باشووری كوردستان… له‌به‌رده‌م مه‌ترسی گوتاری ئیسلامی سیاسی‌دا
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر چه‌ند حیزبێكی سیاسی و گروپی جیازدا دابه‌ش بوونه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا، سه‌رجه‌می ئه‌و حیزب و گروپه ئیسلامییانه‌ی باشووری كوردستان له خاڵێكدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش هه‌بوونی گوتارێكی یه‌كگرتووه له به‌رانبه‌ر حیزب و گروپه غه‌یره ئیسلامییه‌كان و فشار دروستكردن بۆ سه‌ر ده‌ركه‌وته مه‌ده‌نی و سیاسی و كرانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه به گوته‌ی ئه‌و گروپه ئیسلامییانه له‌گه‌ڵ به‌ها و ئاداب و بنه‌ماكانی ئیسلامدا یه‌ك ناگرنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت كاتێك باس له گوتاری ئیسلامییه‌كان ده‌كرێت، ده‌بێت ئه‌و راستییه له‌به‌ر چاو بگیرێت له‌وه‌ی ئیسلامییه‌كانیش له ناو خۆیاندا نه‌یانتوانیوه له چوارچێوه‌ی یه‌ك حیزب‌دا یاخود به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی سیاسی‌دا كۆببنه‌وه، ئه‌مه‌ش تا ئاستێك كاریگه‌ری هه‌بووه به‌سه‌ر جیاوازی گوتاریان له‌سه‌ر هه‌ندێ پرسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی كه به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه دێته پێشیان، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و جیاوازیانه ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه له‌سه‌ر گوتارێكی تا راده‌یه‌ك یه‌كگرتوودا یه‌ك نه‌گرنه‌وه، ئه‌ویش بانگه‌شه‌كردن و كاركردن بۆ دروستكردنی فه‌زایه‌ك له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی فیكری كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی سیاسی، واته ئه‌و گروپانه به ده‌سته له رێگه‌ی هۆكاره جیاوازه‌كانه‌وه خه‌ریكی به ئیسلامی سیاسیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستاندان تا له فه‌زایه‌كی وادا بگه‌ن به ده‌سه‌ڵات، چونكه تا كۆمه‌ڵگه به ئیسلامی بكرێت رێگه‌و میكانیزمه‌كانی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌كان ئاسانتر ده‌بێت وه‌ك به پێچه‌وانه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌دا ناتوانن به ئاسانی كۆمه‌ڵگه فریوبده‌ن به جوڵاندنی هه‌ست و سۆزی ئایینی خه‌ڵكه‌كه‌وه.
به هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان، زۆرینه‌ی په‌یڕه‌وی له ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ن و پابه‌ندن به بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی ئه‌و ئایینه‌وه، كه‌واته جوڵاندنی سۆزی ئایینی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وادا ئاسانتره وه‌ك له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی ئایینی جیاواز بێت، ئیدی ئیسلامییه‌كان به سوود وه‌رگرتن له‌و پێكهاته ئایینییه ئیش له‌سه‌ر سۆزی ئایینی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، گوایه ته‌نیا ئه‌وانن داكۆكیكار له ئایینه‌كه‌یان و له به‌رانبه‌ریشدا وا نیشان ده‌ده‌ن ئیسلام له ژێر مه‌ترسی كاڵ بوونه‌وه یاخود نه‌ماندایه به هۆی ده‌ركه‌وته تازه‌كانی جیهانی ده‌ره‌وه كه خۆی له هه‌ژموونی عه‌لمانییه‌ت و جیهانگه‌ریدا ده‌بینێته‌وه كه‌وا له‌گه‌ڵ خۆیاندا هۆكاره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و كولتووری كراوه‌ی وڵاتانی پشكه‌وتووی ئه‌وروپایان هێناوه، به‌مه‌ش جۆرێك له هوشیاری له‌باره‌ی ئایین و خودی ئینسانه‌كانه‌وه هاتۆته ئاراوه‌و مرۆڤه‌كان به جۆرێكی تر بۆ شته‌كانی ده‌وروبه‌ریان ده‌ڕوانن، ته‌كنه‌لۆژیا وایكردووه به ئاسانی ئینسانه‌كان ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵ كولتوور و شارستانێتهكانی تردا بۆ دروست ببێت و ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له كرانه‌وه كاریگه‌ره‌كانی دنیای ئای تی هه‌ژمار ده‌كرێت و كاریگه‌ری گه‌وره به دوای خۆیدا