شانۆكاری كورد له‌نێوان نائاگایی عه‌قڵ وئاماده‌نه‌بوونی میتۆد
پرسیار وڕامانی ڕه‌خنه‌یی له‌و دۆخه‌ی ئه‌مڕۆی بزووتنه‌وه‌ی شانۆییمان, پێویستی بهقسهكردنێكی فره ڕه‌هه‌ند هه‌یه, چونكه شانۆكاری كورد ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له‌ناو زه‌مه‌نه‌ی غهیبانیهتیهوه بیر له‌شانۆ ده كاته‌وه, مرۆڤێكه له‌نێوان نائاگایی عه‌قڵی مرۆیی وئاماده‌نه‌بوونی میتۆده‌وه كار ده‌كات, ئه‌وه‌ش پێویستی به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ساده‌ترین پرسیار له‌بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئێمه كه‌بریتیه له شانۆ چیه و شانۆكار كێیه؟
چونكه هه‌ر پرسیارێك زاده‌ی دۆخ وقۆناغێكه كه شانۆكاری كورد به بیانووی دۆخی سیاسیه‌وه هه‌میشه شانۆی كردووه به قوربانی, قوربانی به‌خشینی شانۆ وای كردووه كۆمهڵگایهكمان هه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی شانۆوه.. گوتارێكی سیاسیمان هه‌بێت شانۆ وه‌ك په‌راوێزێك بۆ ئه‌و گوتاره سه‌یر بكات.
وه‌همی ئاماده‌بوون له نائاگایی شانۆییدا
كێشه‌ی بوون له‌شانۆی ئێمه‌دا.. گرفتێكی ئه‌نتۆلۆژی نیه, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌ستێكی ناسیۆنالیستییه‌و بارگاوی كراوه به فانتازیا, به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ونی ناسیۆنالیستیانه خاڵی نیه له‌خه‌ونی فانتازی, بۆیه هه‌میشه ئه‌و خه‌ونه بۆته شوناسی شانۆكه‌مان.
به ئاگانههاتنهوه له‌و خه‌ونه مانای بوون نیه, به‌ڵكو په‌یوه‌سته به‌و نائاگاییه نوستوهی شانۆكاری كورد كه نایه‌وێت به‌ئاسانی به‌ئاگا بێته‌وه, چونكه ده‌بێت ڕووبه‌رووی ئه‌و هه‌ژاریه هزریه‌ی خۆی بێته‌وه، كه به‌رهه‌می چ زه‌مه‌نێكی وه‌ستاوه, ئه‌وه‌ش پێویستی به ڕزگاركردنی شانۆ هه‌یه له‌ده‌ست تاكه‌وه بۆ دامه‌زراوه‌ی شانۆیی, نه‌بوونی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ش وایكردووه شانۆ به‌رهه‌می خه‌ونی تاكایه‌تی بێت, بۆیه له‌گه‌ڵ خه‌ونی تاكه‌كان شانۆ هه‌یه, ئه‌وه‌ش وایكردووه شانۆ هه‌میشه له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هونه‌رێكی ئاره‌زوومه‌ندانه بێت, نه‌بۆته كو‌لتورێك.
بهكولتوركردنی شانۆ په‌یوه‌سته به‌دامه‌زراوه‌یی ئه‌و هونه‌ره, ئه‌و ده‌مه ته‌واوی ئه‌و ده‌مامكانه ههڵدهماڵدرێت, زه‌مه‌نی خه‌ونی ناسیۆنالیستیانه بۆ شانۆ كۆتایی دێت, خه‌ونی شانۆ ده‌بێت خه‌ونێك بێت په‌یوه‌ست بێت به ئاگایی كولتوریی وكۆمهڵایهتیمانهوه.
ئه‌وه‌ش ڕووبه‌رووی پرسیاری ستراتیژیمان ده‌كاته‌وه له‌به‌رده‌م گوتاری شانۆدا, چونكه پرسیاری زه‌مه‌نی له‌شانۆدا, توانای گومانكردنی هه‌یه له‌و یاده‌وه‌ریه‌ی كه‌بۆته شوناسی ئه‌خلاقی وكۆمهڵایهتیمان, هه‌ر ئه‌و شوناسه‌ش بۆته زمانی شانۆ.
شانۆ له‌ڕێگه‌ی گومانكردن توانای گۆڕینی ئه‌و شوناسه‌ی هه‌یه, ئه‌ویش به‌هۆی په‌یوه‌ندیی زمان بهئێستاوه, زمانی شانۆكاری كورد زمانێكی ئایدیۆلۆژی بووه, ئایدیۆلۆژیا له‌شوێنی شانۆ ئیشی كردووه, ئه‌وه‌ش وای كردووه تواناكان له‌كونجی ئایدیاكانه‌وه بخنكێندرێن, تاوه‌كو سه‌ره‌نجام به‌وێنه‌ی كاریكاتۆری ودیمه‌نی فۆلكلۆریهوه كۆلاژێكی بنیاتناوه به‌ناوی شانۆی كوردیی, ئه‌وه‌ش وه‌همی ئاماده‌بوونه له‌نائاگایی شانۆییدا.
ئه‌وه ئاماده‌بوون نیه.. به‌ڵكو وههم لهنائامادهبوون بۆته ئاماده, كه له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته به زه‌مه‌نی نائاگایی شانۆییمان, ئه‌وه ئه‌و نائاگاییه نوستوهی شانۆكاری كورده وههم نوقمی كردووه له‌ناو بوون, بوونیش فانتازیایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه نه‌وه‌ك شانۆیی, فانتازیایه‌ك هه‌سته سایكۆلۆژیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی لێكردووه به ئاماده‌بوونی شانۆیی, گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری ئه‌رشیفكراوی هه‌فتاكان, ئه‌وه‌ی له‌رۆژنامه‌كان تۆماركراوه, ئه‌گه‌رچی زیاتر كاری بیبلۆگرافین نه‌ك ڕه‌خنه‌یی, به‌ڵام ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌رده‌كه‌وێت, كه بوون وابه‌سته‌ی وه‌همێكه, كه وه‌همی ئاماده‌بوونه.
