Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
نورا له‌ كوچه‌ی عیشقه‌وه‌ گه‌شته‌ شه‌قامی خاڵی بوونه‌وه‌

نورا له‌ كوچه‌ی عیشقه‌وه‌ گه‌شته‌ شه‌قامی خاڵی بوونه‌وه‌

Closed
by November 13, 2013 چیرۆک

 

 

 

چیرۆكی 

نورا له‌ كوچه‌ی عیشقه‌وه‌ گه‌شته‌ شه‌قامی خاڵی بوونه‌وه‌

له‌ فیستیفاڵی گوڵعه‌نبه‌ر خه‌ڵاتی یه‌كه‌می پێبه‌خشراوه‌  

 

به‌ر له‌وه‌ ی تاریكی باڵ به‌سه‌ر ئاسمانی شارا بكێشێ و زه‌رده‌ی خۆر سه‌فه‌ری ئه‌و دیو ئاسۆی شار بكات , نورا له‌ ئوتۆمبیلێك دابه‌زی و خۆی گه‌یانده‌ ئه‌و كوچه‌یه‌ی كه‌ لێی ده‌ژیا , ئه‌و دوو مانگ ده‌بوو له‌و كوچه‌ی نیشته‌ جێ بوو, هه‌میشه‌ كه‌ ئێواران ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ له‌ چاوه‌ گوماناویه‌كانی ژنه‌ بێكاره‌كانی ئه‌و كوچه‌یه‌ ده‌ترسا , ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ هێنده‌ی تر له‌ ئازاری ناوه‌وه‌ی نورایان زیاد ده‌كرد و ده‌بونه‌ هۆی بێزاری بۆی  ،نورا لای دراوسێكانی كچێكی پڕپڕ له‌ ته‌لیسم بوو دونیایه‌ك نهێنی  و شتی شاراوه‌ی هه‌بوو ئه‌و جوانیه‌كی بێ وێنه‌ی هه‌بوو كه‌ به‌باڵایه‌كی به‌رزی گۆشتن  وجوتێ چاوی ڕشی گه‌وره‌وه‌ پرچه‌ ئه‌ڵتونیه‌كانی به‌ سه‌ر شان و ملیا په‌رش و بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و تیشێرتێكی په‌مه‌یی و كاوبۆیه‌كی شینی ته‌سكه‌وه‌ به‌ شه‌قامه‌كانی شارا هه‌نگاوی ده‌نا ڕێبوارانی ناچار ده‌كرد واز له‌ هه‌موو شتێ بهێنن و له‌ دیمه‌نی جوانی ئه‌و بڕوانن , نورا هه‌میشه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ پیاوانی ئه‌و كوچه‌یه‌ی به‌ جواینه‌ سیحراویه‌كه‌ی سه‌رسام ده‌كرد .

به‌ڵام نورا هه‌میشه‌ ئازاری ئه‌وه‌ی ده‌چه‌شت كه‌ ژنانی كۆڵان به‌ چاوی سوكی و گومانه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد و هه‌ندێ جار خۆی گوێی له‌ وووشه‌ سوتێنه‌ره‌كان ده‌بوو , نورا گه‌رچی ده‌یان شارو شارۆچكه‌ و سه‌دان كوچه‌ی گۆڕی بوو تا نه‌بێته‌ جێگای سه‌رنجی نیگا تیژه‌ بێ ڕه‌حمه‌كان , به‌ڵام هه‌موو جارێ ده‌بوویه‌وه‌ به‌ نێچری نیگا بێ به‌زه‌ییه‌كان , ئاخر نورا نه‌یده‌زانی كه‌له‌م شاره‌ بچوكه‌ی ئێمه‌دا بۆ پیاویش ئاسایی نیه‌ به‌ ته‌نها له‌ خانوویه‌كدا بژی و شه‌وانه‌ش میوانی هه‌بێت , چی جای ئه‌وه‌ی كه‌ كچێكی جوان به‌ ته‌نها بژی و میوانی تایبه‌تی پیاوی هه‌بێت ,, ئه‌و نه‌یده‌زانی كه‌ لێره‌ هه‌موو شتێ سنوری هه‌یه‌ و ته‌لبه‌ند بۆ هه‌موو جوڵه‌یه‌ك دانراوه‌ .

دراوسێكانی نورا سه‌ریان له‌ كاره‌كانی ده‌رنه‌ده‌كرد , مه‌راقیان بوو بزانن نورا كێیه‌ و چی یه‌ چ ده‌كا له‌و كوچه‌یه‌دا و ئه‌و میوانه‌ ناوه‌ختانه‌ بۆچی ده‌چنه‌ ماڵه‌كه‌ی , ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ژنی خۆ هه‌ڵقورتێن ئه‌وانه‌ی نه‌یان ده‌توانی چێژی ته‌واو به‌ پیاوه‌كانیان ببه‌خشن و له‌ خیانه‌تی مێرده‌كانیان ده‌ترسان , خۆیا ن له‌ نورا نزیك ده‌كرده‌وه‌ و به‌ دوای زانیاریدا وێڵ بوون , كه‌چی نورا جگه‌ له‌ سڵاوی ئاسایی كه‌ هه‌ندێ جار خۆی له‌ سڵاوه‌كانیشیان ده‌دزیه‌وه‌ ڕێگای نه‌ده‌دا لێی نزیك ببنه‌وه‌ و ژیانی تایبه‌تی بزانن , نورا بێئاگا بوو له‌وه‌ی له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی ئێمه‌دا نابێ كه‌س  ژیانی تایبه‌تی خۆی له‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بشارێته‌وه‌ كه‌س نهێنی تایبه‌تی هه‌بێ , نه‌یده‌زانی كه‌له‌م شاره‌ بچوكه‌ی ئیئَمه‌دا ده‌بێت باسی كاره‌انی سه‌رجێگای نوستنیش بۆ ژنی كۆڵان بكه‌ی ئه‌گینا هه‌زار ناو و ناتۆره‌ت بۆ درووست ده‌كرێت , نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی له‌دڵایه‌ ده‌بێت له‌ كۆڵانیش هه‌بێت , ده‌بێت ژیانی ئاوێنه‌یه‌ك بێت هه‌موان سه‌ری له‌به‌ر دابێنن .

ئاخر نورا له‌شارێكی گه‌ورتره‌وه‌ هاتبوو , له‌ شارێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شتانه‌ جێی بایه‌خی كه‌س نه‌بوو بوو , كه‌س ئێواران چاودێری گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد كه‌س دوای نه‌ده‌كه‌وت تابزانێ خه‌ریكی چ كارێكه‌ , ئه‌و هێنده‌ بێخه‌به‌ری ژیانی ئه‌م وشاره‌ بوو تانانه‌ت خۆی له‌ سڵاوی دراوسێكانیش ده‌دزیه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش وای كردبوو دراوسێكانی بكه‌ونه‌ شك و له‌ نێوان خۆیاندا بڵێن دووه‌ر په‌رێزی ئه‌م ژنه‌ بێ مه‌بالات نییه‌ , ئه‌شێ هۆكارێكی هه‌بێ , ئه‌شێ نهێنیه‌كی هه‌بێ كه‌ بیه‌وێ له‌ئێمه‌ی بشارێته‌وه‌ , ئه‌شێ نه‌یه‌وێ ئێمه‌ به‌ شته‌ تایبه‌ته‌كانی بزانین , ژنانی كۆڵان نیوه‌ی دانیشتنی ئێوارانیان به‌م ووشانه‌وه‌  به‌سه‌ر ده‌برد ، 

له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ نورا هاتبوویه‌ ئه‌وێ بابه‌تێكیان هه‌بوو كه‌له‌سه‌ری بدوێن پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م بێت سه‌ری زوبان و بنی زوبانیان باسی حاجی صاڵحی مێباز بوو ، هه‌میشه‌ چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ی دراوسێیان ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ حاجی تێكه‌ڵ ده‌كرد , به‌ڵام ئیدی نورا حاجی له‌بیر وبردنه‌وه‌ , ڕه‌نگه‌ زۆربه‌ی ووشه‌ تاڵه‌كانیان هۆكاره‌كه‌ی ئیره‌یی بێًت نورا له‌ هه‌موو ژنه‌كانی ئه‌وێ جوانتر و پڕ ته‌لیسم تر بوو , ژنانی كۆڵان هه‌ر هێنده‌یان له‌ باره‌ی نوراوه‌ ده‌زانی كه‌ به‌ كوردیه‌كی تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ عه‌ربی ده‌دوێت و ته‌مه‌نی له‌ نێوان سی بۆ سی و پێنج ساڵی دایه‌ و  جوانیه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ی هه‌یه‌ كه‌ پیاوه‌كانی ئه‌وانی شێت كردووه‌ , هه‌ندێ له‌ دراوسێكان ده‌یانگوت نورا كورده‌ به‌ڵام له‌ پایته‌خت ژیاوه‌ هه‌ندێكی كه‌یان ده‌یانگوت خه‌ڵكی خواروی ووڵاته‌ و له‌ خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵهاتووه‌ , كه‌چی كۆمه‌ڵێ ژنی نزیك له‌ ماڵی نوراوه‌ ده‌یانگوت ڕه‌نگه‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كاندا تیاچوبن و نورا له‌ ترسی مه‌رگ هه‌ڵهاتبێ .

ئه‌وان ناهه‌قیان نه‌بوو كه‌ئه‌م چیرۆكانه‌یان بۆ هه‌ڵده‌به‌ست , نورا كچێ بوو پڕ پڕ له‌فیراق و نامۆ به‌ ئایه‌ته‌ ڕه‌نگاڵه‌ییه‌كانی پێكه‌نین ,ژنێ بوو له‌و دیو زه‌مه‌نی قاقاوه‌ ده‌ژیا و هه‌رده‌م شكۆفه‌ی خه‌نده‌ به‌ لێوه‌ ته‌ڕه‌كانی نامۆ بوو , ئه‌و به‌و هه‌موو جوانی و قه‌شه‌نگیه‌وه‌ كه‌ ئێواران ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شه‌كه‌ت شه‌كه‌ت ده‌تگوت له‌ دۆزه‌خه‌وه‌ یه‌ته‌وه‌ , نائومێدی و بێهیوایی به‌ كلی چاوه‌ ڕه‌شه‌كانیا ده‌هاته‌خواره‌وه‌ و به‌و هه‌موو میوان و ژاوه‌ژاوه‌ وه‌ به‌و هه‌موو سه‌فه‌رانه‌وه‌ , به‌و هه‌موو ڕۆشتنی به‌ یانی و هاتنه‌وه‌ی ئێوارانه‌وه‌ ته‌ژی ته‌ژی بوو له‌ ته‌نهایی و بێده‌نگی و چاوه‌ ڕه‌شه‌كانی ڕه‌نگی بێكه‌سیان پێوه‌ دیاربوو , ته‌نانه‌ت هیچ یه‌ك له‌ دراوسێكانی ئێواران زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كیان به‌ لێویه‌وه‌ نه‌بینی بوو, كه‌س شه‌وێك گوێی له‌ قاقای سوری نه‌بوو بوو , كه‌س هه‌ستی به‌ شادیه‌كی سه‌رسیمای نه‌كردبوو , له‌گه‌ڵً هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌وه‌ی چاوی پێی بكه‌وتایه‌ به‌ چاوی  سێكسیه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانی و كه‌س ئاگای له‌ حیكایه‌ته‌كه‌ی نه‌بوو كه‌س گویی له‌ مه‌ئیوسیه‌كانی نه‌ده‌گرت , هه‌موان به‌ جۆرێ له‌ جۆره‌كان ده‌یانویست له‌ پیرۆزی جه‌سته‌ی نزیك بنه‌وه‌ , سه‌باره‌ت به‌ پیاو و كوڕه‌ گه‌نجه‌كانی كۆڵان چیرۆكی سه‌یر سه‌یریان ده‌گێڕایه‌وه‌ , له‌سه‌ر هه‌موو شومیه‌كانی ئه‌و كۆڵانه‌ نورایان تاوانبار ده‌كرد كچان له‌ دڵداره‌كانیان زیز ده‌بوون ژنان له‌ پیاوه‌كانیان ده‌تۆران , باوك ده‌بووه‌ ناخۆشی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی , هه‌موو ئه‌مانه‌یان ده‌خسته‌ ئه‌ستۆی نورا , ته‌نانه‌ت گه‌ر ماڵێك گڕی بگرتایه‌ بێ یه‌ك و دوو په‌نجه‌ بۆ نورا درێژ ده‌كرا ، هه‌موان نورایان به‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌زانی ,

