Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شیعر و مانا …. ئەحمەدی مەلا

شیعر و مانا …. ئەحمەدی مەلا

Closed

 

 

 

 

دەسپێک

کاتێک ئێمە باس لە مانای شیعر دەکەین، مەبەستمان چ مانایەکە و چۆنیش ئەو مانایە دروست دەبێت ؟  خودی مانا چییە و لە پێناو چیدا دروست دەبێت؟ سەرەتا با وەڵامی دووەمیان بدەینەوە، ئینجا دەچینە سەر پرسە گرینگەکە کە مەبەستی ئێمەیە لەم لێکۆڵینەوە کورتە. مانا بە گشتی دەکرێ لە پێنج خاڵدا پێناسە بکرێت :

یەکەم : یەکێک لە ئەرکە سایکۆلۆژییەکانە کە لە رێگایەوە ئۆرگانیزمێک چەند زانیارییەکمان لە دونیای دەرەوەوە پێدەگات، رەنگە سروشتی فیزیایان هەبێت وەک ( بینین، هەستکردن بە کێش، دەستلێدان) یا سروشتی کیماییان هەبێت وەک ( بۆن و تام). 

دووەم : ئەو توانایە کە بە شێوەیەکی کتوپڕ و لە رێگای نەستەوە(ئینتوسیۆن)شتێک هەڵبسەنگێنێ : هەستکردن بە وردەکاری (نویانس).

سێیەم : سەرجەمی ئەو بیروکانەی کە لە رێگای هێمایەکەوە، یا رەمزێکەوە دەگاتە لامان. نموونەی رستەیەک یا هێمای سەر جادەوبانەکان.

چوارەم : گەڕان بە دوای مانای وشەیەکی دیاریکراو لە فەرهەنگی زماندا.

پێنجەم : واتای بوون، بەها، ئامانجی شتێکی دیاریکراو، ئەوەی پاساو و لێکدانەوە هەڵدەگرێ. نموونەی مانادان بە بوون.

کەواتە دەسپێک، ناکرێ مانا لە گەڵ هەست و ئەتمۆسفێر و رەگەزە ئێستێتیک و جوانییەکان تێکەڵ بکڕێت.( کانییەکی روونی بەر تریفەی مانگەشەو) هێج مانایەکی دیاریکراومان ناداتێ، بەڵکو وێناکردنی سروشتە لە رێگای زمانەوە و جوانکردن و بەهابەخشینە بەو جوانییە. بەڵام کاتێک شیعرەکە تەواو دەکەین، هەڵەیە کورتی بکەینەوە سەر ئاو مانایەی کە بڵێن گۆران ویستوێتی سروستی کوردستان لە سروشتی ئەو وڵاتانەی کە زەریایان هەیە، بەرزتر بنرخێنێ. ئەگەر ئەمە پەیامەکە بێت، خۆ دەکرا بە رستەیەک کۆتایی پێ بهاتبایە. بەلكو گرینگی شیعرەکە لە داڕشتنەکەیەتی. کەواتە جوانیی ومانا دوو شتی جیاوازن ؛ بە پێچەوانەشەوە، کاتێک باس لە مانا دەکرێت، واتە دەستبەسەرگرتن، چوارچێوەرێژکردن، تەنانەت دیاریکردن. هزر هەڵدەستێ بەم کارانە. ئەمەش هەڵبەتە بەشێکی هەرە زۆری لە رێگای زمانەوە دێنە دی، رەنگە هەندیجار “زمانی هێما” مانایەک ببەخشێتە شتێکی دیاریکراو. کاتێکیش باس لە زمان دەکرێت، واتە باس لە سیستەمێکی دیاریکراو دەکرێت کە کاری رێکخستن و هەڵسوڕانی زمانەکە دەگرێتە ئەستۆ. هەر زمانێکیش بە پێی تایبەتمەندییەکانی خۆی سیستەمەکەی خۆی رێکدەخات.