خه‌وش له‌وه‌هم نیه, خهوشهكه له‌و نائاگاییه نوستوهیه كه ده‌بێت به‌ئاگا بێته‌وه‌و هه‌ست به وه‌همه‌كانی خۆی بكات, بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته سه‌ر له‌نوێ پرسیار له‌چیه‌تی شانۆ بكه‌ین, له‌ساده‌ترین پرسیاره‌وه ده‌ست پێبكهینهوهو بپرسین: شانۆ چیه؟
پرسیار له‌چیه‌تی شانۆ وگه‌ڕان به‌دوای شوناس
شانۆ چیه؟ پرسیاركردنه له‌چیه‌تی شانۆ.. گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و تێگه‌یشتنی به‌رهه‌مهێنان, ئه‌وه خوێندنه‌وه‌یه بۆ یاده‌وه‌ری شانۆ.. به‌وه‌ی له‌ڕابردوودا چۆن سه‌یری شانۆمان كرد؟ شانۆ چی بوو بۆ ئێمه؟
كاتێ ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیاره ده‌بینه‌وه, ده‌بێت ئه‌و زه‌مه‌نه وساته‌وه‌ختی كاركردنی به‌گرنگ بزانین, كه به‌دیمه‌نی لاسایكردنه‌وه‌و دۆخێكی گاڵته‌جاڕی ووێنه‌ی كاریكاتۆری ده‌ست پێده‌كات, واته سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی شانۆ وێنه‌یه‌كی چێژبه‌خشی كاریكاتۆری به‌كۆمه‌ڵگا ده‌به‌خشێت, له‌گه‌ڵ دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌و شانۆیه‌ش زیاتر به‌ناو به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌چێته‌وه ناخی مرۆڤه‌كان, به‌وه‌ی ده‌بێت ببێته قوتابخانه‌ی گه‌ل, به‌تایبه‌ت له‌ده‌یه‌ی هه‌فتاكان كه‌ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی شانۆوه بوونی خۆی بسه‌لمێنێت, به‌ڵام بوونێكی شانۆیی نیه, بوونێكی سیاسیه, ئه‌وه ئایدیۆلۆژیایه له‌شوێنی شانۆ قسه‌ی له ئاماده‌بوون كردووه, ئاماده‌بوونی شانۆ بوونێكی ئایدیۆلۆژیی بووه له‌ناو قوتابخانه‌یه‌ك كه وانه‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری تیا ووتراوه‌ته‌وه, تا به‌ته‌واوی شانۆ له‌وێنه‌یه‌كی كاریكاتۆری گۆڕدراوه به‌ره‌و وێنه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی.
گه‌ڕان به‌دوای ماناكانی شۆڕش پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و شانۆیه بووه, به‌و پرسیاره‌ش شۆڕشی به‌ره‌و وێنه‌ی باڵا بردووه, شانۆكه‌شی له‌ناو ئه‌و وێنه‌یه نوقمی فانتازیای كوردبوون كردووه, به‌بێ ئه‌وه‌ی كوردبوون توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت گوتارێكی باڵا بهشانۆكهی ببه‌خشێت.
ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ناو دیكۆمێنت وڕوانینه ڕه‌خنه‌ییه‌كان ئه‌وه چه‌ندین هه‌وڵی جدی ده‌رده‌كه‌وێت, به‌تایبه‌ت له‌كاركردن له‌ته‌ك ده‌قه جیهانیه‌كان وهه‌وڵدان به‌ره‌و گۆڕینی ئه‌و گوتاره كه ته‌نیا له‌ناوه‌ڕۆكدا نه‌بێت, به‌ڵكو بتوانێ به‌شداری لهئاگاییه شانۆییه‌كه‌ش بكات.
ئه‌وه‌ش ده‌بێته زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و بۆ هه‌وڵه ئه‌زمونكاریه‌كانی ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان ودواتر, كه ئاگایی شانۆییمان به‌ره‌و گومان له‌مه‌عریفه‌ی یاده‌وه‌ریمان ده‌بات, هه‌رچه‌نده كه‌سانێك هه‌میشه كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه ئه‌و یاده‌وه‌ریه ببێته زه‌مینه‌ی بوون, كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ترسی ئه‌وان بووه له‌شوناسی شانۆ, بۆیه ویستویانه له‌ڕێگه‌ی هێرشكردنه سه‌ر هه‌وڵه ئهزموونیهكانهوه وێنه‌ی ڕه‌سه‌ن بوون له‌ناو وێنه مۆزهخانهییهكانی شانۆ چڕ بكه‌نه‌وه, كه به‌بڕوای ئێمه ئه‌وه‌شیان قۆناغێكی تری ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه مێژووییه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌یه, به‌ڵام نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ تراژیدیاكانی نه‌ته‌وه, به‌تایبه‌ت به‌دوای كاره‌ساتی ئه‌نفال, وێنه مۆزهخانهییهكانی فۆلكلۆر‌و ئه‌و شانۆیه‌ی به قوتابخانه‌ی گه‌ل ناوبردرا, پرسیاری جیاوازی پێ بێت, ئه‌وه‌ش زاده‌ی دۆخێك بوو ده‌بوو له‌سه‌ر گومان لهمهعریفهو بیركردنه‌وه بوه‌ستابایه, نه‌وه‌كو له‌ناو بوونی پهراوێزكراوی مێژوو, ڕابردوو نمایشت بكاته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئاماده‌نه‌بوونی پرسیار كه‌لێنێكی له‌مه‌عریفه‌ی شانۆییمان درووست كرد.. كه به‌تێپه‌ڕینی دۆخ وقۆناغه كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیهكانمان شانۆ ماناكانی خۆی برده‌وه ناو رووبه‌رێكی ده‌ست نیشان كرا‌و, كه یا ده‌بێته هونه‌رێكی نوخبه‌وی یاخود ده‌بێت سه‌ر له‌نوێ ببێته‌وه قوتابخانه‌ی گه‌ل, بۆیه شانۆی ئێمه له‌ڕاپه‌ڕیندا له‌به‌رده‌می مردندایه, مردن به‌مانا ئهنتۆلۆژیهكهی, كه ته‌واوی ئه‌و شانۆیه په‌كی ده‌كه‌وێت, ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی حزبه كوردیه‌كان نه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌یه‌وێت له‌فه‌زای نوسه‌رانی ئهبسێردهوه شانۆ به‌ره‌و ئاقارێكی تردا به‌رن, وه‌ك چۆن بیركردنه‌وه له‌بێمانایی جه‌نگ ده‌بێته پرۆژه‌ی كاركردنی ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی شانۆ.
ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ ئاماده‌بوونێكی زه‌مه‌نی, بۆ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی بوونی كوردیی, كه شانۆ بتوانێ لهئاقارو رووبه‌رێكی تر قسه بكات, به‌ڵام گرفتی ئه‌و كارانه له‌وێوه ده‌رده‌كه‌وێت, كاتێ ده‌مانه‌وێ به‌پرسیاری شانۆدا بچینه‌وه, چونكه ناشێت ته‌نیا خه‌می نمایش ئێمه كۆ بكاته‌وه, ئه‌وه هه‌وڵدان بوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی نمایش, له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی درێژخایه‌نمان هه‌بوایه ئه‌وسا به‌ره‌و پرسیاری زه‌مه‌نی وئاراسته سۆسیۆلۆژیه‌كانی كارمان ده‌كرد, به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسیاری شانۆیه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا وشانۆیهك له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه.. ئێمه ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه مه‌ترسیداره ڕووبه‌ووی شانۆكه‌مان بۆته‌وه.
