گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی تر!
هاوڕێم.. من ئه‌م شه‌و زۆر ده‌ترستم! ناتوانم بیر له‌م سه‌رمایه نه‌كه‌مه‌وه، بۆمناكرێت له‌بیری ئه‌و برسێتییه قوڵه‌ی گه‌ده‌مدا نه‌بم كه ده‌ڵێی موس به به توێژاڵه‌كانیدا دێنن… هاوڕێم گوێت لێیه من له‌باره‌ی چییه‌وه قسه‌ده‌كه‌م؟!
ئاوڕیدایه‌وه و سیگارێكی ده‌رهێنا و ویستی دایگرسێنێت.. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و هه‌وا تونده‌ی كه ورده به‌فری باریوی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا چه‌ندجارێك له هه‌وڵی پێكردنی سگاره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتو نه‌بوو.. تا نێگایه‌كی له مسته‌فا كرد و خه‌نده‌یه‌ك له‌به‌ر ڕوناكی ئاگری سیگاره‌كه‌یدا ده‌ركه‌وت و وتی: سه‌یركه كێشه‌ی مرۆڤه‌كان به‌گشتی ئه‌وه‌یه هه‌رگیز ناتوانن ئه‌و خه‌یاڵانه له واقیعدا به‌رجه‌سته‌بكه‌ن كه پێشوتر یه‌ك دنیا خه‌ونیان پێوه بینیوه كه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌م خه‌ونانه‌مان بگه‌ین!! تۆش وه‌ك هه‌مو مرۆڤه‌كان ئه‌م كێشه‌یه‌ت هه‌یه.. دابه‌خۆتدا بگره هه‌ر ده‌گه‌ین!
ئه‌مه‌ی وت‌و به قوڵی مژی له سیگاره‌كه‌ی ده‌دا..
هاوڕێم من تێده‌گه‌م له باره‌ی چییه‌وه قسه‌ده‌كه‌ی، به‌ڵام زۆر سه‌رمامه ڕێگاكه‌ش فره دوره، ئه‌وجا من به ته‌واوی برسیمه، هه‌سته‌كه‌م له‌و كرێكاره بێئه‌زمونه ده‌چم كه له یه‌كه‌م ڕۆژیدا و له یه‌كه‌م كاتژمێری كاركردنیدا به‌ته‌واوی ماندو ده‌بێت و ده‌ڕواته‌وه و تا ئه‌به‌د بیر له كرێكاری ناكاته‌وه! من خۆم له وێناكردنێكی وه‌هادا ده‌بینمه‌وه.. موسته‌فا ئه‌مانه‌ی به‌و وت!
وه‌ك دواین نه‌فه‌س قوڵتر له مژه‌كانی پێشوتری مژێكی له سیگاره‌كه‌ی دا و پاشان سیگاره‌كه‌ی فڕێدایه ناو به‌فره باریوه‌كه و پێیه‌كی پێدانا و به غه‌مگینییه‌وه ته‌ماشایه‌كی مانگی كرد و له پێشییه‌وه به ئه‌سپایی ڕۆیشت… چاوه‌ڕێبوو قسه‌بكات، دوای نزیك به خوله‌كێك هات په‌یڤین و وتی: تۆ سه‌ره‌تای یه‌كه‌مین هه‌نگاوت له‌بیره؟ ئه‌و هه‌نگاوه ده‌ڵێم كه یه‌كه‌م هه‌نگاوبوو بۆ گه‌یشتنت به‌م دۆخه‌ی ئێستا؟!
هه‌ستیده‌كرد گه‌ر له‌باره‌یه‌وه قسه‌بكات ئیتر به‌جۆرێك نه‌جاتیده‌بێت له‌و دۆخه‌ی تێیدابو..