 كه‌چی نورا باكی به‌هیچ نه‌بوو خۆی له‌ هیچه‌وه‌ نه‌ده‌گلان و كه‌س به‌ ڕوونی هیچی لێ نه‌بینی بوو به‌ڵام هه‌ندێ له‌ كوێخا ژنانی كۆڵان كه‌ له‌سه‌ر سوچی ماڵی حاجی ئامین كۆده‌بونه‌وه‌ و به‌ فسكه‌فسكه‌وه‌ ئافتاوخانی ژنی ملاسمایل ده‌یگوت خوا به‌خراپ بۆم نه‌نوسێ ده‌ڵێن له‌م شه‌وانه‌دا له‌گه‌ڵ شێركۆ بینیویانه‌ قسه‌ی كردووه‌ , ئه‌و ئێواره‌یه‌ شاخه‌ونی حاجی ئامین گوێی له‌م فسكه‌ فسكه‌ ده‌بێت , شاخه‌وان گه‌نجێكی دراوسێی نورایه‌ ده‌مێكه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌و نهێنیه‌ گه‌وره‌یه‌ بگات , ده‌یویست ته‌لیسمی نورا بشكێنێ , موشتاقی زانینی ئه‌و نهێنیه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو ئه‌و ده‌یزانی هه‌ندێ لاو شه‌وانه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن و دوای تێپه‌ڕینی شه‌و و له‌ نیوه‌ به‌ جێی ده‌هێڵن , دڵنیا بوو شتێ هه‌یه‌ ، به‌ڵام نه‌یده‌زانی ئه‌و شته‌ چیه‌ , ده‌یویست هه‌م په‌ی به‌ نهێنیه‌كه‌ی به‌رێت هه‌م وه‌ك هه‌موو گه‌نجه‌كان به‌ جه‌سته‌ و ئامێزی بگات , ئه‌و زیاتر حه‌زی ئاوێته‌ بوون پاڵی پێوه‌ ده‌نا , له‌ هه‌موو ته‌مه‌نیدا به‌ر جه‌سته‌ی مێینه‌یه‌ك نه‌كه‌وتبوو , نه‌یده‌تونی له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو جوانی و شه‌وقه‌دا خۆی ڕاگرێت گه‌رچی حاجی ئامینی دایكی زۆر ده‌ترسابه‌ڵام بڕیاری دابوو  به‌هه‌ر نرخێ بووه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ جه‌سته‌ی نورا له‌وه‌ش سه‌یرتر موشتاقی نهێنیه‌كه‌ی بوو , له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ نورا هاتبویه‌ ئه‌و كۆڵانه‌وه‌ شاخه‌وان ئێَواران له‌به‌ر ده‌رگا ده‌وه‌ستاو چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی نورای ده‌كرد تا ئه‌و ئێواره‌یه‌ هه‌ندێ شتی له‌باره‌ی نوراوه‌ ده‌زانی , ئه‌و ده‌یبینی هندێ ئێره‌ به‌ر له‌ تاریكی له‌ ناو هه‌ندێ ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رز داده‌به‌زێت و به‌ شه‌كه‌تیه‌وه‌ خۆی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ماڵدا , شاخه‌وان سه‌رسامی زۆر شتی نورا بوو , بێده‌نگیه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ,هێمنی وله‌سه‌ر خۆییه‌كه‌ی خه‌مساردی  و بێباكیه‌كه‌ی , چاوقایمی و بوێریه‌كه‌ی , سیما پڕخه‌م و بێ زه‌رده‌خه‌نه‌ییه‌كه‌ی , له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌و هه‌موو چیرۆكه‌ی كه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌یانگێڕایه‌وه‌ شاخه‌وانی ناچار ده‌كرد هه‌وڵ بدات تا پێی ده‌گات , گه‌رچی شاخه‌وان ده‌یان جار هه‌وڵی دابوو لێی نزیك بێته‌وه‌ به‌ڵام نورا گرنگی به‌ هیچ پیاوێكی ئه‌و كوچه‌یه‌ نه‌ده‌دا ئاخر چه‌ند جارێك ژنانی ئه‌و كوچه‌یه‌ به‌ بیانوی جۆر به‌ جۆر شه‌ڕیان پێ ده‌فرۆشت و ووشه‌ی سوكیان له‌ ڕویدا به‌كار ده‌هێنا , ئه‌و ئێواره‌یه‌ جیاواز له‌ گشت ئێواره‌كانی كه‌ نورا به‌ پێ گه‌ڕایه‌وه‌ , كه‌ به‌به‌رده‌می شاخه‌واندا تێپه‌ڕی به‌ بێزاری و ماندوو بوونه‌وه‌ خۆی كرد به‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ,  شاخه‌وان هه‌ستی كرد نورا جیاواز له‌ گشت ئێواره‌كانی كه‌ جۆره‌ په‌شۆكاویه‌ك له‌ ڕویدا دیاره‌ و له‌وپه‌ڕی بێزاریدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت پرچه‌كانیشی ئاڵوسكابوون و به‌حاڵا هه‌نیسكی گریانی له‌ گه‌رویدا به‌ند كردبوو , هێنده‌ی نه‌برد شاخه‌وان گوێی له‌ ئاوازی گریانێكی به‌ كوڵ بوو گریانێك پڕ پڕ له‌ فیراق لێوڕێژ له‌مه‌ینه‌ت گریانێ كه‌ له‌كانی دڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌ قوڵا , شاخه‌وان به‌حاڵ خۆی پێ ڕاگیرا تا تاریكی شه‌و داهات وه‌ كه‌س نازانێ ئه‌و شه‌وه‌ چی پاڵی پێوه‌نا تابێ له‌ ده‌رگادان خۆی  بكات به‌ ژووردا ئه‌و دیمه‌نه‌ سه‌یره‌ ببینێ  دیمه‌نی ئه‌و شازاده‌ی جوانیه‌ به‌ نیمچه‌ڕووتی له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا له‌ جه‌سته‌ی خۆی وورد ده‌بویه‌وه‌ و ده‌گریا , به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ هاتنی ئه‌و بكات 

 شاخه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆر مایه‌وه‌ تا له‌و گریانه‌ به‌كوڵه‌ی تێبگات كه‌چی هیچ تێنه‌گه‌یشت , به‌ڵام كه‌ نورا وه‌ ئاگاهاته‌وه‌ زانی یه‌كێ به‌ نهێنی له‌ ژووره‌وه‌یه‌ زۆر قه‌ڵس بوو به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ داوای لێكرد بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌چی  شاخه‌وان ئاماده‌ نه‌بوو بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ نورا پاڕایه‌وه‌ تا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات , ئه‌شێ ترس وای له‌ نورا كردبێ كه‌ بڵێ كاك شاخه‌وان ببوره‌ كاتی میوان نه‌ماوه‌ , ته‌واو من ئیدی هیچ میوانی َ قبوڵ ناكه‌م , ئه‌فسوس ووشه‌ی ببوره‌ به‌س نیه‌ بۆ گه‌نجێ كه‌ پڕ پڕه‌ له‌ حه‌ز و ئاره‌زوو هه‌ستی هه‌رزه‌یی , بۆ گه‌نجێ كه‌ گرریانی كچێكی له‌ نزیكه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ و هه‌نوس شه‌وێك له‌ كچێكی حه‌رام نزیك نه‌بۆته‌وه‌ , ببوره‌ به‌س نیه‌ بۆ گه‌نجێ كه‌ده‌یه‌وێ  حیكایه‌تی كچێكی نامۆ ببیستێ و شه‌وێك له‌ ئامێزیا بتوێته‌وه‌ , به‌ڵام نورا جارێكی كه‌ هاوار ده‌كات و ده‌ڵێ بڕرۆ ده‌ره‌وه‌ ئێوه‌ هه‌موتان وه‌ك یه‌كن ئێوه‌ی پیاو دڕنده‌یه‌كی شه‌هوه‌ت بازن بڕۆ ده‌ره‌وه‌ ,

 له‌م كاته‌دا شاخه‌وان گڕی توڕه‌یی چاوی نورا ده‌بێنێ ده‌یه‌وێ هێوری كاته‌وه‌ ده‌یه‌وێ لێی نزیك بێته‌وه‌ , به‌ڵام فایده‌ی نیه‌ نوارا له‌وه‌ توڕه‌ تره‌ كه‌ شاخه‌وان هه‌ستی پێ كردووه‌ , له‌وێدا شاخه‌وان هه‌ندێ نیشانه‌ی برینی جێگا په‌نجه‌ و زلله‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ به‌ لامل و گه‌ردن و قۆڵی نوراوه‌ ده‌بینێ , ئیدی له‌ هه‌ندێ شت تێده‌گات و بێ دوودڵی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و نوراش به‌ توندی ده‌رگاكه‌ پێوه‌ ده‌دات , به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نی َ كه‌ شاخه‌وان وازبێنێ و چیدی نه‌چێته‌وه‌ به‌رده‌رگاكه‌ی نورا , شاخه‌ون ده‌یان شه‌وی تر ده‌چێته‌وه‌ به‌رده‌رگاكه‌ی و لێی ده‌پاڕێته‌وه‌ وه‌ نوراش له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌یان ڕۆژ له‌ماڵ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ , هێنده‌ گوێی له‌ پاڕانه‌وه‌ی شاخه‌وان ده‌بێت شه‌وێك به‌بێ وویستی خۆی ده‌رگاكه‌ی لێ ده‌كاته‌وه‌ و تكای لێ ده‌كات نه‌بێت به‌ئازار بۆی به‌ نابه‌ دڵی ده‌ڵێت گه‌نجێكی هه‌وه‌س بازی گه‌ر بۆ ئه‌و كارانه‌ هاتووی یه‌كجار ڕێگه‌ت پێده‌ده‌م به‌ مه‌رجێ چیدی نه‌یه‌یته‌وه‌ , بر ِیارم داوه‌ تۆ دواین پیاو بیت كه‌ سوود له‌ جه‌سته‌م وه‌رده‌گریت , شاخه‌وان ده‌یه‌وێت قسه‌ بكات , نورا قسه‌كه‌ی ده‌بڕێت وده‌ڵێت ته‌واو چیدی نابم به‌ كۆیله‌ی هه‌وه‌سی پیاوه‌كان ده‌مه‌وێ وه‌ك ئینسان بژیم , ده‌ڵێم یه‌كجار و ته‌واو , شاخه‌وان كه‌ تائه‌وكاته‌  له‌به‌ر تیشكی ڕوی نورادا وه‌ستاوه‌ حه‌ز ده‌كات وه‌ك گورگێكی برسی كه‌ چۆن په‌لاماری كه‌روێشكێكی خرپن ده‌دات په‌لاماری نورا بدات و غه‌زه‌بی شه‌هوه‌تی دامركێنێته‌وه‌ , به‌ڵام به‌ ئه‌سته‌م دان به‌خۆیدا ده‌گرێت و ده‌یه‌وێ وا خۆی نیشاندات كه‌ ئه‌و وه‌ك پیاوه‌كانی كه‌ نیه‌ و هاتووه‌ تاحیكایه‌ته‌كه‌ی بزانێت , ده‌یه‌وێ وا له‌ نورا بگه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌م پیاوێكی جیاوازه‌ و بۆ كڕینی جه‌سته‌ی نه‌هاتووه‌ , نورا له‌وه‌ ووشیار تره‌ كه‌ ئه‌و به‌ خه‌یاڵیا دێت نیگاكانی ده‌خوێنێته‌وه‌ و ده‌زانێ هه‌نووس بۆنی مێینه‌ی نه‌كردووه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ برسی تره‌ كه‌ تائیستا له‌ باوه‌شیاندا نووستووه‌ , ده‌زانێ یه‌كه‌مین شه‌وه‌ ژنێكی ته‌نیا ده‌رگای لێده‌كاته‌وه‌ , له‌ یه‌كه‌مین نیگادا به‌ منداڵێكی بچوك دێته‌ به‌رچاوی به‌ چاوی به‌زه‌ییه‌وه‌لێی ده‌ڕوانێت , ده‌یه‌وێت خێرا غه‌رقی شه‌هوه‌تی بكات و كه‌ف و كوڵی گه‌نجی له‌ ئامێزی خۆیا خاڵی بكاته‌وه‌ , كه‌چی شاخه‌وان هه‌وڵ ده‌دات نمایشی بۆ بكات و ده‌ڵێت من هاتووم تا چیرۆكه‌كه‌ت بزانم , هاتووم تا ڕوداوه‌كه‌ی ئه‌و ئێواره‌یه‌م بۆ بگێڕیه‌وه‌ و له‌ حه‌قیقه‌تت حاڵی ببم , هاتووم بزانم ئه‌م ماوه‌یه‌ بۆچی خۆتت حه‌پس كردووه‌  , نورا له‌ دۆركانی پیاو حاڵی ده‌بوو ده‌یزانی له‌وه‌تی ڕۆشتۆته‌ ئه‌و كوچیه‌وه‌ ئه‌م غه‌شیمانه‌ لێی ده‌ڕوانێت ده‌یه‌وێت وه‌ك پیاوه‌كانی كه‌ به‌ جه‌سته‌ی بگات , جارێكی كه‌ داوای لێ ده‌كاته‌وه‌ و تكای لێ ده‌كات و ده‌ڵێت ده‌زانم تۆش هه‌مان ده‌روونی پیاوه‌كانی ئێره‌ت هه‌یه‌ ده‌زانم تۆش بۆ كڕینی جه‌سته‌م هاتووی , ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ ببكه‌و بڕۆ ڕه‌نگه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ی من هیچ به‌ كه‌ڵكی تۆ نه‌یه‌ت , تكایه‌ با تۆ دواین پیاو بیت , تكایه‌ پێویست به‌ فریودان ناكات , گه‌رچی نورا نایه‌وێ كه‌س گوێ له‌ حیكایه‌ته‌كه‌ی بگرێت , نایه‌وێ خۆی خاڵی بكاته‌وه‌ ئه‌و هه‌مو شتێكی دۆڕاندبوو ته‌نها حیكایه‌ته‌كه‌ی نه‌بێت تا ئه‌و شه‌وه‌ كه‌س  گوێی له‌ حیكایه‌ته‌كه‌ی نه‌بوو بوو , نه‌یده‌ویست كه‌س گوێی لێبێت , نایه‌وێ خاڵی بێته‌وه‌ له‌ نهێنی , ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو شارو كوچه‌كاندا هه‌روای كردبوو , به‌ڵام به‌ سوور بوونی شاخه‌وان هه‌موو حیكایه‌ته‌كه‌ی  بۆ  ده‌گێڕێته‌وه‌ , به‌ڵێ ئه‌و شه‌وه‌ شاخه‌وان له‌ هه‌موو شتێ تێده‌گات و په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ی ڕۆحی نورا ده‌ناسێ , ئه‌و شه‌وه‌ وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌كی عیشق خۆی ده‌كات به‌ گشت كوچه‌كانی ڕوحی نورادا و یه‌ك  یه‌ك دێڕ و وشه‌كانی سۆمای ده‌خوێنێته‌وه‌ و په‌ی به‌ هه‌موو ووشه‌ نهێنیه‌كان ده‌بات ئه‌و شه‌وه‌ شتێ نامێنێ تا نورا بیدركێنێ , شاخه‌وان گشت شه‌قامه‌كانی ده‌رونی نورا ده‌پشكنێ و ده‌گاته‌ یه‌قینی نورا , ئه‌فسوس گشت گومانه‌كان ڕاست ده‌رده‌چن ووشه‌ش ژنانی كۆڵان له‌ خۆڕا نه‌گوترابوو ,ئه‌و نائومێدترین ژنی دونیا بوو هیچ خه‌ون وئاواتێكی نه‌بوو بۆی بژی , هیچی نه‌بوو له‌ ده‌ستی بدات , هیچی نه‌بوو لێی بترسێت , نورا چیرۆكێكی سه‌یر ژیابوو چیرۆكێك كه‌ هه‌موو ژیانی سه‌راوخوار كردبوویه‌وه‌ , ئه‌و حیكایه‌ته‌ ئه‌وی ناردبویه‌ سه‌ر شه‌قامه‌ سارده‌كان , ئه‌وی كردبوو به‌ ژنێكی بێشه‌رم , ئه‌و حیكایه‌ته‌ ئه‌وی بێ به‌ش كرد بوو له‌ هه‌مو شتێ ئه‌وی ناردبویه‌ به‌رده‌ستی پیاوه‌ به‌دمه‌سته‌كان , ئه‌و چیپرۆكه‌ وای له‌ نورا كردبوو كه‌ هه‌ر شه‌وه‌ی پیاوێك بیده‌نگی ژووره‌كه‌ی بشكێنێ , هه‌ر ئێواره‌یه‌ك سه‌ر له‌ خه‌یاڵه‌كانی بشێوێنێ و هه‌ر به‌یانیه‌ك پیاوێك نه‌هێڵێت تێر له‌ سه‌حه‌ری به‌یانی بخوات و به‌ دڵی خۆی بیر له‌ به‌رائه‌تی ڕۆحی خۆی بكاته‌وه‌ ، چیدی نور ا هیچ شه‌وێكی خاڵی نه‌بوو بوو له‌ پیاو , كه‌چی گشت پیاوكان سپێدان به‌ر له‌ هیجره‌تی مانگ نورایان ته‌سلیمی زوڵمه‌تی ئه‌زه‌لی ده‌كرده‌وه‌ , سرووشت وای ویستبوو كه‌ نورا هه‌ر شه‌وه‌ی ئامێزی پیاوێكی سارد گه‌رم كاته‌وه‌ و پیاوێكی برسی پڕكات له‌ شه‌هوه‌ت ,

