عەشقێكی بێ سنوور … نزار قەبانی
خانمەكەم
تۆ گرنگترین ژنی مێژوویت
پێش كۆتایی ئەم ساڵ و سەرەتای ساڵی نوێ،
دووبارەی ئەكەمەوە، تۆ هەر گرنگترین ژنیت،
تۆ ژنێكی بە ژمارەی كات و رۆژ ناپێورێیت.
ژنێكی لێوان لێو لە میوەی شیعر.
لە رەزی خەون.
ژنێكی
ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا
لەناو گیانی مندا ماڵێكت هەیە.
خانمەكەم
ئەی نازكتر لە پونگەی و هەور
ئەی بارانی یاقوت
ئەی ڕووباری گۆرانی
ئەی بێشەڵانی مەڕمەر.
وەك ماسیەك لە دڵما مەلە ئەكەیت.
وەك پۆلێك كۆتر بەسەر برژانگەكانمەوە هێلانە ئەكەیت.
جگە لە خۆشەویستی هیچ شتێك لەمندا سەوز نابێت.
خانمەكەم
خۆت مەبەستەوە بەخۆشی و ناخۆشیەكانی زەمانەوە.
تۆ ژنیت، هەمیشە بەژنیەتی دەمێنیتەوە.
باش بزانە
لەسەرتای سەدەی بیست و یەك،
لە سەرتای سەدەی بیست و پێنج،
لەسەرەتای سەدەی بیست و شەش،
هەمیشە خۆشم دەوێت.
حەزەكەم هەمیشە خۆشەویستم بیت
چە ئەوكاتەی ئاوەكان تێدەپەرن،
یان ئەوكاتەی بێشەڵانەكان دەسوتێن.
خانمەكەم
تۆ رۆحی شیعری منی
تۆ گوڵی سوری ئازادیت.
هەر ئەوەنەی دووجار ناوت بێنم
ئەبمە پاشای شیعر و
فەرمانرەوای وشەكان.
بەس تۆ عاشقم بیت
ئیدی، بەسەی بۆئەوەی كتێبی مێژوویم لەسەر بنووسن و
ئاڵای نیشتمانیم بۆ داگرن.
خانمەكەم
نیگەران مەبە، چوون باڵندەكان بەكاتی جەژن
ناتوانن هیچ لەمندا سەوز بكەن.
روباری عەشق و باخەكان كۆتایان نایەت.
دڵ لە وەستان ناكەوێت.
باڵندەی شیعر نافرێت
كاتێك ئەو عەشقە گەورەیە لەنێوانماندابێت.
كە تۆ وەك مانگ بیت
روخساری عەشق
چۆن بە پەردەیەك دادە پۆشرێت؟!.
خانمەكەم
هیچ شتێك لێرەنیە تا چاوەكانم تێربكات
نە روناكی
نەشتێكی جوان
نە ئاوازی جەژن
نە درەختی كرێسمس.
شەقامەكان بۆ من هیچ مانایان نیە.
مەیخانەكان بێتامن،
هیچ قسەیەك مانای نیە،
ئەگەر تۆم لەگەڵ نەبیت.
خانمەكەم
كاتێك یەك شەممان زەنگی كڵێسا لێدەدات
جگە لە دەنگی تۆ هیچم لەبیر نیە.
كاتێك لەسەر چیمەنەكان رادەكشێم
جگە لە بۆنی تۆ هەست بەهیچ ناكەم.
كاتێك بەفر بەسەرما دادەبارێت،
جگە لە نیگای تۆ هیچ شتێك نابینم.
خانمەكەم
شادمانی من ئەوەیە
وەك چۆلەكەیەكی ترساو
لە نێوان باخی برژانگەكانت كزۆڵەبكەم.
پڕ ئەبم لە خۆشی
كاتێك قەڵەمێكم بەدیاری دەدەیتێ و
منیش وەك مناڵیك،
بیخەمە باخەڵم و بەدڵخۆشیەوە بخەوم.
خانمەكەم
چەند خۆشبەختم لە دووریتدا
شیعر وشك دەكەم و
لەگەڵ راهیبەكان مەی دەنۆشم.
چەن بەتوانام
كاتێك تۆم لەگەڵی
بۆ ئازادی و مرۆڤایەتی تێدەكۆشم.
خانمەكەم
چەند حەزم لەوەیە لەسەردەمی رۆشنگەریدا
لە سەدەی شێوەكاریدا
لە دەورانی پێشكەوتندا
خۆشم بوێیت.
چەند حەزم لێیە
لە فلۆرنسا
قورتبە
كوفە
یان حەلەب
یان لە ماڵێكی گوندنیشنی دەووبەری شام
بتبینم.
خانمەكەم
چەند حەزم لە سەفەرە
بۆ سەرزەمینێك كە گیتارێك حاكمی بێت و
عەشق دیواری نەبێت و
ئارەزوش سنوور.
خانمەكەم
خۆت مەشغوڵ مەكە بەئایندەوە
با خەمەكانت زۆر نەبن و
قورستر نەبن لە جاران.
لە مێژووی گوڵی سوردا
لە مێژووی شیعردا
لە رەچەڵەكی زەنبەق و رێحاندا
ژنی وەك تۆ دووبارە نابێتەوە.
خانمی جیهان
لە رۆژانی ئایندەمدا جگە لە ئیشكردن بۆ عەشقی تۆ هیچ ناكەم.
تۆ یەكەمین ژنی
یەكەمین دایكی
یەكەمین دڵسۆزی
یەكەمین هەناسەیت
ئەكەمین خۆشیت و
یەكەمین فریاد رەسی منی، بەكاتی تۆفان.
خانمەكەم
ئەی یەكەمین خانمی شیعری من!.
دەستی راستت بدە بەمن ، باخۆمی تیا بشارمەوە.
دەستی چەپت بدە بەمن
با بیكەمە ماڵی خۆم.
قسەیەكی عاشقانەم بۆبكە.
با سەرەتای چەژنەكانمان دەست پێبكات.
” نزار قەبانی “
” وەرگێرانی : نەبەز گۆران “