‌لایه‌ یاری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن .

له‌ گۆشه‌یه‌كی تری شانۆكه‌دا چوارچێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌ی ته‌له‌فزیۆندا دانراوه‌ كه‌ چه‌ند بوكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ناویدا دیارن ، كه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ كارتۆنییه‌ ناسراوه‌كان ده‌چێت و لای منداڵان ناسراون ..

بێژه‌ر : گوڵه‌كانم منداڵه‌ ئازیزه‌كان ئێستاش به‌رنامه‌ جوانه‌كه‌ی ئێوه‌ ده‌ست پێده‌كات ، سه‌ره‌تا با گوێ‌ له‌م گۆرانییه‌ خۆشه‌ بگرین .

 

هـــــاوڕێكانم خێرا زوو…..وه‌رنه‌پێشێ‌ هه‌رهـــه‌موو

به‌رنامـــــــــه‌ی مناڵانه‌…..تایبه‌ت به‌ ئێوه‌ی جوانه‌

بۆ بینینی  دووبـــــــاره‌ …..ده‌ی وه‌رنه‌ پێش ئه‌مجاره‌

 (دوای ته‌واو بوونی گۆرانییه‌كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كارتۆنی قسه‌ ده‌كات …كه‌سی گه‌وره‌ ده‌توانێ‌ ئه‌م ڕۆڵه‌ ببینێ‌  ) 

كارتۆن :

مــناڵینه‌ چی ده‌كـــــه‌ن…..وه‌رن ده‌ورم لێبــــــــده‌ن

بۆچی وا دوور وه‌ســـتاون…..له‌و كــــه‌روێشكه‌ ئاڵاون

وه‌رن وه‌رن بۆ لای مـــــن…..سه‌یرمكه‌ن گوێم لێبگرن

منداڵ : ( ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ )  ئای كه‌ خۆشه‌ ، فیلم كارتۆن ده‌ستی پێكرد 

منداڵێكی تر : 

وه‌رن فیلم كــــــــــــارتۆنه‌…..ده‌ی با بزانین چـــــــــــۆنه‌

هـــــــــــاوڕێیان منی منداڵ…..ئه‌و كاتـــانه‌ی وام له‌ ماڵ

فیلم كارتۆنی كـــــــــوردی …..سه‌یر ده‌كـــــــــه‌م به‌ وردی

ئینگلیزی و عـــه‌ره‌بیش بێ‌…..هه‌ر خۆشیم پێ ده‌به‌خشێت

زۆر باش سه‌رنجیان ئه‌ده‌م…..هــه‌تا  لێیان تێ‌ بگـــــه‌م 

منداڵێكی تر : 

خێرا وه‌رن  هه‌ر هــــه‌موو…..بۆ بینینی زوو بــــــه‌ زوو

چونكه‌ هــــــه‌موو منداڵێ…..ئه‌و كـــاته‌ی وا له‌ ماڵێ

زۆر حه‌ز له‌ كارتۆن ده‌كا…..به‌ جــوانی لێی تێ‌ ئه‌گا

دوای ئه‌م گۆرانییه‌ هه‌موو مناڵه‌كان ورده‌ ورده‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ دائه‌نیشن ، به‌ڵام دوانیان زۆر ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌ 

داده‌ : گوڵه‌كانم له‌ كاتی ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆندا نابێت زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ دابنیشن ، چونكه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ چاوه‌ جوانه‌كانتان .

ئیتر ئه‌و مناڵانه‌ی كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ دانیشتوون به‌ هێمنی دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ .. ئه‌وانی تریش جوڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ دواتر .

كارتۆن :

وه‌ره‌ لـه‌لام دانیشــه‌…..سـه‌یرم بكه‌ هه‌میشـه‌

چـونكه‌ من وام به‌ڕێوه‌ …..ده‌بمه‌ مـــیوانی ئێوه‌ 

ده‌زانم خۆشتان ئه‌وێم…..منداڵ له‌ كوێ‌ بێ‌ له‌وێم

بمبینن دڵخـۆش ئه‌بن…..لای (تی ڤی) دائه‌نیشن

ته‌له‌فزیۆن كـــراوه‌…..ده‌رده‌كــــه‌وم له‌ لاوه‌

خۆ منی فیلم كــارتۆن…..حه‌ز ئه‌كه‌م لام بن نه‌ڕۆن

منداڵی قوتابخانه‌ :