به‌ڵێ..به‌ڵێ، له‌بیرمه من ئه‌و كاته‌ی بیرمكرده‌وه كه هه‌نگاو هه‌ڵگرم به‌ره‌و جۆێك له‌م شوێنه، ئه‌وكاته‌بوو هه‌ستمه‌كرد عاشقم و مرۆڤێكم به كه‌ڵكی عه‌شق نایه‌م، ئه‌و كاته‌بوو 13 ساڵی ته‌واوبوم و خه‌ونم هه‌بوو بگه‌مه چه‌ندین پله له خوێندندا و كه له خوێندنگه خۆمم ده‌بینییه‌وه هه‌ستمه‌كرد به‌ڵكی ئه‌وێش نایه‌م! ڕێك ئه‌و كاته‌بوو ده‌مویست ببمه باشترین وه‌رزشكاری كیك بۆكسینگ و هه‌ستمه‌كرد ئه‌وه بۆمن هه‌رنابێت! به‌ڵێ به‌ڵێ من له‌بیرمه ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ باوكمدا به‌قاڵیم ده‌كرد و خه‌ونم بوو ئه‌و كاتانه‌ی ده‌ڕواته پایته‌خت، منیش به‌رێت و له‌وێنده‌ر ساڵه‌های ساڵ بژیم… ئه‌و كاته‌بوو ماڵه‌وه‌م خۆشده‌ویست و یه‌ك كارم به‌گوێ نه‌ده‌كردن! ئه‌و كاته‌بوو چێژم له یارییه‌كانی نێو منداڵان وه‌رنه‌ده‌گرت! ئه‌و كاته‌بوو به هه‌مو خزمه‌كانم نامۆبووم! ئیتر بۆخۆی یه‌كه‌م هه‌نگاوم هه‌ڵگرت و كه‌وتمه ئه‌م شوێنه‌وه، ئێره‌ده‌ڵێم سه‌رمایه و هه‌وایه‌كی سه‌یری هه‌یه و برسیمه و هه‌ور جارجاره به‌ری مانگ ده‌گرێ و تۆ هه‌ر ده‌ڕۆیت و منیش ده‌بێت هه‌ر به‌دوتا بێم! به‌ڵام بۆچی ئه‌و پرسیاره‌تكرد؟!
له‌پڕ یه‌ك قاقای گه‌وره‌ی لێدا، مسته‌فا هه‌ستیده‌كرد ده‌نگه‌كه زۆر ده‌ڕوات به‌ڵام ئه‌وان له جێگایه‌كدابوین باوه‌ڕینه‌ده‌كرد هیچ بونه‌وه‌رێكی تێدابێت! تا گوێی له‌و قاقا بڵنده بوبێت.. به‌بێ ئه‌وه‌ی بوه‌ستێت یان ئاوڕبداته‌وه، سه‌ری بۆ به‌رده‌م خۆی شۆڕكرده‌وه و وتی: تۆ تازه ناتوانی بگه‌ڕێیته‌وه! تۆ هه‌رگیز توانای ئه‌وه‌ت نابێت ڕۆڵ ببینیته‌وه له ژیانه‌كه‌ی پێشوتدا! بۆیه برسێتی و سه‌رما و ئه‌و شتانه له‌بیربكه و ته‌نها به‌دوامدا وه‌ره! ته‌نها ئه‌وه‌بكه كه ده‌یڵێم!! ئه‌م قسانه‌ی به مسته‌فا وت و بێده‌نگ ده‌ڕۆیشت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوو! گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوو! گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوو! ئه‌م ڕسته‌یه له مێشكی‌دا هاتوچوی بوو، برسێتی و سه‌رمای له خه‌یاڵیدا ده‌ركرد، نا نا ده‌ری نه‌كرد، چونكه برسێتی و سه‌رما وای له ئه‌و كرد بیر له گه‌ڕانه‌وه بكات بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوو! به‌خێرایی به ده‌نگێكی له‌رزۆكه‌وه پرسی: بۆچی ناكرێت من بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوو؟! بۆچی؟!
ده‌نگی كه‌مێك هه‌ڵبڕی و وتی: چاوه‌ڕێی ئه‌و پرسیاره‌بووم، چونكه ژیانه‌كه‌ی پێشوت ئه‌و كاته‌ی لێی هه‌ڵهاتی، ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕێت بوو تا بگه‌ڕێیته‌وه باوه‌شی! تا وه‌ك جاران نیوه خه‌ونت هه‌بێ و بێده‌نگ دابنیشیت له په‌نایدا.. به‌ڵام تۆ جوانی ئه‌م به‌سته‌ڵه‌كه و ورد گوێگرتنت بۆ قسه‌كانی من ئه‌وه‌یان له‌بیربردیته‌وه كه ژیانه‌كه‌ی پێشوت حه‌زده‌كات بگه‌ڕێیته‌وه بۆی! ئێستاكه‌ش كه له‌گه‌ڵ مندای و ئه‌وێنده‌ر به فریادڕه‌سی خۆت ده‌زانی، باوه‌ڕكه گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه ده‌رتده‌كا! ده‌تڕه‌نجێنێ! ئازارت ده‌دا.. زۆر شتی تر.. بۆیه ئاقڵبه و ته‌نها دوای من بكه‌وه، دوای من!!