ئه‌و شه‌وه‌ شاخه‌وان حه‌قیقه‌تی نورا ده‌ناسێت و تێده‌گات كه‌ حه‌قیقه‌ت چه‌نده‌ ئازار هێنه‌ ، ئه‌وه‌ی به‌چاوی ئاسایی هه‌ستی پێده‌كه‌یت مه‌رج نیه‌ حه‌قیقه‌ت بێت ڕه‌نگه‌ حه‌قیقه‌ت دیوێكی نادیاری مرۆڤه‌كان بێت و زۆر جاریش له‌ ده‌ستمان بچێت , له‌ وێودا شاخه‌وان هه‌ست ده‌كات ئه‌و هه‌موو میوانه‌ی نورا شه‌وانه‌ چ كاره‌ بوون و بۆچی ڕویان له‌و ژنه‌ قوربانیه‌ كردووه‌ ,

ئه‌و شه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نورا بیه‌وێت به‌گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه‌ی و به‌و دڵۆپه‌ فرمێسكانه‌ی كه‌ سات ناساتێ به‌ گۆنایدا شۆڕ ده‌بوونه‌وه‌ و ده‌ڕژانه‌ سه‌رسنگی ، خۆی له‌ گوناه بشواته‌وه‌ به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ی حیكایه‌ته‌كه‌ی ده‌گێڕایه‌وه‌ و هه‌ندێ جاریش ئازار خه‌ریك بوو له‌ ناوه‌وه‌ ده‌یكوشت به‌ڵام خۆش حاڵ بوو كه‌ پیاوێك به‌ر له‌ جه‌سته‌ی ئه‌یه‌وێ گوێی لێ بگرێت , ئه‌و هه‌نوس كه‌س به‌ هه‌سته‌وه‌ گوێی بۆ ڕانه‌گرتبوو , كه‌س جگه‌ له‌ جه‌سته‌ی داوای شتێكی تری نه‌كردبوو كه‌س به‌ هه‌سته‌وه‌ دڵۆپێ فرمێسكی له‌چاو نه‌سڕی بوو ، ته‌نانه‌ت تا ئه‌و شه‌وه‌ هه‌موو پیاوه‌كان مایه‌ی دابارینی فرمێسكی بوون ,

ئه‌و شه‌وه‌ به‌ هه‌ستی ژنێكه‌وه‌ كه‌ ده‌یان ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووبێت كه‌ پیاوێك بێت و به‌ر له‌ شه‌هوه‌ت داوای حیكایه‌ته‌كه‌ی لێبكات , پیاوێك بتوانێ وك ئینسان نیگای بزێوو له‌ جه‌سته‌ی نه‌بڕێت و به‌ هه‌سته‌وه‌ گوێ له‌ ووشه‌كانی ڕاگرێت , ڕه‌نگه‌ ئه‌و ژنه‌ ده‌یان ساڵ بووبێت ووشه‌كانی دڵی به‌كار نه‌هێنابێت ڕه‌نگه‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ نمایشی شانۆگه‌ریه‌كی درێژخایه‌ندا بووبێت ,نمایشێ كه‌ چاوه‌ڕوانی دواین دیمه‌نی كردبێت تا پیاوێك بێت و كۆتایی به‌و نمایشه‌  بهێنێت , ئاخ نورا له‌و نمایشه‌دا چه‌نده‌ ئازاری چه‌شتبێت , چه‌نده‌ بێ دڵی خۆی كردبێت , چه‌نده‌ دوور له‌ هه‌سته‌كانی خۆی ژیا بێت , ئاخر چ ژنێك ده‌توانێ ووشه‌كانی دڵی بشارێته‌وه‌ و به‌ دڵی پیاوه‌كان ووشه‌ هه‌ڵبه‌ستێ , چ مێینه‌یه‌ك ده‌توانێ ده‌یان ساڵ حیكایه‌تێ له‌ خۆیدا هه‌ڵگرێت ، حیكایه‌تێ كه‌ به‌رائه‌ت و پاكیزه‌یی ئه‌وی ده‌سه‌لماند , ئاخر چ مێینه‌یه‌ك ده‌توانێ واز له‌ زاری خۆی بهێنێت و گوێ له‌ جوێنی پیاوه‌ به‌دمه‌سته‌كان ڕاگرێت له‌ ئانی گه‌یشتن به‌ ئۆرگازمدا , نورا چه‌نده‌ چاوه‌ڕێی كردبێت شه‌وێك پیاوێك له‌و دیوو چه‌په‌ڵی جه‌سته‌یه‌وه‌ پاكیزه‌یی ڕۆحی بینێ و گرنگی به‌ ڕۆحی بدات , ئاخر مرۆڤه‌كان هه‌میشه‌ له‌و دیو نه‌گریسه‌كانیانه‌وه‌ ڕۆحێكی پڕ له‌ به‌رائه‌تیان هه‌یه‌ , ئه‌بێ ئێمه‌ ئه‌و ڕۆحه‌یان بدۆزینه‌وه‌ , ئه‌بێ جه‌للاده‌كه‌ی ده‌رون ده‌سته‌مۆكه‌ین و بگه‌ینه‌ ئه‌و فریشته‌ پڕ له‌ به‌رائه‌ته‌ی ڕۆحی,

له‌وێدا نورا كه‌مێك بێده‌نگ ده‌بێت و ته‌ماشایه‌كی شاخه‌وان ده‌كات و وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌ی به‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌رێت ده‌ڵێ ببوره‌ ڕه‌نگه‌ بێزارم كردبیت نازانم بۆئه‌م حیكایه‌ته‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ نازانم بۆ هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و پیساییانه‌ له‌ جه‌سته‌ی خۆم داده‌ماڵم , ده‌ڵێ ئه‌م شه‌و كۆتایی حیكایه‌تی ژینمه‌ , شاخه‌وان قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت و ده‌ڵێت نورا وامه‌ڵێ من له‌ دڵه‌وه‌ ده‌مه‌وێ گوێت لێبگرم , نورا ده‌لێت , ئاخر هه‌موو پیاوه‌كان كه‌ ده‌هاتن وه‌ك دزی شه‌و له‌ تاریكیدا مشتێ لله‌زه‌تیان له‌جه‌سته‌م ده‌ویست و هه‌ر له‌ تاریكدا وون ده‌بوون , ته‌نانه‌ت گه‌ر پیاوێكی زۆر بڵێَش ببوایه‌ میوانم هه‌ر زوو ده‌مناسی و كه‌ پیاوێكی ترسنۆكه‌ و له‌ ترسی ژنه‌كه‌ی هاتووه‌ تا له‌ ئانی مه‌ست بونی له‌ شه‌هوه‌تدا هه‌ندێ خۆ نوێنی بكات و هه‌ندێ جوێنم تێبگرێت , ئه‌م جۆره‌ پیاوانه‌ش جگه‌ له‌ ئازار هیچ نه‌بوون بۆم ,ئه‌شێ به‌شی سه‌ده‌یه‌ك ووشه‌م زهه‌ڵگرتبێ بۆ شه‌وێكی ئاوه‌ها , ئه‌شێ حیكایه‌ته‌كه‌شم هێنده‌ شه‌رم هێنه‌ربێت كه‌س له‌ڕووی هه‌ڵنه‌یه‌ت گوێی لێ ڕاگرێت , به‌ڵام بڵَێم چی مه‌مله‌كه‌تێكمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت پیاوێ ده‌دۆزیته‌وه‌ له‌ دڵی ژنێ تێبگات و بزانێ ژن چی له‌ پیاو ده‌وێت , نورا به‌ده‌م دابارینی فرمێسكه‌كانیه‌وه‌ ده‌ڵَێ گه‌رچی گشت پاسه‌وانه‌ پیره‌كانی دۆزه‌خ شه‌وچه‌ره‌ی پێكه‌نینیان ده‌هێنایه‌ ژوره‌كه‌م , به‌ڵام ساتێ بێده‌نگی دڵی من نه‌ده‌شكا , بارانی غه‌زه‌بی پیاوه‌كان شه‌وانه‌ له‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مدا ده‌باری كه‌چی ساتێ تینوێتی بێده‌نگی حه‌وشه‌كه‌م نه‌ده‌شكا , گه‌رچی گشت جه‌للاده‌ به‌دمه‌سته‌كانی نه‌وه‌ی تاریكی له‌سه‌ر سه‌رینه‌كه‌ی مندا شه‌ویان به‌ ڕۆژ ده‌گه‌یان ، كه‌چی نه‌یانده‌توانی ئازاری ساتێكی ته‌نهاییم بده‌ن , له‌وێدا شاخه‌وان هه‌ست ده‌كات نورا بێ تاقه‌ت و ماندووه‌ و خه‌ریكه‌ په‌رده‌ی تاریكی ده‌دڕێت ڕوخسه‌تی لێوه‌رده‌گرێت و به‌جێی دێڵَێ به‌ڵام به‌ڵێنی لێ وه‌رده‌گرێت كه‌ سبه‌ی شه‌و بێته‌وه‌ و گوێ له‌ حیكایه‌ته‌كه‌ی ڕاگرێت ,

