تولە ڕێیەکى دڕکاویى … نەوزاد بەندى
-1-
حەز ئەکەم ،
هەر شەوەى لە ماڵێک بەسەر بەرم ..
ڕٍوخسارى نوێ ببینم ..
پەرداخى نوێ
چاپەستى نوێ ..
کەوچکى جیاواز ببینم ..
بەتانى سەیر ..
بۆنى جۆرا و جۆر هەڵمژم ..
گریانى جیا ..
قاقاى پێکەنینى جیاواز ..
شەڕەدەنوکى هەمەڕەنگ ..
حیزبی جیا جیا ..
بیر و بۆچونى جۆرا و جۆر ..
( بۆ سبەى شەو ،
ئەچمە ماڵێکى ترەوە ،
کە نازانم ماڵى کێیە و
عومرى چەندە و
ئیشى چیە و
چ حیزبێکە و
چەند کوڕ و
چەند کچى هەیە ..)
-2-
باران وەک ڕاویان نابێ ،
خۆى کرد بە هەیوانەکەدا ..
پێڵاوەکانى پڕ کردین لە ئاوى سارد ..
باران وەک دانى بئێشێ ،
هەمو شەقامەکان گەڕا ..و
دانسازێکى نەدۆزیەوە
باران وەک مناڵێکى ون ،
بەسەر هەموومانا گریا ،
نەیشمانتوانى دایکى بۆ بدۆزینەوە ..
( هەمو ساڵێ باران بە عاجزیى ئەڕوا ..
هەمو ساڵێ کە باران دێ ،
نان خوراوە
قۆرییەکە چۆڕ بڕ کراوە ..
بە برسێتى ئەڕواتە دەر .. )
هەموو ساڵێ کە باران لە دەرگا ئەدا ،
پەنجەکانى ،
دێنە خوارێ و
ئەڕژێنە سەر چیمەنتۆکە ،
کەس دەرگاى لێ ناکاتەوە ..)
-3-
چیمەنى بەردەرگاکەمان ،
چوو بۆ ساڵۆن ،
ماکیاجێکى تۆخ – تۆخى کرد ،
وتى : ئەمشەو
باران سەردانێکم ئەکا ..
-4-
گوڵ ئەستێرە سەفەریان کرد
نازانم لە چ ڕێیەکەوە ،
بە واستەى چ لێپرسراوێ..
-5-
چۆلەکەیەک ،
لە هەورەبانەکە گیرى خوارد ..
بە نیاز پاکیى ،
نەختێ گەنم و ئاوم بۆ برد ..
بەتەواوەتیى شێت و هار بوو ،
خۆى دا بە پەنجەرەکەدا ..
لەسەر چیمەنتۆ زبرەکە ،
دوەا ئۆکسجینى هەڵکێشا ..
-6-
ئەوانەى بە وشکە ساڵیى دەوڵەمەند بون ،
باران وەک ڕشانەوەى ئاسمان ،
تەماشا ئەکەن ..