مسته‌فا بێده‌نگ بوو بیری له قسه‌كانی ده‌كرده‌وه، له‌پڕ كه‌وته‌وه بیری ئه‌و كچه‌ی له منداڵی‌دا خۆشیده‌ویست و شه‌رمی لێده‌كرد، وێنه‌ی خێزانه‌كه‌ی هاته‌پێشچاو، ئه‌وه له سه‌یرانن و خۆرێكی گه‌رمه و ئه‌وان تێر نانیان خواردووه و له‌خۆوه به‌قسه‌ی یه‌كتر پێده‌كه‌نن و دایكی دانه دانه چایان بۆ تێده‌كات… دیمه‌نێكی تر كه‌له‌و كاته‌دا ده‌هاته خه‌یاڵییه‌وه: هاوڕێ كوڕه‌كانی منداڵی به توندی بانگی ده‌كه‌ن و ناتوانێت گوێی له ده‌نگی ئه‌وان بێت.. شێوه‌ی بانگكردنه‌كه‌یان زۆر ترسناكه، هه‌مویان پێكه‌وه ده‌قیڕێنن و ده‌سته‌كانیان وه‌ك ئاماژه‌ی بانگكردن بۆ ئه‌و ده‌جوڵێنن و پێده‌كه‌نن، ئه‌ی خودایه من خۆ خه‌ون نابینم؟! له مێژه دیمه‌نگه‌لێكی وه‌ك ئه‌م خه‌یاڵانه‌ی ئه‌م شه‌وم نه‌هاتۆته پێشچاو؟! مسته‌فا ئه‌مه‌ی له‌به‌رخۆیه‌وه وت و به‌دوایدا هه‌نگاوی ده‌نا.
ده‌ی كوڕه ده‌ڵێی چی وابزانم خۆشت ده‌زانی كه‌چیدی ناتوانی بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوت؟!
وتی: هه‌سته‌كه‌م بتوانم به‌ڵام تۆ پێت‌خۆش نییه، بگه‌ڕێمه‌وه! ئه‌گینا ده‌توانم بگه‌ڕێمه‌وه و چه‌نێكه له‌م به‌سته‌ڵه‌كه‌م ئه‌وه‌نده له‌وێش به‌بێ ڕۆڵ دابنیشم و تا ئه‌و ساته‌ی ژیانه‌كه‌ی ترم ڕۆڵێكم بۆ داده‌نێت! به‌ڵێ ده‌توانم چاوه‌ڕێ بكه‌م تا ده‌توانم وه‌ك هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێنده‌ر زۆر به‌بێباكی جێمهێشتن، توانای ژیانی واقیع په‌یدا ده‌كه‌مه‌وه و ئیتر بژیم… بژیم! ئاخر من له‌وه‌ته‌ی هه‌م، هه‌سته‌كه‌م نه‌ژیاوم!؟
جارێكی تر قاقایه‌كی بڵندتری كرد و سه‌رێكی ڕاوه‌شاند و وتی: من پێم‌خۆش بێت و پێمناخۆش، تۆ توانای گه‌ڕانه‌وه‌ت نییه! سه‌یریكه تۆ لێره‌بیت باشتره، بۆئه‌وه‌ی ده‌توانی له هه‌ر ساتێك‌دا نوكته‌ی كۆتایی خۆت دابنێت و ئیتر نه‌یه‌یت، ئیتر شوێنی من نه‌كه‌ویت، به‌ڵام گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه، ئه‌وا تۆ نازانی كه‌ی نوكته‌ی كۆتایی ژیانت داده‌نرێت؟! ئه‌دی كێ ناڵێت تۆ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌تدا به‌و هه‌مو هیوایه‌ته‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی پێشوت، له‌پڕ نوكته‌ی كۆتایی ژیانت نایه‌ت؟ كێ ناڵێ دوای ئه‌م هه‌مو ڕێگه‌یه‌ی بڕیوته، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌تدا له برسان یان له سه‌رمادا، به‌سه‌ر نوكته‌ی كۆتایتدا ناكه‌ویت؟! تۆ بیربكه‌ره‌وه چه‌ند خۆشه تۆ ده‌توانی له قوڵترین كاتی حه‌ز به‌ژیانكردنتدا بۆخۆت نوكته‌ی كۆتایی ژیانت دابنێی؟! به‌ڵام له‌وێنده‌ر چی؟!
