ئەوین … جوانە ئەسوەد
لیۆ بوسکەلیە دەڵێت، خۆشەویستی تەنیا کاتێک مانای دەبێت، کە ئەزموون بکرێت لە ئێستادا.
هەندێ بۆچوون هەن، ئەوین بە کردەیەکی هەستداری روحییانە سەیر دەکەن و سەرچاوەکەی دەگەرێنەوە بۆ ئەوینێکی ئاسمانی خودایی، ئەم هەستە دەستێنەوە لە مرۆڤ و دەیکەن بە حاڵەتێکی دوور لە کردەییەکی ئەزموونی زەوی بۆ بەخشینی بەها و مانەیەکی خەیالی ودوور لە دەستی مرۆڤ بۆ نەگەیشتن بە چێژ و ئارەزووە جەستەییەکان. شاعیر و نوسەرانی رۆژهەلات، وە کورد وەک پاشگرێک، رێچکەیەکی فکری ئەم شێوازەن بۆ ئەوین، تائێستاش ئەم رێچەکەیە لە ناو شاعیران و نوسەرانی ئێمەدا برەوی هەیە.
لە کۆندا، شاعیران لەبەرنەبوونی ئازادی و دەربڕیینی هەستی ئەوینیانەی خۆیان بۆ جنسی مێینە، هۆنراوە بۆتە پێداوستییەکی خاڵیبوونەوە بۆ ئەو سۆزە شاراوەییەی کە لە ناخی شاعیردا بوونی هەبووە. بۆ کات و بارودۆخی ئەوان حاڵاتێکی ئاسایی و جێگای بەهابووە، تا ئێستاش جێگای ستاییشە. لە هەمانکاتدا، ئەوینێکی راستەقینەی یەکلایەنیی وەک جەستە و بوونی خودا وەک رۆح وەلامێکی مەعریفی پڕاوپڕی لۆژیکیانە بووە.
ئەوین کردارە، گەرلە چوارچێوەی خۆبەدەستەوەنەدان بمێنێتەوە، مانا راستەقیینەکەی خۆی لەدەستدەدات، ئەوین تەنیا هەستێکی ناوەکی نییە، نمایشکردنی رۆح و جەستەیە لەسەربنامەی هەڵبژاردن بێ داوەریکردن. هەڵەیەک لەوەدا نییە، ئاشقە کۆنەکان یا ئەویندارە خوداییەکان وەک جوانیبەخشێک لەدەربڕیندا بوونیان هەبێت، بەلام نابێت ببن بە ڕێچکە یا سەرمەشقی ئەوینکردن، چونکە ئەوین یانی ئەزموونکردنی ژیان لە ئێستادا لە نێوان دوو مرۆڤدا، ئەوین وەک حاڵاتێکی هەستی مرۆییی پێوستە لەگەل سەردەم گۆڕانکاری بەسەردابێت. دیارە مەبەست لە گۆڕانگاری بێنرخکردنی ئەوین نییە، کە زۆرجار شیکردنەوەی لەسەردەکرێت، مەبەست لە جوانکردنی بەخشینی مانا راستەقینەکەییەتی بۆ چێژوەرگرتن لە ژیان و گونجانی بەپێی پێشکەوتن و بیرکردنەوەی ئەقڵیەتی تاک.