کاتێک بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدرێت شیعرەکەی نالی ( ئەوەی لە شامەوە دەینووسێ) کورتبکرێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە چەمکی نوستالژی و دەربڕینی هەستی نەتەوایەتی نالی بۆ نیشتیمان و زێدی خۆی، ئەوە هەوڵدانە بۆ کوشتنی خودی شیعرەکە، چونکە ئەوە ئێمەین هەوڵدەدەین و دەمانەوێ کە مەبەستی نالی ئەوە بووبێت، نەک خودی نالی. ئەم جیاکردنەوەی مانایە لە شیکلی دەقە شیعرییەکە بە کوشتنی شیعرەکە کۆتایی دێت.

 

سیستەمی زمانی شیعری

کاتێک باس لە شیعر دەکرێت، باس لە سەقامگیربوونی سیستەمێکی دیکەی زمان دەکرێت. سیستەمێکی سەربەخۆیە و بە شێوەیەکی جوداواز هەڵدەستێ بە رێکخستنەوەی تەونی ماناکان. لە هۆنراوەدا دەچینە نێو شیکلێکی نۆرماتیف و کۆدگیرەوە ( کێش، سەروا، بابەت هتد) و کاتێکیش باس لە شیعری سەربەست دەکرێت ئەوە شیکلێکی “چاوەڕوانکراو” کارەکان بەڕێوە دەبات. واتە هەموو کردەیەکی شیعریی بۆی هەیە، دەنگێک، رەگەزێکی چاوەڕواننەکراوە بهێنێتە نێو دەقێکەوە.

شیعر گواستنەوەی نیزامێکی عەقڵانی و گوتارئامێزە ( دیسکورسیف)ەوە بۆ نیزامێک کە هەست و سۆز و جۆشخروش تیایە سەروەری دەکات. واتە ئیش لەسەر زمانی گشتی دەکات و دەیباتە بوارێکی تایبەتەوە. بە واتایەک لە واتاکان، نیزامی خودی ماناکان لە بوارێکەوە بۆ بۆارێکی دیکە دەگوازێتەوە. لە یەکەمیاندا، ئەم نیزامە کاری پێشنیارکردن و دیارییکردن دەبینی، لە دووەمیانیشدا کاری وێناکردن “روپرێزانتەیشن”ە کە ئاماژە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم وێناکردنە. ئەم ئاماژپێکردنە لە رێگای وێنە و فیگەر و رەمزەوە بەرقەرار دەبێت. کاتێک رۆلان پارت باس لە مانا و شیعر دەکات، دەڵێ :” هەوڵدانە بۆ ماناگرتن”. واتە نووسینی شیعر و خوێندنەوەی شیعر لە پێناو گواستنەوەی مانایەک نییە لە رێگای نووسینەوە، بەڵكو تێکشکاندنی مانایە و هەوڵدانێکە بە گرتنەوە مانایەکی دی کە لە نێو سیستەمێکی تەواو جیاوازدا ئیشدەکات.

بۆ ئەوەی وردتر روونکردنەوەیەک پێشنیار بکەین، کاتێک باس لە زمانی پەخشان دەکەین، بۆ نموونە کاتێ کورتە چیرۆکێک یا رۆمانێک دەخوێنینەوە، دەچێنە نێو بەردەوامییەوە : کرۆنۆلۆژیا، کەسایەتی، کات، فەزا، هێڵی ئاسۆیی لە دامەزراندنی نووسین.( لە راستەوە بۆ چەپ و تا کۆتایی لاپەڕە و ئینجا هاتنە خوارەوە و بەردەوامیی.) کەچی لە شیعردا کات و فەزا لە ناودەچن، واتە لە دەرەوەی چەمکی بەردەوامیداین، وەک چۆن لە پەخشانێکدا هەستی پێدەکەین. بە تێکچوونی ئەم دوو چەمکە، واتە کات و فەزا، ئیدی مانا بە مانا تەقلیدییەکەی نامێنێ. رەنگە شیعر لە پێناو کوشتنی مانای یەکەم بێت، مانای سیاسی، مانای کۆمەڵایەتی، مانای نۆرمەکان.

هەروەها شیعر لێکدان و لێکترنجاندنی فۆنێم و مانایە، واتە ئاوێتەکردنی ئەم دوو چەمکەیە ؛ کەچی لە پەخشاندا ئەم ئاوێتەکردنە زۆر بە دەگمەن دەبنیرێت. کاتێک باس لە فۆنێم دەکەین، مەبەستمان دەنگی پیتە، تەنانەت بێدەنگیش دەکرێ لەم بوارەدا جێی خۆی بکاتەوە. بێدەنگی گەڕانە بە دوای مانایەک کە وجوودی نییە، لە پشتەوە دەقە، سەدایەکە لە دوورەوە دێ. هەروەها گوێگرتن لە دەنگێ، دەنگی پیتێک بێت یا وشەیەک، یا دووبارەکردنەوەی دەنگ و پیت بێت، گواستنەوەیەکە لە بواری عەقڵەوە بۆ بورای ورووژاندن. وروژاندنی شتێک لە رێگای زمانێکی دیاریکراوەوە، ئاراستە و ئاماژەیەکمان پێ نیشان دەدات. شیعر دەست ناخاتە سەر شتەکان، تەنها ئاراستەکانمان بۆ دەدۆزێتەوە. نایەوێت پەیاممان لە بارەوەی ئازادییەوە بداتێ، بەڵکو ئازادیمان دەداتێ لە خوێندنەوە.

ڤالێری ئەم حالەتە بە ” بگرە و بەردەیەکی درێژخان لە نێوان دەنگ و مانا” ناودەبا. لە شیعردا بەرەوە پێشەوەچوون و کشانەوە بەدی دەکەین، کشانەوە لە پێناو دەنگێک، لە پێنا رەگەزێک، تەنانەت لە پێناو بێدەنگییەک..ژاکۆبسۆن پێی دەڵێ ” هاوئاوزایی ناوەکی” واتە پرەنسیپی لەیەکچوون  ( دەنگ، کێش، سەروا، رەگەزی دیکەی شیعری).

“دووفاقەیی”، “نادیار”، “پەنهان” خەسڵەتی بنەڕەتی دەقی شیعرییە، ئەمە خەسڵەتی هەموو دەقێکە کە ئاراستەی چەقی خۆی کرابێت، واتە ئاراستەی ناوەوەی خۆی کرابێت ؛ ئاماژەی شیعریی ئاراستەی خودی شیعرەکە کرابێت.

شیعر خۆی لە هەموو کاتیگۆرییەکی “چەقبەستووی” مانا دەدزێتەوە. باس لە هێچ حەقیقەتێک و باس لە هیچ واقیعێک ناکات، تەنها حەقیقەتی خودی خۆی و واقیعی خودی خۆی بترازێ.

پۆل رۆمپر بە وردی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت “زمانی شیعریی ناهاوجووتبوونە لە گەڵ واقیع”. کەواتە ئێمە بەرامبەر بە زمانێکی نوێ و درکردنێکی نوێداین کە نە واقیعمان بۆ دەستنیشان دەکات، نە لە گەڵیدا هەڵ دەکات. کاتێک “هەتاوە رەش”ەکەی نێرڤال-مان بەرچاو دەکەوێت، ئەم هەتاوە، نەک تەنها هەر هەتاوێکی “ناواقیعییە”، بەڵکو لە کۆتایی و دەسپێکیشدا هەتاوێکی “شیعرییە”. کەواتە مانای “موفرەدە”مان لە رێگای قامووس و فەرهەنگەوە دەسگیر نابێت، بەڵکو لە نێو ئەو سیستەمە نوێیەی کە جێگای ئەو موفرەدەیەی کردۆتەوە. لێرە بە تەواوی هەست بەو دابڕانە لە نێو ئەو دوو سیستەمە زمانەوانییە دەکەین. هەست بەو دوو سیستەمە زمانەوانییە دەکەین کە تیایە هەست بە دابڕان و دروستکردنەوەی واقیعێکی نوێ دەکرێ، ئەمجارەیان “واقیعێکی شیعرییە”.

