یاداشته‌كانی نێڵسۆن ماندێلا چاپ كرا …. حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
زۆر خۆشبارم كه ده‌بینم شه‌ڕه‌فی وه‌رگێرانی یاداشته‌كانی ماندێلام پێ بڕاوه. وه‌ختێك به كۆتایی گه‌یشت نیگه‌ران بووم، چونكه حه‌زم ده‌كرد زیاتر بووایه و گه‌شته رووحیه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه مه‌زنه به‌رده‌وام بووایه.
باوەڕبوون بە مرۆڤ، ماندێلای لە شوانه‌تی كردە سەرۆك كۆمار. بیست و حەوت ساڵ لە گرتووخانەدا، هەموو ئازارێكی دەروونی و جەستەیی چەشت، ڕێكخراوه‌كه‌ی لە هەموو چالاكییەك قەدەخە كرا، هاوسەر و منداڵ و كەسوكار و خۆشەویستانی بە چەندان شێواز ئەشكەنجە دران، كەچی رۆژبەرۆژ باوەڕی به‌هێزتر بوو.
ماندێلا هەموو هەوڵێكی خۆیدا بۆ ئەوەی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقا رێشە كێش بكات و جیاوازی نێوان ڕەش و سپی نەهێڵێت، ئەگەرچی لەم خەباتەیدا خۆی كردە قۆچی قوربانی و تەمەنێكی زۆری لە زینداندا بەڕێ كرد، بەڵام لە ئەنجامدا خەڵاتێكی گەورەی پێشكەش بە ئەفریقا و هەموو گێتیی كرد. ئەمڕۆ هەموو خەڵكی جیهان، بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، بە گشت ئایین و ئایینزاكانیانەوە، بە هەموو ڕەنگ و دەنگەكانیانەوە، بە بیستنی ناوی ماندێلا دڵخۆش دەبن.
ئه‌م كتێبه حه‌فتا هه‌زار وشه و نزیكه‌ی پێنج سه‌ت لاپه‌ڕه ده‌بێت.