ده‌هێنێت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كولتووری و هاوكات تێڕوانین بۆ شته‌كانی ده‌وروبه‌ر تانه‌نه‌ت ئایین و بیروڕا ئایینییه‌كانیش ده‌كه‌ونه به‌رده‌م نه‌شته‌ری تێڕامان و شه‌ن و كه‌وكردنی روئیاكانی ئایین و پیاوه‌كانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌و جۆری ژیان و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كان و دواتر گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تی شته‌كان له رووی لۆژیكییه‌وه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردووێكی دوور، پانتاییه‌كی یه‌كجار فراوانی له گوتاری كۆنه‌په‌رستی ئیسلامییه‌كاندا داگیركردووه، میدیا و مه‌لا و بانگخواز و سه‌ركرده ئیسلامییه‌كان، به‌مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كردن، هه‌میشه به‌شێكی یه‌كجار گه‌وره له زوومی كامێرا و قسه و گوتاره‌كانیان ته‌رخانكردووه بۆ جوانكردنی مێژووی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت و زیندووكردنه‌وه‌ی كولتوور و داب و نه‌ریتی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی، ئه‌مه‌ش به ئامانجی رێگه خۆشكردن تا كۆمه‌ڵگه رابهێنن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به ئاسانی بگه‌ڕێته دواوه تا له كرانه‌وه تازه‌كانی دنیای ئای تی و جیهانگه‌ری دایببڕن، چونكه دروستكردنی فه‌زایه‌ك له شێوه‌ی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی خه‌لافه‌تی ئیسلام، ئاسانكردنی رێگه زه‌حمه‌ته‌كانی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاته، چونكه ئه‌و گوتاره‌ی بۆ خه‌ڵافه‌ت ده‌گه‌ڕیته‌وه، گوتارێكه له كۆیله‌یی و ناهوشیاری به‌و لاوه، هیچی تر به‌رهه‌م ناهێنێت، ئه‌وه‌ی به مێژووی قۆناغه جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا بچێته‌وه، ده‌گاته ئه‌و راستییه‌ی، خه‌لافه‌ت له كۆیلهتركردنی ئینسانه‌كان و دروستكردنی چیینی گه‌وره گه‌وره‌ی مشه‌خۆر و چه‌وسێنه‌ر و فه‌زای سته‌مكاری به‌و لاوه هیچی تری به‌رهه‌م نه‌هێناوه، ئاخر له‌ژێر سایه‌ی خه‌لافه‌تدا، ئینسانه‌كان كۆیله ده‌كران و وه‌ك كالا له بازاره‌كاندا ده‌فرۆشران و ده‌بران بۆ كێلانی ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ی پیاوه‌كانی ده‌رباری خه‌لافه‌ت داگیریان كردبوو.
راپه‌ڕینی “بابه‌كی خوڕه‌می” و “ڕاپه‌رینی زه‌نگ” دوو راپه‌ڕینی مێژوویین و دژ به ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسییه‌كان ئه‌نجام دراون له دژی سته‌مكاری و چه‌وسانه‌وه‌و به كۆیله‌كردنی ئینسانه‌كان و جیاوازیكردن له نێوان ئینسانهكاندا، ئاخر ئه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت به‌و خه‌ڵكه راپهڕیوهی كرد، قێزه‌وه‌نترین كرداری ناشیرن بوو له مێژووی مرۆڤایه‌تی و له‌كه‌یه‌كی ره‌شه به ته‌وێلی مێژووی ده‌وڵه‌تی خهلافهتهوهو ناكرێت له بیر بكرێت، خه‌لافه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێك بوو له ده‌وڵه‌ته سته‌مكاره‌كه‌ی قۆناغه جیاوازه‌كان، هاوكات دهستدرێژیكهریش بووه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی غه‌یره عه‌ره‌ب و ئیسلام، واته ئه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد، به ئیسلام و به عه‌ره‌بكردنی خه‌ڵكی وڵاتانی تر بووه، به‌مه‌ش فاشیزمی عه‌ره‌ب په‌ره‌ی سه‌ندووه و به هۆیه‌وه تورك و فارس و كورد و هه‌ندێ نه‌ته‌وه‌ی تر كراون به ئیسلام، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه كه خه‌لافه‌ت یاخود سه‌ركرده ئیسلامییه‌كان كه‌سیان له‌سه‌رووی خۆیان به ئینسانی ته‌كامول نه‌زانیوه، واته ئه‌وه‌ی له‌سایه‌ی خه‌لافه‌تدا نهبووبایهته موسڵمان، به ئینسانی نا ته‌واو هه‌ژمار ده‌كرا. گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی وا ترسناك و سته‌مكار و هاوكات جوانكردنی ئه‌و قۆناغه ناشیرینانه‌ش له‌سه‌رده‌می ئێستاكه‌دا ئه‌وپه‌ڕی دواكه‌وتوویی ده‌گه‌یه‌نێت و به گێڵ له قه‌ڵه‌مدانی خه‌ڵك نه‌بێت هیچی تر نییه.
