Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
بژی پۆستەی خوێنەران! … محەمەد فەریق حەسەن

بژی پۆستەی خوێنەران! … محەمەد فەریق حەسەن

Closed

 

 

 

 

بەرلە ڕاپەڕین، ئەو بەرهەمانەی کە بەرەوڕووی گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە دەکرانەوە، پۆلێن دەکران. ئەو بەرهەمەی لەبەر هەر هۆیەک، شایانی بڵاوکردنەوە نەبوایە، دەدرا بە گۆشەی پۆستەی خوێنەران. لەوێدا بە کورتی بۆ نووسەرەکەی ڕووندەکرایەوە، بۆچی بەرهەمەکەی شیاوی بڵاوکردنەوە نییە. ئەم گۆشەیە کارێکی کردبوو نووسینی کرچوکاڵ بڵاونەبنەوەو چێژو سەلیقەی خوێنەرانیش نەشێوێن. بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە، گۆڤارو ڕۆژنامەکان ئەوەندە گوێ بە ئاستی نووسینەکان نادەن. (نزیکەی) هەرچییەکیان بەناوی شیعرو چیرۆک و وتارەوە بۆ بنێری بڵاویدەکەنەوە. خۆ ئەگەر لەوێشدا بۆیان بڵاونەکرایەوە، خۆیان دەتوانن، بەبێ سانسۆری ئەدەبی و هونەری لە فەیسبوک و ماڵپەرەکاندا بڵاویبکەنەوەو چێژو سەلیقەی خەڵکیشی پێ بشێوێنن.

یەک لەباری خۆم بڕوام بە سانسۆری هزر نییە. خەڵک ئازادن چلۆن بیردەکەنەوە. بەڵام ئەوەی زمان نەزانێ و ئەوەی ئەدەبەکەی ئاستنزم بێت و ئەوەی جمێن بەم و بەو بدات، حەیفە ڕێی پێ بدرێ فەرهەنگ ناشیرین بکات. دوور لە زێدەگۆیی دەتوانم ئالێرەدا، ناوی ژمارەیەک ڕۆمان و کۆچیرۆک و دیوانە شیعر بنووسم، کە زۆر لەجێبوو بدرانایە بە پۆستەی خوێنەران، نەک بڵاوبکرێنەوەو میزاجی کوردەواریی خەڵک تێکبدەن. بەڵێ دوور لە زێدەگۆیی، لەدوای ڕاپەڕینەوە، زۆربەی ئەو وتارانەی، کە بەناوی هزر و ئەدەب و سیاسەتەوە بڵاودەبنەوە، بۆ ناو تەنەکەی خۆڵ باشن. نەک هەر وتارەکان، بەڵکو بە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانیشەوە! چ ڕۆژگارێک تێکەوتووین خودایە! بژی پۆستەی خوێنەران! بژی تەنەکەی خۆڵ!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.