دورکەوتنەوە لە سێنتەر
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ، سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە ئەیمن زەواهیری ، لە نامەیەکدا کە کەناڵی جەزیرە بڵاوی کردەوە داوای لە سەرۆکی ( دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ) کرد کە ئەم یەکگرتنە هەڵبوەشێنێتەوەو هەردوو لقی عێراق و سوریا بە جیا چالاکی بکەن . وەڵامی ئەبوبکر بەغدادی سەرۆکی ( داعش) جێگای سەرنج و تێبینە ، ئەو بەدەر لەوەی پرسیاری خستە سەر ئەم نامەیە کە بەڕاستی لەلایەن ئەیمەن زەواهیری دەرچوبێت لە هەمان کاتیشدا بە تەواوی قبوڵ نەکردن و سەرپێچی خۆی نیشان دا بەرامبەر فەرمانەکەی ئەم نامەیە و وتی :- ” ئێمە لە نێوان گوێڕایەڵی بۆ ڕێبەر و بۆ خودا ، خودامان هەڵبژارد … دەعش بەردەوام دەبێت و هەڵناوەشێتەوە ”
کە هێشتا ئوسامە بن لادن مابوو ، قاعیدە لەعێراق لە ژێر ڕابەرایەتی موسعەب زەرقاوی لە ئەوپەڕی گەشانەوەی خۆیان دابوون وئاگرو خوێنیان لە عێراق بڵاوکردەوە ، ئەو دەمەش نامەیەکی ئوسامە لەچەشنی ئەو نامەیەی زەواهیری دژ بە زەرقاوی بڵاوکرایەوە ! جێگای سەرنجە کە ئەم دوونامەیە سەرەڕای وەکو کات چەندین ساڵیان لە نێواندایە ، لەگەڵ ئەوەشدا لە یەک شتدا هاوبەشن کە هەردوکیان لەو کاتە نێردراوان کە لقی قاعیدە لە عێراق گەشانەوەو بوژانەوەو چالاکی بە خۆیەوە دەبینی و زیاتر سەنگی قورستر دەبێ لە نێو قەیرانەکان هاوکێشە سیاسیەکان و شەڕە بەردەوامەکانی ناوچەکە .
ئەوەی کە تا ئێستا پرسیاری لەسەر نیەو لە چەند ناوەندێکی جیهانی تەئکیدی لەسەر کراوەتەوە ؛ کە ئەو نامەیە دەقاو دەق لە ئەیمەن زەواهیریەوە هاتووە و تەئکیدیش لەوە کراوەتەوە کە هەردوو لقی عێراق و سوریای قاعیدە کە ئێستا لە ژێر چەتری دەوڵەتی ئیسلامی چالاکی دەکەن لە سوریا ، لە بەرەکانی جەنگ کەمتر کاری هاوبەشیان ماوە بە یەکەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری ئەبوبکر بەغدادی لە هێشتنەوەی ئەم چەترە مەدلولی سیاسی خۆی هەیە ، کە تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ ئوسامەش زیندوو بوایەو خۆشی نامەکەی ناردبا هەر هەمان وەڵامی وەردەگرتەوە !
نهێنی سەرپێچی ئەبوبکر بەغدادی هیچ پەیوەندیەکی بە ئایدیۆلۆژی قاعیدە نیەو لقی عێراق بەو ئاگرو خوێنە ڕۆژانە بەڕێوەی دەبات سەد لە سەد وەفادارە بە پرەنسیب و جیهان بینی قاعیدە . بەڵام ، گۆڕانی گەورە لە شێوازی دەرکەوتنی قاعیدە ڕووی داوە . هەتا کوشتنی ئوسامەش نوزەیەک یان ڕوونتر بڵێم ئومێدێک هەبوو کە قاعیدە وەکو تەونێکی نێو نەتەوەیی درێژە بە بوونی خۆی بدات لە ڕێگەی ئەم خەسڵەتەشەوە ئۆپیراسیۆنەکانی خۆی لە سەرجەم دونیا بە ڕێوە ببا ، ئێستا زەمانە تەواو گۆڕاوەو ئەم خەسڵەتە نێو نەتەوەییە پوکاوەتەوەو خەسڵەتی بە هێزبوونی لقەکان بە دابڕاوی لە یەکترو لە سێنتەر شوێنی گرتۆتەوە .
نامەکەی ئەوسای ئوسامە بۆ زەواهیری بە چاوپۆشین لە سروشتی داواکاری و فەرمانەکانی ، لە باری سایکۆلۆژیەوە پەرچەکرداری تەریک بونەوەو وون بوونی کاریزمای کەسایتیەکانی سێنتەرە کە یانزەی سێپتێمبەر سەردەمە زێڕینەکەی بوو . نامەی ئەمڕۆی زەواهیری درێژە دانی هەمان قەلەقی و سایکۆلۆژیە ، زەواهیری بەو نامەیە تەرمی خەسڵەتی نێو نەتەوەیی ئەم ڕێکخراوەی بە دەستی خۆی شوشت ، تەنیا لە پێناوی وەرگرتنی بەشێک لەو هەموو سەرنج وگرنگیەی لقێکی هەمان ڕێکخراو کە لە ئێستادا لێواو لێو لێ ی پڕبووە .