له‌لایه‌ك شانۆیه‌كمان هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه.. له‌لایه‌كیتریش شانۆیه‌كمان هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی مهعریفهیهوهیه, كاتێ شانۆ بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌و كۆمه‌ڵگاوه, ده‌بێت بپرسین: پێویستی بوونی شانۆ له‌چیدایه؟
مه‌عریفه‌ی شانۆ وكۆمهڵگای شانۆ
بۆچی شانۆ پێویستیه‌كی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای كوردیی نیه؟ ئه‌و كاتانه‌ی خۆمان ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ینه‌وه، له‌ڕاستیدا ده‌مانه‌وێ كۆی ئه‌و مێژووه بخه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی ئه‌خلاقی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شانۆكاری كورد نه‌یتوانیوه شانۆ بكاته پێویستیه‌كی سه‌ره‌كی ناو ژیانی كولتوریمانهوه، شانۆ له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌میشه وه‌زیفه‌یه‌كی سیاسی هه‌بووه وپڕ بووه لهپهندو ئامۆژگاری، هه‌وڵێك بووه بۆ نوقم بوون له‌ناو خه‌ونی خۆشباوه‌ڕی، بۆیه له‌هه‌ر شوێنێك ئه‌و شانۆیه وه‌ستا كۆمه‌ڵگا هه‌ست ناكات به‌شێكی چالاكی ناو كولتورهكهی وه‌ستاوه، چونكه شانۆ نه‌یتوانیوه به‌شداری له‌ئاگایی كولتوریی ئه‌و بكات.
بۆچی شانۆی ئێمه به‌شداری له‌ئاگایی كولتوریمان نه‌كردووه؟ ئاگایی كولتوریی بریتی نیه له‌بوونی زمان وجل وبه‌رگ ودیمه‌نی زه‌خره‌فه‌یی ناو كه‌له‌پوور، ئاگایی كولتوریی بریتیه له‌كۆی چالاكیه بوونگهراكانی مرۆڤی كوردیی، بۆیه ده‌كرێت شانۆیه‌كمان هه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی زمان وجل وبه‌رگ وفۆلكلۆرهوه، به‌ڵام كوردیی بێت.. كوردیی بوون بریتیه له‌بیركردنه‌وه‌ی كوردیی.
ئه‌و ده‌مانه‌ی ئاماده‌نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی شانۆیی ده‌بێته هۆكاری ئاماده‌بوونی شانۆیه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگا، ئه‌و ساته تێده‌گه‌ین، ئێمه هه‌وڵ وبیركردنه‌وه جیاوازه‌كانمان كه جیاوازی ڕواڵه‌تین وای كردووه جیاواز بوون به‌ره‌نجامی دوو وێنه‌ی هاودژ بن، كه له‌ڕاستیدا دوو وێنه‌ی له‌یه‌كچوون، له‌دوو ڕووی دراوێك ئه‌چن، لهسێوێك ئه‌چن كه هه‌ر له‌تێكی به‌ده‌ست لایه‌كمانه‌وه بێت، سه‌ره‌نجام هه‌ردووكیان ده‌گه‌یه‌نینه‌وه بهیهكترو تێده‌گه‌ین شانۆی ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمهڵگاو مه‌عریفه‌یه.
به‌بیانوی ناوهڕۆك وچیرۆكی تێكسته‌وه هه‌میشه شانۆكاری كورد شانۆی وه‌ك مادده‌ی بێهۆشكه‌ر به‌كار هێناوه، ویستویه‌تی بینه‌ر له‌ناو هه‌ستی ساده‌ی نه‌ته‌وه‌یی ودیمه‌نی ساكاری پێكه‌نیناوی وابكات هه‌ست به بوونێكی درۆزنانه‌ی خۆی بكات، به‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤێكی خۆشگوزه‌ران وشۆرشگێره.
ئه‌وه درۆیه‌كی گه‌وره‌یه كه شانۆی ئێمه شانۆی ژیان ومرۆڤ بوو بێت، ئه‌و شانۆیه‌ی به‌درێژای مێژوو به قوتابخانه‌ی گه‌ل ناوی بردراوه، پێویسته هه‌موو له‌وه به ئاگا بێینه‌وه، كه گه‌ل له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانه‌یه بووه، ئه‌وه كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌رن به‌ناوی مامۆستا كه ئه‌لفوبای مه‌عریفه به مه‌عریفه‌ی شانۆی ناوبردراوه، بۆیه ئه‌و مامۆستا نه‌زانانه‌ی شانۆمان پێویسته كتێبێكیان هه‌بێت، وه‌ك كتێبه‌كه‌ی ئهلف وبێی كوردی ئه‌مین باڵدار تاوه‌كو سه‌ره‌تا خۆیان فێری سه‌ره‌تاكانی خوێندنه‌وه بكه‌ن، ئه‌وسا بزانن چۆن و كه‌ی ده‌توانین گه‌ل به‌رینه ناو شانۆیه‌ك كه قوتابخانه بێت، تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌وان فێر ده‌بن، ئه‌و كاته‌ش وه‌زیفه‌ی شانۆش له‌قوتابخانه‌ی گه‌ل بوونه‌وه عه‌یامێكه گۆڕاوه بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی كولتوریی وئیستاتیكی، بۆیه پێویسته چیتر ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌زانینه ترسناكه به‌شداری نه‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی شانۆكه‌مان بخه‌نه حاله‌تێكی ئه‌فیونی، به‌ڵكو پێویسته هه‌موومان دان به نه‌خۆشی جه‌سته‌ی ئه‌و شانۆیه بێنین، شانۆیه‌ك كه نه‌یتوانی پێویستیه‌كی ناو كۆمه‌ڵگای كوردیی بێت، شانۆیه‌ك كه له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌وه بوو پرسیاری نه‌بوو، هێنده‌ی له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كان خه‌ونی خۆشگوزه‌رانی بینیووه، ئه‌و ئومێده درۆزنانه‌ی شانۆكاری كورد له‌ڕێگه‌ی گومانه‌وه بگۆڕین به نائومێدی، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی پرسیاركردنهوهی سه‌ر له‌نوێ به‌وه‌ی شانۆكاری كورد كێیه؟
شانۆكاری كورد: بیركردنه‌وه لهئامادهبوونێكی شانۆیی
داڕشتنه‌وه‌ی وێنه‌ی كاره‌كته‌ری شانۆكار.. سرینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه له‌كار كه‌وتووه‌ی مرۆڤێكه كه كاره‌كته‌رێكی سست وتوانای به‌شداریكردنی نیه له‌ناو ئه‌و سرووته كۆمه‌ڵایه‌تیه.. لێره‌دا ده‌بێت پرسیار له‌ناسینی ئه‌و كاره‌كته‌ره بكه‌ین: شانۆكاری كورد كێیه؟ خه‌ون وئهندێشهكانی چین؟ ئاماده‌بوونی ئه‌و له‌شانۆدا ئاماده‌بوونێكی شانۆییه یا ئاماده‌بوونێكی نا شانۆییه؟
شانۆكاری كورد ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له‌ئه‌نجامی بینینی شانۆی نه‌ته‌وه‌كانی تر یه‌كه‌م هه‌وڵه شانۆییه‌كانی به لاساییكردنه‌وه ده‌ست پێكرد، چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی ویست تاوه‌كو له‌وه تێبگات شانۆ تیۆر‌و خوێندنه‌وه‌یه، ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌ره‌و هۆڵی خوێندنی كۆلێژی شانۆ ده‌ڕوات، له‌وێدا یه‌كه‌م بنه‌ما سونهتگهراكان وسه‌ره‌تای بنه‌ما مه‌عریفیه‌كان بۆ شانۆ فێر ده‌بێت.