شیعر تەنها ئەو کاتە لە دایکدەبێت کە وشە مانا فەرهەنگییەکەی لەدەست دەدات و ئیتر بە ئاسانی لە نێو یەکدا جێگۆڕکێیان پێ دەکرێ. بۆ نموونە وشەی “چیا” وەک ئەوەی فەرهەنگی زمان بۆمانی لێکدەداتەوە و وشەی “چیا” لە دەقێکی شیعری ئینگلیزی، یا “چیا” لە شیعری کوردی، بە تایبەت لەم پەنجا ساڵەی دوایی و “چیا” لە شیعرێکی فەرەنسیدا، زۆر جیاوازن. چیای یەکەم خەسڵەتێکی فیزیکی هەیە، کەچی چیاکانی دیکە، هەر چیایە و ئاماژەیەکمان بۆ دەخوێنێتەوە کە شیعرەکە پێشنیاری دەکات. ئەو ئاماژەیەش جێگیر و بڕاوە و کۆتایی پێهاتوو نییە.

لێرەوە مێتافۆر، یا خوازە شوێنی تەواوی خۆی لە دەقی شیعرییدا داگیر دەکات، خوازە هەوڵدانێکە بۆ ئافراندنی مانای دووەم کە جیاوازە لە مانای یەکەم. نەک تەنها هەر جیاوازە، بەڵکو هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نامێنێ. گواستنەوەی مانای فەرهەنگی بۆ مانا ئاماژەئامێز و بە جۆشوخرۆشەکان، بە واتایەکی دی، گواستنەوەی زمانی عەقڵانییە بەرە و زمانی “ناعەقڵانی”، زمانی بابەتییەوە بۆ زمانی سۆبژەکت، زمانی تاکەکەس، زمانی تایبەت، ئەمە کاری شیعرە. باڵام نابێت تەماشای مانای دووەم وەکو مانای یەکەم بکرێت، هەمان بەهای کەلتووری و زمانەوانی نییە، یەکەمیان گشتییە، دووەمیان تایبەتە، یەکەمیان جێگیرە، دووەمیان بزێوە، یەکەمیان دیارییکراوە، کە چی دووەمیان لە دونیا ئاماژەدا خۆی دەناسێنێ. بۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر هەوڵێکی بێوچانە لە تێکدانی نیزامی پەخشان.( بڕوانە لێکۆڵینەوەکەی جان کۆهن کە مێتۆدی لادان بەکاردەهێنێت بۆ جیاکردنەوە زمانی شیعریی لە زمانی پەخشان).

 

گرفتی مانا لە شیعردا

بەهای شیعرێک لەودانییە چی دەڵێت ( هەڵوێستخوازی، ئازایەتی، جوامێریی هتد) بەڵكو چۆن ئەو شتە دەڵێ ( فۆرم، شیواز، زمان، دەنگ، بێدەنگی، چۆنیەتی خستنەسەر کاغەز، موفرەدە هتد.)

چونکە کاتێک دەقێکی شیعریی لە رێگای ناوەڕۆکێکەوە هەوڵی شیکردنەوەی دەدرێت، ئەمە خۆی لە خویدا، گەڕانێکە لەو شوێنەی کە شیعر وجوودی نامێنێت، چونکە ناوەڕۆک خۆی رەگەزێکە دژ بە شیعر دەوەستێت. کاتێک دەسپێک ئێمە بە دوای مانادا دەگەڕێین، بە دوای ناوەڕۆکدا دەگەڕێین، واتە هەوڵێکمان خستۆتەگەڕ کە بمانەوێ و نەمانەوێ بە کوشتنی شیعرەکە کۆتایی دێت. جیاکردنەوە مانا، واتە لە ناودانی شیعر. بەدەستخستنی مانا، واتە مردارەوەبوونی دەقێکی شیعری. ئەوەی دەیەوێ دەقێکی مردارەوەبوو ببینێ، دەیەوێ رۆل و سروشتی ئەو ناوەڕۆکە بناسێ. تەسکردنەوە دەقێکی شیعرییە و بەچوارچێوەرێژکردنێتی.

