Skip to Content

Saturday, May 11th, 2024
بەدحاڵیبوون!  ….  محەمەدفەریق حەسەن

بەدحاڵیبوون! …. محەمەدفەریق حەسەن

Closed

 

 

 

 

لەو هۆڵی پاڕلەماندا وەک ئاین و ئۆل، سوننەو شیعەی موسوڵمان، عیسایی و یارسان و ئێزدی هەبوون، هەموویان ڕێزیان لە سروودی ئەی ڕەقیب نا. لەو هۆڵەدا وەک نەتەوە، کورد و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئەرمەن هەبوون، هەموویان لەبەر سروودی ئەی ڕەقیب هەڵسان و ڕێزیان لە گیانی شەهیدانیش گرت. هەموو ئەو بەڕێزانە تەمەن درێژو بەرقەرار بن. تەنیا نوێنەرانی کۆمەڵ نەبێ، کە ئەم ڕێوڕەسمەیان ڕایی نەکرد.

ئەگەر نوێنەرەکانی کۆمەڵ لەسەر ئەم نیوەدێڕە ((دینمانە ئاینمانە نیشتمان)) هەڵنەسابن و ئەم نیوەدێڕەیان بە کوفر زانیبێ، ئەوە لەخۆیدا بەدحاڵیبوونەو تێنەگەیشتنە لە واتای شیعرەکە! چونکە ئەو نیوەدێڕە کوتومت فەرموودەیەکی حەزرەتی محەمەدە کە ئەمە دەقەکەیەتی: ((حب الوطن من الایمان)) پێموایە ئەم کارەی ئەوان نواندنی هەڵوێستێک بوو، بەڵام لە کات و شوێنێکی نەگونجاودا! ئەوان ویستیان لەوێدا بە یەکگرتوو و بزووتنەوە بڵێن: ئێمە زۆر لە ئێوە دڵسۆزترین بۆ ئاینی ئیسلام. بەڵام لە کات و شوێنێکی نەگونجاودا ئەم هەڵوێستەیان دەربڕی. زۆریشیان لەسەر دەکەوێ! وێڕای ئەوەی یا فەتاح یا ڕەزاق ، هەر لە یەکەم دانیشتنەوە ئەوان بەشێکی زۆری دانیشتوانی هەرێمیان تەکفیر کرد. چونکە وەک خۆتان دەزانن، لەگەڵ ئەو کەموکوڕیانەشی کە لە دەقی ئەی ڕەقیب دا هەن، هێشتا زۆڕینەی دانیشتوانی هەرێم و کوردانی دەرەوەی هەرێمیش شانازیی پێوە دەکەن و بەرزو بەڕێز رایدەگرن. بەکورتی ئەو هەڵوێستە، بەزیانی خۆیان دەشکێتەوە، ئەگەر بێتو زوو ئەو هەڵەیەی خۆیان ڕاست نەکەنەوە. چونکە ئەگەر هەموو کۆبوونەوەیەکی پاڕلەمان، بە سروودی ئەی ڕەقیب دەستپێبکات، ئەوا ئەوانیش هەمان هەڵویست دووبارە دەکەنەوە! بەم پێیە جار لە دوای جار ئۆرتیان لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا دادەبەزێت.

٨|١١|٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.