ببورن نامه‌وێ به‌ باسی بیركردنه‌وه‌كانی شاخه‌وانه‌وه‌ ماندوتان كه‌م و باسی ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ی ئه‌وتان بۆ بكه‌م , كه‌ چه‌نده‌ تامه‌زرۆ بوو بۆ دیداری ئاینده‌ی نورا ڕه‌نگه‌ گه‌ر من بۆتان بنووسم گومان له‌ حه‌قیقه‌یت بكه‌ن , وه‌ باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م كه‌ بیركردنه‌وه‌ی چه‌نده‌ به‌رامبه‌ر به‌ نورا گۆڕا له‌وێدا به‌جێتان ده‌هێڵم خۆتان له‌بری من بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێك ژنێكی هێنده‌ جوان و له‌ خۆبایی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دوایه‌وه‌ بوون تا له‌ جه‌سته‌ی نزیك بنه‌وه‌ و شه‌وێك به‌م شێوه‌یه‌ گوێتان له‌  به‌شێكی چیرۆكه‌كه‌ی بێت و فرمێسكه‌كانی ببینن , ئه‌شێ چۆن بیری لێ بكه‌نه‌وه‌ ئایا دوای ئه‌وه‌ش كه‌ چیرۆكه‌كه‌تان بیست هه‌ر ئه‌و خاتوه‌نه‌ به‌سه‌رچاوه‌ی چێژ و شه‌هوه‌ت ده‌زانن , به‌هه‌رحاڵ شاخه‌وان شه‌وو كاتژمێرێك به‌ر له‌واده‌ی خۆی بێ ئه‌وه‌ی زه‌نگی ده‌رگا به‌كار بهێنێ چووه‌ ماڵی نوراوه‌ , به‌ڵام سه‌یر بوو كه‌سی نه‌بینی یه‌ك یه‌ك ژوره‌كانی پشكنی نورا له‌ هیچ كوێیه‌ك دیار نه‌بوو , كه‌وته‌ دڵه‌ خورپه‌ , له‌ شتێ ده‌ترسا به‌ڵام نه‌یده‌زانی ئه‌و شته‌ چیه‌ له‌ پڕ خه‌یاڵێكی بروسكه‌ ئاسا كه‌وته‌ هزریه‌وه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت نا ناشێ شتی وای كردبێ , ئاخر خۆكوشتن مانای چیه‌ بۆ ده‌بێ ئه‌مه‌ی كردبێت , جارێكی كه‌ هه‌موو ژووره‌كان گه‌ڕایه‌وه‌ نورای نه‌بینی به‌ خه‌مێكی قوڵ و به‌ ترسه‌وه‌ به‌ هێواشی چه‌ند جارێك بانگی نورای كرد كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ , ئه‌مجاره‌ بیری گه‌رما و سه‌رئاوه‌كه‌ی كه‌وته‌وه‌ به‌ڵام خۆ نه‌یده‌زانی له‌كوێدان , خۆشبه‌ختانه‌ خانوه‌كه‌ بچوك بوو خێرا گه‌رماوه‌كه‌ی دۆزیه‌وه‌ به‌ هێواشی لێی نزیك بویه‌وه‌ ده‌ترسا له‌وێ خۆی خنكاندبێت , ئاخر خانمان هه‌میشه‌ كه‌ ده‌گه‌نه‌ په‌ڕه‌یه‌كی ناخۆشی حیكایه‌ته‌كه‌یان ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن , كه‌م خانم ده‌توانێ ئه‌و په‌ڕه‌یه‌ له‌ حیكایه‌ته‌كه‌ی ده‌ربێنێ و بیسوتێنێ , ده‌ترسا نوراش وای كردبێت به‌ ترسه‌وه‌ له‌ گه‌رماوه‌كه‌ نزیك ده‌بویه‌وه‌ , ده‌ترسا له‌ پڕ ده‌رگای گه‌رماوه‌كه‌ بكاته‌وه‌ و ته‌رمی ژنێك به‌ سوتاوی ببینێ , ئه‌و هه‌نوس له‌گه‌ڵ دیمه‌نێكی له‌و جۆره‌دا ڕووبه‌ڕو نه‌بوبویه‌وه‌ , له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ڵم و گه‌رمیه‌كی زۆر له‌ درزی ده‌رگای گه‌رماوه‌كه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ر ڕومه‌تی شاخه‌وان ده‌كه‌وت , به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد له‌ پڕ خه‌نده‌یه‌كی گه‌ش كه‌وته‌ سه‌ر لێوی شاخه‌وان ,

ئه‌و خۆیشی نه‌یده‌زانی بۆچی زۆر دڵشاده‌ كه‌ دڵنیا بویه‌وه‌ نورا له‌ ژووره‌وه‌ خۆی ده‌شوات و ده‌نگی شڵپ و هوڕی ئاو گه‌شته‌ گوێی شاخه‌وان ئیدی به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك خۆی گه‌یانده‌ داڵانی خانووه‌كه‌ و به‌ بێده‌نگی  چاوه‌ڕوانی نورای ده‌كرد , به‌ڵام چاوه‌ڕوانیه‌كه‌ی هێنده‌ كورت بوو ڕێگای ئه‌وه‌ی نه‌بوو بیر له‌ هیچ بكاته‌وه‌ , له‌ پڕ نورای له‌به‌رده‌می خۆیدا بینی ، به‌ڵام نورای چی هه‌نووس هیچ كچێكی هێنده‌ جوانی له‌ فیلمه‌ ڕۆمانسیه‌كانیشدا نه‌بینی بوو  , خاولیه‌كی گه‌وره‌ی له‌پرچه‌ ته‌ڕه‌ درێژه‌كانی ئاڵاندبوو ڕۆبێكی سسپی ته‌نكی حمامی پۆشی بوو كه‌ ته‌ڕایی جه‌سته‌ی هه‌ندێ جێگای ڕۆبه‌كه‌ی ته‌ڕ كردبوو , چه‌ند دڵۆپێ ئاو به‌ لاجانگ و چه‌ناگه‌یدا شۆڕ ببویه‌وه‌ و به‌ مابه‌ینی مه‌مكه‌ تورته‌كانیدا جۆگه‌له‌كی بچوكیان به‌ستبوو , گۆشتی گیانی له‌ ژێر ئه‌و قوماشه‌ سپیه‌دا وه‌ك یاقوتێكی گرانبه‌ها ده‌بریسكایه‌وه‌ و باڵا شۆخه‌كه‌ی له‌و قوماشه‌دا هێنده‌ی كه‌ جوان ده‌رده‌كه‌وت , پارچه‌كانی جه‌سته‌ی هه‌ریه‌كه‌ و بۆ خۆی جوانیه‌كی ئه‌فسانه‌ییان نیشان ده‌دا و به‌ گشتی جوانیه‌كیان پێك هینابوو خه‌ریك بوو چاوی شاخه‌وان له‌ پرشنگه‌كه‌یدا كوێرده‌بوو ,ئه‌م سه‌رسامیه‌ی شاخه‌وان و شێوازی نیگا كردن و هه‌ستانه‌وه‌ی به‌ حه‌په‌سانه‌وه‌ بواری به‌نورا نه‌دا كه‌ پبرسێت ئاخۆ چۆن به‌بێ زه‌نگی ده‌رگا هاتۆته‌ ژووره‌وه‌ , هێنده‌ی پێكرا به‌خێرهاتنتی میوانه‌كه‌ی كردوو گوتی سه‌رسام مه‌به‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌متوانی قه‌دری ئه‌م جوانیه‌ بگرم , نه‌متوانی بیپارێزم له‌ ته‌ڵخ بوون , به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی نه‌هامه‌تیه‌كانیشم هه‌ر ئه‌م جوانیه‌ خۆیه‌تی لێره‌ ئه‌وه‌ی جوان بێت ناشرینی ده‌كه‌ن ,  ئه‌وه‌ی جوان بێت هه‌وڵ ده‌یه‌ن جوانیه‌كه‌ی لێ بكڕن , وه‌هه‌ر جوانی خۆی چاوی جوانه‌كان داده‌خات و ڕێگانادات جوانیش بیربكه‌ینه‌وه‌ , ئه‌فسوس ئه‌وه‌ی جوانی پێ ببه‌خشرێت بیركردنه‌وه‌ی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه‌ , شاخه‌وان هه‌نوس هیچی بۆ نه‌ده‌گوترا و به‌ حه‌په‌ساویه‌وه‌ له‌ جوانیه‌كه‌ی ده‌ڕوانی ,

 نورا به‌رده‌وام بوو له‌ قسه‌و گوتی دوێنێ شه‌و بڕیار بوو تۆ دواین پیاو بیت كه‌ له‌م جوانیه‌ سود وه‌رگریت به‌ڵام ئه‌مشه‌و جیاوازه‌ بیر له‌هیچ نه‌كه‌یته‌وه‌ و نیگات به‌ جه‌سته‌ما مه‌گێڕه‌ ، ئیدی ته‌واو دواین پیاو ئه‌و پیاوانه‌ی دوینێ ئێواره‌بوون , ئه‌و دڕندانه‌ بوون  كه‌ به‌ ئاگایان هێنامه‌وه‌ و كارێكایان كرد تێگه‌شتم كه‌ مرۆڤ بوون چ گه‌وه‌رییه‌كه‌ , ئیدی ته‌واو بیر له‌ هیچ مه‌كه‌وه‌ و له‌و گه‌رماوه‌دا خۆم  له‌ هه‌موو شتێ پاك كرده‌وه‌ دڵنیابه‌ چیدی ناهێڵم هیچ ده‌ستێكی چه‌په‌ڵ به‌رم كه‌وێت , ته‌واو ئیدی رۆحم شۆِرده‌وه‌ ئه‌مه‌ی گوت و چوو بۆ ژورێكی ته‌نیشتی تا پرچی ووشك كاته‌وه‌ , شاخه‌وان له‌به‌ر جوانیه‌كه‌ی گێژو و كاس ببوو , نه‌یده‌زانی بیر له‌ چی بكاته‌وه‌ ,هێنده‌ی پێ نه‌چوو نورا لیباسی خه‌وتنه‌وه‌ هاته‌وه‌ بۆلای میوانه‌كه‌ی به‌ڵام به‌م جۆره‌ جوانتر ده‌ینواند به‌ جۆرێ كه‌ شاخه‌وان هه‌ستی به‌ جوانیه‌كی پڕ له‌ به‌رائه‌ت ده‌كرد و وایده‌زانی سیحری لێكراوه‌ ئاخر ئه‌و دوێنێ شه‌و له‌وێ بوو چۆن هه‌ستی به‌م هه‌موو جوانیه‌ نه‌كردبوو , ئه‌م جۆره‌ بیركرده‌وانه‌ سه‌رقاڵی كردبوو , له‌پڕ نورا له‌ خه‌یاڵه‌كه‌ی ده‌رهێنا و گوتی كاك شاخه‌وان له‌گه‌ڵ چا خواردن نێوانت چۆنه‌ ناته‌وێ چایه‌ك ئاماده‌ كه‌م , شاخه‌وان به‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و نوراش چوو به‌ دوو كوپ چاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ , وویستی باسی ئه‌و ترسه‌ی بۆ بكات كه‌ به‌هۆی دیارنه‌بوونی نواروه‌ توشی هاتووه‌ , به‌ڵام هه‌ر زوو خۆی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ لادا و دوای قومێكی چایه‌كه‌ گوتی نوراخان دوێنێ شه‌و له‌ باسی چیدا بووین كه‌ڕۆژ بویه‌وه‌ ,

نوارش دوای مژێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی گوتی به‌ڵێ براكه‌م من كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م به‌سه‌رهات , ئیدی ژیان نرخی نه‌ما له‌لام , شاخه‌وان قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت وبه‌ حه‌په‌ساویه‌وه‌ ده‌ڵێ كام مه‌سه‌له‌ دوای چ كاره‌ساتێ , نورا به‌ دڵشكاویه‌وه‌ ده‌ڵێ كاره‌سات نا خه‌یاڵت بۆ شتی دوور نه‌ڕوات له‌و كچانه‌ نیم كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌م له‌ده‌ست دابێت و له‌ بێكه‌سیدا كه‌وتبمه‌ ئه‌م وه‌زعه‌وه‌ , نا له‌و ڕوه‌وه‌ خه‌یاڵت ئاسووده‌بێت , باسی مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌كه‌م په‌له‌مه‌كه‌ ئه‌مه‌شت بۆ باس ده‌كه‌م , به‌ڵێ دوای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چیدی گرنگیم به‌ هیچ نه‌ده‌دا و وویقاری خۆمم به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوو ,ئیدی میوانداریم له‌ هه‌موو پیاوه‌كان ده‌كرد , به‌ڵام پیاوه‌كان له‌وه‌ خاڵیتر بوون كه‌ من چاوه‌ڕێم ده‌كرد , هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ پیاوێك نه‌بوو به‌ میوانم له‌ ته‌ریقه‌تی باخچه‌ , پیاوێك مشتێ به‌رامه‌ی عیشقی بۆ نه‌هێنام و كه‌س یادگاریه‌كی شیرینی له‌ ژووره‌كه‌مدا جێ نه‌هێشت تا ساتێ بمگه‌ڕێنێته‌وه‌ نێو كوچه‌ ڕه‌نگینه‌كانی منداڵی و خه‌یاڵم به‌رێته‌وه‌ نێو چاوشاركێكانی مناڵی , ئه‌فسوس پیاوه‌كان تا ده‌هات زیاتر خاڵیان ده‌كردمه‌وه‌ و زیاتر غه‌رقی فیراق و نائومێدیان ده‌كردم , ئاخر پیاوه‌كان ته‌نها بۆ شتێ ده‌هاتن ئه‌وه‌یان ده‌برد و ده‌چوون ئه‌وان مشتێ له‌زه‌تیان ده‌ویست , له‌وێدا نورا پڕده‌بیت له‌ فرمێسك و به‌ده‌م هه‌نسكی گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت زۆربه‌ی پیاوه‌كان ده‌هاتن تا له‌ ودیوو پیرۆزیه‌كانی رۆحمه‌وه‌ به‌ چاوی شه‌هوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕوت بوونه‌وه‌ی جه‌سته‌م بڕوانن و  له‌ چێژی ژنێكی حه‌رامدا مه‌ستی شه‌هوه‌ت ببن , ده‌هاتن تا دوور له‌ یاساكانی خودا , یاساكانی خێڵ , یاساكانی كۆمه‌ڵ , یاساكانی شه‌قام تامی دوو لیمۆی حه‌رام بكه‌ن و سیحری مێینه‌یه‌كی حه‌رام به‌تاڵ كه‌نه‌وه‌ و نیكایان پڕكه‌ن له‌ تامی ڕووت بوونه‌وه‌ , ئه‌شێ هه‌ندێ له‌ پیاوه‌كان هاتبن ژماره‌ی شه‌وه‌ حه‌رامه‌كانیان زیاد بكه‌ن تا له‌سه‌رمێزی خواردنه‌وه‌ی ئێواراندا له‌به‌رامبه‌ر پیاوه‌ گرگنه‌كانی هاوشێوه‌ی خۆیاندا شانازی به‌ پیاوبونیانه‌وه‌ بكه‌ن , به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ داخی ژنه‌ سارده‌كانیان دهاتن تا كه‌مێ گه‌رمیان بێته‌وه‌ ,