دابه‌شبوونی رۆڵی گوتاربێژه ئیسلامییه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند كه‌ناڵی جۆراوجۆر له مه‌لا له مزگه‌وت و میدیا و بانگخواز و خێركردن به ناوی حیزبی ئیسلامییه‌وه، مه‌لا له مزگه‌وت به سوود وه‌رگرتن له ساده‌یی و گوێڕایه‌ڵی گوێگره‌كانی، جۆرێك خوتبه پێشكه‌ش ده‌كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلامییه‌كانه‌وه بكه‌وێته‌وه، مه‌لا هێرش ده‌كاته سه‌ر رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ده‌سه‌ڵات و حیزبه عه‌لمانییه‌كان و ده‌ركه‌وته تازه‌كانی دنیای سه‌رده‌م و ئیدی بۆ ئیواره‌كه‌ی كه‌ناڵه‌كانیان ئه‌و قسانه وه‌ك خۆی به فه‌زایه‌كی فراوانتر به ناوی كاری میدیاییه‌وه ده‌گوازنه‌وه‌و ئاشنا ده‌كه‌ن، هاوكاتیش له رادیۆ و نێت و ئێستاكه‌ش فه‌یسبوك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان په‌خش ده‌كرێن و گوێی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر راده‌هێنن تا به ئاسانی رام بكرێت به هۆی په‌خشكردنی په‌یامه سۆزاوییهكانی ئایدۆلۆژیای ئیسلام و ئه‌حزابی سیاسی ئیسلامی، ئاخر كه‌ی ڕه‌وایه مه‌لا هیرش بكاته سه‌ر خه‌ڵكی رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندان و به جۆرێك له جۆره‌كان پێگه‌ی خۆی به كار هێناوه تا كاریگه‌ری هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵچوونی سۆزی خه‌ڵكه‌وه، به هۆی گوتاری سه‌ركرده‌و مه‌لا ئیسلامییه‌كانه‌وه بوو هێرشكرایه سه‌ر په‌رله‌مان و ئاڵای سعودییه له‌سه‌ر بینایه‌ی په‌رله‌مان شه‌كایه‌وه و له‌ولاتره‌وه جۆرێك فه‌زایان دروستكردووه هه‌رچی مه‌ساجخانه و ئارایشگه‌كانی جوانكاری ئافره‌تان و ئازادی مه‌سیحییه‌كان هه‌یه بكه‌وێته به‌ر مه‌ترسی خه‌ڵكانێكی گۆشكراو به فیكری كۆنهپهرستیهوه، ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له هه‌ندێ رووه‌وه به‌ره‌و پێشچووه، به‌ڵام له به‌رده‌م گه‌وره‌ترین مه‌ترسی گوتاری كۆنه‌په‌رستی ئیسلامییهكاندایه كه شیعر و په‌یكه‌ر و ئازادی جل پۆشین و تێكه‌ڵاوی ره‌گه‌زه‌كان و ستایله تازه‌كانی كۆمه‌ڵگه حه‌رام ده‌كه‌ن و له به‌رانبه‌ریشدا ئیش بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كولتووری ده‌ستی دوو ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی له دوو هه‌زار و سێنزهدا سیواك به‌كار بهێنن و رووخساریان داپۆشن و له‌بری چوون بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان بچنه مزگه‌وت و له بری خوێندنه‌وه‌ی كتێبی فه‌لسه‌فی و فیكری و سیاسی، ته‌نیا قورئان و فه‌رمووده‌و ته‌فسیره‌كانی ته‌به‌ری و كتێبه‌كانی سه‌ید قوتب بخوێننه‌وه، نایانه‌وێت بگه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئێستاكه كۆمه‌ڵگه ئه‌و قۆناغانه‌ی تێپهڕاندووهو دوور یان نزیك ده‌چێته قۆناغێكی تر كه عه‌قڵ پێگه و شوناسی خۆی دهردهخاتهوهو ئه‌وكات ئاسان نییه به گوته‌ی مه‌لایه‌ك پشێوی سه‌رتاسه‌ری دروست ببێت.