بۆیه حه‌فتاكان ده‌بێته سه‌ره‌تای هه‌وڵی بنه‌ما مه‌عریفیه به‌راییه‌كان، كه ئه‌و شانۆكارانه به‌سه‌رده‌می زێڕین ناوی ده‌به‌ن، له‌بنه‌ماوه زێڕین بوونه بۆ عه‌قڵی متبووی شانۆكاری كورد، كه له‌و سه‌ره‌تایه‌وه وێنه‌ی خۆی له‌به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌یه‌ك ده‌بینێت به‌وه‌ی شانۆ ده‌بێت تێكست و ده‌رهێنه‌رو دیكۆرو مۆسیقا‌و روناكی هه‌بێت، به‌ڵام زێڕین بوونی سه‌رده‌مێك نیه بۆ گوتاری شانۆیی، ته‌نانه‌ت ژماره زۆری نمایشه‌كانیش پێوه‌ر نین بۆ ئه‌و زێڕین بوونه.
ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ند ووتارێكی ساده‌ی نوسین به‌ناوی ڕه‌خنه له‌رۆژنامه كوردیه‌كان بڵاو ده‌بێته‌وه، هه‌رچه‌نده شانۆكاری كورد گرنگی به‌و لایه‌نه نادات، بۆیه مه‌عریفه‌ی شانۆیی ئێمه بۆ شانۆكار به‌دوای ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان فراوانتر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری تێڕوانینی ئه‌زموونكاری ئه‌و شانۆكارانه‌ی كه له‌كۆلێژی به‌غدا ده‌خوێنن، هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ئه‌وان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێش خۆیان له‌وه‌دایه كه ده‌یانه‌وێت نمایشی شانۆیی به‌ته‌نیا بنه‌ما سوونهتگهراكانی شانۆ نه‌بێت، به‌ڵكو شانۆی كوردی ئاشنا بكه‌ن به ڕه‌وتی ئه‌زموونكاریه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی فۆڕم چیتر له‌ده‌ره‌وه‌ی نمایش نه‌بێت، ئه‌وه ساته‌وه‌ختێكه شانۆی كوردی وه‌ك هه‌ژانێك ڕووبه‌رووی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كی شانۆكاری كورد له‌و قۆناغه‌شدا له‌وه‌دایه كه ناچێته‌وه سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی تیۆر، بۆیه وێنه‌ی مه‌عریفه‌ی شانۆكاری كورد له شانۆی وێنه‌یی د.صه‌لاح القصب شانۆی ئه‌زموونگه‌ری ده‌ناسێت نه‌وه‌كو له‌به‌یاننامه شانۆیه‌كانی ئارتۆ و روانینه ئه‌زمونكاریه‌كانی گرۆتۆفسكی، له جاسم عبودی سه‌یری ستانسلافسكی ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك له ستانسلافسكی خۆیه‌وه، ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌لیكسه‌نده‌ر دین، به‌لكو ده‌چنه‌وه سه‌ر كورتكراوه‌كه‌ی سامی عبدالحمید و بدری حسون فرید، ئیدی شانۆكاری كورد واز له‌كتێبی ئاماده‌كردنی ئه‌كته‌ری ستانسلافسكی دێنێنت، چونكه د. عونی كرومی به كتێبی هونه‌ری نواندن كورتكراوه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی خستۆته ڕوو.
لێره‌وه شانۆكاری كورد به‌ته‌وای ده‌كه‌وێته ژێر كۆنتڕۆڵی شانۆی عیراقی، ئه‌وه‌ش وێنه‌یه‌كی به‌خشیوه به‌و شانۆكاره كه تائێستا نه‌توانیوه له‌ژێر ئه‌و كاریگه‌ریه ده‌ریازی بێت، هه‌رچه‌نده بۆ هه‌شتاكان په‌ڕینه‌وه‌و هه‌نگاوێكه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن، به‌ڵام كاتێ ئه‌و شانۆكاره بیكات به زه‌مینه‌و گوتاری چه‌سپاو بۆ مه‌عریفه‌ی شانۆیی، ئه‌وا جۆرێك له‌وه‌ستان ده‌خوڵقێنێت بۆ زه‌مه‌نی كاركردن.
عه‌قڵی شانۆكار به‌بێ بوونی سه‌رچاوه‌و خهزینهیهكی شانۆیی فراوان و كتێبخانه‌یه‌كی شانۆیی ده‌وڵه‌مه‌ند بیركردنه‌وه له‌شانۆ ده‌بێ به‌كارێكی پووچگه‌را، ئه‌و كاته ئه‌وه‌ی شانۆمان پێده‌كات ئاره‌زووه نه‌ك مه‌عریفه، بۆیه پێویسته ئه‌و شێوازه بۆ ده‌رهێنه‌ر بزانرێت كه كاری تیا ده‌كات، ئه‌وه‌ش بارگاوی بێت به تێز‌و تیۆری شانۆیی، به‌ڵام به‌و ڕادهیهنهبێت كه تیۆر له‌ناو خۆی بیكووژێت و نه‌هێلێت ئه‌و بتوانێ بیر بكاته‌وه، پشت به‌ستن به ئه‌زموون و دنیابینیه‌كانی شانۆكار به‌ره‌نجامی ئاستی هۆشیاریه‌تی بۆ شێواز‌و ئه‌زموونه جیاوازه‌كان، ئه‌وه‌ش خهوشێكمان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی جیهانبینی خۆمان بین، بتوانین ئاماده‌بوونی خۆمان له‌كاتی كاركردن بسه‌پێنین ده‌بێ مه‌عریفه‌یه‌كی تۆكمه‌مان هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م شێوازه جیاوازه‌كان، جیهانبینی تایبه‌تی شانۆكار چۆن دێته دی كاتێ ئاگامان له شانۆی دنیا نه‌بێت، ئێمه كه ئاگامان له دنیا نه‌بێت چۆن ئه‌توانین دنیا بخوێنینه‌وه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بوونێكی چالاكمان بۆ پانتاییه كه‌شف نه‌كراوه‌كان هه‌بێت، بتوانین له‌ناو پرۆسه‌ی گه‌ڕان و پشكنیندا بین ده‌بێت له‌ته‌واوی شانۆ و تیۆره‌كانی به ئاگابین، ئایا ئێمه خاوه‌نی چه‌ند ده‌رهێنه‌ری واین كه له ته‌كنیكی ده‌قه‌كان و شێوازه دهرهێنانیهكان شاره‌زایه‌كی باشی هه‌بێت و نه‌بێته‌وه به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌وان، به‌ڵكو له‌دیدێكی ڕه‌خنه‌ییه‌وه شته‌كان بخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌لته‌رناتیڤ و جیاواز بنیات بنێت ئایا له‌و جۆره شانۆكارانهمان به‌و ڕاده‌یه هه‌یه كه جێگای ئومێد و گه‌شبینی بێت؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌مان نه‌فی بێت ده‌بێت لهنائومێدیهوه شانۆ بخوێنینه‌وه‌و بیر له‌چه‌ندین سه‌نته‌رو نێوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی تیۆری بۆ شانۆ بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌وانه‌یه كه خه‌می شانۆ كۆیان ده‌كاته‌وه نه‌ك خه‌می فه‌رمانبه‌ری، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رێوبه‌رایه‌تی شانۆ له‌لای ئێمه هێنده‌ی فه‌رمانبه‌ری بۆ دامه‌زرێنراوه به‌قه‌د ئه‌وه شانۆكاری هۆشیار له‌و ده‌زگایه بوونی نیه.
بۆ ئه‌وه‌ی تۆ شانۆكارێكی چالاك بیت و كائینێكی زیندووی ناو شانۆ بیت، پێویسته عه‌قڵی تۆ په‌یوه‌ست نه‌بێت به وه‌همه فۆلكلۆریهكانی نه‌ته‌وه، هێنده ئه‌بێت بزانیت له دنیادا شانۆ به‌كوێ گه‌یشتووه؟ ده‌رهێنه‌ر چۆن ده‌ق ئه‌خوێنێته‌وه؟ پرۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی پانتایی چۆن به ئه‌نجام ئه‌گات؟ نه‌وه‌ك خه‌ونی شانۆیه‌كی كوردیمان هه‌بێت به تێكستی كوردی لاواز و به دیمه‌نی كه‌له‌پووری و نواندنێكی لاسایكارانهی ناو ژیان خۆمان نوقمی ناو بازنه‌یه‌كی داخراو بكه‌ین، جگه له‌وه پێویسته ئه‌وه بزانین كه چیتر ئه‌وه‌ی له‌ناو میتۆده‌كان بوو مانای وانیه ئێمه ڕاسته‌وخۆ بكه‌وینه گواستنه‌وه‌یان، ئێمه له‌به‌رامبه‌ر میتۆددا پێویسته دیدی ڕه‌خنه‌یی خۆمان له‌ناو میتۆد ئه‌نجام بده‌ین ئه‌وه‌ش پێویستی به شانۆكارێكه كه ئاستی بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی بۆ زانسته مرۆییه‌كان ته‌واو فراوان بێت، به‌واتای ته‌نها شانۆ وه‌ك خۆی نه‌ناسێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئاگاداری ته‌واوی ئه‌زموون و دیده جیاوازه‌كانی شانۆ بێت، ئه‌بێت بێ‌ئاگا نه‌بێت له (ئه‌نترۆپۆلۆژیای شانۆ) و(سۆسیۆلۆژیای شانۆ)و (سیمیۆلۆژیای شانۆ) و چاره‌سه‌ریه جیاوازه‌كان بۆ په‌یوه‌ندیی نێَوان شانۆ و زانست، له‌لایه‌كیتریش ئه‌وه‌نده به‌س نیه بۆ ئه‌و قوتابخانه شانۆییانه بگه‌ڕێینه‌وه كه به (قوتابخانه دێرینه‌كانی شانۆ) ناو ده‌برێت، چونكه ئه‌و كاته ده‌رهێنه‌ری كورد ئه‌و میتۆدانه وه‌ك خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه، ئێمه پێویسته له‌كاتی كاركردن بزانین توانیوومانه چی له (ستانسلافسكی و برێخت و بسكاتور و گرۆتۆفسكی و بروك) بگۆڕین و چ ئیزافه‌یه‌ك بكه‌ینه سه‌ر دیدی ئه‌وان بۆ شانۆ، هه‌روه‌ها هیچ گرنگیه‌ك له‌وه‌دا نیه ئێمه چیخۆف و سترێندبێرگ و ژان ژینه بهێنینه سه‌ر شانۆ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌و دیده دهرهێنانیه چیه ئێمه له جیهانی ئه‌و نووسه‌رانه كه‌شفی ئه‌كه‌ین.
ئیدی شانۆكاری كورد ده‌بێ له‌ناو مه‌عریفه‌یه‌كی قووڵی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تی شانۆ بخوێنێته‌وه، ئه‌گینا هه‌ر ده‌بێت خه‌ریكی شانۆیه‌ك بێت كه به‌ر له ده‌ست پێكردنی بینه‌ر ئه‌نجامه‌كانی لا ئاشكرا بووه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هیچ شتێك نه‌خاته سه‌ر خه‌زینه‌ی ئیستاتیكی و فیكری بینه‌ر، ئێمه كاتێ بمانه‌وێ شانۆیه‌كی زیندوو بنیات بنێین.. پێویستمان به‌وه‌یه واز له‌و وه‌ڵامه به‌سه‌رچووانه بێنین كه به‌درێژایی زه‌مه‌ن نه‌وه‌كانی پێش ئێمه خۆیان پێوه خه‌ریك كرد.
ئه‌مرۆ شانۆكاری كورد پێویسته به‌دوای خوڵقاندنی پرسیاره جیاوازه‌كان بێت ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌ناو دیدی جوانكاری و فه‌لسه‌فی و ته‌كنیكی نوێ له‌شانۆدا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئینتیما نهكرجنی ڕاسته‌وخۆ بۆ میتۆد وخستنه ڕووی دیدی ڕه‌خنه‌یی له‌ناو نمایش بۆ میتۆد.
شانۆكاری كورد چیتر ناكرێ خاوه‌نی ئه‌و وێنه وه‌ستاوه بێت، له‌سه‌ر ئه‌و میراته مه‌عریفی وشانۆییه بژیێت، ئه‌و كائینه ئیدی پێویستی به‌وه‌یه د‌رك به گرنگی شانۆناسی بكات، شانۆ وه‌ك كۆمه‌ڵناسی شانۆیی و زانستێكی كولتوریی وجوانكاریی ببینێت، چیتر خه‌ونی ئه‌و نابێت خه‌ونێكی سیاسیانه بێت وله‌ناو ووشه‌ی كوردبوون خۆی بخنكێنێت، وه‌ك چۆن نابێت وه‌زیفه‌ی رۆژنامه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن ببینێت، كه ده‌سبه‌رداری گوتاری شانۆ ده‌بێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات بكات، به‌بێ بوونی شانۆیه‌كی باڵا هه‌موو ڕه‌خنه گرتنێك له‌ناو شانۆدا ئاماده‌بوونێكی ناشانۆییه، ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دیدی رێكخراوه كۆمۆنیسته‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین، كه شانۆیان ده‌كرده میكانیزمێك بۆ گوتارێكی چه‌پگه‌را، به‌لایانه‌وه گرنگ ئه‌وه بوو كه شانۆ باس له‌په‌یوه‌ندیی چینایه‌تی بكات، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه شانۆیان به به‌رهه‌می بۆرژواكان ئه‌بینی.
ئه‌و وێنه كۆمیدیه خه‌ریكه ده‌په‌رێته‌وه بۆ نمایشی شانۆییمان، كه ده‌بێ به‌ر له‌هه‌موو شتێك شانۆكار د‌رك به‌خه‌ونی شانۆیی خۆی بكات، ئه‌ندێشه‌ی شانۆیی به‌گرنگتر بزانێت له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه، به‌دوای ئه‌وه قسه له تێكست و بابه‌ت و بیركردنه‌وه‌كانی بكات، چونكه ده‌بێت ئاماده‌بوونی شانۆكاری كورد ئاماده‌بوونێكی شانۆیی بێت، نه‌ك ئاماده‌بوونێكی سیاسیانه.
ئه‌وه ئاماده‌بوونی سیاسییه شانۆكاری كوردی خستۆته ناو خه‌ونی سازدانی فێستڤاڵ، به وه‌همی نێو ده‌وڵه‌تی فێستڤالهكان وێنه‌یه‌كی خراپی بهشانۆكهی خۆی له‌ڕێگه‌ی نمایشی ئاست نزم ونمایشی ولاتانی تر كه بینه‌ری ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیاره كردۆته‌وه به‌ڕاست شانۆی ئه‌م ووڵاتانه له‌م ئاسته نزمهدان؟
فێستڤاڵه شانۆییه‌كان و وه‌همی نێو ده‌وڵه‌تی
یه‌كێك له‌و وه‌همه ترسناكانه‌ی شانۆی ئێمه‌ی ئه‌فیون كردووه سازكردنی فێستڤاڵی شانۆییه به‌ناوی نێو ده‌وڵه‌تی، چونكه نه‌بوونی ستراتیژ زۆر به‌ڕوونی به‌م فێستڤاڵانهوه ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێ فێستیڤاڵ ساز ده‌كرێت، جگه له بینینی به‌رهه‌می جیاوازی یه‌كتری، مه‌به‌ست له‌ده‌رخستنی توانا‌و ئاستی پێشڤه‌چوون وپێشبڕكێیه، به‌ڵام له‌م دوو فێستڤاڵه‌ی له هه‌ولێرو ده‌ربه‌ندیخان ساز ده‌كرێ و ناوی نێو ده‌وڵه‌تی لێنراوه، له‌ڕاستیدا كاره‌كان بهئاستێكن ئه‌گه‌ر له‌خوار توانای كاری شانۆكاری كورده‌وه نه‌بێت، ئه‌وه به‌ده‌گمه‌ن كارێكی لێ ده‌رده‌چێت، ده‌نا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ده‌ره‌وه دێت، وێنه‌یه‌كی خراپی شانۆی ئه‌م ووڵاتانه ده‌خاته ڕوو، كه به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م كارانه ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی شانۆی ئه‌م ووڵاتانه بكه‌ن، چونكه ئێمه گه‌ر ڕاسته‌وخۆ كاره‌كانیش نه‌بینین، رۆژانه له‌ڕێگه‌ی وێبسایتی یوتوب كاری ده‌رهێنه‌رانی ناسراوی دنیا‌و شانۆكانیان ده‌بینین، بۆیه ئه‌م دوو فێستڤاڵه نه‌ك ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م شانۆیانه بكه‌ن، به‌ڵكو گروپ و كاری ئاست نزمن كه توانای به‌ره‌و پێشچوون و خزمه‌تكردنی نیه بهرهوته شانۆییه‌كه‌مان، بۆیه پێویست ده‌كات چیتر ئه‌و سه‌رماییه بۆ ئه‌و شانۆ ئاست نزمانه سه‌رف نه‌كرێت، له‌بڕی ئه‌وه چه‌ند فێستڤاڵێكی فره ڕه‌نگی شێوازه‌كان تایبه‌ت به گروپه شانۆییه‌كانی كوردستان ساز بكرێت، كه ئه‌وه‌یان توانای ده‌رخستنی ووزه‌و توانای ئاستی شانۆكه‌مان ده‌خاته ڕوو.
له‌ڕاستیدا ئه‌و فێستڤاڵه شانۆییانه‌ی ناومانناون نێو ده‌وڵه‌تی ئهفیونێكیتری بینه‌رو شانۆكارانه، به‌ناوی كۆكردنه‌وه‌ی شانۆی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان، كه چیتر ناكرێت فریوو به‌و جۆره كاره ئاست نزمانه بخۆین، باشتر وایه ڕووبه‌ری ده‌یالۆگ وڕه‌خنه له‌سه‌ر كاره شانۆییه‌كانمان فراوان بكه‌ین، ده‌رفه‌تی كاركردنی باشتر بۆ چه‌ندین فێستڤاڵ بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی تواناكان بواری كاركردنیان پێ بدرێت، كه به‌مجۆره‌ش ته‌كان وههوڵێكی جیاوازتر به بزووتنه‌وه شانۆییه‌كه‌مان ده‌به‌خشین.
گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ شانۆ
شانۆ له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ڕۆژ به‌رۆژ ئاستی رۆشنبیریی له‌كۆمه‌ڵگا له‌ده‌ست ده‌دات، هۆكاره‌كه‌شی كۆمه‌ڵگا نیه، به‌ڵكو بۆ ئاست نزمی نمایشه‌كان ونه‌بوونی گفتوگۆی جدیه له‌سه‌ر نمایشه‌كان، غیابی پرۆژه شانۆییه‌كان هۆكارێكیتره.
كاتێ قسه له‌پرۆژه ده‌كه‌ین ڕه‌نگه خێرا خه‌یاڵمان بۆ فێستڤاڵه شانۆییه‌كان بڕوات كه به‌بڕوای ئێمه په‌تای سه‌ره‌كی بوونی ئه‌و فێستڤاڵه شانۆییانه‌یه كه شانۆی پهكخستوه، چونكه ئێمه كه به‌شداری فێستڤاڵهكان ئه‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار ناكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ین به‌شداری فێستڤاڵ بكه‌ین، به‌ڵكو له‌پێناو فێستڤاڵهكان كار ده‌كه‌ین.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی وه‌ك تێبینمان كردووه به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كانی شانۆ له‌كوردستان به‌تایبه‌ت له‌هه‌ولێر توانای دارایی خستۆته به‌رده‌می هه‌ر كه‌سێك كه‌ئه‌یه‌وێت كار بكات، لهڕوویهكدا ئه‌وه نیاز پاكیهو له‌ڕوویه‌كی تردا ئه‌وه تراژیدیای ئه‌خلاقی درووست ده‌كات.