نورا ئه‌و شه‌وه‌ له‌ به‌ رامبه‌ر شاخه‌واندا وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌مێك بێت چاوه‌ڕێی كه‌سێ بوو بێت تا حیكایه‌ته‌كه‌ی بۆ بگێڕێته‌وه‌ وه‌ بێ شه‌رم هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێت كه‌ گوتنیان ئه‌سته‌مه‌ ، ئه‌و ده‌ڵێت هه‌موو شه‌وێك پیاوێكی نوێ ده‌هاته‌ ژووره‌كه‌م ، پیاوێكی خاڵی كه‌ مشتێ عیشقی پێ نه‌بوو بۆ شه‌وچه‌ره‌ی ته‌نهایی شه‌و , هه‌ر ئێواره‌یه‌ك پیاوێك ده‌یبردمه‌ پیاسه‌ی باخچه‌كان كه‌چی نه‌یده‌هێشت گوڵێكی سووری باخچه‌ بناسم , هه‌موو به‌یانیه‌ك چاوه‌ڕوانی به‌یانی باشی پڕ له‌ مه‌حه‌ببه‌تی پیاوێك بووم پیاوێك كه‌ دوور له‌ شه‌هوه‌ت هه‌ست به‌ ڕۆحم بكات و  بمێنێته‌وه‌ تا سپێده‌ , كه‌چی ئه‌فسوس پیاوه‌ هه‌وه‌س بازه‌كان به‌ر له‌ سه‌فه‌ری مانگ ده‌ڕۆشتن , ئاخ پیاوه‌كان ده‌ستیان ده‌گرتم تا ئه‌و سه‌ری دونیای خۆیان، كه‌چی شاخه‌وان دونیای ئێوه‌ خاڵی خاڵی , خاڵی له‌ غه‌زه‌لی باخه‌ ئه‌رخه‌وانیه‌كانی فیرناس له‌ به‌رامه‌ی عیشق , له‌ جوانی , ئاخر ئێوه‌ كه‌ی هه‌ست به‌ جوانی گوڵێ ده‌كه‌ن , ئێوه‌ گوڵه‌كان لێده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ خۆشه‌ویسته‌كانتانی ده‌به‌ن , كه‌چی گوڵی رۆحی دڵداره‌كانتان ناناسن ته‌نها شه‌هوه‌ت بازی ده‌زانن و  به‌س ئاخ ببوره‌ ئێوه‌ چ ئاژه‌ڵێكن خودا درووستی كردووه‌ , 

ئه‌فسوس له‌وتی خوڵقاوم ده‌مه‌وێ عیشق له‌نیگای پیاوێكدا ببینم و پیاوێك پڕمكات له‌ عیشق , ئه‌مه‌وێ وه‌ك چواله‌ له‌ باخی دڵی پیاوێكدا سه‌وزبم و له‌ ڕوانینی پیاوێكدا گوڵ بڕوێنم , ئاخ چه‌نده‌ ئه‌سته‌مه‌ هه‌زاران شه‌و له‌ باوه‌شی پیاودا بنویت و چێژ له‌ خۆشاوی ماچێكی پڕ مه‌حه‌ببه‌ت وه‌رنه‌گریت , چه‌نده‌ سه‌خته‌ هه‌ست به‌ ئاوێته‌ بونێكی پڕ خۆشه‌ویستی نه‌كه‌یت , ئاخر شاخه‌وان ڕه‌نگه‌ تۆ هه‌ست به‌م شتانه‌ نه‌كه‌یت ڕه‌نگه‌ تۆ نه‌كه‌وتبیته‌ بنی ئه‌م ده‌ریایانه‌وه‌ , سه‌خته‌ هه‌زاران پیاو له‌ جه‌سته‌ت وورد بنه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ست به‌ سه‌رنجێكی ئه‌وینداری نه‌كه‌یت , ئاخ شاخه‌وان ئێوه‌ چه‌نده‌ خاڵین چه‌نده‌ بێ هه‌ستن چه‌نده‌ بێ دڵ ده‌ژین , چه‌نده‌ دوور له‌ عیشق ڕۆژه‌كان به‌سه‌ر ده‌به‌ن , ئێوه‌ ته‌نها چاوه‌ڕێی سۆزو عیشق و شه‌هوه‌تی ژن ده‌كه‌ن تا خۆتانی پێ گه‌رم كه‌نه‌وه‌ , ئه‌فسوس شاخه‌وان ئه‌فسوس , وابیر مه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ووشانه‌ ووشه‌ی ژنێكه‌ ده‌ردی سه‌ری زۆری به‌ده‌ست پیاوه‌ وه‌ چه‌شتووه‌ , نا ئه‌زیزم وا تێمه‌گه‌ ئه‌م  گڕی دڵی به‌ كوڵمه‌ , وامه‌زانه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها ووشه‌ی منه‌ نا ئه‌مه‌ ووشه‌ی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ پیاو ده‌ناسن و له‌ نیه‌تی پیاو تێده‌گه‌ن , پیاو نه‌گوڵێ له‌ نیگایدا ده‌ڕوێ نه‌دڵێكی هه‌یه‌ بۆ باخی چواله‌ی عیشق نه‌له‌ گه‌مه‌ی ماچ تێده‌گات , ئه‌فسوس پیاو بونه‌وه‌رێكی چه‌نده‌ خاڵیه‌ جانه‌وه‌رێكی چه‌نده‌ یاخیه‌ ڕۆح له‌به‌رێكی پڕاوپڕه‌ له‌ شێتی , ڕه‌نگه‌ ده‌ستی عیشق نه‌گاته‌ داوێنی پیاو , له‌وێدا كه‌ژن ده‌یه‌وێ ئه‌و ناگات له‌وێدا ده‌ته‌وێ ئه‌و ناڕوات, له‌وێدا پێویسته‌ هه‌بێت ئه‌و ده‌ڕوات , له‌ وێدا من پێده‌كه‌نم ئه‌و ده‌گری ، له‌وێدا ئه‌و پێده‌كه‌نێ پێویسته‌ من بگریم ، له‌وێدا كه‌خۆشم ده‌وێت ئه‌و گیرۆده‌ی كه‌سێكی تره‌  , له‌و شوێنه‌دا كه‌ پێویسته‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی ته‌ڕه‌وه‌ پێشوازیت لێ بكات به‌ ڕوو گرژیه‌وه‌ ماڵئاوایت لێ ده‌كات , ئه‌فسوس پیاوه‌كان هه‌رگیز له‌ كاتی خۆیدا ناگه‌ن , گه‌ر بزانن خۆشت ده‌وێت نرخی ئه‌و عیشقه‌ ناگرن گه‌ر خۆشت نه‌وێت دونیا ده‌ڕوخێنن تا خۆشت بوێن كه‌ خۆشت ویست دوباره‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ ڕاكردن ، 

ئاخ له‌ پیاو ئاخ له‌ ئێوه‌ , شاخه‌وان ئه‌و شه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ نورا چ عیشقێ له‌ دڵیدا ئاگر ده‌كاته‌وه‌ , هه‌ست ده‌كات ئه‌و هه‌موو به‌ خراپ زانینه‌ی پیاو له‌ لایه‌ن نوراوه‌ عیشقێكی گه‌وره‌ی له‌ده‌ست چووی له‌ پشته‌وه‌یه‌ , هه‌ستی ده‌كرد عیشقێ نورای گه‌یاندۆته‌ ئه‌و كوچه‌یه‌ , شاخه‌وان تا ئه‌و كاته‌ هه‌ر بێده‌نگ ده‌بێت و گوێ ده‌گرێت به‌ڵام له‌وێدا له‌ بۆشایی ووچانێكی نورادا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هۆكاری ئه‌و هه‌موو نه‌ هامه‌تیه‌ ده‌پرسێت به‌ئه‌ده‌به‌وه‌ ده‌ڵێ خانم دووشه‌وه‌ من گوێ له‌ ده‌گرم دووشه‌وه‌ تۆ باسی خۆتم بۆده‌كه‌ی به‌ڵام هێشتا باسی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ت بۆنه‌كردووم , هێشتا من نازانم چی تۆی گه‌یاندۆته‌ ئێره‌ بۆچی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ت بۆ نه‌كردووم , هێشتا من نازانم چی تۆی گه‌یاندۆته‌ ئێره‌ بۆچی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ت به‌سه‌ر هات , واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م هه‌موو ڕق ئه‌ستووریه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ پیاو له‌ خۆڕا نه‌بێت ئه‌شێ هۆی نه‌هامه‌تیه‌كانیشت پیاوێكی له‌ پشته‌وه‌ بێت , نورا هه‌ناسه‌یكی قوڵ هه‌ڵده‌كێشێت ودواین مژ له‌ جگه‌ره‌كه‌ی ده‌دات و هه‌ڵده‌ستێ ده‌ڕوات بۆ بۆ مه‌تبه‌خه‌كه‌ی به‌ڵام شاخه‌وان نازانی َ ئه‌و بۆچی ڕۆشت پاش كه‌مێ به‌ بوتڵی َ مه‌شروبه‌وه‌ دێته‌وه‌ په‌رداخێ بۆ خۆی و په‌رداخێ بۆ شاخه‌وان تێده‌كات , شاخه‌وان به‌ سه‌سوڕمانه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێت ئه‌و به‌ جگه‌ره‌كه‌شی سه‌رسام ده‌بێت , كه‌چی نورا مه‌شروبیشی هێنا , نورا خێرا هه‌ست به‌سه‌رسامیه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت بۆچی حه‌په‌ساوی مانه‌وه‌ی من به‌ده‌ست ئه‌م شه‌رابه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ منی هێشتۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌بێ من به‌رگه‌ی ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ ناگرم  وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی تۆش بێ ئه‌مه‌ ده‌مكوژێ هه‌رچه‌نده‌ شاخه‌وان تكای لێ ده‌كات كه‌واز له‌وه‌ بهێنێ و به‌رده‌وام بێت له‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ی به‌ڵام نورا دڵنیای ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ ناتوانێ یه‌ك ووشه‌ له‌و باسه‌ بگێڕێته‌وه‌ تا شه‌خه‌وان ئه‌م قسانه‌ ده‌كات نورا په‌رداخێ ده‌خواته‌وه‌ و ده‌ڵێ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌م عیشقی پیاوێكه‌ , به‌ڵێ پیاوێ منی گه‌یانده‌ ئێره‌ , به‌ڵام واتێمه‌گه‌ ته‌نها پیاوێك ته‌نها ئه‌و هۆكار بوو , ڕاسته‌ ئه‌و خستمیه‌ سه‌ر یه‌كه‌م شه‌قام به‌ڵام پیاوه‌كانی سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ هیچیان له‌و باشتر نه‌بوون , له‌وێدا په‌رداخی دووه‌میش ده‌نێت به‌سه‌ره‌وه‌ و به‌ده‌م قوڵپێ گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت عیشقی جاسم منی توشی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ كرد عیشقی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ هێنده‌ی دونیا خۆشم ده‌ویست ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌ڵێنی دابوو غه‌رقی ئه‌وینم بكات , به‌ڵێنی دابوو بمگرێته‌ ئاڵتوونی عیشق  , ئاخ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی درۆ ده‌رچوو ,, ئاخر جاسم فێری چاوشاركێی ئه‌وینی كردم , ئه‌و فێری گه‌مه‌ی عیشقی كردم , ئاخر كاتێ ئه‌و هات من هه‌نووس منداڵی َ بووم هیچم له‌ گه‌مه‌ی عیشق نه‌ده‌زانی هیچم له‌و به‌زمانه‌ نه‌بیستبوو , كێژێكی تازه‌ هه‌ڵتۆقیوو بوم به‌ هه‌ستێكی منداڵانه‌ تێده‌گه‌یشتم وامده‌زانی باسی یاریه‌كی منداڵانه‌م بۆ ده‌كات , ئاخر هه‌نوس كۆڵانه‌كانی منداڵیم جێ نه‌هێشتبوو , هه‌نوس پڕ نه‌بوبوم له‌ خۆشاوی منداڵی و هه‌نوس پێم نه‌خستبویه‌ نێو بازنه‌كانی گه‌نجیه‌وه‌ , جاسم وازی نه‌هێنا و گۆرانی به‌ باڵاما ده‌چڕی و ده‌یلاوانمه‌وه‌ و شیعری ته‌ڕو پاراوی بۆ ده‌ناردم , به‌ ده‌ورما ده‌خولایه‌وه‌ و سه‌دان جار خۆی ده‌كرد به‌ قوربانی ڕێگاكه‌م , خۆی له‌ ده‌ورم ده‌گێڕا , من له‌ هیچ حاڵی نه‌ده‌بووم هه‌نوس به‌ گه‌مه‌ی مندڵی تێده‌گه‌یشتم , ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت هه‌ندێ چێژم ده‌بینی له‌وه‌ی كه‌ پیاوێك هێند گرنگیم پێ ده‌دات , حه‌زم به‌ به‌رده‌وامی یاریه‌كه‌ ده‌كرد , حه‌زم ده‌كرد ئه‌و یاریه‌ درێژه‌ بكێشێ , ئاخر ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بو پیاوێك خۆی به‌ قوربان بكات , من هه‌میشه‌ پیاوه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مم ناسی بوو ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ چاوسوركردنه‌وه‌ هیچی كه‌یان نه‌ده‌زانی , به‌ڵام نه‌مده‌توانی رازی بم , نه‌ده‌كرا ڕازی بم , عیشق له‌ ماڵی ئێمه‌دا گه‌ورترین گوناه بوو , به‌ڵام جاسم هه‌ر سوور بوو وازی نه‌هێنا , دواجار منیش ناچار بووم وه‌ڵامی داواكه‌یم دایه‌وه‌ و ده‌ستم كرد به‌ گه‌مه‌یه‌كی حه‌رام له‌ مه‌مله‌كه‌تی ئاگردا ,