كه‌ره‌سته‌كانی گوتاری ئیسلامییه‌كان، كهرهستهگهلێكن كۆمه‌ڵگه په‌ك ده‌خه‌ن و هه‌نگاوه‌كانی كرانه‌وه‌و رێزگرتن له ئیسنان ئه‌سته‌م ده‌كه‌ن و به‌ره‌و ئاقارێكی سته‌مكاری ئاڕاسته ده‌كه‌نه‌وه كه خۆی له خه‌لافه‌تدا ده‌بینێته‌وه، ئاخر كه‌ی لۆژیكییه له ئێستاكه‌دا خه‌لافه‌ت باشتربێت له عه‌لمانیه‌ت و دیموكراسی، ئه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت به‌رهه‌می هێناوه له سته‌مكاری، ئێستاكه عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی له رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ئۆرگانی جیاوازه‌وه ئیش له‌سه‌ر سارێژكردنی برینه ئینسانییهكانی سه‌رده‌می خه‌لافه‌ت ده‌كه‌ن. هاوكات قسه‌كردنی ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر پێویستبوونی دیموكراسی و هانابردنیان بۆ پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی له قه‌ناعه‌تیان به‌و كولتووره نییه كه به‌شه‌ریه‌ت به‌رهه‌می هێناوه بۆ خزمه‌تی ئینسانه‌كان، به‌ڵكو له شێوه‌ی پردێك بۆی ده‌ڕوانن ئامانجیان پێیدا په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ سه‌ر كورسی سته‌مكاری و دروستكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گۆشكراو به داب و نه‌ریت و كولتووری ده‌ستی دوو و كۆیلهكردنهوهی ئینسانه‌كان به ستایلێكی تر و له قاڵبدانه‌وه‌ی دنیابینییه‌كانی ئینسان و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌نته‌ربوونی ئینسانه‌كان و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی و تهسهوڕاتهكانی ئینسان، چونكه ئازادی و به‌یانكردنی تهسهوڕاتهكان كرۆكی ئیراده‌ی ئینسانه‌كانه، له‌وێوه مرۆڤ به دوای بوون و هه‌یبه‌ت و لۆژیكدا ده‌گه‌ڕێت، كه ئینسان ئیراده و ئازادییه‌كانی به‌ده‌ست هێنایه‌وه ئه‌وكات كۆیلهكردنهوهی هه‌روا ئاسان نییه، ئیدی ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی فیكری كۆنه‌په‌رستی ئیسلامییه‌كانه كه راسته‌وخۆ و نا راسته‌وخۆ ئیش له‌سه‌ر كۆیله‌كردنی ئینسانه‌كان ده‌كات، ئه‌وان نایانه‌وێت كۆمه‌ڵگه بیر بكاته‌وه، نایانه‌وێت ئینسان موماره‌سه‌ی ئازادییه گشتییه‌كانی بكات، ترسی ئه‌وان له‌وه‌دایه كۆمه‌ڵگه هوشیار بێته‌وه و پرسیاری جیدی ئاڕاسته‌ی گروپه‌كانیان بكات، كه‌ی لۆژیك قه‌بولی ئه‌وه ده‌كات له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زۆرینه موسڵماندا حیزبی سیاسی و بانگخوازی مشه‌خۆری سیاسی په‌یدا ببن به ناوی داكۆكیكار له ئایین، مه‌گه‌ر ئایین هی خودا نییه و خۆی پارێزگاری ناكات، كه‌واته حیزبی ئیسلامی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی شه‌رعی رێگه‌یان به خۆیان داوه خۆیان بكه‌نه نوێنه‌ری ئایین و خودا له‌سه‌ر زه‌وی، ئه‌مه ته‌نیا فریودانی خه‌ڵكه و هیچی تر نییه، بگره ناشیرینكردنی ئایینه، نه‌ك گونجاندنی له‌گه‌ڵ گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن جۆرێك ریفۆرم له ئاییندا بكه‌ن به مه‌به‌ستی گونجاندنی له‌گه‌ڵ دنیای ئێستاكه، به پێچه‌وانه‌وه زیاتر ئایینیان به‌ره‌و داخراوی بردووه و نه‌وه‌یه‌كیان دروستكردووه ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه ڕیش نه‌هێڵێته‌وه‌و حیجاب نه‌پۆشێت و نه‌چێته ریزی ئه‌حزابی ئیسلامییه‌وه، به له دیین ده‌رچوو سه‌یری ده‌كرێت و له ئیسلامیشدا له دیین ده‌رچوون به یه‌كێك له شته هه‌ره بڤه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت!
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا