هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له له‌نده‌ن
15 – 24 / 11 / 2013
http://www.lkff.co.uk / @lkff
به‌ئاماده‌یی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی دونیای فیلمسازیی كوردی و ژماره‌یه‌كی زۆر له فیلمی سینه‌مایی درێژ، به‌ڵگه‌نامه‌یی، كورته‌فیلم و ئانیمه‌یشن، هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له دوو سینه‌مای به‌ناوبانگی له‌نده‌ن (هه‌كنی پیكچه‌رهاوس) و (وێستبۆرن ستودیۆز)دا له ١٥ بۆ ٢٤ ی مانگی یازده به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا فیلمی “پێش به‌فربارین” نمایش ده‌كرێت، به‌ئاماده‌یی ده‌رهێنه‌ر (هیشام زه‌مان) و چه‌ند ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیی فیلمه‌كه. ئه‌م فیلمه كه بۆ یه‌كه‌مین جاره له به‌ریتانیا پیشانبدرێت، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ژێنه‌ر باسی كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ده‌كات كه یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵمان به‌تایبه‌تی تیشكی ده‌خاته‌سه‌ر. فیلمه‌كه تائێستا چه‌ند خه‌ڵاتێكی جیهانیی به‌ده‌سهێناوه كه دواهه‌مینیان له فێستیڤاڵی فیلمی (أبو ظبي)دا له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا بوو. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێكی تر له فیلمسازانی كورد ئاماده‌ی فێستیڤاڵه‌كه ده‌بن، له‌وانه (به‌همه‌ن قوبادی) و (هونه‌ر سه‌لیم) و (ته‌یفور ئایدین).
یه‌كێكی تر له میوانانی ئه‌مساڵ كه له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا وته‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات، پارێزه‌ر و دادوه‌ری ناودار و چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ له ئه‌فریقای باشوور (عیسا مو‌سا)یه كه یه‌كێك له پارێزه‌ره‌كانی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فریقای باشوور (نێڵسن ماندێلا) بوو، ئێستاش سه‌رۆكی بۆردی (گروپی ئاكسیۆنی مافی مرۆڤی كوردی) له (كه‌یپ تاون)ی پایته‌ختی ئه‌فریقای باشوور كه رێكخراوێكه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له توركیا ده‌دات.
فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له له‌نده‌ن ته‌نها فێستیڤاڵێكه هه‌ڵبژارده‌یه‌كی وا گه‌وره له فیلمی كوردی هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان و جیهان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه. تیمی به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵه‌كه له‌و باوه‌ڕه‌دان سینه‌ما رۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێت له پێكه‌وه‌گرێدانی به‌شه جیاوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی دابه‌شبووی كوردا. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك له‌ڕێگای پاراستن و پێشخستنی هونه‌ر و كولتووری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و له‌لایه‌كیش به ناساندنی ئه‌م كولتووره به جیهان مه‌یسه‌رده‌بێت.
له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا ١٢١ فیلمی سه‌رنجڕاكێش نمایشده‌كرێت. له‌وانه ٢٣ فیلمی درێژ (فیچه‌ر) و ٤٦ فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی (دۆكیومێنتاری) و ٥٢ كورته‌فیلم كه ٢٠ یان به‌شداریی چواره‌مین پێشبڕكێی كورته‌فیلمی (یه‌ڵماز گونای) ده‌كه‌ن كه ده‌ره‌نجامه‌كانی له فێستیڤاڵه‌كه‌دا راده‌گه‌یه‌نرێت.
گوڵبژێری فیلمه سینه‌ماییه‌كانی ئه‌مساڵ به كۆمه‌ڵێك له ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كانی سینه‌ما رازاوه‌ته‌وه. له‌وانه فیلمی “وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن” ی ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگ (به‌همه‌ن قوبادی) كه بۆ یه‌كه‌مجاره له به‌ریتانیا پیشانده‌ده‌رێت. ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م فیلمه ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی (مۆنیكا به‌لوچی) و ئه‌كته‌ری ئێرانی ناسراو (به‌هروز وسوقی)ن. هه‌روه‌ها فیلمێكی تریش كه بۆ یه‌كه‌مجار له به‌ریتانیا پیشانده‌درێت و یه‌كه‌م فیلمی كاوبۆ (وێسترن)ی كوردیه و بۆ فێستیڤاڵی (كان)ی ئه‌مساڵیش هه‌ڵبژێردرابوو، به‌ناوی “پێپه‌رلاندی شیرینم” له ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری ناودار (هونه‌ر سه‌لیم)ه. له فیلمه دیاره‌كانی تری فێستیڤاڵه‌كه فیلمی “رێچكه” ی خه‌ڵاتكراوه، له ده‌رهێنانی (ته‌یفور ئایدین) كه چیرۆكی كوڕێك ده‌گێڕێته‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ده‌جه‌نگێت بۆ بردنه‌وه‌ی ته‌رمی دایكی بۆ جێگای له‌دایكبوونی.