ئاخ هێدی هێدی هۆگری خۆی كردم , به‌جۆرێ هۆگری كردم كه‌ ئیدی توانای گه‌ڕانه‌وه‌م نه‌مێنێ بۆ سه‌ره‌تا , سه‌ره‌تای به‌ر له‌ هاتنی خۆی , ئیدی هه‌رڕۆژه‌ی فێری یاریه‌كی حه‌رامی ده‌كردم , هه‌ر ڕۆژه‌ی گه‌مه‌یه‌كی نوێ ده‌هاته‌ ژیانمه‌وه‌ به‌جۆرێ سه‌یرم لێده‌هات ,ئێواره‌یه‌ك فێری گه‌مه‌ی لله‌زه‌تی ماچی ده‌كردم , شه‌وێك تامی له‌ زه‌تی له‌ ئامێز گرتنی فێركردم , به‌یانیه‌ك به‌ر له‌ گزنگ له‌به‌ر تیشكی ئه‌ستێره‌كاندا شیعری ته‌ڕی بۆ ده‌خوێندمه‌وه‌ و شه‌وێكی تر چێژمان له‌ بینینی خه‌رمانه‌ی مانگ وه‌رده‌گرت و تاسپێدان له‌ باوه‌شی یه‌كدا هه‌ساره‌مان ده‌ژمارد , ئیدی جاسم باڵی فڕینی حه‌زی به‌من به‌خشی و ئیدی جگه‌ له‌ عیشقی جاسم هیچی كه‌م نه‌ده‌بینی , ئیدی یاری منداڵی پێ گۆڕیم بۆ گه‌مه‌ی عیشق و ئاوێته‌ بوون , فێری مژینی شیله‌ی لێوی كردم و سه‌دان جار مه‌ستی شه‌رابی ماچی كردم , مه‌ستی توانه‌وه‌ی ئاوێته‌ بونه‌كانی كردم , ئیدی وای لێكردم من له‌ ئه‌و زیاتر شه‌یدای گه‌مه‌ حه‌رامه‌كانی عیشق بووم , گه‌مه‌ی توانه‌وه‌ له‌ باوه‌شی یه‌كدا گه‌مه‌ی ماچ گه‌مه‌ی مژینی خۆشاوی شیله‌ی لێوی یه‌ك , گه‌مه‌ی ڕاموسان و تێكه‌ڵ بوون ,

به‌ڵام ئه‌فسوس به‌ر له‌وه‌ی من تێر له‌و گه‌مه‌یه‌ بخۆم , به‌ر له‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستی حه‌زم بگاته‌ چێژی پیاوبوونی ئه‌و , جاسم مه‌ست بوو , تێری له‌ هه‌موو شتێ خوارد , مه‌ست بوو , مه‌ست به‌ شه‌رابی له‌زه‌تی ماچ , مه‌ست به‌ ئاوێته‌بوون , مه‌ست به‌ شه‌ربه‌تی پیرۆزیه‌كانی من , مه‌ست به‌ ئاشكرا بوونی نهێنیه‌كانی ڕۆحی من , جاسم مه‌ست بوو , شاخه‌وان ئه‌و تێری خوارد من نه‌مده‌زانی پیاو هێنده‌ خاڵیه‌ به‌وه‌ كه‌مه‌ ئیشق و كه‌مه‌ باوه‌ش و كه‌مه‌ سۆزه‌ مه‌ست ده‌بێت , ئاخر من به‌ ده‌یان ساڵی ئه‌و تێرم نه‌ده‌خوارد , به‌ هه‌زاران ماچ تاسوقیم له‌ لێوه‌كانی نه‌ده‌شكا به‌ هه‌زاران ئامێز و شه‌وی پڕ له‌ ڕاموسان پڕنه‌ده‌بووم له‌ سۆزی ئه‌و , به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌و مه‌ست بوو , مه‌ست به‌ به‌رامه‌ی پرچه‌كانم , مه‌ست بوو له‌ بینینی سه‌رنجی نیگا ڕه‌شه‌كانم , مه‌ست له‌ باوه‌شی پڕ سۆز و گه‌رمم , مه‌ست به‌ هه‌ناسه‌ ته‌لیسماویه‌كانم , جاسم له‌لێك ئاڵان مه‌ست بوو , ئیدی ده‌بوو مه‌ست ببێ من هه‌موو شتێكم پێ به‌خشی له‌ باوه‌شیا خاڵی بومه‌وه‌ , ئاخر شاخه‌وان من هه‌موو شتێكم له‌ پێناو یاریه‌كدا كرد ، یار عیشق توانه‌وه‌ی عیشق , چاوشاركێی عیشق , من له‌ پێناوی عیشقدا هه‌موو شتێكم كرد , له‌بری خۆشه‌ویستی ئه‌و هه‌موو شتێكم دۆڕاند و جاسم وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك ده‌ستی به‌ سنووری جه‌سته‌ما گێڕا ده‌ستی گه‌یانده‌ گشت جوانی و نهێنیه‌كانم , په‌نجه‌ی گیر كرد له‌ گشت پیرۆزیه‌كانم , هه‌موو پیرۆزیه‌ شاراوه‌كانمی كه‌شف كرد , ده‌ستی به‌ گشت مه‌مله‌كه‌ته‌ حه‌رامه‌كانی جه‌سته‌ما گێڕا .

له‌وێدا نورا هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵده‌كێشێت وبێده‌نگ ده‌بێت ، به‌ڵام تامه‌زۆریی شاخه‌وان بۆ به‌سه‌رهاته‌كه‌ نورا ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر گَێڕانه‌وه‌كه‌ و ده‌ڵێت ، ئه‌دی وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانم نه‌ده‌كرد جاسم له‌ خاڵی بونه‌وه‌ی مندا پڕ پڕ بوو , پڕ پڕ له‌ هه‌موو هه‌ستی مێینه‌یی من پڕ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئێوه‌ له‌ ژندا ده‌تانه‌وێ , من به‌ نه‌زانینی خۆم به‌ ناوی عیشقه‌وه‌ ئه‌وم پڕ كرد له‌ تامی حه‌رام پڕم كرد له‌و شتانه‌ی كه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و به‌و خێراییه‌ پێی بگات , ئه‌وم لێو ڕێژ كرد له‌ سیحری ڕۆح و جه‌سته‌م , ئاخر من ئێستا ده‌زانم ڕۆح و جه‌سته‌ی مێینه‌ لای پیاو وه‌ك سیحرێك وه‌هایه‌ كه‌ پیاو ئه‌و سیحره‌ی به‌تاڵ كرده‌وه‌ ئیدی كاره‌ساته‌ , ئیدی خاڵی بوونه‌وه‌ ڕوده‌دات , شاخه‌وان من ڕێك ئه‌وه‌م به‌سه‌رهات له‌به‌رده‌م جاسمدا خاڵ خاڵی بومه‌وه‌ , ئیدی ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر خاڵی ده‌بومه‌وه‌ و هه‌رساته‌ی به‌شێ له‌ سیحری جه‌سته‌ و ڕۆحم به‌تاڵ ده‌بوویه‌وه‌ , ئیدی ووشه‌ ئه‌وینداری نه‌ما له‌ ڕوویدا به‌كاری نه‌هێنم , په‌یڤ نه‌ما به‌باڵایدا نه‌یچڕم , ناز و عیشوه‌ نه‌ما پێی نه‌فرۆشم , ئاخ شاخه‌وان گه‌ردێ له‌ جه‌سته‌م نه‌مایه‌وه‌ پێشكه‌شی جاسمم نه‌كرد بێت , به‌ڵێ ئه‌فسوس هه‌موو پیرۆزیه‌كانم پێبه‌خشی , جه‌سته‌ و ڕۆحمم پێشكه‌شی عیشقی ئه‌و كرد , به‌ داخه‌وه‌ من هه‌رچیم كرد بێت بۆ عیشقی ئه‌وم كرد , جه‌سته‌م پێشكه‌شی عیشقی ئه‌و كرد , به‌ڵام دواجار خۆم به‌تاڵ بوومه‌وه‌ , ئیدی بوومه‌ پارچه‌ گۆشتێكی بێ گیان , پارچه‌ گۆشتێ كه‌ هیچ سه‌گێ ئامده‌ نیه‌ ده‌می بۆ به‌رێت ,

له‌ وێدا شاخه‌وان خۆی پێ ڕاناگیرێت و ده‌ڵێ ببوره‌ نوراخان ئه‌وه‌ت نه‌كرد كه‌ جاسم هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نیه‌تی گه‌یشتن بوو به‌ جه‌سته‌ت یان خاڵی بوونه‌وه‌ی تۆ ئه‌وی گه‌یانده‌ ئه‌و خاڵه‌ ڕه‌شه‌ , نورا به‌ده‌م هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشانه‌وه‌ ده‌ڵێ من دڵنیام ئه‌و به‌ ڕاستی منی خۆش ده‌ویست ئه‌و به‌ عیشق ده‌ستی پێ كرد ، به‌ڵام ئاخ خۆزگه‌ خۆمم خاڵی نه‌ده‌كرده‌وه‌ له‌به‌رچاوی ، خۆزگه‌ هێنده‌ هه‌نگاوی خێرام نه‌ده‌نا خۆگه‌ هێنده‌ جه‌سته‌م پێشكه‌ش نه‌ده‌كرد , خۆزگه‌ قه‌دری جوانی و ڕۆح و جه‌سته‌م بگرتایه‌ , شاخه‌وان دووباره‌ ده‌پرسێته‌وه‌و ده‌ڵێ‌  ئه‌ی دوایی جاسم چی به‌سه‌رهات , چۆن كۆتایی به‌و عیشقه‌ هێنا .

بۆ شه‌وی سێ‌ یه‌م شاخه‌وان خێراتر له‌ شه‌ووی دووه‌م چووه‌ aماڵ نوراوه‌ و بێ‌ پێشه‌كی داوای له‌ نورا كرد كه‌ پاشماوه‌ی به‌سه‌ر هاته‌كه‌ی  بۆ ته‌واو كات ..

نورا ئه‌و شه‌وه‌ ئاماده‌تر له‌ شه‌ووی دووه‌م ده‌ڵێ‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو شتێكم به‌ جاسم به‌ خشی و پڕم كرد له‌و شتانه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو مێینه‌یه‌كدا هه‌یه‌ , ئیدی جاسم موده‌تێك ته‌نها دیمه‌نه‌كانی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ و دوباره‌ ده‌ستی بۆ پارچه‌كانی جه‌سته‌م ده‌برده‌وه‌ و به‌هه‌زاران شێوه‌ چێژی له‌ پارچه‌كانی جه‌سته‌م وه‌رده‌گرت , به‌ڵام هه‌ستم ده‌كرد هێدی هێدی تاقه‌تی ده‌چێت و وه‌ك جاران مه‌یلی نامێنێ , ئاخر ئه‌و ناهه‌قیشی نه‌بوو من چیدی هیچم نه‌مابوویه‌وه‌ تا به‌وی ببه‌خشم هیچم نه‌مابوو تا ئه‌وی پێ‌ چاوه‌ڕێ‌ بكه‌م هیچ له‌زه‌تێكم نه‌هێشتبوویه‌وه‌ تا ئه‌وی پێ‌ سه‌رسام كه‌م و ئیدی هه‌موو شتێكم له‌ گره‌وی ئه‌ودا دۆڕاندبوو , من له‌ پڕبونی ئه‌ودا خاڵی ببومه‌وه‌ و هیچم نه‌مابوو تائه‌و ده‌ستی بۆ به‌رێت و هیچ لله‌زه‌تێ‌ نه‌مابوو تا ئه‌و وه‌ری گرێت ,ئاخر جاسم نه‌یده‌زانی چی له‌ پارچه‌ گۆشتێكی بێ‌ لله‌زه‌ت بكات , نه‌یده‌زانی ده‌ست بۆچی ببات و وه‌ك خۆراكێكی به‌رماوه‌م لێ‌ هاتبوو , من ئه‌و ده‌مانه‌ ڕۆحی پیاوم نه‌ده‌ناسی نه‌مده‌زانی پیاو چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌ و نه‌مده‌زانی پیاو ژنی به‌ پڕی ده‌وێت , من له‌كوێ‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا بزانم كه‌ ڕێبواره‌ تینوه‌كان ده‌ست بۆ جامی خاڵی نابه‌ن و پیاو بۆ هه‌موو بینینی شتێكی نوێی ده‌وێت , من له‌كوێ‌ بزانم پیاو بۆ هه‌موو ماچێ‌ هه‌موو ئاوێته‌بوونێ‌ هه‌موو نزیك بوونه‌وه‌یه‌ك , نهێنیه‌كی نوێ‌ , چێژێكی نوێ , بابه‌تێكی نوێ‌ ی ده‌وێت , 

به‌ڵێ‌ شاخه‌وان جاسم نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی یاریه‌كاندا به‌رده‌وام بێت نه‌یتوانی هه‌ر ڕۆژه‌ی دیمه‌نێك دووباره‌ بكاته‌وه‌ ,پیاوه‌كان هه‌موو یه‌ك ڕوویان هه‌یه‌ هه‌موویان سات له‌دوای سات حه‌زیان له‌ یاری نوێ‌ یه‌ نازانم , شاخه‌وان دڵنیا نیم كه‌ هه‌موو پیاوه‌كان وه‌ك جاسم بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ یان ئه‌و پیاوانه‌ی من ناسیمن ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ , ئاخر من له‌ هه‌زاران پیاودا پیاوێكم نه‌بینی به‌دوای دیمه‌نی نوێدا نه‌گه‌ڕێت , ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ پیاوه‌كانم ده‌ناسی كه‌ له‌ ئامێزی ژنه‌ جوانه‌كانیان هه‌ڵده‌هاتن , له‌ ئامێزی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ هه‌ر ساتێكیان ساڵێكی منی ده‌هێنا كه‌چی پیاوه‌كان ده‌هاتن تا تامێكی تر تاقی بكه‌نه‌وه‌ , تا تامێكی چێژاوی دروست بكه‌ن , هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌ من كۆببونه‌وه‌ خاڵ بوون له‌ عیشق و به‌دوای چێژی نوێدا ده‌گه‌ڕان .