نا نا فیلم كارتۆن گیـــان…..خۆشـــــه‌ویســـتی مناڵان

من به‌رنامــــــــه‌م داناوه‌ …..هه‌ر كه‌ ( تی ڤی ) كراوه‌

له‌ دوای كۆشش ڕاسته‌وخۆ…..دێمـــه‌وه‌ دیـــداری تۆ

كه‌ ماوه‌كـــه‌ ته‌واو بوو…..( تی ڤی ) جێ‌ ده‌هێڵم زوو

تا ئه‌ركی قوتابخـــانه‌…..جێ‌ به‌ جێ‌ كـــه‌م ڕۆژانه‌

به‌ پێی خشته‌ ده‌سـتبه‌جێ‌…..بۆ به‌یــــــانی چیمان بێ‌

هه‌مووی ئاماده‌ ده‌كــــه‌م…..ده‌یخه‌مــه‌ ناو جانتاكه‌م

هه‌موو منداڵان:

نا نا فیلم كارتۆن گیان…..خۆشــــه‌ویستی منداڵان

به‌رنامـــه‌مان داناوه‌ …..هه‌ر كه‌ ( تی ڤی ) كراوه‌

له‌ دوای كۆشش ڕاسته‌وخۆ…..دێیـــنه‌وه‌ دیـداری تۆ

كه‌ مـاوه‌كه‌ ته‌واو بوو…..( تی ڤی ) جێ‌ ده‌هێڵین زوو

تا ئه‌ركی قوتابخانه‌…..جێ‌ به‌ جێ‌ كـه‌ین ڕۆژانه‌

به‌ پێی خشته‌ ده‌ستبه‌جێ‌…..بۆ به‌یـانی چیمان بێ‌

هه‌ر هـه‌موویمان داناوه‌…..ده‌یخه‌ینه‌ ناو جـانتاوه‌

منداڵی باخچه‌ : 

مناڵی ژیـــــر وریـــایه‌…..هه‌روه‌كــو ئێمه‌ وایه‌

ئێمه‌ش ئه‌مساڵ له‌ باخچه‌ین…..بۆیه‌ وه‌ك ئێوه‌ ده‌كه‌ین

تا سه‌ركه‌وتوو بین هه‌مـوو…..بگه‌ینه‌ ئاواتمـان زوو

منداڵان پێكه‌وه‌ :

ئێمه‌ جوانین     ئێمه‌ جوانین…..ئێمه‌ خونچه‌ی    ناو باخانین

ئێمه‌ هیوای گه‌لی كــوردین…..بچكـــۆلانه‌ و وریا و وردین 

ئێمه‌ دڵ پڕ هیوا و خۆزگه‌ین…..ئێمه‌ ژیر و خاوه‌ن به‌هره‌ین

خۆشه‌ویستین هه‌ر هه‌موومان…..لای مامۆســـتا و داده‌كانمان

**

له‌م كاته‌دا چوار منداڵ دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ نه‌خشاندنی ئاڵای كوردستان .

یه‌كه‌م پارچه‌یه‌ك قوماشی لاكێشه‌یی سوری پێیه‌ له‌سه‌ر چوار چێوه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌ی دای ئه‌نێ‌ چونكه‌ چوار چێوه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌كراوه‌ كه‌ به‌ ئاسانی مناڵه‌كه‌ قوماشه‌كه‌ جێگیر بكات .

ئه‌وسا مناڵی دووه‌م پارچه‌یه‌ك قوماشی سپی پێیه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر چوارچێوه‌كه‌ جێگیری ده‌كات .مناڵی سێیه‌م پارچه‌یه‌ك قوماشی سه‌وزی پێیه‌و به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر چوارچێوه‌كه‌ جێگیری ده‌كات . ئه‌وسا مناڵی چواره‌م دێت خۆرێكی زه‌ردی پێیه‌ ده‌یبات له‌ ناوه‌ڕاستدا دایده‌نێ‌ كه‌ ئاڵای كوردستان دروست ده‌بێت .ئه‌وسا به‌م گۆرانییه‌ كۆتایی به‌ ئۆپه‌رێته‌كه‌ ده‌هێنن .

ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی كوردســـتانین…..به‌بینینی ئاڵاكه‌مــــــان

زۆر دڵخۆش و شــادمـانین

***

بۆیه‌ هه‌موو خۆشمان ئه‌وێ‌…..چونكه‌ بوونمان ئه‌سه‌لمێنێ‌

له‌هه‌رلایه‌ك كه‌ ده‌ركــه‌وێ‌

****

 

 

عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.