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆریش فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی پیشانده‌ده‌ین، تیایاندا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی پابه‌ند به كورد و كوردستانه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو. له‌وانه فیلمی “كوا زمانی دایكم” له ده‌رهێنانی (وه‌لی قه‌هره‌مان) باس له گرنگیی زمانی كوردی ده‌كات بۆ ده‌سنیشانكردن و پاراستنی كولتووری كوردی؛ فیلمی “رۆبۆسكی ئه‌وینی من” له ده‌رهێنانی (بوله‌نت گوندوز) گه‌شتێكه بۆ ئه‌و دێیه‌ی ده‌وڵه‌تی توركی ساڵی ٢٠١١ به فڕۆكه ٣٤ هاوڵاتی كوردی تیادا كوشت؛ فیلمی “ئه‌ركی برسیبوون” و “ده‌وڵه‌ت تاوانباره” باس له ململانێ و ده‌سگیركردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی (كه‌جه‌كه) له باكووری كوردستان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها جێنۆسایدی كورد له باشووری كوردستانیش بابه‌تی هه‌ردوو فیلمی “ئێمه” و “بالیسان”ه. فیلمی “دۆم”یش تیشكێك ده‌خاته‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكێكی نادیار و په‌راوێزخراو.
له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا گرنگیه‌كی تایبه‌تیش ده‌درێت به كێشه‌ی ئافره‌ت: فیلمی “به‌ناز: چیرۆكی ئه‌وینێك” ورده‌كاریه‌كانی كوشتنی كچێكی كورد له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه له به‌ریتانیا ده‌خاته‌ڕوو؛ فیلمی “ماڵی یاری” باس له به‌زۆربه‌شوودانی كچانی منداڵ و فیلمی “ماڵ” یش باس له تووندووتیژی دژ به منداڵان ده‌كات. هه‌روه‌ها فیلمی “لالشی میهرانی” ده‌روازه‌یه‌كمان بۆ ده‌كاته‌وه به‌ڕووی دونیای په‌نهانی یه‌زیدیه كورده‌كاندا و هه‌ردوو فیلمی “ئاوازی به‌رد” و “ده‌روازه‌ی خودا”ش سرووشتی دڵفڕێنی كوردستان‌مان پیشانده‌ده‌ن. ئه‌مساڵیش دوو فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌ییمان له كوردستانی رۆژئاواوه پێگه‌یشتووه كه باس له كێشه‌ی كورد و جه‌نگ له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌كه‌ن. فیلمی “شۆڕشێكی بێده‌نگ” له‌نزیكه‌وه هه‌وڵ و ره‌نجی هاوڵاتیانی كوردمان پیشان ده‌دات له بونیادنانی ژیانێكی نوێ و ئازاد له ناوچه‌یه‌كی پڕ له شه‌ڕوشۆڕدا. ئه‌م فیلمه له‌ده‌رهێنانی دوو فیلمسازی ئیسپانیه و بۆ یه‌كه‌مجار له جیهاندا به‌تایبه‌تی له‌م فێستیڤاڵه‌دا پیشانده‌درێت. فیلمی دووه‌میش “دوایین جگه‌ره”یه كه باس له هه‌وڵی خێزانێكی كورد ده‌كات بۆ رزگاربوون له جه‌نگ و گه‌یشتن به كه‌مپێكی په‌نابه‌ران له كوردستانی باشوور.
ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین به‌رهه‌مهێنانی كورته‌فیلم ده‌توانێت رۆڵێكی گه‌وره ببینێت له گه‌شه‌كردنی سینه‌مای كوردیدا. هه‌ربۆیه‌ش هه‌موو ئه‌و كورته‌فیلمانه‌ی به‌شداریی پێشبڕكێكه ده‌كه‌ن، له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا له‌پێش نمایشی فیلمه سینه‌ماییه درێژه‌كاندا پیشانده‌درێن بۆئه‌وه‌ی گرنگیی تایبه‌تیان پێبدرێت. په‌ره‌پێدان به كورته‌فیلم و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌م ژانره‌یه له كوردستان خۆی له خه‌ڵاتكردنی فیلمی “بێده‌نگی”ی ده‌رهێنه‌ر (رێزان یه‌شیلباش)دا ده‌بینێته‌وه كه له فێستیڤاڵی فیلمی (كان) ی ساڵی (٢٠١٢) دا وه‌ك باشترین كورته‌فیلم خه‌ڵاتكرا. فیلمی “ماڵه په‌نجه‌ره بچووكه‌كان”ی (بوله‌نت ئۆزتورك)یش خه‌ڵاتی كورته‌فیلمی ئه‌وروپیی له فێستیڤاڵی (ڤێنیسیا)ی ئه‌مساڵدا برده‌وه.
