Skip to Content

یاقوتی ‌ڕژاو ….. عه‌لی پێنجوێنی

یاقوتی ‌ڕژاو ….. عه‌لی پێنجوێنی

Closed
by November 11, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

چۆله‌كه‌یه‌ك باران باڵی شكاندبو

به‌ده‌نوك په‌پوله‌یه‌كی خوارد 

تافێری فڕینی بكاته‌وه‌ 

 

  –     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

تۆ له‌و سه‌ری دنیاوه‌ 

كه‌وچكێ گۆرانی بكه‌ره‌ ، ده‌می باخێكه‌وه‌ 

دڵنیابه‌ له‌م سه‌ری دنیاوه‌ 

گوڵێك من خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌ 

 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

به‌جام شه‌و هه‌ڵئه‌گۆزم 

ده‌یكه‌مه‌ بن گوڵه‌ شه‌وبۆكان 

ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژدا تینویان بو 

چیبكه‌مه‌ بنیان ؟؟ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

بێده‌نگترین بونه‌وه‌ر له‌دنیادا ، گوڵه‌ 

كه‌چی كه‌سمان ، به‌م هه‌مو زۆر بڵێییه‌مانه‌وه‌ 

نه‌مان توانی 

هێنده‌ی گوڵ جوان بدوێین 

 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌موو دنیات به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا په‌ڕانده‌وه‌ 

ڕۆشتیت و هیچ ئاوڕت نه‌دایه‌وه‌و 

نه‌تپرسی 

ئه‌ی كێ ئاوه‌كه‌ بپه‌ڕێنێته‌وه‌ ……؟ 

 

 

دایكم له‌سه‌ر به‌رگی سه‌رینه‌كه‌م 

چه‌ند گوڵێكی زه‌ردی چنیبو 

بۆیه‌ له‌وه‌ته‌ی بیرم بێت 

جگه‌ له‌ پایز

خه‌وم به‌ هیچیتره‌وه‌ نه‌بینیوه‌ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

لێوی هه‌ردوكمان 

به‌په‌رداخه‌كه‌وه‌ جێما 

دڵی من چوو بۆناو باخ و 

دڵی تۆش بۆ به‌رده‌ڵان 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ئه‌وه‌نده‌ی به‌رد گیراوه‌ته‌ دڵم 

بگیرایه‌ته‌ گڵۆپه‌كانی دنیا 

ئێستا چاو چاوی نه‌ده‌بینی 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ده‌ستی هه‌ردوكمان یه‌ك ئاو بردی 

ده‌ستی تۆ ماسی ڕاو كردو 

ده‌ستی منیش به‌ گۆرانی 

برینی ماسیه‌كه‌ی تیمار ده‌كرد 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

تینیۆتی له‌پی ده‌سته‌كانمی شه‌قار شه‌قار كردوه‌ 

كه‌چی تۆ له‌ژێر نینۆكه‌كانمه‌وه‌ 

دۆزه‌ دۆزه‌ی ئاو ده‌كه‌یت 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ئه‌وه‌نده‌ دایكمم  خۆش ده‌وێ  

كه‌ هه‌رگیز 

ناتوانم سه‌ردانی بكه‌م 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

كه‌  – با – ئه‌یدات له‌ ده‌مو چاومان 

گرژ ئه‌بین و ترشو تاڵیمان لێ ئه‌ڕژێ 

كه‌ – با – ئه‌یدات له‌ده‌م و چاوی باخچه‌ 

بۆنی یاسه‌مین ئه‌ڕژێ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ئه‌گه‌ر ئه‌خلاقمان هه‌بێت 

جوانی به‌شی هه‌موومان ده‌كات 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