ئەوین، وەک هەردوو ڕەگەزە جیاوازەکە، وەڵامدانەوەی مرۆڤە بۆ بەرزترین بەها و دەتوانێش هیچییتر نەبێت. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت، هێزی وەڵامدانەوەی پڕکردنی ویستەکانی مرۆڤ هێزێکی ئیگۆییانەیە، بەشێوەیەکی گشتی ناجێتە ناو مانا قوڵەکەی خۆشەویستییەوە، تەنیا لەگەل ئایدیای خۆشەویستی ئەوینداری دەکات. لەم نێوانەدا چەند پرسیارێک دێنەپێش، ئایا ئەوین خۆنەویستییە یاخود چێژبینینی خودە؟ یا ئەوین بێتاقەتییە و جووتبوون ئابڕوو و مایەیی ریسواییە؟ ئایا پرسیارمان کردوە بە چ مافێک، کۆدێک یا پێوەرێک، گریمانەی ئەخلاقی شیاو بۆ ئەوینکردن دەچێتە ناو چ چوارچێوەییەکەوە؟یاخود ئەوین تەنیا سروشتی خۆرسکیانەی هەستی ڕووتی مرۆڤە بێ هیج لەو پرسیارانەی سەرەوە؟
ئەوین، دیاریدەیەکی سروشتیانەی فێربوون و هەستیێکی مێژووییانەیە، بەرهەمی نەریەتێکی دیاریکراو و دانانی کۆمەلێک تایبەتمەندییەتی بارودۆخی نەریەتییە. دیاریدەیەک نییە پێناسەیەکی دیاریکراوی هەبێت، زیاتر پرۆسەیەکی دووبارە-دیاریکرنەوە یا پێناسەکردنەوەیە بەشێوەیەکیتر، ئەوین دەتوانرێ دیاریبکرێت بە چیڕۆک، شێوە چیڕۆکی نەرییەتی و ئەفسانەیی، کە دابونەریەتی نەتەوەیەک دەهۆنێتەوە. ئەوەی ئەوین جیادەکاتەوە لە شێوە خۆشەویستییەکانی تر،ئەو ووشانەن، چیرۆکانەن یا هەستی گەشەکردنی درامای تاکە، کە بەشداری دەکات لە شوێنپێی کەسانی پێش خۆی بۆ تێگەیشتن و ئەزموونی خۆشەویستی. پاشخانی فێربوونی ئەوین لە کۆمەڵگای نەرییەتیدا سەرچاوەکەی بۆ دین و هەندێ ئەوینی پاکی مێژوویی دەگەرێتەوە. دواتر کولتووری کوردی کاریگەرییەکی تەواو و پتەوەی بە دونیای نەتەوەکانی دەوروبەرییەوە هەیە، کاریگەرییەکی ژێردەستییانە، تا ئێستاش کار لەسەر پەسندکردنی خۆیدەکات وەک نەتەوە لەلایەن نەتەوەکانی دەوروبەرییەوە.ئەم هەوڵدانی پەسندکردنە لەڵایەن کوردەوە. بۆ گونجان و لەیەکچوون، لە رووی، دین، کولتوور، نەریەت، ڕامیاری و ئەقلیەتی کۆمەڵاییەتی. (ئەوین)ش بەدەر نییە، کەوتۆتە ژێر ئەم گاریگەرییانەوە و تێکهەڵکێشانێکی کولتووری دروستکردوە، کە باس لە ئەوین دەکرێ لەلایەن نوسەران و رۆشنبیرانی کورد، سەرچاوەکان زیاتر دەگەرێنەوە بۆ رێچکەی شاعیرانی کۆن، چیرۆکە کۆنەکان، رۆحانییەکان و دیندارەکان. هیچ داهێنانێکی تازە لە دەربرییندا یا لە پراکتیکدا نەهاتۆتە ناو ئەدەبییاتی کوردییەوە سەبارەت بە ئەوین.
کۆمەڵگای نەرییەتی، ئەقل ڕادەگرێت لە بیرکردنەوە، جەستە لە خۆی زیاتر هەستدارتر دەکات و کوشتنی هەموو مۆتیڤێکی مرۆڤە بۆ فێربوون، ئەوینێک بەرهەمدەهێنێت، پڕییەتی لە خۆئازاردان، خۆکوشتن، بۆیەکنەبوون، گریان و شەونخوونی، دۆڕان و دابڕان. گوایا ستایشی پاکی ئەوین دەکەن بەدوورخستنەوەی ویست لە ئەوین کەچی دەیکەن بە وەهمێکی دوور لە واقیع و جەستە دەخەنە دەرەوەی ئەزموونکردنەوە کە ئەمە بیرکردنەوەیەکی دووڕووییانەیە و ترسناکترین داڕشتنی پێناسەی ئەوینە، وە هاندانێکە بۆ نەرییەت و دین، کە بەهای ئەخلاقی لەسەر بنەما بکەن، لە هەمانکاتدا، پشتگیرییەکی تەواوی فکری کۆنەخوازییانەیە، سەبارەت بە ئازادی تاک. هەر ئەم هۆکارانەشن تاک لە دۆخی ئەوینکردندا (ماسۆشی)یانەیە و لە ئەزموونکردنیدا (سادی)یانەیە.