كاتێ ده‌رگا ده‌كه‌نه‌وه بۆ كاركردن ئه‌وه هه‌نگاوێكی نیاز پاكانه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بۆ گه‌شه سه‌ندنی شانۆ، به‌ڵام ئه‌وه واده‌كات هه‌موو كه‌سێك بوێری ئه‌وه به‌خۆی ببه‌خشێت تێكستێك به‌رێت وبلێت كار ده‌كه‌م.
لێره‌وه تراژیدیای ئه‌خلاقی ده‌ست پێده‌كات، فلته‌ر هه‌یه به‌وه‌ی لیژنه‌یه‌ك هه‌یه، به‌لام لیژنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌و ده‌مه‌ی تێكستی نوسه‌رانی وه‌كو چیخۆف وشكسپیر ده‌بردرێت بۆ لیژنه، لیژنه قسه‌ی چی بكات، وه‌ك ساڵی ڕابردوو له‌نمایشێكی كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كاندا بینیمان نمایشێكی چیخۆف پێشكه‌شكرا، كه گه‌ر چیخۆف هێنده ساده‌و ئاسان بێت هه‌موومان ئه‌توانین كاری تیا بكه‌ین، كێشه‌كه ئه‌وه بوو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ش وه‌ك بیستمان مامۆستای كۆلێژه كه‌چی به‌ویستی خۆی دیمه‌ن لاده‌بات ووێنهكان له‌ڕووی قوڵایی زمانه‌وه ساده ده‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی چیخۆف د‌رك به‌قووڵایی په‌یوه‌ندیی كاره‌كته‌ر نه‌كات.
ئه‌و ئاماژه‌كردنه ته‌نیا وێنه‌یه‌كه له‌و تراژیدیا ئه‌خلاقیه‌ی شانۆی ئێمه ڕووبه‌رووی بۆته‌وه، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌ین، ئه‌و لیژنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته بگۆڕدرێت بۆ لیژنه‌ی هونه‌ری كه پرۆڤه‌كان ببینرێن، دواتر بڕیار له‌سه‌ر كاره‌كان بدرێن، نه‌وه‌ك له‌ژێر ناوی نووسه‌رانی شانۆ‌و بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت، كه ببێته نمایشگهلێكی زۆر‌و بێ به‌رهه‌مهێنانی گوتاری شانۆیی.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ست به به‌های پیرۆزی شانۆ بكات، پێویسته شانۆكانمان به پلیت بن، بۆ ئه‌وه‌ی كه بینه‌ر دێته هۆڵ هه‌ست به‌وه بكات وه‌ك كارێكی كولتوری و به‌شێك له‌پێویستی ئه‌خلاقی خۆی هاتووه، نه‌وه‌ك له‌بوونی بۆشایی زه‌مه‌نی ژیانی بێته شانۆ.
ئه‌وانه ته‌نیا سه‌رنجی خێران به‌وه‌ی چۆن حورمه‌ت بۆ شانۆ بگه‌ڕێنینه‌وه، سه‌رباری بوونی رۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی شانۆیی و پرۆژه‌ی چاپكردنی كتێبی شانۆ و بوونی گۆڤارێكی شانۆیی كه له‌ته‌ك خه‌ونی هه‌مووان بێته‌وه، وڕاگرتنی ئه‌و فێستڤاڵانهی كه ته‌نیا تراژیدیای بوونێكی وه‌همی بهدامهزراوهكانمان ده‌به‌خشن، له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆڵی نمایشه‌ی له‌پێناو بودجه‌كه‌ی هه‌موو كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی ده‌بێت خه‌ریكی شانۆ بێت، پێویسته شانۆ نه‌ك هه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكو له‌ناو خودی شانۆكارنیش به‌هاو پیرۆزی خۆی هه‌بێت وهه‌مووان بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بێت بیر له‌كاركردن بكه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده دڵنیاین له‌شكرێك لهشانۆكار هه‌یه ئه‌و سه‌رنجانه ته‌نیا وه‌ك نوكته‌یه‌كی شه‌وانه ئه‌بیستێت، چونكه خۆی ئه‌زانێ چۆن كاره‌كان له‌ڕێگه‌ی ڕێكه‌وتنی هاوڕێیه‌تی وبوونی ئه‌وان پابه‌نده به‌و كارانه‌وه.
شهر له‌سه‌ر شانۆ.. شه‌ڕ بۆ شانۆ
شه‌رێك بۆ كوشتنی شانۆی كوردیی
هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌ئاستی كوردستان وده‌ره‌وه‌ی كوردستان كه ئه‌نجام ئه‌درێت سه‌ره‌نجام منه‌ت كردنه به‌وه‌ی شه‌ڕ ئه‌كه‌ین بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی شانۆ.. پڕۆژه‌كان له‌پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی شانۆی كوردیه.. ئه‌وه ووته‌یه‌كی دهمامكدارانهی ئه‌مرۆی بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئێمه‌یه فێستڤاڵ و فێستفالی ره‌نگاو ره‌نگ ئێمه‌یان خنكاند به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌یالۆگی ره‌خنه‌یی وله‌ئاستی ئه‌و شانۆیه ببێته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیمان كۆمه‌ڵه نمایشێك له‌شارێك كۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌و ناوی فێستڤاڵێكی به به‌ردا ده‌بڕین شانۆ بۆته مه‌یدانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بكه‌یت ئه‌بێت شانۆ هه‌بێت هه‌ر له‌گه‌ل ته‌واو بوونی فێستڤالهكانیش منه‌ت كردن به‌سه‌ر ئه‌و شانۆیه‌و به‌وه‌ی به فێستڤاڵ شه‌ڕمان له‌سه‌ر شانۆ كرد.. له‌كاتێكدا ئه‌وه شه‌ڕێكه بۆ كوشتنی شانۆی كوردیی.. وه‌ك چۆن هاوری شانۆكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كۆنفرانی شانۆیی ساز ده‌كه‌ن كه ده‌بێت جێگای ئومێد بێت نه‌ك نائومێدی به‌لام كۆنفرانسی شانۆی كوردیی و ئه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌كه به‌رچاو ده‌كه‌وێت ده‌بینین به‌شێكی باسه‌كان تایبه‌تن به شانۆی (ئاڵمان، بڕازیل، پۆلۆنیا ( لێهستان )، وڵاتانی عه‌ره‌بی وكۆلۆمبیا .. فه‌ره‌نسا) له‌كاتێكدا هێشتا قسه‌مان له‌گرفته هه‌نوكه‌یی وپێشینهییهكانمان نه‌كردووه هیشتا له‌ئاستی تیۆریزه‌كردن نه‌دواوین هێشتا هۆلی شانۆمان نیه‌و ولاته‌كان بانگ ئه‌كه‌ین بۆ فیستفالی شانۆیی ئه‌وه به‌بێ قسه‌كردن له‌ئاست نزمی و به‌رزی نمایشه‌كان وئاستی بابه‌تی كۆنفرانسه‌كان كه هه‌ردووكیان له‌بنه‌ره‌تدا كاری روالهتخوازین له‌پێناو كوشتنی شانۆكه‌مان.