چه‌ند له‌یه‌كتر ئه‌چین 

كه‌ یه‌كتری نابینین 

چه‌ند پێچه‌وانه‌ی یه‌كین 

كه‌له‌ باوه‌شی یه‌كترداین 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

من له‌م سه‌ری دنیاوه‌ ، لێو ده‌جوڵێنم 

تۆله‌و سه‌ری دنیاوه‌ ، ده‌زانی 

به‌ته‌مام چ گۆرانیه‌ك بڵێم 

كه‌چی ئێستا مه‌ودای نێوانمان 

ئه‌مسه‌راو سه‌ری قه‌وسی كه‌مانچه‌یه‌كه‌ 

تۆ له‌ئاوازێك ده‌خوێنی و 

منیش له‌ ئاوازێكی تر  

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

سه‌رزه‌مینێكی پانو پۆڕ 

ته‌نیا دوكه‌س جێگه‌یان نابێته‌وه‌ تیایدا 

ئینجانه‌یه‌ك هێنده‌ی جوگرافیای 

له‌پی ده‌ستێك ده‌بێت 

ده‌یان گه‌ڵا له‌ ناویدا ، سه‌ریان كردوه‌ به‌یه‌كداو 

عه‌تری جوانی ده‌ڕێژن 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

كه‌شه‌ق هه‌ڵئه‌ده‌ی له‌ به‌ردێك

ته‌نیا هه‌ست به‌ئازاری قاچی خۆت ئه‌كه‌ی 

چونكه‌ كه‌س نازانێ دڵت له‌كوێ لێونبوه‌ 

بۆیه‌ هه‌ست به‌ده‌نگی دڵی به‌رده‌كه‌ ناكه‌یت 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌موو باخه‌كانمان سوتاند 

خودامان ڕاونا بۆ مزگه‌وته‌كان

هه‌رچی ده‌ڕۆم بۆ مزگه‌وت 

ئه‌و له‌وێ نیه‌ 

ئاخر ئه‌و باخی به‌ ماڵی خۆی ده‌زانی 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

من ئیمانم به‌خنكاوی دۆزییه‌وه‌ 

چونكه‌ ترانجاندبویانه‌ ناو نوێژێكه‌وه‌ 

ئاسمانی نوێژ 

زۆرله‌وه‌ ته‌نگه‌به‌ر تره‌ 

ئیمان تیایدا ، له‌شه‌قه‌ی باڵ بدات . 

خودا له‌ناو خوێنی دڵا هه‌ڵده‌گیرێت 

نه‌ك له‌ناو 

حه‌رف و ڕسته‌و كتێبا 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

خودا مه‌یلی 

بیستنی مۆسیقا ده‌كات 

ته‌نیا له‌ناو شمشاڵه‌كه‌ی قاله‌ مه‌ڕه‌دا 

نه‌ك له‌هیچ جێگه‌یه‌كی تر 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

له‌تاریكه‌ شه‌وه‌ كاندا له‌ناو دارستانه‌كانا

ئه‌سپ له‌ ئێمه‌ باشتر رێده‌كات 

داره‌كان له‌چاوی ئه‌ودا ، ده‌بن به‌چرا 

كه‌چی له‌چاوی ئێمه‌دا ،ده‌بنه‌ تارمایی 

ئێمه‌ سروشتمان خۆشده‌وێ یان ئه‌سپ ….؟ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

خودا نه‌ حه‌رفه‌و نه‌ كتێبه‌ 

نه‌ له‌حه‌رفو  نه‌له‌ كتێبیشدا ، په‌یام نانێرێ 

خودا ده‌نگه‌ 

هه‌ر له‌ناو مۆسیقاو گۆرانیدا پێمان ده‌گات 

ده‌نگ و گۆرانی 

نانوسرێته‌وه‌ ، هه‌ر ده‌وترێته‌وه‌ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

دایكم كه‌، شه‌و نوێژ ده‌كات 

شه‌و ده‌گوشێته‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی 

من له‌م دیو ده‌رگاكه‌وه‌ 

په‌رداخه‌كه‌م پڕتر ده‌بێ ، له‌شه‌راب 

به‌یانی ده‌زانم ، ئه‌وه‌ی من خواردومه‌ته‌وه‌ 

شه‌و بو ، نه‌ك شه‌راب     

 –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ئه‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌ 

ماچێك به‌ڕێوه‌یه‌و هه‌ر ناگات 

كه‌چی جنێو له‌فیشه‌ك خێراتر ده‌گات و 

ته‌ختی ته‌وێڵمان ده‌پێكێ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هیچ شتێك هێنده‌ی ئاگر وشك نییه‌ 

كه‌چی كه‌ ئاگر ده‌گرین 

ته‌ڕ ته‌ڕ ده‌بین به‌ فرمێسك 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

ئازارو گۆرانی زۆر له‌یه‌كتری ده‌چن 

ئازار له‌ جێگه‌یه‌كه‌و 

زریكه‌كه‌ی له‌ شوێنێكی تر 

گۆرانی له‌ شوێنێكه‌و 

چریكه‌كه‌ی له‌ جێگه‌یه‌كی تر 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌ر دڵۆپه‌ ئاوێك هاتبێته‌ گه‌رومه‌وه‌ 

ده‌مو ده‌ست خۆی خنكاوه‌ 

بۆیه‌ ئیتر ئاو نه‌یوێرا توخنم بكه‌وێ 

دواجار خۆم له‌ تینوانا خنكام 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   