ئەوین تەنیا یەک جۆرە، بەلام لە پلەدا جیاوازە، کاتێک منداڵ، دایکی تەنیا وەڵامدانەوەی پێداویستیەکانییەتی، خۆشەویستی دایک لە بەرزترین پلەدایە لای منداڵ، کەواتە ئەوین سەرەتاییەکی بایۆلۆجییە. لەگەل قۆناغی گەشەکردنی منداڵدا، هەمان جۆر لە خۆشەویستی دابەش دەبێت بە پلەی جیاواز بۆ کەسان و شتەکانی دەوروبەر. لەم قۆناغەدا، هەست و ئارەزووی دڵداری و جووتبون دەبێتە بەشێکی سەرەکی تاک بۆ ئەوینکردن. جەستە چیتر وەک ئەفسانە نامێنێتەوە و نە گوێڕایەڵی نەریەتەکانی کۆمەڵگا دەبێت، کە جەستە وەک تاوانبارێکی سەرەکی دەبینێت، بێ هیچ ڕەچاوکردنێکی زانستی لە گەشەکردنی هۆرمۆنی و پێداویستی جەستەیی و سایکۆلۆجی. لێرەدا تاک گیرۆدەی ئەوێنێک دەبێت، کە بەربەستی پڕکردنی ئارەزووەکانی؛ قوربانی، سەرگەردانی و لەهەمانکاتدا رووبەرووبوونەوەی لێدەکەوێتەوە، کە ئەوە کۆششێکی تاکە بۆ ئازادی، نەک تەنیا بۆ گەیشتن بە خۆشەویست. بەڵام لە کۆتاییدا دەچێتە ناو چیرۆکی قوربانییانی ئەوینەوە. بۆ زیاتر روونکردنەوە، بەربەست هۆکاری قوربانیدانە، نەک ئەوین، گەر تاک ئازاد بێت، پێوستییەتی قوربانیدان بۆ ئەوین نامێنێت.
ئیرک فرۆم دەلێت، ئەوین یانی پەیمانی خود، بێ گەرەنتی، بە هیوای پڕاوپڕی دروستکردنی خۆشەویستی لە ناو ئەوینی کەسی بەرامبەردا (خۆشەویست). کەواتە، یانی بەخشینی هەموو، چاوەڕێیی هیچ. دەکرێ لێرەدا، هەمان پرسیار بکرێتەوە، ئایا بەخشینی هەموو، چاوەڕێیی هیچ، ناچێتەوە ناو چوارچێوەی ئەوێنێکی ڕۆحانی؟ هەرچەندە لە پراکتیزدا قورسە، بەڵام باسی من لەسەر پڕاکتیزو و ئەزموونی ئەوینە بە مانا رووتییەکەی، ئەزموونی هەردوولا، چێژبینینی هەردوولا، بەلام ئەوین مەرج نییە هەتاهەتاییی بێت، بۆیە مەرجی گەرەنتی بوونی نییە لە ئەویندا، تەنیا یەکسانی نەبێت، دواتر ئەوانەی لە ئەویندا داواکاریان نییە، نەبێ هیوادەبن نە فریودەدەرێن.
لە کۆتاییدا، ئەوینکردن بەم شێوە، لە ژێر ناوی پاکی و راستگۆییدا، هێشتنەوەی تەنیا جنسی مێینەیە لە ئەوییندا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ لە ژێر داوەری نەریەتیی کۆمەڵگادا، بەهزرێکی دژە ئازادی سەبارەت بە هەست و ئەوینی ژن. لە کاتێکدا، جنسی مێینە بییەوێت لە کۆدی ئەخلاقی دەربازبێت، ئەوە بە گوناه ،تاوان، پێشێلکردنی داب و نەریەت هەلدەسەنگێندرێت، تەواوی یاساو رێسا و نەریەت و دینیەکان دێنە گۆ.باسی من لەسەر ئەوینی سەردەمی ئێستایە، کەسایەتی و ئەوینداری مەم وەک تاک نەماوە تا زین بوونی هەبێت، لە کاتێکدا کە مەم بوونی نەبێت، پێوستی بوونی زین لەچییدایە؟
٢٠١٣/١١/١٢