Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
خەتەنەی کچانی کورد، پیشانی جیهانی عەرەبی دەدرێ!

خەتەنەی کچانی کورد، پیشانی جیهانی عەرەبی دەدرێ!

Closed

 

 

 

دوێنێ شەو ٦ی نۆڤەمبەر، سەعات یانزە بە کاتی ئەوروپاو یەکی شەو بەکاتی کوردستان. (دیارە لەوێ بەر ٧ی نۆڤەمبەر دەکەوت) لە فیلمێکی کوردیدا بەناوی (خەتەنە)، بە دوورو درێژی باسی خەتەنەی کچانی کورد بۆ عالەمی عەرەبی دەکرا. ئەم فیلمە، کە بە فەندی ڕیکخراوی وادی بوو، ڕاستەوخۆ دوای دەنگوباس، لە تەلەڤزیۆنی بی بی سی عەرەبییەوە پەخشکرا! پێموایە دەرهێنانی فیلمی لەو جۆرە بەزمانی کوردی سوودی هەیە و دەنەی خەڵک دەدات لەو دیاردەیە دووربکەونەوە. بەڵام وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی عەرەبی، جگە لە پیشاندانی کورد وەک گەلێکی سەرەتایی گێل و بێ مێشک و دوور لە شارستانەت، هیج مەبەستێکی تری لەدواوە نەبوو! فیلمەکە هەربۆ ناوزڕاندنی کورد، زوو زوو ئاڵای کوردستانی پیشاندەداو ناوی هەرێمی کوردستانی عیراقی دووبارە دەکردەوەو ناڕاستەوخۆ بە بینەری عەرەبی دەوت، سەرنج بدەن، ئا ئەمەیە ماهییەتی گەلی کورد! لۆکەیشنەکان بەڕادەیەکی ئەوتۆ ناشیرین هەڵبژێردرابوون، وەک ئەوەی ئێمەی کورد لەناو کونە گورگدا بژین. کوردی وەک دواکەوتووترین گەلی سەر ڕووی زەوی پیشان دەدا. وەک ئەوەی هەموومان گەمژەو نەخوێندەوار بین و پێوستیمان بە گەلێکی تری هۆشیار هەبێت، چاوێکی خێری لێمان بێت و بەڕێوەمان ببات.

ژن و مێردێکی کورد بەجیا، باسی سەرجێیی خۆیان دەگێڕایەوە، چۆن ئەوان لە سۆنگەی خەتەنەوە، هیچ چێژو خۆشییەک لەیەک نابینن. پیاوەکە هێندە سووک و سەلیم لە ژنەکەی خۆی دەدوا، ئەوەی گوێی لێبوایە ئارەقەی شەرمی دەردەدا. تەنانەت بێژەری بی بی سی تیڤی، بەرلەوەی فیلمەکە پیشانبدات، خۆی ئاماژەی بەو ڕاستییە دا، کە ڕەنگە هێندێک دیمەنی فیلمەکە، بەئاسانی لەلایەن بینەرەوە قەبووڵ نەکرێن و جێی بێزاری بن! 

هەموو ئەو بینەرانەی، کە ئەو قسانەیان گوێ لێ بووە، هەقیانە هەرچییەکمان پێ بڵێن! هەقیانە لاقرتیشمان پێبکەن. بەڵام ئەوانەی فیلمی خەتەنەیان بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە، کارێکی ناڕەوایان دەرهەق ناووداوی گەلی خۆیان ئەمجامداوە. نازانم بۆچی دەبێ ئێمە بەدەستی خۆمان عەیب و عاری خۆمان بکەین بە عەرەبی و پیشانی بیانیی بدەین؟ هەزار جارا بەداخەوە، ئەو گەنجانە نەدەبوو کاری وەها بکەن! 

٧|١١|٢٠١٣

محەمەد فەریق حەسەن 
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.