چونکە لە دەقی شیعریدا، مانا وەکو زەردێنەی هێلکە نییە، دوای ئەوەی هێلکەیەک پاکدەکرێت و بەشە سپییەکەی جودا دەکرێتەوە، دەست بەسەر زەردێنیەکی شێوە خڕ دەگرین کە زەردێنەی هێلکەی پێدەوترێت، بەڵکو شێوە و ناوەڕۆک وەکو هێلکەیەکی شلەقێنراوە، زەردێنە و سپێنییەکەی بە شێوەیەک ئاوێتەی یەک بوونە کە لە کۆتاییدا، نە شیکلەکە دەناسرێتەوە بە تەنها، نە ناوەڕۆکە بە بێ ئەو شیکلە وجوودی هەیە. بۆیە نە شیکلێک وجوودی هەیە بە بێ مانا، نە مانایەک وجوودی هەیە بە بێ شیکل.

زمانی شیعری ئەو زمانەیە کە رێگامان لێدەگرێت کە بە تەنها بە دوای “پەیامدا” بگەڕێین، پەیامێکی جیا، چونکە پەیام بە جودا، هیچ بایەخێکی شیعریی نییە، هیچ بەهایەکی شیعریی نییە، چونکە بەهای شیعریی لە ماناکەیدا نییە.

چونکە شیعر نە لە رێگای فیکرەوە دەنووسرێت، نە لە رێگای هەستەوە، وەکو ئۆسکار وایلد دەڵێ :”هەموو شیعرێکی خراپ بە هەستێکی راستەقینەوە نووسراوە.” شیعر تەنها بە وشە دەنووسرێت، ئەو وشانەی کە بە شێوەیەک چوونەتە نێو یەکەوە، بە جۆرێک تێکهەڵکێشی یەک کراوەن کە تەنها هونەری شیعر ئەم کارەی پێ دەکرێ.

زمان لە شیعردا لە پێناو ئامانجێک ناخرێتە کار بۆ ئەوەی بمانگەیەنێتە پنتێکی دیاریکراو ( بڕوانە پێنج خاڵەکەی دەسپێک لە بارەی ماناوە) بەڵكو زمان لە هەمان کاتدا، خاڵی دەرچوون و خاڵی گەیشتنەوەیە. لێرەوە شیعر شێوەیەکی بازنەیی وەردگرێت ( بڕوانە شیعر تەنها بنەمایە، ئەحمەدی مەلا، ئاراس، هەولێر.)

هەر وەکو پۆل رۆمپر دەڵێت ” وشە لە شیعردا هەوڵی ئەوە دەدا کە لە دایکبوونەوەی خۆیدا خۆی بئافرێنێتەوە.” چ لێپرسراوێتێکی شیعریی و شیکلییە!

ژان دولۆر، بابەتێکی فەلسەفی لە ژێر ناونیشانی ” مانای شیعرییەت” دەنووسێ و دەڵێ :  “زمانی شیعری وەکو قسەی گیر و عاسی خۆی دەنووێنێ.” لە ئەنتیکیتێ یۆنانەوە پێیدا دێتە خوارەوە و قسەی فەیلەسووفانی وەکو سیسێرۆن دەهێنێتەوە و دەنووسێ :” لە لای شاعیران تەرازووی دەنگ بەسەر شتەکانی دیدا زاڵە.” دەنگ ئەو دونیایە کە لە بێدەنگییەوە ئاماژەکانمان بۆ دەقەپێنێ، نەک بۆ ئەوەی بمانگەیەنێتە شوێنێک، بەڵكو لە خۆمانمان نزیک کاتەوە.

لێرەوە، ئیدی زمانی شیعریی نزیکە لە زمانی “بوون”. ئەو بوونەی کە تەنها لە ناو زماندا دەژێت، بەڵام چ زمانێ؟

رونێ شار دەیوت ” کاتی ئەوە هاتووە ئەو شتانەی کە قابیل بە لێکدانەوە نین، داوامان بکەن.”

 

——————————————

پەراوێز 

پۆل رۆمپر، لیبێرتێ، بەرگی ١٢، ژمارەی ١، ١٩٧٠، لاپەڕە ٧٧/٨٨

“مانای شیعریی”، ژان دەلۆر، ٢٠٠٢.

 

 

ئەحمەدی مەلا : مامۆستای زمان و ئەدەبییاتی فەرەنسی لە زانکۆی کاستییا لا مانچا، ئیسپانیا.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.