ئه‌ڵبه‌ته سینه‌مای كوردی ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و خه‌بات و تێكۆشانێتی. ئه‌مه‌ش له به‌رنامه‌ی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵه‌كه‌دا به‌ئاشكرا به‌دیده‌كرێت كه تیایدا تیشك ده‌خرێته‌سه‌ر بابه‌ته هه‌نووكه‌ییه‌كانی وه‌ك مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌تی مافی ئافره‌تان؛ جه‌نگ و خه‌باتی سیاسی؛ سرووشت و نیشتمان؛ كێشه و ململانێ كولتووریه‌كان و زمان و شوناس. هه‌ربۆیه‌ش به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی زیاتر له فیلمسازانی كورد و جیهانی و هاندانیان بۆ گرنگیدان به‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به كورد و هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه هه‌یه، فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له له‌نده‌ن ئه‌مساڵ پێشبڕكێی سیناریۆنووسینی سازكردووه. براوه‌ی باشترین سیناریۆ به بڕی ٥٠٠٠ دۆلار خه‌ڵاتده‌كرێت كه به سپۆنسه‌ریی (زانكۆی كوردستان له هه‌ولێر) دابینكراوه. ده‌ره‌نجامی ئه‌م پێشبڕكێیه‌ش له فێستیڤاڵه‌كه‌دا راده‌گه‌یه‌نرێت.
* * *
تێبینی:
فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له له‌نده‌ن، فێستیڤاڵێكی سه‌ربه‌خۆیه و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌ندامانی هه‌موو تیمه‌كانی به‌خۆبه‌خش هاریكاریی سازدانی ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌ی خه‌رجیه‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه ساڵانه كۆمه‌ڵێك سپۆنسه‌ری حكومی و ناحكومی و ئه‌هلین. فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ به سپۆنسه‌ریی ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه‌یه:
زانكوی كوردستان له هه‌ولێر؛ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌ریتانیا؛ ئۆفیسی پارێزه‌رانی لێڤێنس؛ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؛ (ئای پی بی دی/ ئه‌لزه‌هاوی گروپ)؛ (پرێزیدینگ سۆلیوشنس)؛ (ئای كه‌ی بی)؛ (ئێم ئێیچ ئێس)؛ رێكخراوی مافی ژنانی كوردی ئێران (ئای كه‌ی ده‌بلیو ئاڕ ئۆ)؛ (ماگنۆلیا بانكێتینگ سویت).
هه‌روه‌ها ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه به‌شێوه‌ی جیاواز هاریكارییان كردووین:
هه‌ردوو سینه‌مای (هه‌كنی پیكچه‌رهاوس) و (وێستبۆرن ستودیۆز) له له‌نده‌ن؛ (مۆزایك رومز) و (وێستوه‌ی دیڤیلۆپمێنت تره‌ست) و (سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵه‌ی كوردی / كه‌ی سی سی هارینگه‌ی) و (هه‌لكئێڤی كوردیش) و (سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵه‌ی توركی) و (كۆمه‌ڵگای كورد / كه‌ی ئه‌ی) و (بنكه‌ی په‌نابه‌رانی كورد له به‌ریتانیا).
تێبینی بۆ میدیا و رۆژنامه‌وانان:
بۆ زانیاری زیاتر و رێكخستنی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فیلمسازانی به‌شداربوو یان ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ردنی فێستیڤاڵه‌كه، ده‌توانن په‌یوه‌ندی بكه‌ن به سه‌رپه‌رشتیارانی میدیا و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵه‌وه:
شه‌ونم عادل: 00447765525583
گۆران باباعه‌لی: 00447453918505
lkffpr@gmail.com
بۆ دانانی لینكی ترێیله و فه‌یسبووكی فێستیڤاڵه‌كه ده‌توانن سوود له‌م دوو لینكه ببینن:
Trailer: http://www.lkff.co.uk/our-trailer/
Facebook: LondonKurdishFilmFestival