شانۆیه‌كی نه‌زیف كه خوێنی ووشك نابێت
ئه‌و ئومێده درۆزنانه‌ی قسه له‌جه‌سته‌ی ته‌ندروستی شانۆی ئێمه ده‌كه‌ن، هه‌وڵێكی درۆزنانه‌ی چه‌واشه‌كاریه بۆ بوونێكی فریوده‌رانه، شانۆی ئێمه پێویستی به نمایش درووستكردن نیه، سالانه شانۆ بوونی هه‌یه، كه‌چی ئه‌و بوونه ته‌نیا نمایشكردنی كه‌رنه‌ڤاڵی مه‌رگی شانۆیه، چونكه ئیدی شانۆ چۆته ئاستێكی نزمه‌وه كه ناتوانین ئه‌و نه‌زیفی خوێنه بوه‌ستێنین، شانۆی ئێمه شانۆیه‌كی برینداره، برینه‌كه‌شی نێوه‌نده فه‌رمیه‌كانی ئه‌م ووڵاته‌و له‌پێش هه‌مویان حكومه‌ت دروستی كردوه، چونكه ده‌رگاكردنه‌وه له‌جه‌هل ومناڵه نه‌زانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ درووست ده‌بێت، ئه‌وه له‌ساتێكدا حكومه‌ت ئاماده نیه به‌ره‌و ته‌نگ پرۆژه‌ی جدی بڕوات، هێنده‌ی بڕوای وایه به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی شانۆ دامه‌زراوی شانۆیین، باهه‌موان دڵنیابن له‌وه‌ی به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كانی شانۆ دامه‌زراوه‌ی شانۆیی نین، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كی ترن كه خاوه‌نی فه‌رمانبه‌رن، كه كاری ڕۆتینی تێئه‌په‌ڕێنن، ئه‌وه‌ش وای كردووه له‌شكرێك مرۆڤی گرگن وكۆیله ناوی ببێت به شانۆكار، ملكه‌چانه بڕۆن به‌ره‌و ئه‌و دامه‌زراوه ته‌قلیدیه داوای هه‌ندێك پاره بكه‌ن بۆ نمایشێكی خراپ كه چاهنووسیشیان ئه‌كه‌وێته ده‌ستی فه‌رمانبه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی وبه‌ویستی خۆیان پاره زیادو كه‌م به شانۆ ده‌به‌خشن، ئه‌وه‌یه بێحورمه‌تكردنی شانۆ به‌ده‌ست مرۆڤه گرگن وكۆیلهكانی دنیای ئێمه كه له‌پێناو هه‌ندێك پاره حورمه‌ت له‌شانۆ ده‌سه‌ننه‌وه‌و ده‌یده‌نه‌وه به دامه‌زراوه ته‌قلیدیه‌كان، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌هه‌وڵی شانۆیی داده‌نرێت، جگه له ئاشناكردنی ئێمه به ده‌مامكی موزه‌یه‌ف شتێكی تر نیه، كه ناتوانین چاوه‌ڕوانی باشتریشی لێ بكه‌ین، چونكه نه‌بوونی سیستم و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی شانۆیی و نێوه‌ندێكی ئه‌رشیفی ولیژنه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی شانۆوههموو ئه‌مانه پێویستی گرنگی دنیای شانۆیین، كه به‌رێوبه‌رایه‌تی شانۆی هه‌ولێرو سلێمانی ودهۆك توانای ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و كارانه‌یان نیه، چونكه ئه‌وان سیستمێكیان نیه، بهرێوبهرایهتیهكانیشیان دامه‌زراوه‌ی شانۆیی نین، تا ئه‌و كاره بخه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌وه، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌و هه‌ژاریه تیۆرییه‌ی شانۆی ئێمه بۆته قوربانی، به‌هۆی نه‌بوونی پڕۆژه‌ی كتێبی شانۆیی و گۆڤارێكی وه‌رزی و مانگنامه‌یه‌كی شانۆیی و سایتێكی شانۆیی كه وابكات شانۆكار هه‌میشه دانه‌بڕێت له‌شانۆ، به‌دوای سازكردنی كۆنفرانسه‌كان و دیدار‌و فێستڤالهكان، ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و جۆره كارانه پێویست به هه‌ڵچوون ناكات، هه‌موو شتێكتان كرد، داهاتی ئه‌م ووڵاته درا به‌كاری خراپ، مانگانه كاری شانۆیی ئاست نزممان پێ نیشان ئه‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر بكرێت، هه‌ر نه‌بێت سزای ئه‌وه بدرێت كه تاچه‌ند ساڵێكی‌تر بۆی نیه كار بكات، بۆیه ئیتر ساتی گوێگرتنه.. گوێ‌بگرن وهیچ زه‌ره‌رێك ناكه‌ن، چیتر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌وشه به‌رده‌وام مه‌بن، ئه‌و هه‌موو كاره شانۆییه خراپه‌ی ووڵاتان مه‌هێنن، بیر لهفێستڤاڵی سه‌رتاسه‌ری شانۆی كوردیی بكه‌نه‌وه، به‌رده‌وامی ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌وشه وا ده‌كات، ڕێگا نه‌ده‌ین ئه‌و برینه‌ی شانۆ نه‌خۆشه‌كه‌مان قه‌تماغه بگرێت، نا بۆ قه‌تماغه بگرێت و شانۆیه‌كمان هه‌بێت كه ته‌نیا به‌جه‌سته زیندوو بێت ده‌نا رۆحێكی مردووی هه‌بێت، نا با ئه‌و جه‌سته زامداره هه‌ر نه‌زیف بێت به‌خوێن، با ئه‌م خوێنه ووشك نه‌بێت، گرنگ ڕازی نه‌بین، نمایشی خراپی خۆرئاوا سارێژی ئه‌و برینه بكات، كه برینهكهمان قووڵتر ده‌كاته‌وه، نه‌ك سارێژ بوونی، با نه‌بینه به‌شێك له‌وه‌ی برین پێچی موزه‌یه‌ف بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی جه‌سته‌ی نه‌خۆشی شانۆكه‌مان، با حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی ووریا ببنه‌وه له‌وه‌ی شانۆ به پاره چاره‌سه‌ر ناكرێت، پێویستی به عه‌قڵه، ئه‌و عه‌قڵه‌ش به‌بێ بوونی دامه‌زراوه‌ی شانۆیی بوونی نیه.