 من وامده‌زانی عیشق توانه‌وه‌یه‌ له‌یه‌كه‌م ساتی بینیندا , ئه‌شێ‌ تا كاتی خاڵی بوونه‌وه‌م به‌یاری منداڵی تێگه‌شتبم ده‌شێ‌ گه‌مه‌ی منداڵیم كردبێت نه‌ك عیشق , وامده‌زانی عیشق یاری ماڵه‌ باجێنه‌یه‌كه‌ و ئه‌مڕۆ چی ده‌كه‌یت په‌یوه‌ندی به‌ سبه‌ینێ وه‌ نیه‌ , من نه‌مده‌زانی پیاوه‌كان جۆرێكی تر بیرده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌مده‌زانی پیاوه‌كان منداڵی ناناسن و به‌ پیری له‌ دایك ده‌بن و پیرانه‌ش بیرده‌كه‌نه‌وه‌ , ئه‌فسوس من له‌و گه‌مه‌ یه‌دا شكستم هێنا نه‌متوانی سه‌ركه‌وم , ئاخر هێنده‌ شاره‌زایی ئه‌وینم نه‌بوو , بێ‌ ئاگا بووم له‌وه‌ی كه‌ پیاو چه‌شنی منداڵ هه‌رده‌م شتی نه‌زانراوی نوێی ده‌وێت و به‌دوای نهێنیه‌ شاراوه‌كاندا ووێڵه‌ , ئاخر من له‌كوێ‌ ده‌روونی پیاو بناسم , كچێك له‌دونیایی منداڵیدا دوای گه‌مه‌ی عیشقی پیاوێك بكه‌وێت و به‌ مه‌یلی ئاره‌زووه‌كانی ئه‌و بجوڵێته‌وه‌ , منێك كه‌ به‌چاوی داخراوه‌وه‌ خه‌ریكی حه‌رامترین گه‌مه‌ بووم , ئاخر من جاسم به‌ ئه‌حمه‌ده‌ بچكۆله‌كه‌ی دراوسێ‌ تێگه‌یشتبووم , ئه‌و ئه‌حمه‌ده‌ی كه‌ مناڵیمان پێكه‌وه‌ به‌ یاری كردن  به‌سه‌ر بردوو كه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی یاریه‌كی جوانمان ده‌كرد و هیچ ڕۆژێكیش لای یه‌ك خاڵی نه‌ده‌بووینه‌وه‌ , وامده‌زانی ئه‌وو ئه‌حمه‌ده‌یه‌ كه‌ ڕۆژی سه‌د یاری فێر بكه‌م و ڕۆژی هه‌زار جار به‌ده‌میه‌وه‌ پێبكه‌نم و سه‌د جار له‌ ئامێزی بگرم كه‌چی هه‌رگیز له‌یاریه‌كان و له‌خۆم تێر نه‌بێت و سبه‌ینێ‌ تامه‌زرۆتر بێته‌وه‌ بۆ یاری هه‌رگیزیش دڵی له‌كه‌دار نه‌بێت , وامده‌زانی جاسم هێنده‌ی ئه‌حمه‌د پڕ به‌رائه‌ته‌ .

 من په‌پوله‌ی عیشقم نه‌ناسی بوو , ئه‌وه‌ش فێری ببوم له‌جاسمه‌وه‌ فێری ببوم , ئاخر كچێ‌ كه‌ تائه‌و كاته‌ له‌نێوان چوار دیوارێكدا ژیابێت , چواردیوارێك كه‌ نامۆبێت به‌ عیشق و په‌پوله‌ خۆی نه‌كات به‌ باخچه‌یه‌كدا , من له‌ماڵێكدا ژیابووم خاڵی خاڵی بوو له‌ عیشق و له‌وێوه‌ ده‌ستم بۆ حه‌رامی عیشق بردبوو  ,ئاخر منێكی دوور دوور له‌ عیشق , تینوو تینوو به‌ عیشق , چۆن دونیای عیشق بناسم من ده‌مویست عیشق له‌ جاسمه‌وه‌ فێربم ده‌مویست عیشق له‌ئه‌و وه‌رگرم , ئاخر من ده‌مێك بوو هلاك ببوم له‌ یاسای ماڵێكی جه‌هه‌نه‌می و به‌دوای ده‌روازه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕام ده‌روازیه‌كی دوور دوور له‌ ڕق و كینه‌ و نیگای تیژ من جاسمم به‌ سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌ری زانی  من عیشقم له‌ چاوی ئه‌ودا بینی نیگاكانی ئه‌و جیاوازبوون پێكه‌نینه‌كانی له‌ دڵه‌وه‌ بوون , به‌ڵام له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی پڕته‌م تومانه‌وه‌ ده‌ستم بۆ عیشق برد , له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی ته‌ڵخه‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌س به‌منی نه‌گوتبوو له‌و دیو ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌ چ باسه‌ كه‌س پێی نه‌گوتبووم كه‌ عیشق له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كاندا چ سیمایه‌كی هه‌یه‌  , كه‌س به‌منی نه‌گوتبوو كه‌ پیاو له‌ عیشقدا چی ده‌وێت  كه‌س نه‌یگووتبوو , چۆن جوانی و پیرۆزه‌ییه‌كانم له‌عیشقدا بپارێزم , كه‌س كوچه‌ ته‌لیسمیاویه‌كانی عیشقی پێ‌ نه‌ناساندبووم  , كه‌س نه‌یگوتبوو كچێ‌ ئاگاداری هه‌نگاوه‌ بزێوه‌كانت به‌ نابێ‌ له‌ عیشقدا  خاڵی بیته‌وه‌ , نابێ‌ خۆت بكه‌یته‌ قوربانی حه‌زی پیاو ,   ئاخر شاخه‌وان ڕه‌نگه‌ تۆ له‌م شتانه‌ حاڵی نه‌بی تۆ پیاوی ڕه‌نگه‌ تۆ هه‌ست به‌ ئه‌ندێشه‌كانی كچێكی لاو نه‌كه‌یت ڕه‌نگه‌ نه‌زانی كه‌ كچ  له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌دا  چه‌ن به‌ نامۆیی و به‌حه‌رامی ده‌س بۆ عیشق ده‌بات , ڕه‌نگه‌ نه‌زانی كچی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ له‌ خه‌ونیشدا ناوێرێ‌ ناوی عیشق به‌رێ‌ً ئیدی چۆن ده‌توانێت عیشق بناسێت ,ئه‌شێ‌ ئه‌م وشانه‌م به‌ پاساو لێك بده‌یته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌شێ‌ ڕۆژێ‌ بگه‌یته‌ یه‌قینی وشه‌كانم .

 له‌وێدا شاخه‌وان قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت و ده‌ڵێ‌ ببوره‌ نه‌تگووت دواجار ئه‌و چی كرد چۆن توانی ده‌سبه‌رداری ئه‌م هه‌موو عیشقه‌ی تۆ بێًت ,نورا به‌رده‌وام بوویه‌وه‌و گووتی هه‌رچه‌نده‌ ده‌مه‌وێت ناتوانم بچمه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ی كه‌ چۆن ڕۆشت چۆن جودا بوویه‌وه‌ , به‌ڵێ‌ جاسم زه‌مه‌نێك له‌سه‌ر دووباره‌ كردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كان  به‌رده‌وام بوو , به‌ڵام شه‌وێك كۆتایی پێ هێنا شه‌وێك وازی له‌ هه‌موو شته‌كان هێنا ئه‌وو شه‌وه‌ وه‌ك شه‌وه‌كانی دی شه‌وێكی گه‌رمای هاوین بوو به‌ نهێنی وه‌ك هه‌میشه‌ پارچه‌ قوماشێكم برده‌ سه‌ربان و له‌سه‌ری ڕاكشام كه‌مێك چاوه‌ڕێی جاسمم كرد , هێنده‌ی نه‌برد هات  وه‌ك هه‌میشه‌ لێك ئاڵاین  كه‌چی تامی ماچه‌كانی هه‌مان ماچ نه‌بوون  ئامێزی له‌بری گه‌رمی سارد سارد بوو , هیچ تامه‌زرۆیه‌كی نه‌بوو بۆ لێك ئاڵان  به‌ ساردیه‌وه‌ لێوی له‌ ده‌مما ده‌جوڵان هه‌ستم به‌ هیچ خۆشیه‌ك نه‌كرد , به‌هه‌موو هه‌ستمه‌وه‌ خۆمم خزاندبوویه‌ ئامێزی ده‌تگووت بارێكی قورسی هه‌ڵگرتووه‌ , ئه‌و شه‌وه‌ تا ده‌مه‌وبه‌یان مایه‌وه‌ شادیم به‌ سیمایه‌وه‌ نه‌بینی , هه‌رچه‌نده‌ ته‌ماشام ده‌كرد ئه‌ستێره‌كانیش هه‌مان ئه‌ستێره‌ی جاران نه‌بوون ، مانگ ده‌مووچاوی دابوو به‌یه‌كدا , هه‌ستم به‌ كاره‌ساتێك ده‌كرد جاسم نه‌یتوانی هیچم پێ‌ ببه‌خشێ و من نه‌متوانی هیچی پێ‌ ببه‌خشم دواجار به‌ر له‌ئه‌وه‌ی گزنگ هه‌ڵیه‌ت به‌نائومێدیه‌وه‌ چوو چیدی نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ , ئیدی منی له‌ناو دنیایه‌ك پرسیاری بێ‌ وه‌ڵام دا به‌جێ‌ هێشت و خه‌یاڵی به‌ره‌ و مه‌مله‌كه‌تێكی نادیار نارد ,  زه‌مه‌نێك چاوه‌ڕێم كرد زه‌مه‌نێك خۆمم خوارده‌وه‌ , زه‌مه‌نێك به‌ منداڵانی كۆڵاندا هه‌واڵم بۆ نارد كه‌بێت و ته‌نها پێم بلێت كه‌ بۆچی وام لێده‌كات كه‌چی هه‌ر نه‌هاتوو هیچی پێ‌ نه‌گووتم ته‌نانه‌ت نه‌شی گووت له‌به‌رچی ڕۆشت ,   ئیدی بڕیارم دا بێ‌ بیركردنه‌وه‌ له‌بیری كه‌م , كه‌چی نه‌مده‌توانی شه‌وانه‌ ده‌چوومه‌ سه‌ربان و له‌ هه‌مان شوێنی جاران چاوه‌ڕێم ده‌كرد ,به‌ڵام ئاخ خۆزگه‌ كوێر ده‌بووم و ئه‌و دیمه‌نه‌م نه‌ده‌بینی , خۆزگه‌ ده‌مردم و جاسم و (نانسی ) م نه‌ده‌بینی , ئاخ چ دیمه‌نێ‌ بوو ئه‌وو شه‌وه‌ دڵنیا بووم كه‌ جاسم بۆچی چووه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ , ئه‌و شه‌وه‌ جاسمم بینی له‌قه‌دی نانسی ئاڵاوه‌ لێوی یه‌كیان ده‌مژی و هه‌مان ئه‌و وشانه‌ی  پێده‌گووت كه‌ منی پێ‌ گیرۆده‌ كرد بوو , دیار بوو جاسم چووبوو تا كچێكی كه‌ فێری چاوشاركێی عیشق و لله‌زه‌تی باوه‌شێكی نوێ‌ تاقی بكاته‌وه‌و چێژ  خۆشاوی ماچێكی نوێ‌ وه‌رگرێت ,  ئیدی تێگه‌شتم كه‌ ئه‌و چووه‌ تا كیژێكی كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ تامی فڕینی عیشق و دواجا گیرۆده‌ی گه‌مه‌یه‌كی حه‌رامی بكات  ، گه‌مه‌یه‌ك كه‌ ده‌رباز بوونی بۆ نیه‌ , ویستبووی وه‌ك منی لێبكات ,وه‌ك من غه‌رقی عیشقی بكات  دواجار به‌جێ‌ ی بهێڵێت ,ئاخر ئه‌و منی فێری لله‌زه‌تی ماچ و له‌ ئامێزگرتن و لێك ئاڵان و لێوو مژین كردبوو , چیدی نه‌مده‌توانی بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا سه‌ره‌تایی به‌ر له‌ گه‌مه‌ی عیشق , به‌ر له‌ گه‌مه‌ی چێژی ماچ ,نه‌مده‌توانی ئه‌و هه‌موو شه‌وه‌ له‌یاد بكه‌م كه‌ پێكه‌وه‌ تیایدا لێك ئاڵابووین ,من چاوه‌ڕێ‌ بووم ببینه‌ هاوسه‌ری یه‌كدی و بێ ترس بێ‌ خۆشاردنه‌وه‌ عیشق بازی بكه‌ین چاوه‌ڕێ‌ بووم شه‌وانه‌ تێر له‌ سیحری جه‌سته‌ی یه‌ك بخۆین و هه‌ناسه‌كانمان بگۆڕینه‌وه‌ , بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بوو له‌ماوه‌ی بیست ساڵدا پێ ی ببه‌خسم له‌و ماوه‌ كورته‌دا پێم به‌خشیوه‌ و  چیدی ئه‌و پێویستی به‌من نیه‌ وه‌ك هاوسه‌رێك ,

