Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
ژینگەو، بەرهەمهێنان…..ئەرسەلان مەحمود

ژینگەو، بەرهەمهێنان…..ئەرسەلان مەحمود

Closed
by November 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، وەبەرهێنان بەمانا بابەتییەكەی، یانی وەك ئەوەی شایستە بەهەبوونە، لەجێگەی خۆیدا نەبێ‌ و، نەكەوتبێتە سەر شاڕێگە ئاساییەكەی، ئەوا ژینگەكەی دیارە بەهەموو ماناكانییەوە، لەژێر پرسیارو مەترسیدایە.

 

  هەڵبەتە، ئەو تاك و خەڵكە سەرمایەدارانەی، نەیانتوانیبێت زۆر بەدیقەت و بەباشییەوە، زەوی و مڵكە تایبەتیەكەی خۆیان، خاك نیشتیمانە هەمیشەییەكەی هەمووان، بپارێزن، ئەوا لەئەنجامدا نەك هەر خودیخۆیان، بگرە زۆرینەی هەرە زۆری فەزا گشتییەكەی ژینگەی وڵاتەكەیشیان لەناو بردوە. جێگەی داخە زۆرینەیەكی دیار لەسەرمایەداو سەرمایە گوزارانی ئەم وڵاتەو لەم وڵاتەدا، لەسەرمایە بازاریدا، ئەوەندەی لەخەمی بەدەستهێنانی زیاتری قازانجدان، هەرگیز ئەوەندە هزریان بەلای ئەوەدا ناچێت، ئاخۆ ئەم سەرمایەكارییەی دەیكەن، لەبنەمادا چەند زیانی هەیە لەسەر ژینگە بەمانا فراوانەكەی.

 

بەرهەم هێنەر، نابێ‌ بەتەنها هەر خەریك بەكەمكردنەوەی خەرجیەكانی بێت و، ئەمە بكاتە بیانووێك، چییە بەم ڕێگەیە بەرهەمی هەرزانتر دەخاتە بازاڕەوەو، كاڵاكانی لەبەرهەم هێنەرانی دی هەرزانتر دەفرۆشێت، بەڵكو بەخاتری دەستگرتن بەهێشتنەوەی ژینگە شایستەییەكە، دەبێ‌ لەهەوڵدانی ئەوە دابن، باشترین كاڵاو كواڵێتییەكان لەبەرهەم پێشكەشبكەن، یانی باشترین كاڵا بهێننە بەرهەم و بازاڕەكانەوە نەك هەرزنترین و نزمترین كوالێتییەكانی كاڵا.

 

 رەنگە ڕاستكردنەوەی وەها بارێك، جگە لەبەهێنانە ئاراوەی یاسا شیاوەكان، بەڵكوو بەگرینگیدانی زیاتری ئەزموونی كەرتی تایبەت، ببێتە وەڵام و، هێنانە ئاراوەی چارەسەرێك، بەنمونە:”لەوڵاتی ئوستڕالیا كەرتی تایبەت توانیوویانە بەشێك لەئاژەڵەكان وەك كانگرۆ لەمەترسیەكانی لەناوچوون ڕزگار بكەن، هەروەها لەئەوروپا ئەركی پاراستنی بەشێك لەپاركە گشتیەكان، دراوەتە كەرتی تایبەت”، یانی دەشێت بەنمونە لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، غابات و دارستانە جیاوازەكان، پارك و ناوچە گەشتیارییەكان، یاریگەو، مەلەوانگەو، پاشماوەكانی خۆراك و خاشاك، پڕۆژەكانی سەوزكردنی شارەكان و، …هتد، لەسەر ڕۆشنایی پڕۆتۆكۆڵێكی مۆدرێن، بدرێتە كەرتی تایبەت، ئەوە بەو مانا نییە بمانەوێ‌ وانیشانی بدەین لەكەرتی تایبەتدا، هەرگیز هەڵەو خەمساردی و بەكاربردنی ناڕەوا ڕوو نەدات، بەڵام ئەزموونی كۆمەڵگەی گەشەكردو، ساغیكردوەتەوە، ئەم بەشە زۆر باشتر ئەتوانی هەڵەكانی ڕاستەبكاتەوەو بەرپرسیارانەتر هەڵس و كەوت بكات، چونكە لانیكەم لەئەنجامدا، مەترسییەكانی لەناوچوونی داهات و ژیانی خۆی، دێتە ئاراوە، بەڵام حكومەتەكان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان، ئەتوانن كێشەكە بخەنە ئەستۆی كابینەو حكومەتەكانی دواو پێش خۆیانەوەو، خۆیان لەوەها بەرپرسیاریەتییەك بپارێزن و، بدزنەوە.

 

 دیارە وەها خەمساردییەك لەڕاستیدا، تایبەتیش لەوڵاتی ئێمەدا، لەئاستەكانی تاكیشدا بەدیكراوە، یانی لانیكەم نەتواندراوە ژینگەو هۆشیاری ژینگەیی، ژینگەو بەرپرسیارێتییە ژینگەییەكان، بەكۆمەڵایەتی بكرێت، بەڵام ئەگەر دەربازكردنی سەرمایەداران، لەچنگ ئەو بێموبالاتییەی تێیكەوتوون لەم وڵاتەدا، بەهۆی هەبوونی دەستەی ژینگەو فەرمانگەكانی، ئیدی لێرەوە بەیاسا ڕێكبخرێت، بابەتی بەكۆمەڵایەتیكردنی ژینگەو، بەماناكردنەوەی تاك، لەتاكێكی نابەرهەمهێنەوە بۆ تاكێكی بەرهەمهێن، هەروا سادەو سانا نابێت و، دەبێت بكرێتە نەریتێك تیایدا ژینگە بۆ هەمووان، ڕەنگبداتەوە.

 

“لاولاك” وەها ئاریشەیەك بەهێنانە ئاراوەی تیورییەكەی”گایا” دەیەوێ‌ ئاوا بەچارەسەر بگەیەنێت، ئەو سەبارەت بەیەكەوە لكاندنی مرۆڤ و ژینگە، وەك تاك، دەڵێت ” وەها هەژمار بكەن و، بڵاوبكەنەوە، گەرمبوونی زەوی و، هاتنە پێشەوەی وێشكە ساڵی و، كەمكردنی ئاوی‌ ژێر زەوی و، تەنانەت هاتنە ئاراوەی ڕوداوە سروشتییەكانیش، مایەی تۆڵەكردنەوەی ژینگەن، لەمرۆڤ و ناپاكیەكانی مرۆڤ، بەرانبەر بەخودی ژینگە “.

 

 هەر چەندە وەها گوزارشتكارییەك، لەم سەردەمەدا زیاتر بچێتە خانەی هزرینە باوە سوننتگەراكانیشەوە، بەڵام دەبێ‌ لەبیرمانبێت هەتا ئێستایش، بەلای زۆرینەیەك لەژینگە پارێزان، وەها تێگەیشتنێك بەهەند وەردەگیرێت و، دەشێت وەها تیورییەك لەفۆڕمێكدا تەواو بەبنەماو، بەزانستیبكرێت.

Previous
Next