Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
قاعیدەو خولی نوێ ی بوژانەوە

قاعیدەو خولی نوێ ی بوژانەوە

Closed
by November 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

     ” پەیمانی نیشتیمانی بۆ لێکۆڵینەوەی تیرۆریزم وچالاکیە تیرۆریستیەکان “دەزگایەکە ئۆفیسەکەیان لە نێو زانکۆی ماریلاند جێگیرە ، ئەم دەزگایە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا تەمویل دەکرێ . ئەم دەزگایە : زانیاری و لێکۆڵینەوەودۆسیەو ڕیکۆردی چالاکیە تیرۆریستیەکانی لەسەرتاپای جیهان کۆدەکاتەوەو چاودێریان دەکات . هەندێ لە ڕاپۆرتەکان و لێکۆڵینەوەکانی ئەم دەزگایە تەمەنیان ٤٣ ساڵ دەبێت و ئێستاش یەکێکە لەو دەزگا سەرەکیانەی کە نەک تەنانەت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بەڵکو وەزارەتی ترو دەزگا فەرمیەکانی تری حکومەت پشتی پێ دەبەستن ، زیاد لەوەش بەشی سیاسی میدیا سەرەکیەکانیش چەشنی CNN یش وەکو سەرچاوەیەکی خۆیان بەکاری دەهێنن . ئەم دەزگایە لەم ماوەیەی دوایدا چەند داتایەکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر چالاکیەکانی قاعیدە کە گرنگی خۆی هەیە لەسەر ئاسایشی جیهانی و ناوچەیی .

  بە پێ ی داتاکانی ئەم دەزگایە ؛ لە ساڵی 2012 دا جیهان زیاد لە 8500 کردەوەی تیرۆریستی بە خۆیەوە بینیوە ، کە بۆتە هۆی کوشتنی 15500 کەس ، جوگرافیای سەرەکی ئەم کردەوانە ئاسیاو ئەفریقیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە . ئەم ئامارەی سەرەوە بە بەراورد کردن لەگەڵ ساڵی 2011 دەریدەخا کە کردەوەو چالاکیە تیرۆریستیەکان بە ڕێژەی %69 زیادی کردووەو بەشی زۆری ئەم چالاکیانەش بە ڕێژەی %55 لە عێراق و ئەفگانستان و پاکستان ئەنجام دراون و بە ڕێژەی %62 قوربانیەکان لە خاکی ئەم سێ ووڵاتە بووە . 

ئاماری تایبەتیش بەوەی کام ڕێکخراو یان حیزب یان بزوتنەوە لە ڕێگای ئەم چالاکیانەی ساڵی 2012 زۆرترین خەڵکی کوشتووە ڕیزبەندیەکە لە بزوتنەوەی تاڵیبان دەست پێدەکا لە ئەفگانستان کە تەنیا لەو ساڵە 1842 کەسیان کووشتوە . دووەم ڕێکخراویش ” بوکو حەرام ” ی نایجیریە کە 1132 کەسیان کوشتوە . لە ڕیزی سێیەمدا ڕێکخراوی قاعیدە دێت لە عێراق ، ئینجا بزوتنەوەی لاوانی (شەباب)ی سۆماڵی و ڕێکخراوی قاعیدە لە دورگەی عەرەبی و لقی پاکستانی بزوتنەوەی تاڵیبان .

هەموو ئەم ڕێکخراونە لە ئایدیۆلۆژی و ستراتیژدا هاوبەشن و نوێنەرایەتی یەک بەرەی دیاریکراو دەکەن ، کە ڕاستە کوشتنی بن لادن سەنتەر بوونی کەمکردەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لقانە بە سەربەخۆیی و بە یارمەتی ئیقلیمی بوژانەوەی ترسناکیان بە خۆیانەوە بینیوە ، کە پێ ی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دەزگایە شەڕی تائیفی و مەزهەبی ڕۆڵی ئاسانکاری سەرەکیان هەیە لەم ئامارو ڕاستیە تاڵانە . ئاسانکاری دوەمیش بریتیە لەگۆڕینی تەکتیکی هێرشەکان دوور کەوتنەوە لەبەرامبەرکێ ی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپاو دەزگا ئەمنیەکان و فۆکس کردنە سەر  شوێنی دانیشتن و گەڕەک و کۆڵان و هەرچی جۆرێک لە قەڕەباڵغی خەڵکی سیڤیل .

ئەم دەزگایە ڕەشبینە بەرامبەر ئایندەو ساڵانی داهاتوو ، چونکە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2013 دا 5100 کردەوەی تیرۆریستی تۆمارکراوە . ئەم ڕەشبینە حەقیقەتی زۆر پاڵپشتی دەکا بە تایبەتی لە بارەی ڕۆڵ و ئەو بەرژەوەندە جیاوازانەی کە پاڵپشتی ئابوری ولۆجیستی ئەم ڕێکخراوانە دەکەن بە تایبەتی لەسەر ئاستی ئقلیمیدا .

 قاعیدە یان هەر ڕێکخراوێکیتری تیرۆریستی بە بێ ئابوری مەحاڵە بتوانێ مانگێکیش ئیدارەی خۆی بدا . ئەم ڕاستیەش سادەو بەڵگەنەویست دێتە بەرگوێ و تەنانەت لەوانەشە لەلایەن بەرپرسە ئەمنیەکانی دەوڵەتەکانی چەشنی سعودیەو ئێران و قەتەرو تورکیا گاڵتەشی پێ بکرێ وەکو ڕووی نیشاندراوی فەرمی لەئاست ئەم دۆسیە گرنگە ! بەڵام لە ڕووی ڕانەگەیندراویشدا نە پێکەنینەو نە زەردەخەنەیە ، بەڵکو بزنسێکە لە ڕیگای پارەی خەیاڵی و سەپۆرتی بە مەرج و بێ مەرج بەڕێوەدەچێت . 

شەڕی ئێستای قاعیدە بە پێچەوانەی سەردەمی یانزەی سێپتێمبەری 2001 شەڕێکە بە وەکالەت دەکرێ ، بۆیە قاعیدە بەوە لە ناو ناچێ سەرکردەکانی بکوژی ، بەڵکو دەبێ لە ڕێگای دەزگا نێو نەتەوەییەکان بیر لە چۆک پێدادانی ئەو دەوڵەتانە بکرێ کە قاعیدەو هاوشێوەکانیان بە کرێ دەگرن !

ڕزگار عومەر
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.