شتێک لەبارەی گفتوگۆی علمانیەتەوە
بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج تەلەڤزیۆنی ڕوداو لە دوو ئەڵقەدا گفتوگۆی چەمکی عەلمانیەتی کرد و هەروەها بەریەککەوتنی ئەو چەمکە لەتەک ئیسلامی سیاسی، بە میوانداری هەریەک لە بەڕێزان ئازاد حەمە ، موسەنا ئەمین، هۆزان مەحمود و فازیڵ قەرداخی. ئێمە لێرەدا لەگەڵ ئەوەدا لە مێژووی دورودرێژی ئەو بەریککەوتنە لە کۆمەڵگەدا ئیسلامیەکاندا تێدەگەین و هەروەها پریشکیشی بۆ کۆمەڵگەی کوردی لەدوایی ڕاپەڕینەوە، پاشان لەوەش تێدەگەین کە چەند ئەو چەمکە قەیراناوی بووە هەروەها سیاسێنراوە. بەڵام هەوڵدەدەین زۆر بەکورتی هەندێ سەرنجی خێرا لەسەر ئەو دیبەتەی لەو بەرنامەیەدا ئەنجامدرا بخەینە ڕوو و هەروەها بەگشتیش چەند پرسیارێک بوروژێنین.
ئەبێت بەر لەهەموو شتێک ئەوە بدرکێنین کە هەژاریەکی بێشومار بەدی دەکرێت لەلای تاکی کورد بەداخەوە بە نەیارو لایەنگریەوە، سەبارەت بە مێژوو و ئەزموون و گەشەکردنی ئەو چەمکە و پاشان مۆدیلەکانی لە جیهاندا. هەندێ لەو هەژاریە ئەشی ناوی بەرین بە کردەی دەست ئەنقەست بۆ نمونە هەندێک نەیاری ئاینن بەشوێن هەر چڵە پوشێکدا دەگەڕێن هەتا دەستی پێوە بگرن و عەلمانیەت و هەرچی دیکە هەیە وەک چەکێک دژی ئاین بەکاری بهێنێت و داکۆکی لە بڕیارە پێش وەختەکەیان بکەن. لەبەرامبەردا هەندێکی دیکە دژە عەلمانی و هەر چەمکەگەلی هاوشیوەن نمونەی دیمۆکراسی و کرانەوە و پلورالیزم، ئیدی ئەو بڕیاری خۆی داوە و ئیسلام چارەسەری هەموو کێشەکانە و پێویستی بە چارەسەری ”هاوردە” نییە. بۆ یە لە باردودۆخێکی ئاوهادا زۆر ئەستەمە بۆ لێکۆڵەر و چاودێری بێلایەن کە قسەی هەبێت ، لە کاتێکدا هەر قسەی ئەو سودی هەیە بۆ ئارامکردنەوەی گرژەیەکان و رەواندنەوەی تەمومژی چواردەوری ئەو چەمکە.
هەرچی دەربارەی بەرنامەکەیە من لێرەدا ناچمە سەر ئەو تێبینیانەی هەمە لەسەر گفتوگۆکە و بەشداربوان چیان ووت و چیان بەدڵ بوو یا بەدڵ نەبوو ؛ بەڵکو هەوڵ دەدەم بەگشتی چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو: بەلامەوە سەیرە هەریەک لە دوو میوانە ئیسلامیەکە لە بەرنامەکەدا( چ لەئەدەبیاتی گشتی ئیسلامیەکاندا باوە) جەختیان لەسەر یەکشت زۆر دەکردەوە ئەویش سکولاریتی بۆ هەلومەرجی سیاسی و مێژووی ئاینی جیاواز لە ئیسلام و کۆمەڵگە ئیسلامیەکان دروست بووە ناکرێت هەمان ئەزموون بۆ ئێرە باش و سەرکەتو بێت، بگرە ، جەختیان لەوە کردوە کە علمانی بۆخۆی لێرە بەشێکە لە کێشەکە. ئەمە ئەگەر وەک ئارگومێنت وەریگرین ئەوا تەواو لێوان لێوە لە پارادۆکسی و پاشان دیدی زۆر پراگماتی و ئینتقائی ، چۆن، ئاخر ئەوان بۆ رەوایی دان بەم تێڕوانینەیان چ لەو بەرنامەی ئەو شەوەدا چ لەمیانی ئەزمونی ئیسلامیەکاندا لە کات و شوێنی دیکەدا چ بە ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێن یان پراکتیک دەکەن کە دیمۆکراسی باشە ئازادی سیاسی باشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و رەفاهیەت و …هتد باشن، بەڵام عەلمانیەت و ئازادیە کەسیەکان و چی و چی خراپ . لێرەدا ئێمە تەنها دوو ئیشکالیەتی ئەمجۆرە تێڕوانینە دەخەینە ڕوو ئەوانیش؛ لەلایەک ناڕوونی و جۆرێک لە تیکەڵکردن بۆ مامەڵە کردن لەتەک ‘ئەویدی’ یان ئەوەی ئەمڕۆ بمانەوێت و نەمانەوێت بوە بە مۆدیلی یونڤێرساڵی و بەهای جیهانی ئەویش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیری مۆدێرنەو ڕینسانس لە پارچەیەکی سەر ئەم هەسارەیە کە پێ دەوترێت ئەوروپای ڕۆژئاوایی. لە لایەکی تریشەوە تۆ ناکرێت کایەیەکی نێو چالاکی کۆمەڵایەتی وەک سیاسەت داببڕی لە کایەکانی دیکە وەک کەلتورو ئاین و ئابوری و …هتد، واتە چەمکێک لە سیاقی مێژووی خۆی داڕنیت و تاکانەی بکەیتەوە.
بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کەئێمە بڕوامان وایە ناکرێت مێژوو و ئەزموونی هیچ کۆمەڵگەو شارستانیەتێک وەک خۆی لە جیگایەکەی دیکە دووبارە بکرێتەوە ، هەر کۆمەڵگەیەک چەمکەکان و ماناپێدانیان بە گوێرەی تێگەیشتنی تاکەکانی خۆی و هەڵسوکەوتییان لەتەکی و ئەزمونکردنی گەشە دەکەن و دەردەکەون. بەڵام ئەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت ئێمە قسە لەسەر سەرهەڵدانی رەوتی بیری مێژووی و بەها کۆمەڵایەتیەکان دەکەین ؛ ئیدی ئەمانە لە بۆشایدا لەدایک نابن و پێوسیتان بە پێشینە و کات هەیە تا گەشە بکەن. بۆیە گەر سەیری عەلمانیەت بکەین لە ڕۆژئاوادا ئەوا لە پڕێک لەدایک نەبووە و هاوڕاو و هاوسەفەری چەندین چەمک و دیدی فەلسەفی و هزری دیکەیە لەوانە رێنیسانس و مۆدێرنتی ، ئەقڵانیەت ، شۆڕشی زانستی ، ریفۆرمی سیاسی و ئاینی ، تاکگەرایی ، سەرمایەداری ، شار ، شۆڕشی پیشەسازی ، فمینیزم… هتد. بۆیە کاتێک کە ئازاد حەمە دەیوت علمانیەت ئەم باردۆخەی فەراهەم هێناوە کە ئێستا هەموان لەم ستۆدیۆ گفتوگۆ دەکەین یەکێک لە ئیسلامیەکان پێکەنینی دەهات وەک بڵێ عەجەبا عەلمانیەت هەقی چیە بەسەر بۆینباخ و ستۆدیۆە؟ ئەو ئارگومێنتە هەر زوو خۆی خواردەوە کە پێی وابوو ئێمە تەنها پێوستمان بە تەکنەلۆژیا و بواری ماددی پێشکەوتنی و ژیاری ڕۆژئاوا هەیە وەک کارەبا و کۆمپیوتەر و چی و چی بەڵام لەڕووی مەعنەویەوە پێوستمان بەوان نەماوە. ئایا لەڕووی ئازادیە سیاسیەکان و ئازادیە تاکیەکان و ژیانی حزبایەتی و چەمکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و میدیا و زانستەکان ئێمەی وڵاتانی ئیسلامی چیمان بەرهەم هانیوە تا لەوانی قەرز نەکەین. کەس ئەوەم پێ نەفرۆشێتەوە کە زانا ئیسلامەکانیش بەشداربوون لە داهینانی زانستی و فکریدا ؛ قسەکە ئەوەیە ئایا هیچ لەو داهێنان و زانست و چەمکە فکریانە بوون بە مۆدیلی جیهانی ؟ بۆ نمونە چۆن بەهاکانی بەرەنگاربونەوەی ناتوندوتیژی گاندی یان بزاڤ و چالاکی رۆحی بودیەکان و تا رادەیەکیش بزاڤی تەسەوفی مەولانای رۆمی بوون بە مۆدیلی جیهانی.
دوا سەرنجم ئەوەیە کە زۆرجار ئیسلامیەکان جەخت لەوەدکەنەوە ، لەو بەرنامەشدا ئەو دوو بەڕێزە ئیسلامیە کردیان ، ئەویش کاتێ کە علمانیەکان قسە لەسەر ئیسلام دەکەن نەشارەزا و بێ ئاگان لە ڕۆشنبیریی ئاینی بەتایبەتی ئاینی ئیسلام. ئەمە ئەگەر بیانوو نەبێت و بۆ مەبەستی دیکە ئەم قسەیە تاڕادیەک ڕاستە، واتە وا نەکرێ وەک ئیمامی عەلی دەڵێ ”کلمە حق یراد بها باطل” واتە خۆی قسەکە ڕاستە بەس ئایا مەبەستەکەش هەر ئەوەیە یان مەرامێکی شاراوە هەیە لەپشت ئەم وتەیەوە. ئێمە بانگی نوسەران و ڕۆشنبیران ناکەین بێن بۆ مزگەوت و سەرو تەزبیح هەڵگرن، بەڵام لەڕاستیدا توێژەرەوە و نوسەری ئەکادیمی ، بواری لێکۆڵینەوەکەی لێ دەخوازێ بچێتە نێو ئەو کێڵگەوە کە باس و خواسی لەسەر دەکات. مێژووی زانستی ئەنترۆپۆلۆژیاو کۆمەڵناسی سەدان نمونەمان پێ دەڵێ کە چۆن پراکتشنەر و توێژەرەوەکان لەبەر خاتری لێکۆڵینەوەکانیان ساڵان و مانگانیان لە نێو هەوار و کوخی هۆزە سەرەتایەکانی ئوسترالیا و ئەفریکا بەسەر بردەوە و وەک ئەوان ژیاون هەتا زانیاریان لەسەر کۆکەنەوە. بەڵام دەبێ ئەوەش بوترێ ئایا ئیسلامیەکان بەڕاست رازی بوون بە تیگەیشتن و بۆچونی ئەوانەی کە شارەزاییان هەیە و قسەیان لەسەر ئیسلام و دیاردەی ئیسلامگەرا کردوە ، خۆ سەبور شاهین و جەمال ئەلبنا و محمەد شحرور و نەسر ئەبو زەید شارەزابوون کێ تەکفیری کردن ، وا دەزانم لێرە لە کوردستانیش نمونەمان زۆرە.