 ئیدی من هه‌رچه‌نده‌م ده‌كرد نه‌مده‌توانی جاسم و عیشق له‌بیری خۆم به‌رمه‌وه‌ , ئاخر من هۆگری جاسم و عیشق بوو بووم هۆگری ئامێزی بوو بووم , هێنده‌  دیمه‌نی ئه‌وینداری ژیابووم نه‌مده‌توانی بێ‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ هه‌ڵكه‌م , ئاخر سه‌خته‌ سه‌دان شه‌وی له‌ ئامێز گرتن له‌بیركه‌م ، سه‌خت بوو ئه‌و هه‌موو ماچه‌ له‌بیركه‌م ، سه‌خت بوو ئه‌وو هه‌موو لێك ئاڵانه‌ فه‌رامۆش كه‌م , نه‌ده‌كرا سه‌دان جار هه‌ناسه‌مان ئاوێته‌ی هه‌ناسه‌ی یه‌ك كردبوو ,شه‌یدای ووشه‌ ئه‌وینداره‌ییه‌كانی بووبووم ئه‌و هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌ هۆگر بوونی خولقاندبوو ئیدی من   به‌جۆرێ‌ هۆگرو شه‌یدای عیشق لله‌زه‌تی پیاو بوو بووم نه‌مده‌توانی بێ‌ عیشقی پیاو بێ‌ ئاوێته‌ بوونی پیاو بژیم ,نه‌مده‌توانی به‌ دڵێكی خاڵیه‌وه‌ ڕۆژگار به‌سه‌ر به‌رم ، ده‌بوو  حیكایه‌تێكی ئه‌وینداری بۆ خۆم بخولقێنم  هه‌م بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ له‌ جاسم هه‌م بۆ به‌سه‌ر بردنی ئه‌و هه‌موو كاته‌ی كه‌ جاسم له‌ ژیانمدا به‌ بۆشی به‌جێی هێشتبوو , ده‌بوو خه‌یاڵم خاڵی نه‌بێ‌ له‌ پیاوو ده‌بوو خه‌ونه‌كانی    شه‌ووم بێ‌ پیاو تێنه‌په‌ڕن ڕۆشنتی جاسم بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی خسته‌ دڵی منه‌وه‌ , بۆشاییه‌ك كه‌ ته‌نها به‌ عیشقی پیاوێك پڕ ده‌كرایه‌وه‌ ,ده‌بوو تۆڵه‌یه‌كیش له‌ جاسم بكه‌مه‌وه‌ , به‌ڵام ئه‌فسوس تۆڵه‌یه‌كی گه‌مژانه‌بوو , وه‌ك گه‌مژه‌ترین ژنی دونیا بیرم له‌وه‌و كرده‌وه‌ به‌ به‌خشینی جه‌سته‌م به‌ پیاوێكی نوێ‌ تۆڵه‌ له‌ جاسم بكه‌مه‌وه‌ , ببوره‌ شاخه‌وان ڕه‌نگه‌ به‌ژنێكی زۆر گێلم بزانی به‌ڵام من جگه‌ له‌ جه‌سته‌م هیچی ترم نه‌بوو وه‌ك تۆڵه‌ به‌كاری بێنم , چه‌كێكی ترم شك نه‌ده‌برد هیچی كه‌م نه‌بوو تا تۆڵه‌ی پێ‌ بكه‌مه‌وه‌ به‌ خێرایی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی كۆڵان به‌ست به‌ڵام وه‌ك شێتم لیهاتبوو سڵم له‌ هیچ نه‌ده‌كرده‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ جاسمی بگه‌یه‌نم زۆربه‌ی ژوانه‌كانم به‌ ئاشكرا ده‌به‌ست له‌سه‌ر سوچی كۆڵانه‌كاندا ماچمان ده‌گۆڕیه‌وه‌ به‌ڕۆژی ڕووناك  له‌ئامێزم ده‌گرت به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌م كوڕه‌ش خێرا پڕبوو پڕ پڕ له‌ چێژی جه‌سته‌م , تێر بوو له‌ ماچی لێوه‌كانم , ئه‌م له‌ جاسم خاڵی تربوو خێراتر پڕبوو ئاخر مرۆڤه‌ خاڵیه‌كان خێرا تر پڕ ده‌بن , دوای ئه‌میش چه‌ندین پیاو هاتن و به‌ جه‌سته‌م خۆیان گه‌رم كرده‌وه‌و ڕۆشتن  ئیدی به‌ خێرایی له‌ كۆڵانه‌كه‌دا بوومه‌ كچێكی به‌د ناو كچێكی سووك ,  كچێكی بێ‌ ئابڕوو به‌ ووته‌ی كۆمه‌ڵگا , ئیدی به‌ ووته‌ی پیاوه‌كان بوومه‌ كچێكی بێ‌ ئه‌خلاق , به‌ڵام كه‌س نه‌یپرسی بۆ , ئیدی هه‌ر ڕۆژه‌ی حیكایه‌تێك ده‌هاته‌ ژیانمه‌وه‌ , هه‌ر ڕۆژه‌ی پیاوێكم ده‌ناسی تاوای لێهات حیكایه‌ته‌كه‌م گه‌یشته‌ ده‌می گشت پیاوانی شار , هه‌موو پیاوه‌ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ ئاساكان , ئه‌و پیاوانه‌ی شه‌وانه‌ خه‌ونیان به‌ جه‌سته‌مه‌وه‌ ده‌بینی و ڕۆژانه‌ له‌ ترسی قسه‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌یانده‌وێرا سڵاوێكم لێ‌ بكه‌ن , ئه‌و پیاوانه‌ شه‌وانه‌ قاچیان ماچ ده‌كردم و تا ده‌رگایان لێ‌ بكه‌مه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ یانه‌ی شه‌وانه‌و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ به‌ر تف و نه‌عله‌تیان ده‌دام , ئیدی من بوومه‌ په‌رداخێكی نیوه‌ به‌تاڵ كه‌ هیچ پیاوێكی پیرۆز بێزی نه‌ده‌هات قومێكم لێدات , هیچ پیاوێك ده‌ستی عیشقی نه‌ده‌گه‌یانده‌ په‌نجه‌كانم و كه‌س نیگایه‌كی پیرۆزی نه‌ده‌گه‌یانده‌ نیگاپه‌شمورده‌كانم و كه‌س به‌ سۆمای ڕۆحه‌وه‌ لێ ی نه‌ده‌ڕوانیم , چیدی كه‌س حه‌رفێكی مه‌حه‌به‌تی له‌ڕوومدا به‌كار نه‌ده‌هێنا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا گشت پیاوه‌ به‌د مه‌سته‌مان لێم نزیك بوونه‌وه‌ تا پیاو بوونیان له‌ جه‌سته‌م تێر بكه‌ن و بوومه‌ سه‌رچاوه‌ی چێژی پیاوه‌ به‌د مه‌سته‌كان , ئیدی پیاوێك فێری چاوشاركێی عیشقی كردم و گه‌یاندمیه‌ له‌زه‌تی ماچ , پیاوێك فێری لله‌زه‌تی شه‌هوه‌تی كردم , پیاوێك بێ‌ به‌شی كردم له‌ هه‌ستی باوكایه‌تی و پیاوێك جه‌وازی برایه‌تی لێسه‌نمه‌وه‌ و هه‌موو پیاوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش ناسنامه‌ی مرۆڤ بوونیان لێ‌ سه‌ندمه‌وه‌و  هه‌موانیش پێكه‌وه‌ حاشایان لێكردم و  ڕووت ڕووتیان كردمه‌وه‌ ڕووت ڕووت له‌ حورمه‌ت و پیرۆزی و جوانیه‌كانی مێینه‌ ، ئیدی هه‌موان پێكه‌وه‌ فڕێیان دامه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان . له‌وێدا شاخه‌وان ده‌زانێ‌ كه‌ عیشق نورای گه‌یاندۆته‌ ئه‌و كوچه‌یه‌ , داوا له‌ نورا ده‌كات كه‌ سبه‌ی شه‌و بێته‌وه‌ بۆلای  ده‌ڵێ‌ ڕه‌نگه‌ كارێكی گرنگم پێت هه‌بێت ,به‌ڵام نورا داوای لێبووردنی لێده‌كات ,شاخه‌وان  تكای لێده‌كات ده‌ڵێ‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ‌ شت مابێ‌ باسی لێوه‌بكه‌ین  ,نورا به‌ شێوازی پاڕانه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ هه‌موو به‌سه‌ر هاته‌كه‌ت زانی چیدی ناتوانم له‌سیمات بڕوانم , شاخه‌وان ده‌ڵێ‌ گه‌ر ئێستا كه‌سێ‌ ئاماده‌بێ ژیانت له‌گه‌ڵ دروست بكات تۆ چی ده‌ڵێیت , نورا سه‌رێك ڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێ‌ دره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌موو میوه‌یه‌ك وه‌رزی پێگه‌یشتنی هه‌یه‌ وه‌رزی منیش به‌سه‌ر چوو , شاخه‌وان ده‌یه‌وێ‌ شتێك بلێت  نورا تكای لێ‌ ده‌كات  كه‌ هیچ نه‌ڵێت و شه‌و شادی لێ‌ ده‌كات و ده‌رگاكه‌ به‌ هێواشی داده‌خاته‌وه‌ , شاخه‌وان ئه‌و كه‌مه‌ كاته‌ی كه‌ له‌شه‌وو مابوویه‌وه‌ هه‌ر بیری له‌ نورا ده‌كرده‌وه‌ به‌به‌ری به‌یانی كه‌مێ‌ خه‌وو ده‌یباته‌وه‌ و كاتێ‌ خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌ كات نۆی به‌یانیه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چێت تا شتێ‌ به‌ نورا بڵێ‌ به‌ڵام نورا له‌و ماڵدا نابینێ‌ و هیچ ئاسه‌وارێكیشی دیار نابێت به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ وادیار ده‌بێت كه‌ هه‌ر له‌و خانوه‌شدا نه‌ژیابێت , شاخه‌وان ئه‌كه‌وێته‌ هه‌واڵ پرسینی كوچه‌ به‌ كوچه‌و شار به‌شار له‌ ناونیشانی نورا ده‌پرسێت , هیچ ئاسه‌وارێكی دیار نابێت , زۆر ده‌گه‌ڕێت شار نامێنێت به‌ دوایدا نه‌چێت , كوچه‌ نامێنێ‌ هه‌واڵی نورای تیا نه‌پرسێت , شارۆچكه‌و گوند نامێنێت هه‌واڵی ژنێكی ته‌نیایی تیا نه‌پرسێت له‌ هیچ جێگایه‌ك هه‌واڵی نابێت ,شاخه‌وان ته‌نانه‌ت لای گشت بانده‌ له‌ش فرۆشی و سیخوڕی و بانده‌ مرۆڤ ڕفێنه‌ره‌كان هه‌واڵی ده‌پرسێت , له‌ هه‌ركوێ‌ هه‌واڵی له‌ش فرۆشێك ببیستێت به‌دوایدا ده‌چێت نایدۆزێته‌وه‌ ,به‌ڵام ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ  له‌یه‌كێ‌ له‌ شاره‌كان سواری ته‌كسی ده‌بێت  تا بچێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئوتێله‌ی كه‌ شه‌وی تیا به‌سه‌ر ده‌برد , به‌ڵام شۆفێری ته‌كسیه‌كه‌  پرسیارێكی سه‌یرده‌كات هه‌واڵی كچێك له‌ شاخه‌وان ده‌پرسێت كه‌ هه‌مان ناونیشانی نورایه‌ , شاخه‌وان له‌ سیمای وورد ده‌بێته‌وه‌ پیاوێكی ئاڵۆسكاو دێته‌ به‌رچاووی , شاخه‌وان ده‌پرسێت ئه‌و كچه‌ چی تۆیه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و هه‌موو شتێكی منه‌ له‌ به‌رئه‌و وازم له‌ ژیان و هه‌موو شتێ‌ هێناوه‌ هاتووم شۆفێری تاكسی ده‌كه‌م  هه‌رنه‌فه‌رێك هه‌ڵگرم پێش ناونیشانی جێگاكه‌ هه‌واڵی ئه‌و كچه‌ی لێ‌ ده‌پرسم ,شاخه‌وان ئه‌و شه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ ئه‌وه‌ جاسمه‌ به‌ شوێن نورادا ده‌گه‌ڕێت هه‌ندێ‌ باسی نورای بۆ ده‌كات به‌ده‌م قوڵپی گریانه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ ئه‌سمای منه‌ ئه‌وه‌ خۆیه‌تی , ئه‌وان جاسم و شاخه‌وان ئێستاش پێكه‌وه‌ شار له‌دوای شار و كوچه‌ له‌دوای كوچه‌ به‌دوای نورادا ده‌گه‌ڕێن ئه‌یانه‌وێ‌ بیكه‌نه‌وه‌ به‌ ئه‌سما به‌ڵام ئیدی ئه‌و ڕه‌نگه‌ نورا بێت ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ناوه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی خۆی ,  ئه‌شێ‌ ئێستا نورا بوو بێت به‌ شیرن و ژیانێكی ئاسایی بژی یان سوهام بێت و یه‌كێ‌ له‌و ژنانه‌بێ‌ كه‌ له‌ كۆڵانه‌كاندا كاری له‌ش فرۆشی ده‌كه‌ن یان باندێكی له‌ش فرۆشی پێك هێنابێت و خۆی پشویه‌ك بدات , یان ده‌ستگیركرابێت و له‌به‌ندینخانه‌ پشووپه‌ك بدات یان ڕه‌نگه‌ یه‌كێ‌ له‌و ته‌رمانه‌ نورا بێت كه‌ هیچ ناسنامه‌یه‌كیان پێ‌ نیه‌و له‌ ده‌شت و چیا شه‌خه‌ڵدانه‌كاندا ده‌دۆزرێته‌وه‌ یان هه‌ر ناش دۆزرێته‌وه‌ سه‌گ و دڕنده‌ لاشه‌كه‌ی ده‌خوات به‌ڵام تكایه‌ له‌ هه‌ركوێ‌ ئه‌م ژنانه‌تان بینی له‌ ناوه‌كه‌ی مه‌پرسن ئه‌و له‌ هه‌ر كوچه‌یه‌ك ناوێك سیمایه‌كی هه‌یه‌ دڵنیابن ئه‌وه‌ نورایه‌و جاسم چاوه‌ڕانی ده‌كات ده‌ئێوه‌ش كه‌مێ‌ ڕێزی بگرن ئه‌و ژنه‌ له‌ كوچه‌ی عیشقه‌وه‌ گه‌شتوه‌ته‌ ئه‌و شه‌قامه‌ .

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.