خودا به‌و گه‌ورییه‌یه‌وه‌ ، بۆته‌ شمشاڵ و 

خۆی بۆش بۆش كردۆته‌وه‌ 

تا سوله‌یمان بتوانێ 

به‌كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت بیژه‌نێ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

نازانم له‌ كه‌یه‌وه‌  ….؟ 

دایكم گۆزه‌كه‌ی له‌ كانی هێناوه‌ته‌وه‌ 

هه‌ر به‌تاڵی ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ر پڕ ده‌بێته‌وه‌ 

هه‌ر به‌تاڵی ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ر پڕ ده‌بێته‌وه‌

تومه‌ز مانگ  له‌ بنی گۆزه‌كه‌دا به‌جێماوه‌ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌ندێك به‌یانی هه‌یه‌ بۆم ڕێده‌كه‌وێت 

سێبه‌ر به‌نانی تیریه‌وه‌ ، ده‌خۆم 

هه‌ندێك به‌یانی 

دوا چۆڕی شه‌و كه‌له‌بنی پیاڵه‌كه‌مدا به‌جێماوه‌ 

هه‌ڵیده‌چۆڕێنمه‌ قوڕگی مناڵه‌كه‌مه‌وه‌ 

ئه‌و به‌یانیانه‌ من باشم 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌میشه‌ 

ئاگات له‌ دره‌خته‌كه‌ی حه‌وشه‌ بێت 

چونكه‌ مانگه‌شه‌وێكی بریندار 

تیایدا به‌جێماوه‌ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

گریانێكم له‌ناو گڵی ئینجانه‌كه‌دا 

شاردۆته‌وه‌ 

دڵنیام بیدۆزنه‌وه‌ 

ئینجانه‌كه‌شی پێوه‌ له‌توپه‌ت ده‌كه‌ن 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

پڵنگێك ته‌نیا به‌شی تێربون ڕاو ده‌كات 

ئه‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌ 

مرۆڤ ڕاو ده‌كات ، كه‌چی تێر نابێ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

خودایه‌ 

بۆچی موسیبه‌تی عه‌قڵت پێداین 

بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ 

بیر له‌ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌  …..؟ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

خودایه‌ ، ئه‌گه‌ر مزگه‌وت ماڵی تۆیه‌ 

به‌به‌رچاوته‌وه‌ ، ماڵه‌كانیان ڕوخاندی 

نه‌وتوانی بیپارێزیت 

ئه‌دی مینای دڵی ئه‌و هه‌موو مناڵه‌ بێئاینده‌یه‌ 

چۆن ده‌پارێزی  ….؟ 

ئه‌گه‌ر ماڵی تۆش ناو دڵه‌كانه‌ 

ئاخر ئه‌ی نابینی …..؟ ! 

دڵشكاندن و ئاو خواردنه‌وه‌ ، وه‌كو یه‌كی لێهاتوه‌ ؟! 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

له‌گه‌ڵ باوكم 

ئه‌وه‌نده‌ دره‌نگ به‌یه‌ك گه‌یشتینه‌وه‌ 

نه‌مانزانی قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین 

بۆیه‌ به‌بێ ده‌نگ 

یه‌كترمان به‌جێهێشته‌وه‌ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

كتێبخانه‌كه‌م سوتا 

قرچه‌ قرچی دڵم زیاتر بو له‌ ، قرچه‌ قرچی ئه‌و هه‌موو پیته‌ 

هه‌موو كتێبخانه‌كه‌م بو به‌ خۆڵه‌مێش ، جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك پیت 

پیته‌كانم له‌ناو خۆڵه‌مێشه‌كه‌دا ده‌رهێنایه‌وه‌ 

دامنه‌ پاڵ یه‌كو نوسرابو :-

خودایه‌ ده‌ێت گفتوگۆ بكه‌ین 

خودایه‌ بۆ (هه‌شتاوهه‌شت)

خۆت شارده‌وه‌ له‌ گه‌رمیان ……؟ 

–     –     –    –    –    –    –    –    –    –    –   –   –    –    –   – 

هه‌ست ئه‌كه‌م زه‌وی پیر بوه‌ 

هه‌ست ئه‌كه‌م زه‌وی عه‌ماره‌پۆ بوه‌ 

زه‌وی درزی بردوه‌و 

دواچۆڕی جواناوی لێ ئه‌چێ 

خودایه‌ كۆتایی پێبێنه‌ 

ئێمه‌ش و خۆشت ڕزگار بكه‌ 

له‌ده‌ست ئه‌م ئه‌ستێره‌ برینداره‌ی 

كه‌پێی ده‌ڵێن ژیان .  

 

 

 

عه‌لی پێنجوێنی 

 

Previous
Next