مسته‌فا توڕه‌بوو هاورایكرد ئه‌مانه به‌ده‌ردی من ناخوات، من برسیمه، سه‌رمامه سه‌رما.. ئه‌وه‌تا خه‌ریكه توانای ئه‌وه‌شم نامێنێ كه بپه‌یڤم!! بۆ تێناگه‌ی یارمه‌یتم به بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ژیانه‌كه‌ی ترم.. تكات لێده‌كه‌م یارمه‌تیم به..
قاقا پێده‌كه‌نی و مسته‌فا هه‌ستیده‌كرد تادێت پێكه‌نینه‌كه‌ی كزتر ده‌گاته گوێیه‌كانی!! له‌ژێر ڕوناكی مانگدا هه‌ستیده‌كرد وه‌ك تارماییه‌ك له پێشییه‌وه ده‌ڕوا!! ترسێك به‌سه‌ریدا دایكرد، له‌ناخه‌وه ئاگای له ڕوخانی باری ده‌رونی خۆی بوو، دیسانه‌وه كه ویستی وردتر گوێی له قاقاكه‌ی بێت، هه‌ستیده‌كرد ئیدی ئه‌و ده‌نگه نه‌ما، ده‌ستی خسته سه‌ر چاوه‌كانی و ئه‌و ورده به‌فره‌ی به برژانگه‌كانییه‌وه نیشتبوو، توانه‌وه و چاوی ته‌ڕكرد، ده‌یویست بیبینێته‌وه و یارمه‌تی بدات، ده‌یویست بیبینێته‌وه ئه‌سڵه‌ن شتێك بڵێت..
ئه‌و ونبوو، به ده‌وروبه‌ری خۆیدا ده‌خولایه‌وه و ده‌یڕوانی، یه‌ك پارچه ده‌وروبه‌ری سپییه و هه‌وایه‌كی توندی دێت، ته‌نیا شتێك كه گوێی لێی بوو ئاوازی ئه‌و بایه تونده‌بوو، له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یوت: خوایه گیان له چ دۆخێكدام؟! وه‌ك شتێك چاوه‌كانی ته‌ڕبون و گریا، بیری له ناوی خودا ده‌كرده‌وه، كه‌زۆر له‌مێژه به‌زاریدا نه‌هاتوه!
ده‌سته‌كانی ئاڵاند به‌یه‌كدا و هه‌ر یه‌كه‌یانی له بنهه‌نگڵیدا شارده‌وه، به پێچه‌وانه‌ی پێشوتره‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵگرت بۆ گه‌ڕانه‌وه، ئومێدێكی زۆری هه‌بوو، جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه ژیانه‌كه‌ی پێشوی، له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و دۆخه‌یدا باوه‌ڕیوابوو به‌هه‌مو نابوتییه‌كانییه‌وه ژیانه‌كه‌ی پێشوی جوانبوو!! به‌ده‌م ڕێكردنه‌وه پێده‌كه‌نی، جارجاره وه‌ك شتێك گوێیه‌كانی ده‌زرنگانه‌وه له پێكه‌نینی ئه‌ودا، به‌ڵام له‌ناخه‌وه باوه‌ڕێكی سه‌یری بۆ دروستببوو بۆ گه‌ڕانه‌وه!
له ڕێگه‌دا هه‌ستیده‌كرد خه‌ریكه نزیك ده‌بێته‌وه له ده‌نگ و بۆنی ژیانه‌كه‌ی پێشوی.. سه‌رمای ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه كه ماوه‌یه‌كی زۆربوو ڕێگای ده‌كرد تێیدا به‌ته‌واوی كاری تێكردبوو، له‌یه‌ك كاتیدا ترسێكی سه‌یری هه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانی ئه‌ودا كه باسی له مه‌حاڵبونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كرد!! هاوكات دڵخۆشبوو كه هه‌ستی به نزیكبونه‌وه ده‌كرد له ژیانه‌كه‌ی پێشووی، وه‌ك ئه‌و غه‌ریبه‌یه وه‌هابوو كه پاش چه‌ندین ساڵ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه نیشتیمانه‌كه‌ی!
هه‌نگاوه‌كانی توندتر ده‌نا، له‌نێو ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌دا نه‌یده‌توانی برسێتی و ئه‌و سه‌رمایه له‌بیربكات كه وێرانیان كردبوو، ئومێدێكی بێئه‌ندازه سه‌یری هه‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه، بۆیه نه‌یده‌توانی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌قڵانیانه شرۆڤه‌ی دۆخی بكات..
وه‌ك تارماییه‌ك ئه‌و ده‌هاته پێشچاوی، سه‌ره‌تا به‌هێمنی به‌ده‌ور و پشتیدا ده‌خولایه‌وه و قاقای لێده‌دا، هه‌ستیده‌كرد كه‌مه كه‌مه خولانه‌وه‌كه‌ی خێراتر ده‌بێت و ده‌نگی به‌رزتر دێته به‌ر گوێیه‌كانی، مسته‌فا ده‌سته‌كانی له‌نێو بنهه‌نگڵی توندتركرد و ده‌یویست ڕێگاكه‌ی وننه‌كات و پێیه‌كانی نه‌ترازێت.. هه‌وڵیدا زێده‌تر ته‌ركیزبكات، به‌تیژی ده‌یڕوانی به به‌رده‌می خۆیدا، ئه‌و ڕێگایه‌ی پێدا ده‌ڕۆیشت توله ڕێیه‌ك بوو كه پڕببوویه‌وه به‌و به‌فره‌ی هه‌وا تونده‌كه ده‌یهێنا و ده‌یبرد، ئه‌و به ئه‌سته‌م ده‌یتوانی جێی هه‌نگاوه‌كانی بكاته‌وه.. له‌م كاته‌دا كه ئه‌و به‌ده‌ور و پشتی مسته‌فادا ده‌خولایه‌وه و قاقای لێده‌دا، مسته‌فا له‌ناخه‌وه ترسێكی قوڵ باڵی به‌سه‌ر خه‌یاڵ و ئومێده‌كانیدا كێشا.. هاواریكرد وازملێبێنه! وازملێبێنه! من ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه! ده‌نگی له‌رزه‌یه‌كی تێدابوو، هه‌م له‌گریان ده‌چو، هه‌م له لاوازبوونی، كه‌به‌هۆی برسێتی و سه‌رماوه بوو..
تاده‌هات خێرایی خولانه‌وه‌كه‌ی زیاتر ده‌بوو، تاده‌هات ده‌نگی قاقاكانی بڵندترده‌بوو، مسته‌فا به‌ڕونی هه‌ستی به‌وه‌كرد كه هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ریكه لاوازده‌بێت… تا ده‌هات هه‌ستی به ماندوبون ده‌كرد، تا ده‌هات ده‌نگی قاقاكانی ئه‌و بڵندتر ده‌بوو، تاده‌هات مسته‌فا وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی ڕزیو هه‌ڵده‌وه‌ری، تا ده‌هات هه‌وای پڕ به‌فر توندترده‌بوو، تاده‌هات ده‌نگی قاقاكانی ئه‌و بڵندترده‌بوو، تاده‌هات جه‌سته‌ی مسته‌فا وه‌ك سه‌هۆڵێك ده‌تواییه‌وه نێو به‌فره‌كه، تاده‌هات ده‌نگی به‌رزی قاقاكانی ئه‌و له‌گه‌ڵ توانه‌وه و هه‌پرون به هه‌پرونبونی جه‌سته‌ی مسته‌فا كه‌م ده‌بویه‌وه، تا ئه‌و چركه‌یه‌ی مسته‌فا ئیتر وه‌ك ناوێك له نێوان هه‌ردوو ژیانه‌كه‌دا یاخی بوو، وه‌ك پیاوێكی هه‌ڵهاتوو له هه‌ردو ژیانه‌كه‌دا باسده‌كرا!! مسته‌فا وێنه‌یه‌كی ترسناكی هه‌بوو بۆ ژیان!!!
*ئه‌م چیرۆكه له یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی (هه‌تاو)دا خه‌ڵاتی سێیه‌می به‌ده‌ستهێناوه.
*له ژماره (64)ی هه‌فته‌نامه‌ی (نسێ)دا بڵاوبۆته‌وه.
گۆران ڕه‌ئوف